زیـرەکـتریـن منـداڵی جیهـان.. رەزا شـوان

زیـرەکـتریـن منـداڵی جیهـان.. رەزا شـوان
لەو باوەڕەدام بە خوێندنەوەی ئەم نووسینە، هەمـووتان سەرسامی بلیمەتی ئەم کچۆڵە ئەمـریکـییە دەبـن. کە لە تەمـەنی دوو ساڵیـدا بـوو بە بچـووکتریـن ئەنـدامی “مێـنسا”.
کچۆڵەی بلیمەت (ئـیسلا مەکـناب) لەدایکبووی ساڵی (٢٠٢٠) ە، لە شاری کـریستوود لە ویـلایەتی کـێنـتاکی لە ویـلایـەتە یەکگـرتـووەکانی ئەمـریکا. لە تەمـەنی دوو ساڵـیدا، دوای ئەوەی لە تاقـیکردنەوەکانی ئاستی زیـرەکـیدا لە سـەدا (٩٩) نمـرە بەدەستهـێـنا. لە (٢/ حوزەیران/ ٢٠٢٢) بە فەرمی بوو بە بچووکترین ئەندامی مێنسا. ریکۆردێکی باڵای جیهانی لە زیـرەکیدا تۆمارکرد و بە فەرمی ناویان لە تۆماری (گـینس) بۆ ژمارە پێوانەییە باڵاکان تۆمارکرد. خوێ لە دڵی هەمـوو خەڵکی جیهـاندا شـیرین کرد. بووش بە یەکـێک لە رێـژی (١%) یەک لە سـەد دا، کە رێـژەی زیـرەکەکـانە لە جیهـانـدا.

مێنسا رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە. یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین و بە ناوبانگـترین رێکخـراوەکانی جیهـان. مێـنسا رێکخـراوێکی نموونەییە، بۆ ئەو کەسە زیرەکانەی کە لە تاقـیکردنەوەکانی ئاستی زیرەکیدا نمرەی لە سەدا (٩٨) یا زیاتریان بەدەستهـێناون. ئاستی زیرەکیان زۆر بەرزە. واتا ئەو کەسانەی بەڕاستی زیـرەکـن. تاقـیکردنەوەکانی سـتانـداردی مـێـنسـا، زیـاتـر لـە (٢٠٠) پـرسـیاری هـەمـەجـۆرە لـەخـۆدەگـرێـت.

کـۆمـەڵگەی مـێـنسا لە ساڵی (١٩٤٦) لە بەریتـانیـا دامـەزراوە. لە ئێـسـتادا لە زیـاتـر لە (١٠٠) دەوڵـەت لە جـیهـانـدا نـزیکەی (١٤٥) هـەزا ئەنـدامی هـەیە. زیـاتـر (یەک لەسەر سێ)ی ئەنـدامەکانی لە ئەمـریـکا دان، کە نـزیـکەی (٥٧) هـەزار ئەنـدامـن. لە بەریتانیاش (٢١) هـەزار ئەنـدام. مـێنسا کـراوەیە بـۆ بە ئەنـدام بـوونی ئـەو کەسانەی لە سـەرانسەری جیهـانـدا، کە لە تاقـیکـردنەوەکانی زیـرەکـیـدا، نـمـرەی زیـرەکی بـاڵا بەدەسـتدەهـێـنن. گەورەتـرین ئەنـدامی تەمەنی (١٠٦) ساڵە. بچووکترین ئەنـدامیشی، کە ئیـسلا مەکنـابە، تەمـەنی (٢) سـاڵە.
ئیسلا مەکناب، منداڵی چوارەمی جەیـسۆن و ئامانـدە. بەڵام جیاوازی لەگەڵ خوشک و بـراکانیـدا هـەیە. زۆر خـیراتر لەوان زیـرەکی گەشەدەکات و شـت فـێردەبێـت. هـەر لە منـداڵـیـیەوە زیـرەکی دەرکـەوت. کە تەمەنی (٧) مـانگ بـوو، بە وردی سەرنجی وێنە رەنگاوڕەنگەکانی نێـو پەرتـووکە وێنەیەکانی دەدا و لەنێـو پەرتووکەکانـدا، پەرتـووکە وێنـەیەکانی دەناسـییەوە و جیـایانی دەکـردەوە. پەنجـەشی دەخـستە سـەر وێنـەی ئـەو شتانەی کە لە ماڵیانـدا هەبـوون. لە تەمەنی یەک ساڵـیدا فـێری فـۆنێتیکی هەر (٢٦) پیتەکانی ئەلـفـوبێی زمـانی ئینگـلیزی بـوو. هەمـوو رەنگەکانیـیشی دەناسی و ناویانی دەوت. فـێری ژمـاردن بـوو.
