سپاسنامەی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بۆ خەڵکی کوردستان

سپاسنامەی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بۆ خەڵکی کوردستان
خەڵکی تێکۆشەر و خەباتگێڕی کوردستان!

دەستپێکی ساڵی نوێ و نەورۆزی ئەمساڵ بەو حەماسەت و یەکگرتوویی و ئەو دیمەنە ڕەنگاوڕەنگ و پڕمانایە کە هەموو کوردستانی لەخۆگرتبوو، مژدەی ساڵێکی پڕدەسکەوت و هیوابەخشی بەهەموو لایەکمان دا.

ئەوەی ئەمساڵ ئێوەی تێکۆشەر لە گوند بە گوند و شار بە شاری کوردستان، هەر لە خوارووترین شوێنی ئیلامی دێرینەوە بگرە تا سەرووترین شار و گوندی ورمێی هەمیشە کوردستان لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکاندا پیشانی دنیاتان دا، جارێکی دیکە سیمایەکی لێوڕێژ لە شادی، جوانی و پڕ وزەتان بۆ ژیان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە خستەڕوو.

نەورۆزی ئەمساڵ لە کاتێکدا بوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای شۆڕشی ژینا بەتەمابوو وا بنوێنێ توانیویەتی کوردستان کۆنترۆڵ بکا و بارودۆخەکە ئاسایی پیشان بدا، بەڵام ئێوەی تێکۆشەر و بەهەڵوێست ئەو ڕیسەتان لە کۆماری ئیسلامی کردەوە خوری و بەکردوە هاوارتان کرد، نە دەنگی کورد کپ دەکرێ و نە کوردستان بە هیچ داگیرکەرێک کۆنترۆڵ دەکرێ. ئێوە بە ڕوونی بە هەموو لایەکتان گوت ئەوەی لە کوردستان لەم ڕێوڕەسمە نەورۆزییانەدا ڕوو دەدا هەر درێژەی شۆڕشی ژینایە و بزووتنەوەی کوردستان تا سەرکەوتنی یەکجاری لە پێ ناوەستێ.

ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ سپاسی بێ‌پایانی خۆی پێشکەشی ئێوەی خۆشەویست بکا بۆ ئەرک و زەحمەتی یەکەبەیەکەتان لە نەخشاندنی ئەم لاپەڕە زێڕینانەی مێژووی گەلەمان لە نەورۆزی ئەمساڵدا.

لە بەرانبەر گەورەیی و لەخۆبوردوویی بنەماڵە و دایک و باوکی شەهیدان دەستی ڕێز بە سینگمانەوە دەنێین کە سەرەڕای دڵبریندارییان، بە ناردنی پەیامی نەورۆزی و بەئامادەبوونیان لە ڕێوڕەسمەکاندا پێشەنگایەتی گەلەکەمانیان کرد و ئاوری نەورۆزییان لە شار و گوندەکانی کوردستان کردەوە و تەنانەت بەشدارییان لە شایی و گۆڤەندی خەڵکدا کرد. ئەوەی ئەم ئازیزە ڕووسوورانەی گەلەکەمان کردیان دووپاتکردنەوەی ئەو درووشمە بەناوبانگەی ڕێبەری شەهیدمان قاسملووی مەزن بوو کە “باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی ڕێگایانە.”

ناوندی تەشکیلات هەروەها وێڕای پێزانین لە ماندوویی‌نەناسیی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات سپاسی گەرمی خۆی پێشکێشێان دەکات کە لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئەرکی خۆیان بە باشترین شێوە بە جێ گەیاند.

بەهیوای سەرکەوتن و ڕزگاریی یەکجاری، دەستی هاوخەباتیتان بەگەرمی دەگوشین.

جارێکی دیکە نەورۆزتان پیرۆز.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی تەشکیلات

١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