پزیشکیان و چەند سەرنج! هاشم ڕۆستەمی
پزیشکیان و چەند سەرنج! هاشم ڕۆستەمی
با بەر لە هەموو شتێک ئاماژە بەوە بکەم کە منیش وەک هەموو ئەوکەسانە بیر دەکەمەوە کە پێیان وایە لە سیستمی داخراو و دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی و لە چوار چێوەی نیزامی وەلی فەقیهیدا هیچ جۆرە هەڵبژاردنێکی دێموکڕاتیک ناتوانی بوونی هەبێ، هەروەها دەشزانم کە ئێستا گەلانی ئێران بە گشتی دەیانهەوێ لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕن و خوازیاری نەمانی ئەم نیزامەن لە تەوایەتی خۆیدا. بۆ منیش وەک تاکێکی کورد و دێموکڕات، کە لە پێناو گەیشتن بە مافە نەتەوایەتیەکانی گەلەکەمان، زیاتر لە چل ساڵە دژی ئەم نیزامە، بە گوێرەی دەرفەت و توانای خۆم خەبات دەکەم، ئەوە دەزانم کە سەرۆک کۆمار لەم سیستمەدا هیچ کارەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا لە میانەی ئەو شانۆسازیانەی هەڵبژاردندا جار جار هێندیک دیاردە و بابەت دێنە پێش کە لازمە ئێمەی خەباتکار لێیان ورد بینەوە و سەرنجیان بخەینەسەر.
یەکێک لەو دیاردانەی ئەمجارە، دیاردەیەکە بە ناوی مەسعود پزشکیان. دەزانم پزشکیان، پاسدار بووە، دەزانم پزشکیان بەر لە هەموو دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، لە شوێنی کاری خۆیدا حیجابی کردۆتە ئیجباری، ئەوەش دەزانم کە گوێڕایەڵی بێ ئەملاو ئەولای خامنەیی دیکتاتؤڕە، لەوەش دڵنیام کە ناوبراویش هەر وەک ئەوانی پێش خۆی(ئەگەر دەنگیش بێنێ) ناتوانێ هیچ ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی گەلانی ئێران پێک بێنێ و وەعدەکانی ئەویش هەر دەبنە بڵقی سەر ئاو. لەوەش دڵنیام کە تەنیا وەک تاکتیک و بە مەبەستی گەرم کردنی تەندووری هەڵبژاردن، پزشکیانیان لە پاڵوێنەی شوڕای نیگابانیان تێپەڕاندوە.
بەڵام ئاکامی هەڵبژاردنی دەورەی یەکەم و رووداوەکانی ئەم دوایانە، ئەوە دەر دەخەن کە خامنەیی و شوڕای نیگابان لە دیاری کردنی ئەو تاکتیکەدا بە تەواوی بە هەڵەدا چوون و هێنانە پێشی پزشکیان بۆ نێو لیستی کاندیدەکان، چ “دەنگ بێنێتەوە” و “چ دەنگ نەهێنێتەەوە” بە گران لەسەر سیستم دەکەوێت. لێرەدا دەمهەوێ ئەگەر بە کورتیش بێت لە هەر دوو لاوە بابەتەکە شەن و کەو بکەم.
لە ئەگەری بە سەرۆک کۆمار کردنی پزیشکیاندا، وێدەچی کۆماری ئیسلامی دوو مەبەستی هەبن، یەکیان ئەوە کە ڕەنگە کۆماری ئیسلامی پێی وابێ دەتوانێ بە رووی دەرەوەدا، بە هێنانەسەرکاری مۆرەیەکی”ریفۆرمخواز” چێهرەیەکی دیکە بە نیسبەت دونیای دەرەوە لە خۆی نیشان بدات و هەوڵ بدات بۆ ماوەیەکی دیکەش تەمەنی دەستەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە، هەروەها دەی هەوێ ئەوەش بڵێ کە لە ئێراندا، بێ جیاوازی دانانی”قەومی”(نەتەوەیی) هەموو کەس، تەنانەت ئازەرییەکی وەک پزیشکیانیش، مادام شیعەی دوازدە ئیمامی بێت دەتوانێ خۆی بەربژێر بکات و دەریش بچێ.
