لە نەورۆزەکەی کۆماری کوردستانەوە بۆ ئێستا. عومەر باڵەکی

لە نەورۆزەکەی کۆماری کوردستانەوە بۆ ئێستا. عومەر باڵەکی
لە سەردەمی ئێستادا هەر نەتەوەیەک خاوەنی کۆمەڵێک هێما و شوناسە کە لە میللەتانی دیکەی جیا دەکاتەوە. گەلی کوردیش وەک هەموو نەتەوە ڕەسەنەکانی سەر ئاو و خاکی خۆی خاوەنی کۆمەڵێک هێما و شوناسە کە لەنێو گەڵانی ناوچە و جیهاندا خۆی پێ دەناسێنێ. بەڵام ئەوەی گەلی کورد لە زۆربەی گەڵانەی دیکەی جیهان جیا دەکاتەوە ئەوەیە زۆربەی ئەو گەڵانە لە پرۆسەیەکی مێژووییدا بوونە خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆیان و یادکردنەوە و ڕێزدانان بۆ هێماکانیان پتر دەبێتە ئەرکی دەوڵەتەکانیان کە بە چ شێوازیەک و لە چ کاتێکدا ئەو بۆنانە یاد بکەنەوە. بەڵام لای گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت ئەرکی پاراستن و تەنانەت ئاشناکردنی نەوە لەدوای نەوەی خۆیان بەو هێما و شوناسە نەتەوەییانە کەوتۆتە سەرشانی کۆمەڵگەی کوردەواری. لەو نێوەدا ئەرکی ڕێکخراوە سیاسییەکان گرینگە کە بتوانن لە ڕێگای خەباتی بێوەچان و ڕۆشنگەری لەنێو کۆمەڵگەدا گەشە بەو هەستە نەتەوایەتییە بدەن.
مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی گەلی کورد پڕە لە ڕووداو و کارەساتی ناخهەژێن، بەڵام دەبینین بە هۆی بوونی ڕیکخراوی سیاسیی لە کوردستان و خەباتی بەردەوام بۆ وەدەست‌هێنانەوەی مافە نەتەوایەتییەکان، گەلی کورد نەک توانیویەتی لە گەردەلوولی ڕووداوەکان خۆی لە فەوتان دەرباز بکا بەڵکوو بە خەبات و تێکۆشانی هەمەلایە توانراوە هەست وشعوری نەتەوایەتی لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا بە ڕادەیەک گەشە بکا کە جیهان دان بە بوونی نەتەوەی کورد دابنێ.
نەورۆز واتە نوێبوونەوەی ساڵ جیا لەسەربردە مێژوویەکانی بە پێی هەڵکەوتی جوغرافیایی کورستان وشێوەی ژیانی کورد لەو ناوچەیە، یەکێک لەو بۆنانەیە کە گەلی کورد لە کوردستانی دابەشکراودا وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی خۆی هەموو ساڵێک بە دەربرینی شادی و خۆشی و ڕێکخستنی ڕێورەسمی گەورە کە هەموو چین‌وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری تێیدا بەشدار دەبن، ڕێزی لێ دەگرێ بەرەو پیلی ساڵی نوێ دەچێ.
بەڕێوەچوونی ڕێورەسمە نەورۆزییەکان ئەگەر لە هێندێک لە بەشەکانی کوردستان بە هۆکاری جیاواز وەک ڕێگری دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر کوردستاندا نەتوانراوە وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی خۆ بنوێنی، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمێژساڵە وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی یادی دەکرێتەوە. ٧٩ ساڵ لەوە پێش لە سەردەمی کۆماری کوردستان کە لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا، لە ڕێورەسمێکی بەشکۆدا کە چەندین برگەی وەک ڕێژەی پێشمەرگە و خوێندنەوەی وتار و شێعر لە خۆ دەگرێ بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆری شاری مەهاباد، ڕێز لە نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵ وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی دەگرن. ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٢٧، خاکەلیوەی ١٣٢٥ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر سەردێری “جیژنی نەورۆز لە مەهاباد” نووسیویەتی: “ڕۆژی پێنج‌شەممە هەوەلی ساڵی ١٣٢٥ کاتێک کە هەتاو لە پشت کێوە جوانەکانی کوردستان گەردنی بەرز کردەوە و بە تیشکی تینداری خۆی مزگینی بەهاری تەروتازە و ڕۆیشتنی سەرماوسۆڵی زستانی بە ئافریدەکانی خوای بێ‌هەوتا دەدا، مەهابادیش لەگەڵ میوانە ئازیزەکانی (بارزانی) و دانیشتووانی خۆی وردودرشت، کیژولاو بە دڵێکی هێزدار و ڕوویەکی گەشەوە بۆ نیشاندانی بەروبووی کوردان کە چەندێک لەومەبەر باخەوانێکی بە ڕاوژیر ڕەنێوی هێناوە، وا ئامادە ببوون کە دۆست لە پێستی خۆیدا نەدەگونجا و لەبەر کەیفخۆشی نەدەحەجما، چونکە زۆر لەمێژبوو کە کورد نەورۆزی لەبەر زوڵم‌وزۆری بلەوەزەکان لەبیر کرابوو و ڕۆژی واشی بە خۆیەوە نەدیبوو… پێشەوای معظمی کوردستان هاتە پشتی تریبوون و پاش ڕۆژباش و پیرۆزبایی ڕۆژی تاریخیی نەورۆزی کوردان، فەرمووی ئەو ڕۆژانە تورکیە و ئێران و عێراق خەریکی گفتوگۆن و دەیانهەوی پەیمانی مەنحووسی سەعداباد کە ماددەیەکی بە زیانی کوردانە لە حاڵی ئێستادا دەیانهەوی بۆ دوژمنایەتی کوردان تازەی بکەنەوە بەڵام دەبێ بزانن کە ئەو پەیمانە وەکوو لە پێشدا کاغەزپارەیەک زیاتر نەبوو ئێستاش کاغەزپارەیەک زیاتر نییە…”
دوای ٧٨ ساڵ لەو ڕێکەوتە لەلایەک دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بە ڕۆژانە بۆ بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد خەریکی پیلانگێران و بەستنی پەیماننامەی ئەمنییەتین لەنێو خۆیاندا و لەلایەکی دیکەوە گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی مافخوراو و خاک دابەش کراو بە هەموو شێوازیەک بۆ پاراستنی هێما و شوناسی خۆی و وەدەست‌هێنانەوەی مافەکانی لە مەیدانی خەباتدا لەگەڵ ئەوەدا خۆێنێکی زۆری لەبەر ڕۆیشتووە وکاولکاری زۆری بەسەر دا هاتووە، هەر لەسەر پێیە و هەروا بە گوڕوتین و ساڵ‌بەساڵ یەکگرتووتر بەگژ دوژمن و نەیارەکانیدا دەچێتەوە.
