ناوی مامۆستا حەسەن‌زادە ناوێکی پڕ لە ڕەمز و ڕازی ژیانە

ناوی مامۆستا حەسەن‌زادە ناوێکی پڕ لە ڕەمز و ڕازی ژیانە

جارێکی دیکەش لە گەورە مامۆستای زمانی کوردی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە پیرۆز بێ.

چەند ڕۆژ پێش ئێستا دامەزراوەی کەریمی عەلەکەی لە ئاگادارییەک دا ناوی بەرێز مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە گەورە مامۆستای زمانی کوردی بۆ خەڵاتی کەریمی عەلەکەی بڵاو کردەوە، لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ئاگادارییەکە، شەپۆلێکی بەرینی پیرۆزبایی گەرم‌وگوڕ لە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە و هەڵوێستی ئەو دامەزراوەیە لە لایەن خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و دۆستانی بڵاو بۆوە.

لەگەڵ ئەو شەپۆلە بەرینە پیرۆزباییەدا، دەرکەوت کە گەورەیی و سەروەری بەرێز حەسەن‌زادە سەری لە کەشکەڵانە و وەک هەمیشە پێشەنگ و پێشرەو و کاریزمای نێو خەبات و شۆڕشی نەتەوایەتی و کوردایەتی و حیزبی دێموکراتە.

ئاوڕدانەوە لە ژیانی پڕ سەروەری مامۆستا لەم کورتە نووسینەدا ناگونجێ، چوونکە ناتوانم ئاوڕ لە ژیان و خەباتی زیاتر لە شەش دەیە تێکۆشانی بێ‌وچانی بەرێزیان هەم لە ڕەهەندی کاری شۆڕشگێری و ڕێبەری حیزبێکی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەم لە ڕەهەندی کاری ڕۆشنبیری ، زمانەوانی ، نووسین ، وەرگێران و وێژەی ئەدەبی کورد دا بدەمەوە، هەر بۆیە نووسینەکەم تایبەت بە هەڵوەشانەوە و ڕاگرتنی خەڵاتی کەریمی عەلەکەیە.

ڕۆژی یەکشەممە نیو کاتژمێرێک پێش بەخشینی خەڵاتی کەریمی عەلەکە لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفوونیەوە، مامۆستا و ئەدەیب و زمانزان و شۆڕشگێری کورد مامۆستا حەسەن‌زادە، ئاگادار دەکرێتەوە کە بە هۆی مەسەلەی ئەمنییەتی ئەو ڕێزلێنانە و مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی عەلەکە ڕاگیراوە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دۆستان و خەمخۆرانی دۆزی ڕەوای کورد و تەنانەت نەیارانیش بیروڕا و بۆچوونی خۆیان لە ئاست ئەم کردەوەیەی ئاسایشی سولێمانی دەربڕی.

باری ئەمنییەتی هەمیشە گرینگی تایبەت بە خۆی هەبووە و هەیە، ئەگەر ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە ڕووداوەکانی زۆر دوور نا، بەڵکوو تەنیا چەند مانگی رابردوو بدەینەوە، بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێ کە کەڵەوەکێشی سوپای پاسداران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە نایاساییەکانیان لەگەڵ میلیشیا تووندڕەوەکان و هەروەها دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراق بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتی، لە هەموو کات زیاتر بووە و تەنانەت هەڕەشە و کەڵەوەکێشیەکانی سوپای پاسداران و دەست‌وپەێوەندەکانی ڕژێمی ئێران سرنجی وڵاتە زلهێزەکان و جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.

سوپای پاسداران لە ژێر ناوی پاراستنی ئەمنییەتی ئێران دا تاکتیکی “شەلم، کوێرم، کەس نابوێرم” ی هەڵبژاردوە و لە ژێر ناوی پاراستنی ئەمنییەتی دا کارە تیرۆریستییەکانی خۆی درێژە دەدا.  کارێکی قێزەوەنی دوور لە مرۆڤایەتی کە دەبوو تاکوو ئێستا دەوڵەتە بەناو زلهێزەکان و دونیای دەرەوە، بە هەڵوێستێکی جیا لە بلۆکە کردنی چەند کارگە و بانکێک ، پاشەکشەیان بە ڕژێمی ئێران کردبا، بەڵام بەداخەوە بە هۆی سات و سەودای ژێربەژێر، متتەقیان لێوە نایە و ئەوەش ئێران و ئاخوندەکان و سوپای پاسدارانی زیاتر لە پێشوو غەڕە کردوە.