لە تەمەنی (١٨) مانگـیدا، بەبێ یارمەتی هەر خـۆی فـێری ئەلـفـوبێی ئینگـلیزی بـوو. ئایا پێتان سەیر نییە، کە منداڵێک لە تەمەنی دوو ساڵیدا، بێ ئەوەی کە کەسێک فێری کردووبێت، بەبێ کـێشە دەست بە خوێندنەوەی پەرتووک بکات و بتوانێـت بنووسێت؟
لە یادی رۆژی جەژنی دوو ساڵەی لەدایکـبوونی ئیـسلادا، پـووری (خوشکی دایکی) تابـلـێتـێکی پلاستـیکی نووسـینی سـڕاوەی، بە دیـاری پێـشکەش کـرد. کە لە ئێستادا زوربەی منـداڵان لە ماڵـدا هـەیـانە کە پێنووسـێکی تایبـەتی لەگـەڵ دایـە.
(جەیـسۆن مەکنـاب) ی باوکی ئیـسلا، لەسەر تابـلێـتەکە وشەی (سـوور) ی نووسی. ئیسلا یەکسەر بە دەنگێکی بەرز خوێندییەوە و وتی: سـوور. دایک و باوکی سەریان سوڕما و کەوتنە گومانەوە. بۆ دڵنیایی باوکی ئەم وشانەشی نووسی (شین)، (زەرد)، (وەنەوشەیی)، (پشـیلە)، (سـەگ). ئیسلا بە دەنگی بەرز هەر هەموویانی خوێندەوە. بێجگە لەوەش، ئیسلا فـێری زمانی ئاماژەیی ئەمریکیش بووە. دایک و باوکی واقیان وڕما کە ئەم زمانە لەکوێوە فـێربـووە؟! توشی شـۆکیش بـوون، کە بە دەنگێکی بەرز بۆ یەکـەم جـار. پەرتووکی (پـیـت پـشـیـلە) ی بۆیـان خـوێـنـدەوە.
دایک و باوکی لـێرەوە بۆیـان دەرکەوت، کە ئیسلای کچـیان بـلیمەت و ناوازەیە. بەڵام چاوەڕوانی ئەوەیان ناکرد، کە ئیسلا لەم تەمەنەدا، ببێت بە بچووکترین ئەنـدامی مێنسا و ریکۆردێکی باڵای جیهانی لە ئاستی زیرەکیدا بەدەست بهـێنێت و لە تۆماری (گینس) بۆ ژمـارەی پێـوانەیی جیهـانی تـۆمـار بکـرێـت.
دایک و باوکی کۆمەڵـێک پیتی پلاستیکی و موگناتـیزی و قـەدیـفەییان بۆ کڕی. لەناو هـۆڵەکەیاندا، بەم پیـتانە لە بەردەم کورسییەکیانـدا نووسی (چ ێ ر) چـێر، لە بەردەم قەنـەفـەکـەشـیان نـووسی (س و ف) سـوف. لەســەر سـنـدوقـێکی کارتـۆنیـش لەنـاو چێشتخانەکەیان نووسی (م و م) مـوم، واتە دایکە. تەنات کە پشیلەکەشی پاڵکەوتبوو. لە بەردەمیـدا نـووسی ( ک ە ت) کـەت، واتە پـشـیلە. بێجـگە لەوەش لەسەر رێـڕەوە چـیمـەنتـۆکەی دەوری خانـووەکەشیان، بە تەباشـیری رەنگاوڕەنگ، چەنـدیـن وێنەی کێشا و چەندین وشەی نووسی. هەر لەم تەمەنەدا زیاتر لە (٥٠٠) وشە فـێربـوو. بە ئاسانیش بۆ پێـشەوە و بۆ دواوە تا (٢٠٠) ی دەژمـارد. بە ساکاریـش فـێری کـرداری کۆکردنەوە و لێدەرکردن بوو. لەم تەمەنـدا چـوار پێـنج پەرتووکی دڵخـوازی وێنەداری دەخوێندەوە. لەوانەش پەرتووکی: زنجیرەی (پیـت پشـیلە)، (چیکا چیکا بـوم بـوم) کە منداڵان لێیانەوە فـێری ئەلفوبێ ئینگلیزی دەبن، پەرتووکی (کاترپیلەری زۆر برسی) و پەرتووکی (کەوتنە خـوارەوەی پیتەکان). ئەم چیرۆکەی بەلاوە زۆر خۆشبوو، پیتەکان سەردەکەون بۆ سەر دارێـک و دوایی هـەمـوویان دەکـەونە خـوارەوە. ئیـسلا بە پیـتە باغـەییەکانی ئـەم چـیرۆکەی پـراکـتـیـزە دەکـرد و دوایی دەیـڕمـانـدن. ئەلـفـوبێ بەلای ئیـسلاوە وەک یـاری وابـوو.
