یادێکی خۆش لە ٣ مامۆستای ئاینی شۆڕشگێر مەلا ئەحمەد، مەلا رەحیم و مەلا خالید. ، پێشمەرگەی حدکا، ن: سەید عەلی هاشمی

یادێکی خۆش لە ٣ مامۆستای ئاینی شۆڕشگێر مەلا ئەحمەد، مەلا رەحیم و مەلا خالید. ، پێشمەرگەی حدکا، ن: سەید عەلی هاشمی
لە لایەن ڕێبەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ٣ مامۆستای شۆڕشگێر، شەهید مەلا ئەحمەدی دەروێشی و نەمران مەلا ڕەحیمی عەبباسی و مەلا خالیدی شکاک بۆ مەڵبەندەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە ساڵەکانی ١٣٦٠و ٦١ بۆ ڕوونکردنەوەی خەڵک لە مزگەوتەکان دەنێردران.
من لە لایەن هاوڕێیانم لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوچە، شانس و شانازی ئەوەم پێ بڕا لە مەڵبەندی پیرانشار و ناوچەی پیرانان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی لکی 3ی هێزی ئاوارە (قەندیل) لەو جەولەیەدا لە خزمەت مامۆستاکان دابم.
دوای گەڕان لە چەند ئاوایی، مامۆستاکانم بردنە گوندی بەردەقەڵ، کە تەنیا چەند کیلۆمیترێک لە (١) کارخانەی قەندی پیرانشار و پادگان دوور بوو، شۆڕای ئاوایی خەڵکیان کۆ کردبووە و مامۆستاکان خۆیان ئامادە دەکرد بۆ پێشکێش کردنی وتارەکانیان، من لە دەرەوەی مزگەوت بووم، پێشمەرگەیەک هاتە لام و وتی مامۆستاکان داوات دەکەن، کە چوومە ناو مزگەوت هەرسێک مامۆستا لە ناو میحراب سەریان بەیەکەوە نابوو سرتەسرتیان بوو، منیش چوومە ناو کۆبوونەوە نەهێنیەکە و بەسرتە وتم قوربان چیتان دەوێ؟ مامۆستا مەلا ڕەحیم وتی: شۆڕای دێی (محیەدین شێخاڵی) (٢) دەڵێ نابێ لەسەر بڵینگۆی مزگەوت قسە بکەن، چونکە دوژمن کەمێک نزیکە، لە کارخانەی قەند گوێیان لێ دەبێ و لەوانەیە هێرش بکەنە سەرتان، چما وایە؟ منیش پێم وتن مامۆستاکان، دەستەی شەهید مەلا کەریم بە فەرمەندەیی (ب) لە لکی٣ی هێزی ئاوارە لە دەوری ئاوایین، دڵنیاتان دەکەمەوە تا دوژمن بەسەر لاشەیاندا نەیە، ناگاتە ناو ئاوایی، هەربۆیە بەبێ دوو دڵی و بە کەیفی خۆتان قسەی خۆتان بکەن.
کاتێک مامۆستاکان گوێیان لەوە بوو، کە وتم تا دوژمن بەسەر تەرمی پێشمەرگەکاندا نەیە، ناگاتە ناو دێی، هەست و ئیحساسات گرتنی، هەرسێکیان وەک پێشمەرگەی ناو سەنگەر بڵینگۆی مزگەوتیان هێنایە پێش خۆیان و دەستیان بە وتارەکانیان کرد، مامۆستایەکان لەسەر ئەو ئایەت و حەدیسانە شیکردنەوە و لێکدانەوەیان دەکرد کە لە فەرموودەکاندا هاتووە، هەرکەس هێڕشی کردە سەر ئاو و خاکتان، پاڕێزگاری لە خۆتان بکەن، هەرکەس بۆ پارێزگاری لە نیشتمانی خۆی بکوژرێ شەهیدە، چەند بەڵگەی دیکەیان بە نموونە هێنایەوە، لە کۆتایی قسەکانیاندا لەسەر گەورەیی پێشەوا قازی محەممەد و خەباتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لێکدانەوەیان کرد و وتیان: کەوا بوو کوردستان نیشتمانی ئێمەیە و دەبێ بە گیان و ماڵ پارێزگاری لێ بکەین و نەهێڵین دوژمن بە هاسانی داگیری بکات و پاڵی لێ بداتەوە، بە شێوەیەک لە لایەن خەڵکەوە پێشوازیان لێ کرا، کە لەو چەند دێڕەدا ناکرێ هەست و خۆشەویستی خەڵک بۆ حیزبی دێموکڕات هەڵسەنگێندرێ.
****

(١) کارخانەی قەندی پیرانشار دوای ئەوەی کە لە لایەن لکی١ و لکی٣ی هێزی ئاوارە لە یەک کیلۆمیتری پادگانی پیرانشار دەستی بەسەرداگیرا، دوژمن هێزێکی پاسداری لەوێ نیشتەجێ کرد، کە وەک گورگی هار و برسی کەوتنە ئەزیەت و ئازار دانی خەڵکی ناوچە، چالاکی ئەو شەوەی پێشمەرگەکان لە لاپەڕی٤٢ی ” پڵینگ” ساڵنامەی خەبات و تێکۆشانی سەرماوەزی ١٣٦١ی هەتاوی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و هێزی شەهید ئاوارەی ئەوکات بۆ خوێنەران دادەنێم.

(٢) نەمر محیەدین شێخاڵی خەڵکی بەردەقەل ئەو کات بەرپرسی شۆڕای ئاوایی و نیشتمان پەروەرێکی بە ئەمەگ و باوەڕ پێکراوی خەڵک و کۆمیتەی ناوچەی پیرانان بوو.

سلاو لە گیانی پاکی ئەو 3مامۆستا پێشمەرگەی ناو مەتەرێزی سەربەرزی، بۆ پارێزگاری لە نیشتمان.
سەید عەلی هاشمی ٢٠٢٤/٤/٢٩