بە بڕوای من ئەم دوو ڕوانگەیە هەردووکیان بە نەرێنی بە سەر رێژێمدا دەشکێنەوە. چوونکە لە لایەک سەرۆک کۆمارێک کە دوای ئەم بایکۆتە بەربەرینەی گەلانی ئێران، بە دەنگێکی ئاوا کەم ( بۆ خۆیان ئیدعا دەکەن کە چل لەسەد خەڵک دەنگی داوە) دەر بچێت، نە لە گۆرەپانی نێونەتەوەیدا سەنگ و وەزنی دەبێ و لە نێو خۆی گەلانی ئێرانیشدا حیسابی بۆ دەکرێ. لە لایەکی دیکەش رەنگە نیزام بە بە سەرۆک کۆمار کردنی پزشکیان، بی هەوێ زیاتر و زیاتر گەلی ئازەری لە ژێر دەستیدا ڕابگرێ و ئەم بابەتە وەک ئیمتیازێک بە ڕوخی ئازەریەکان بکێشێ. چوونکە هەموومان دەزانین کە لە ماوەی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، تا ئێستا جگە لە فارسەکان، هیچ کەس لە نەتەوەکانی دیکە ئەو دەرفەتەی پێ نەدراوە کە ببێتە سەرۆک کۆمار. لە ئێرانی ئێستادا فارسەکان پۆستی سەرۆک کۆماریی بە مافی بێ ئەملاوئەولای خۆیان دەزانن. (باسی ڕێبەری نیزام مقولەیەکی دیکەیە و لەم باسەی ئەمجارەمان جیاوازە) هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێ کە بە سەرۆک کۆمار کردنی پزیشکیان، ناڕەزایەتی بەشێکی کارای شۆڤێنیزمی فارسی لێ بکەوێتەوە و ببێتە هۆکاری قوڵتر بوونەوەی باڵەکانی نێو دەستەڵات و داڕمانی نێوخۆیی و تەنانەت بەرجەستە بوونی دژایەتی شوڤێنیزمی فارس لە دژی گەلی ئازەری و دروست بوونی درزێکی کاریگەر لە دیواری وەحدەتی ئەو دوو گەلە خاوەن دەستەڵاتە ئابوریە کە دوو کۆڵەکەی بەهێزی دەستەڵاتی تا ئێستای ئەم وڵاتەن کە پێی دەگوترێ ئێران. خۆ ئەگەر بیانهەوێ توشی چارەنووسی رەفسنجانی و ئایەتوڵڵا رەئیسی-شی بکەن، ئەوە دیسان دەبێتە هۆکاری زیاتری قوڵبوونی درزی نێوان گەلی فارس و گەلی ئازەری…
بەڵام ئەگەر ئیزن نەدرێت پزیشکیان ببێتە سەرۆک کۆمار(کە زۆرتر ئەوەیان ڕێی تێدەچێ) و دەنگەکانی ئەو بە دەردی دەنگەکانی موسەوی بچن، ئایا چاوەڕوان دەکرێ کە رێژیم بتوانێ ئەو بابەتە دیزە بە درخۆنە بکات، یا هەر نەبێ بە تەلەفاتێکی وەک سەردەمای ئەحمەدی نژاد و موسەوی لێی دەر بچێ؟ من لەم بڕاویەدام کە لەم حاڵەتەدا کێشەکە زۆر قوڵتر دەبێ. کێشەی نێوان ئەحمەدی نژاد و موسەوی، کێشەی نێوان دوو کاندیدی فارس بوو، بۆیە بە هیچ جۆر کێشەی نەتەوەیی و قەومی لێ دروست نەدەبوو، بەڵام ئەمجارە بابەتەکە فەرق دەکات. پزشکیان و چاوەدێرانیش دەزانن کە دەنگەکانی ئەو، کەمترین دەنگی فارسیان لەگەڵە. هەر ئەوە کە فارسەکان کەمترین دەنگ دەدەنە کەسێکی ئازەری، بۆخۆی سەرەتای دروست کردنی درز و کەلێنە، جگە لەوەش ئەو پێشوازیەی لە شاری تەورێزێ لە پزشکیان کرا، نیشان دەدات کە ئازەریەکان بە هەستی ناسیونالیستیەوە پشتیوانی لە پزشکیانی هاوزمان و هاونەتەوەیان دەکەن و لەئەگەری بە تاڵان بردن و پاشقول دانی دەنگەکانی پزشکیان، ئەوە وێناچێ ئازەریەکان، ئەو دەست بادانە تەنیا بە کێشەی تاکێکی ئازەری بزانن و خۆیانی لێ بێ بەری بکەن، مەگەر ئەوەی کە پزشکیان ترسنۆکانە تەسلیمی هەموو ئەو بابەتانە بێت و بۆخی بێ حورمەتی بە دەنگدەرانی بکات و واز لە هەموو شت بێنێ، ئەگینا ئەگەری وەدەنگ هاتنی ئازەریەکان هەیە. ئەو وەدەنگ هاتنەش هەم هەستی ناسیونالیستیی ئازەریەکان دەجوڵێنێ، هەم وێدەچی بتوانن بەشیک لە بەلوچ و کوردیش پەلکێشی نێو ئەو “یاریە” بکەن. سەرجەمی ئەم باسانەش لە ئەگەری روودانیاندا دەبنە هۆی بەرجەستە بوونی درزەکانی ئەو موزاییکەی کە لە چوار چێوەی جوغرافیایەک بە نێوی ئێراندا قالب کراوە.
ئەم باسە و ئەگەرکانی دوای ئەم هەڵبژاردنە بۆیە دەبێ بە گرینگیەوە سەرنجیان بخەینە سەر، چوونکە ئێمەی کورد تا ئێستاش بە دروشمی فیدراڵیەوە لە چوار چێوەی ئێراندا بە دوای مافەکانمدا دەڕۆین. فیدراڵی لە ئێراندا بە بێ بەشداری ئازەریەکان سەر ناگرێ. بۆیە هەر حەرەکەتێک کە ببێتە هۆی بەرجەستە بوونی بیری ناسیونالیستی گەلانی نێو چوارچێوەی ئێران، لە لایان ئێمەوە دەبێ بە گرینگیەوە سەرنجی بخرێتە سەر و لەئەگەری دەرفەت و مجالدا لازمە پشتیشی بگرین.
هاشم ڕۆستەمی
٤،٧،٢٠٢٤