ماوەی چەند ساڵێکە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانەی هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆیان دروست دەکەن، هەوڵیان داوە نەورۆز وەک جێژنی نەتەوەیی بە بەشداریی هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بە باشترین شێواز بەڕێوەبەرن وپەیامی یەکگرتووی خۆیان بەگوێی دەسەڵاتدارانی تاراندا بچرپێنن. ئەوەی جیگای سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە بە بوونی هێزە سەرکوتکارەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، بەڕێوەچوونی ئەو ڕێورەسمە نەورۆزانەی ئەو ساڵ گوڕوتینێکی دیکەیان پێوە دیاربوو و نیشانەی ئەوە بوو کە جووڵانەوەی مافخویستی و شوناسخوازیی گەلی کورد لەو پارچە لە کوردستان نەک هەر لەسەر پێیە بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە هەڵکشان و گەشەکردنە و هێزی ئینکار و سەرکوت ناتوانی بەچۆکی دابهێنێ و پاشەکەشەی پێ بکا.
ڕێورەسمە نەورۆزییەکانی ئەوساڵ لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ساڵێکی پڕ لە خەبات و بەربەرەکانی لە درێژەی ڕاپەرینی ژینادا بە دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تێپەر کرد. بەڵام ئەوەی ڕێورەسمەکانی نەورۆزی ئەوساڵ -بیجگە لەوە کە گشتگیرتر و لە زۆربەی هەرەزۆری ناوچەکانی کوردستان بەرێوە چوون- لەساڵی ڕابردوو جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو ڕێورەسمە نەورۆزییانە لەگەڵ هەموو نەزم و دیسیپلینێک کە هەیانبوو، خاوەنی پەیامی سیاسیی زۆر بەهێز بوون ڕوو بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران. جیا لە شێعر و پەخشان و وتار، پۆشێنی جلوبەرگی خاکی و لەملکردنی جامانە و هەوری لە کۆڵکردن لەلایەن ژن و پیاو و کچ و کوڕی بەشدار لەو بۆنە نەورۆزییانەدا خۆی نیشانەی پشتگیری زۆرینەی خەڵکی کوردستانە لە خەباتکارانی خۆی کە ماوەی زیاتر لە ٤٥ ساڵە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ئەو گەڵە بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە دەجەنگن. بۆ هەر کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژان جلی خاکی پێشمەرگانەی دەبەر کردبێ وجامانەی لەمل هاڵاندبێ، بە دیتنی ئەو هەموو خاکیپۆش و جامانە لەملانەلە گەڕی هەڵپەرکێی نەورۆزیدا بێ سێ‌ودوو هەستی پێشمەرگانەی دەبزووێ و شانازیی بە خۆی دەکا کە پێشمەرگەی گەل و نیشتمانی خۆی بووە. شانازی دەکا و دڵی ئۆقرە دەگرێ کە زەحمەت و کوێرەوەرییەکانی ژیانی پێشمەرگانە و خوێن و قوربانیدانی لەپێناو گەلەکەی خۆیدا بە فیرۆ نەڕۆیشتوە وئەمڕۆ ئاکامەکەی کە گەشەکردنی هەست و شعووری نەتەوەییە لە شەقامی شارەکان و گۆڕەپانی گوندەکان لە گەڕی شایی و گۆبەندی خەڵکی یەکگرتووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چاوی خۆی دەبینێ و لەشی شەکەتی پێدەحەسێتەوە.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ لەوە تێگەیشتبن کە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمەکانی نەورۆزی ئەوساڵ هەڵگری هەمان پەیامی نەورۆزی ٧٨ ساڵ لەمەوبەرە کە پێشەوای مەزن فەرمووی گەلەکۆمەکێی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا و سەرکوت و کوشتار و زیندان و ئێعدام ناتوانێ ئیرادەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی تێک بشکێنی. ئەو کاروانە خەباتە بە بەشداریی هەموو چین‌وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری هەتا لوتکەی سەرکەوتن درێژەی دەبێ.
لە کۆتاییدا جێژنی نەورۆز جێژنی یەکگرتووی نەتەوەیی لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت.