شیمیابارانی سەردەشت زامێکی قووڵ بە جەستەی شاڕ و هاوڵاتیانەوە. حەمەڕەسووڵ کەریمی
شیمیابارانی سەردەشت زامێکی قووڵ بە جەستەی شاڕ و هاوڵاتیانەوە
له یادی شيميابارانی شاری سهردهشت دا كه له رێكهوتی ٠٧ ـ ٠٤ ـ ١٣٦٦ی ههتاوی بهرامبهر به ٢٨ ـ ٠٦ ـ ١٩٨٧ی زائینی دا، له لايهن رێژيمی ديكتاتۆری سهددام حوسێنهوه بهرێوهچوو، ماڵپهری گيارهنگ به دانانی ئهم وێنهگایه، ياد و بيرهوهری تێكرای شههيدان و زامدارانی ئهم کارهساته جهرگبڕ و نامرۆڤانهیه دهکاتهوه.
دیکتاتۆرانی زاڵ بە سەر کوردستان دا و بە تایبەت دوو حکوومەتی فاشیستی عێراق و ئێران، شەری نێوان خۆیانیان کردە دەرفەتێک، بۆ ئەوەی گەلی کورد لە هەر دوو بەشی کوردستان واتە لە باشوور و ڕۆژهەڵات بکەنە ئامانجی گوڵاوی خۆیان و خەونە لەمێژنیەکەی خۆیان کە لەنێوبردن و قەڵاچۆ کردنی نەتەوەی کورد بوو، بە ناوی بەرگری لە خاکی ئێران و عێراق بەرێوەبەرن و لەو پەیوەندییەش دا دەستیان لە هیچ جینایەتێک دەرحەق بە گەلی مەزلووم و خۆڕاگری کورد نەپاراست.
ئەگەر بە کورتی و بە وردی ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە حکوومەتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەرمەستی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی حکوومەتی ئێران بوو و لە هەمانکاتدا، شەرخوازی و ڕقی پەنگ خواردووی چەندین ساڵەی ئاخوندەکان بۆ چوون و گرتنی کەربەلا و نەجەف و لە گەڵ ئەوەشدا، بیری چەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران و رژێمی بەعسی عیراق بۆ قەڵاچۆی کوردستان، بوو بە هۆی ئەوە کە شەری نێوانی ئەو دوو حکوومەتە دیکتاتۆرە و فاشیستە، بخەنە نێو خاکی کوردستان و بە بۆمب و ناپاڵم و چەکی قەدەغەکراو، هێرش بکەنە سەر گەلی بەشخوراوی کورد و لە هەر دوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان جینایەت و ژینوساید بە چەکی قەدەغەکراو بخوڵقێنن.
بەداخەوە ئێستاش دوای زیاتر لە ٣٧ ساڵ، هیچ کام لەو دوو دەوڵەتە فاشیستەی ئێران و عێراق، نەهاتوون خەسارناسی لە سەر شەڕی ٨ ساڵەی نێوان خۆیان بکەن و یا داوای لێبوردن لە شەهیدانی شیمیابارانی سەردەشت و هەڵەبجە و گوندی زەردە و دۆڵی بالیسان و وەرتێ و زۆر شوێنی دیکە بکەن و کار ئاسانی بۆ ژیانی زامدارانی شیمیابارانی هاووڵاتیانی کورد بکەن، لەوەش گرینگتر دونیای دەرەوە و ڕێکخراوەکانی بەناو مافی مرۆڤیش چاویان لە ئاست ئەم ژینوساید و جینایەتە سامناکە نووقاندووە و لە جیاتی قەرەبووی زامداران بکەنەوە، تەنیا باس لە قەدەغەبوونی چەکی شیمیایی کە لە کارگە بەرهەمێنانەکانی وڵاتانی خۆیان بەرهەم هاتبوو، دەکەن.
زامدارانی شاری سەردەشت و شوێنەکانی دیکەی کوردستان لە بێنازترین و مەزلوومترین توێژی کۆمەڵگان، ساڵانە ڕژێمی ئێران بە ناوی چارەسەری زامدارانی شیمیایی بە میلیۆنان دۆلار و بە هەزاران تۆن دەرمان لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بە چەکی قەدغەکراو وەردەگرێ، بەڵام لە جیاتی قەرەبووی بەرکەوتووانی چەکی شیمیایی بکاتەوە، هەموو داو و دەرمان و یارمەتییەکان دەدا بە سوپای پاسداران و مۆرە سەرەکییەکانی خۆی لە نێوخۆی ئێران و تەنانەت دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش.
بەداخەوە هیچ ڕێکخراو و یا ناوەندێکی پێڕاگەیشتن نییە کە سەرپەرەستی یارمەتییەکان بکات و یا لێپرسینەوە و بەدوا داچوون بۆ چۆنیەتی گەیاندنی داو و دەرمان و یارمەتییەکان بکەن، ئەوەش نیشان دەدا کە سات و سەودای ڕێکخراوەکان لە گەڵ حکوومەتی ئێران تەنیا بۆ رازی کردنی دەوڵەتی ئێرانە نەک رازی کردنی زامدارانی شیمیایی لە ئێران و عێراق و کوردستان دا.
بە هیوای ئەوە ڕۆژێک بێت کە حکوومەتی ئێران لە دادگاییەکی خەڵکی دا لە سەر هەموو ئەو جینایەتانەی کە بە سەر خەڵکی کوردستان و ئێران و نەتەوەکانی دیکەی هێناوە، محاکمە بکرێ و سەرانی ئێران لە قەفەسی تاوان دا بەرامبەر بە خەڵک و عەداڵەت دا سزای خۆیان وەر بگرن.
ڕووحی شەهیدانی کارەساتی شیمیابارانی شاری سەردەشت و گشت لایەک شاد و ڕوو ڕەشی بۆ حکوومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەری گیارەنگ