مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی و شک و گومانەکان

مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی و شک و گومانەکان

هەواڵی بەربوونەوەی کۆپتێری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژی یەکشەممە دا وەک هەواڵێکی گرینگی جیهانی و ناوچەیی، بوو بە سەر دێری هەموو گۆڤار و ڕۆژنامە و مێدیاکان، بەر بوونەوەی هەلیکۆپتێری هەڵگری ڕەئیسی و شاندەکەی کە پێک هاتبوون لە ٩ کەس و بە تایبەت حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئێران، ئیمام جومعەی شاری تەورێز و پارێزگاری شاری تەورێز و بەرپرسی ئەمنییەتی سەرۆک کۆمار، دوای نزیک بە ١٧ کاتژمێر بێ سەروشوێنی کۆمەڵێک پرسیاری لە نێو کۆمەلگای جیهانی دا درووست کردووە.

دوای ئەوە نزا و دوعای کاربەدەستان و جیرەخۆرەکانیان بۆ گەڕانەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی گیانی لە مردن ڕزگار نەکرد، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ دا ڕایگەیاند کە بە پێی ماددەی ١٣١ی یاسای بنەڕەتی ئێران محەممەد موخبیر وەک بەرپرسی بەشی ئیجرایی دیاری دەکرێ و بە ڕاوێژ و هاوکاری لەگەڵ دوو بەش لە سێ بەشی ئیداری وڵات واتە بەشی یاسا دانان و بەشی دادوەری لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی داهاتوودا هەوڵ بدەن کە کار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ و هەڵبژاردنی گشتی لە ئێران دا بکەن و هاوکات گووتی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی لە نێو کۆمەڵگای ئێراندا لێ ناکەوێتەوە.

دواتر محەممەد موخبیر وەک سەرۆک کۆماری کاتی لە جێگەی ئیبراهیم ڕەئیسی و هەروەها عەلی باقری وەک کار ڕاپەڕێنی وەزارەتی دەرەوەی وڵات لە جێگەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دیاری کران.

لە نێو کۆمەڵگای جیهانی دا لە سەر بەربوونەوەی هەلیکۆپتێری (Bell 212) بێل ٢١٢ کە هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندەکەی بوو، باس لە چەند هۆکارێک سەبارەت بە ڕووداوەکە دەکرێ .

  • ئایا ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتێرەکە بە هەڵکەوت و تکنیکی بوو؟
  • ئایا کەش و هەوای ناوچەکە بۆتە هۆکاری کەوتنە خوارەوەی هەڵیکۆپتێرەکە؟
  • ئەگەر کەش و هەوا بۆتە هۆکار، چۆنە دوو کۆپتێرەکەی یاوەری بە بێ کێشە گەیشتوونە شوێنی خۆیان؟
  • بۆچی دوو کۆپتێرەکانی دیکە کە لە سەر یەک هێڵ و بە مەودای کەمتر لە ١٠٠ میتر بە یەکەوە دەفڕین لە ئاست ئەم ڕووداوە دا نەگەڕاونەوە بزانن سەرۆک کۆمار و گەورەکەیان چی لێ بەسەرهاتووە؟
  • ئایا دەستێکی نێوخۆیی بۆ پاکانە حیساب ئەم ڕووداوەی خوڵقاندووە؟
  • ئایا کارێکی تێکدەرانە و سابوتاژ بوو و کەسانێکی نەیار ئەو کارەیان کردووە؟
  • لە لایەن پەهپاد و یا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئەو ڕووداوە خوڵقاوە؟

ئەو پرسیارانە و گەلێک پرسیاری دیکەش کۆمەڵگای هێناوەتە سەر هێڵ و بە گشتی لە لایەن زۆربەی شڕۆڤەکار و کارناسی سیاسی و زۆربەی دەوڵەتانی دوور و نیزیک بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێن و لە نێو ئەوانەش دا هەن کە شک و گومانی سەرەکیان لە پاکانە حیسابی نێوخۆییە.

بۆ ئێمەی کوردیش هەر کام لەم ڕووداوانەی سەرەوە هۆکار بووبن، بۆ لە نێوچوونی دیکتاتۆرێکی لە چەشنی ئیبراهیم ڕەئیسی ، ئەوە هەر جێگەی خۆشحاڵی‌یە، چوونکە ئیبراهیم ڕەئیسی کارنامەیەکی ڕەش و پڕ لە جینایەتی لە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی‌ ئێرانەوە تا کۆتایی مەرگی لە ئاست گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد دا هەیە.
خۆزگە لەبەردەم دادگایەکی عادڵانەی گەلی دا محاکمە و لێپرسینەوەی لێدەکرا و وەک باقی دیکتاتۆرەکانی دیکە بە دەستی عەداڵەت بە سزای خۆی گەیشت با.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەڕی گیاڕەنگ

٢٠ ـ ٠٥ ـ ٢٠٢٤ی زائینی

٣١ ـ ٠٢ ـ ١٤٠٣ی هەتاوی