سەرکەوتنی رژێمی ئاخووندەکان بە سەر بەناو دیپلۆماسی ئورووپایەکان دا
سەرکەوتنی رژێمی ئاخووندەکان بە سەر بەناو دیپلۆماسی ئورووپایەکان دا
ئازاد کردنی حەمید نووری قاتڵی زیندانیانی سیاسی ساڵانی ١٣٦٧ی هەتاوی لە ئێران مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی لە سوئێد و گۆڕینەوەی حەمید نووری بە دوو کەسی بێتاوان کە لە لایەن ڕژێمی پەت و سێدارەی ئێران بە بارمتە گیرا بوون ، سەرکەوتنە بۆ ڕژێمی ئێران و دۆرانێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتی سوئێد کە خۆی بە پارێزەری مافی مرۆڤ دەزانێ.
بەرژەوەندی !!؟؟
بەرژەوەندی و سیاسەتی ئابووری هەمیشە بە سەر مافی مرۆڤ دا زاڵ بووە، مافی مرۆڤ تەنیا چەمکێکی بۆش و هەڵۆڵ و بێ نێوەرۆک بووە، چوونکە ئەگەر چەمکی مافی مرۆڤ کاری پێکرا با هیچ دەوڵەتێک هێندەی ئێستا دەوڵەمەند و چەوسێنەر نەدەبوو، وڵاتانی ئوروپایی جیا لە کایە کردن بە چەمکی مافی مرۆڤ هیچ هەڵوێستێکیان سەبارەت بە پێشێلکاری یاسای نێودەوڵەتی کە بۆ خۆیان وەک بناغەی مافی مرۆڤ نووسیوویانە نەبووە و نییە و لە داهاتووش دا شاهیدی زۆر ماملەی جۆراوجۆر و بە تایبەت بە ناوی مافی مرۆڤ سەبارەت بە گۆڕینەوەی قاتڵ و مافیا و جینایەتکاری دیکەش دەبین.
چەمکی مافی مرۆڤ لە لای دەوڵەتان ، کارتی بازەرگانی و تجارەت و بەرژەوەندییەکانە.
دەوڵەتی سوئێد مافی خۆیەتی هەوڵ بدا کە هاووڵاتیانی خۆی ئازاد بکا بەڵام بۆ ئازادی هاووڵاتیانی خۆی نابێ یاری و کایە بە دادگاکانی سوئێد بکا، نابێ ئیزن بدرێ لە ژێر ناوی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی بازەرگانی بە خوێن و فرمێسکی دایکان و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی ئێران و وڵاتانی دیکە بکات.
هەڵویستی ئێستای وڵاتی سوئێد پەڵەیەکی رەشە بە کاری دیپلۆماسی وڵاتی سوئێدەوە و هاوکاتیش سەرکەوتنە بۆ ڕژێمی ئاخووندی جینایەتکار و لە هەمان کاتدا هاندانی ئێرانە بۆ گرتنی خەڵکی بێ تاوانی خاریجی بۆ ئەوەی بە ئامانجە درێژخایانەکانی خۆی کە دەست ڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکی و خۆ فەرز کردن بە سەر دونیای ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی دایە و لە داهاتوو دا شاهیدی زۆر ڕووداوی لەو چەشنە دەبین.
ماڵپەڕی گیاڕەنگ
حەمەڕەسووڵ کەریمی