ئێستا گریمان ئەو کۆڕە ڕێزلێنانە لە بەرێز مامۆستا حەسەن‌زادە، لە بەر بواری ئەمنییەتی بەڕێوە نەچووە، ئەدی کەس ناپرسێ بەشی ئەمنییەتی و ئاسایشی کوردستان بۆچی ڕاگەیاندراوێک بە ڕووی دەرەوەدا بڵاو ناکاتەوە و خەڵک لە دڵەڕاوکێ دەر بێنن؟ ناکرێ لە کورتە ڕوونکردنەوەیەک دا باسی ئەوە بکەن کە گیانی بەشداربووانی ئەو کوڕیادە بۆ ئێمە زۆر گرینگ بووە و بە هۆی هەڕەشەی درۆنی و مووشەکی و یا کاری تیرۆریستی ئەو کۆڕەمان راگرتووە؟ ئەوانە و دەیان و سەدان پرسیاری دیکەش بێ وەڵامن . چوونکە جیا لە مەسەلەی ئەمنییەتی ، بێ دەسەڵاتی و بێ توانایی حکوومەتی عێراق و هەرێمیش لە بەرامبەر ئێراندا بێ وەڵامن.

زۆر دڵخۆشم بەوە کە شوکور مامۆستا حەسەن‌زادە و هەئیەتی هاوڕێی ساخ و سەلامەتن، مامۆستا حەسەن‌زادە خەڵات و میداڵی خۆی لە خەڵکی کوردستان وەرگرتووە، تاقچە و ڕەفعە و کتێبخانەکانی کوردستان و ماڵ و قوتابخانەکانیش پڕن لە یادگارییەکانی مامۆستا حەسەن‌زادە. دیاری و نووسینەکانی مامۆستا کە لە ژێر ڕەهێڵەی ئاگری تۆپ و مووشەکبارانی ڕژێمی ئاخوندی دا بە زمانی شیرینی کوردی ئامادەی کردوون، نووسین و وەرگێران و کتێبەکانی مامۆستا، ئەوەندە قورسن کە قورسایی کتێبەکانی لاشەی نیوەمردووی ڕژێمی ئاخوندی زیاتر چەماندۆتەوە، چەماندنەوەیەک کە ڕاستبوونەوەی زۆر زەحمەت و دژوارە.

مامۆستا لە هەر شوێنێک بێ خەڵاتی گەل کە پڕ لە خۆشەویستی و ڕێزلێنانە و گەورەترین خەڵاتی سەردەمە بە بەژن و باڵای بڕاوە، مامۆستا حەسەن‌زادە جیا لە خەلاتی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، خەڵاتی خۆی لە خەڵکی بە ئەمەگ و تێکۆشەری هەر چوار پارچەی کوردستان وەرگرتووە، ناوی مامۆستا حەسەن‌زادە ناوێکی پڕ لە ڕەمز و ڕازی ژیانە، ئەو ڕاز و ڕەمزەی کە، بۆ دوژمن بۆتە ترس و خۆفێکی یەکجار گەورە و ئەوەش نیشانەی گەورەیی و بەرحەق بوونی خەباتی نەپساوەی مامۆستا حەسەن‌زادەیە بە دژی ڕژێمی ئاخووندی.

خەڵاتەکانی هەمیشەیی مامۆستا ، کانی و ڕووبار و چەمی کوردستانن، خەڵاتەکانی مامۆستا، جوانی و خەمخۆری خەڵکی شۆڕشگێر و تێکۆشەری کوردستانن، ئامێزی گەرمی خەڵکی کوردستان میداڵیا و خەڵاتی هەمیشەیین کە بە مامۆستای ئازیز بڕاون.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەڕی گیاڕەنگ

١٣ ـ ٠٥ ـ ٢٠٢٤ی زائینی