ئەگەرچی ئیسلا منداڵێکی بلیمەت و پەرجۆیە. لەگەڵ ئەوەشدا منداڵێکی سادە و ئاسایی و خاکییە. منداڵـێکی کۆمەڵایەتییە، رووخـۆش و لێـوبەخەنـدەیە. بە ئاسانی پەیـوەنـدی هـاوڕێتی دروست دەکات. وەک هـەر منداڵـێکی ئاسایی چـێژ و خۆشی لە منداڵیی خۆی وەردەگـرێـت، لای مامۆسـتاکەی خـۆشـەویـسـتە و لە دڵا شـیریـنە. بێـجگە لە بەهـرەی ناوازەی لە خوێنـدنەوە و لە نووسین و لە کـردارەکانی بیـرکاریـدا. هـۆگـری پەرتووک خوێندنەوە و پەرتووکخـانەیە. یاری لەگەڵ پشیلەکەی (بـووگەر) و لەگەڵ هـاوڕێکانیدا دەکات. ئارەزووی وێنەکـێـشان و هـەڵهـێـنانی مەتـەڵ و دۆزینـەوەی پیـتە نادیـارەکانی وشەسازیی هـەیە. سـەیـری فـیلـمی کارتـۆن لە تەلـەفـزیـۆن و بەرنـامـەی منـداڵان لە یوتیـوبدا دەکات. ئیسلا هـەردەم سەرقـاڵی خوێندنەوەیە و فـێربـوونی زانـین و ناسینی شـتی تـازەیە. سـاتەکانی دانیـشـتـن لەگـەڵ ئـیـسلادا، پـڕن لـە خـەنـدە و لە پـێکەنـین.
لەوانەیە لە یەکەم نیگـادا، ئیسلا وەک منـداڵێکی ئاسایی دوو ساڵان دەرکەوێت. بەڵام دەتـوانێت ئەو کارانە بکات کە لە ئەندێشەی کەسدا نییە. دایکی بۆ زیاتر کەشەکردنی بەهـرەی ئیسلا، پێـیوایە پێویستی بە بەرنامە و بە وانـەی تایبـەتیی فـێرکـردن هـەیە.

لە سەرەتادا دایک و باوکی نیگەران بـوون، لەوەی کە ئیسلا وەک پێویست ناخەوێت، بەیانیان زۆر زوو لەخەو هەڵـدەسێت. بەڵام پـزیشکی منـداڵان و دەروونناسی منداڵان دڵـنیایان کـردن. ئاسـایە کە منـداڵانی زۆر زیـرەک و بەهـرەمـەنـد کەمـتر بخـەون.
دایک و باوکی ئیسلا (ئاماند مەکناب ـ ٣٨ ساڵ)، (جەیسۆن مەکناب ـ ٤٣ ساڵ) باوکی پزیشکی ددانە و ئەنـدامی کـۆمـەڵەی مـێـنسایە. بـڕیاریانـدا بـۆ زانیـنی ئاستی زیـرەکی ئیسلا، بیـبەن بۆ لا پـزیشکی پسپۆر و زانای دەروونناسی تایبەتی منداڵان، بۆ پشکنین و ئەنجامدانی تاقـیکردنەوەکانی ئاستی زیرەکی. دکتۆرەکانی دەروونناسی ئامادەنەبوون کە بۆ منـداڵی لەخـوار تەمەن چـوار ساڵانـەوە، تاقـیکـردنەوە بۆ منـداڵ بکەن. چونکە بەلایـانەوە ئاسان نیـیە و کـاتیـكی زۆریـشی دەوێـت. بەڵام کـە دایـکی ئـیـسلا چـیرۆکی بەهـرە و نـاوازەیی کچـەکەی بـۆ دکتۆر (ئیـدوارد ئامـێـند) گێـڕایەوە، کە دەروونناسی منـداڵانه. پسـپۆرە لـە تاقـیکـردنەوەی منـداڵانی بەهـرەمەنـد. رازی بـوو کـە بـەدەر لە منداڵانی دوو سـاڵان، تاقـیکردنـەوە بۆ ئیـسلای دوو ساڵان بکات. دکـتۆر ئیـدوارد زۆر سەری سوڕمـا، کاتێ کە ئیسلا هەمـوو وشەکانی سـەر ئەو پـۆستەری بە دەنگی بەرز خـوێنـدەوە، کـە بـە دیـواری نـۆریـنگەکـەیـدا هـەڵـواسـرابـوو. لـە مـاوەی دوو رۆژدا تاقـیکردنەوەی گـشتی ئیسلای کـرد. زۆر سـەری سـوڕما، بە بەهـرە و بە ئاستی زۆر باڵای زیرەکی ئیسلا. کە توانی لە تاقـیکردنەوەی (ئای کیو) دا، لە سەدا (٩٩) نـمـرە بەدەسـت بهـێـنێـت. بەمـەش جـیهـانی سـەرسـام کـرد. بەپـێی گـروپی تەمـەنی ئاستی زیـرەکیی خـۆی، ئاستی زیـرەکی ئیـسلا، لە ئاسـتی زیـرەکی هـەردوو زانـای نـاودار، ئەلـبـێرت ئەنیشـتاین و سـتیـڤـن هـۆکـینگ باڵاتـرە. بـەم ئەنجـامەش ئیـسلای تەمەن دوو سـاڵان، بـوو بـە بچـووکـتریـن ئەنـدامی مـێـنـسا لـە جـیهـانـدا.
لە رۆژی (٢/ حوزەیـران/ ٢٠٢٢) دا، رێکخـراوی گـینس ناوی (ئـیسلا مەکـناب)ی وەک بچووکترین ئەندامی مێـنسا رایگەیانـد. ریکـۆردێکی باڵای جیهـانی بەدەستهـێنا. بە فـەرمی دانیـان بە ئاسـتی زۆر زیـرەکی ئـیـسلا مەکـنـاب نا و نـاویـان لە تـۆمـاری گـیـنس تـۆمـارکـرد و بـڕوانـامـەی بـڕیـاری دان پێـنانیـان پـێـبەخـشی.
ئیسلا لەو کاتەوە هەستی بە ناوازەیی خـۆی کرد، کە تەلەفـزیۆنەکان روماڵی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان بڵاوکردەوە و خۆیـان پێـشان دا و کەنـاڵەکان و میـدیاکان دیـداریان لەگەڵ دایک و باوکـیدا کرد. دایک و باوکیشی ڤیدیـۆکانیان لە یوتیوبـدا بڵاودەکردەوە.
لە ئێـستادا تەمـەنی ئیـسـلا مەکنـاب نەبووە بە چـوار سـاڵ، لە باخچـەی منـداڵان دایە.
دەربارەی داهـاتووی ئیسلا، دایک و باوکی وتیان، دڵـنیانـین کە داهـاتوو چی بە دوای خۆیدا دەهـێنێت. بەڵام گەشبینین کە داهاتوویەکی گەشی لەپێشە و هیواخوازی ئەوەین کە رۆژێـک رۆژان (زانـکـۆی هـارڤـارد) سکـۆلـەرشــیـپ (بەخـشـیـنی خـوێـنـدن)ی پـێبـبەخـشـن. یـان لە پەیـمانـگای ماساتـشوستس بۆ تەکـنەلـۆژیـا وەربگـیرێت. ئەمـە خەونی ئێـمەیە. بەڵام کە ئیسلا گەورتر بوو، ئایا دەبـێـت خەون بە چـیـیەوە بـبـینێـت؟ ئێـستا ئەو منـداڵە و پێـویستی بە یـاری و بە شادی هـەیە، پێـویستی بە چـێژ وەرگرتن لە تـافی منـداڵـیی خـۆی هـەیە.

(*) بۆ ئـەم نووسـینەم، سـوودم لە چەنـدین ماڵـپەڕی ئیـنگـلـیزی وەرگـرتـووە.