پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان
٨ی مارس ڕۆژێكی نێونەتەوەیی ژنانە كە بوو بە ڕەمزی خەباتی ژنان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی. ڕێزگرتن لە ٨ی مارس ڕێزگرتنە لە خەباتی ژنان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەیەک كە بە هۆی سیستمی پیاو سالارییەوە بە سەریاندا سەپاوە. خەباتی ژنان پەیوەست نییە بە ٨ی مارسەوە، بەڵكوو ٨ی مارس بووە بە ڕەمزی خەباتی ژنان دژ بە چەوسانەوە. ٨ی مارس لە ڕۆژمێردا تەنها ڕۆژێكە، بەڵام لە خۆیدا هەڵگری مانایەكی قووڵە و هەڵگری مێژوویەک خەباتە دژ بە چەوسانەوە.

هەرچەندە لە سەدەی بیستەم بە هۆی پێشكەوتنە جۆراوجۆرەكانی پیشەسازی لە جیهانی هاوچەرخدا، دەرفەت بۆ بەشداریی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵایەتی و سیاسی ڕەخسابوو، بەڵام لە سەردەمە جۆراوجۆرەكاندا تاوەكوو ئێستا ئەم ڕۆژە بەپێی گۆڕانكارییەكان، هەروەها پرس و بابەتە گرنگەكانی نێوخۆی دەوڵەتان و هەلومەرجی نێودەوڵەتی وەكوو جەنگ، جیاكاری، بێبەشبوون، سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری، بۆتە هەوێنی یەكگرتوویی و سەنگەری ناڕەزایەتی دەڕبرینی ژنان لە هەمبەر ئەو ڕووداو و بارودۆخە نالەبارانە.

ژنان بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا لە خەبات بەردەوامن. دەتوانین بڵێین مافی ژنان ئاماژەیەكە بۆ دەستەبەركردنی ئەو ماف و ئازادییانەی كە بە یەكسانی لەگەڵ پیاوان لە كۆمەڵگەدا هەیانە.

ئەگەر باسێک لە بارودۆخی ژنان بکەین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبینین کە کۆماری ئیسلامی چەندە بە دڕندەیی ڕوبەڕوی مافەکانی ژنان دەبێتەوە و سەرکوتیان دەکات و مافەکانیان لە هەموو بوارە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی و یاساییەوە پێشێل دەکات. ژنانی ژێر دەستی کۆماری ئیسلامی خەڵاتە جیهانیەکانی وەکوو خەڵاتی ساخارۆف و نۆبڵ وەردەگرن، بەڵام لەبری ئەوە کۆماری ئیسلامی لە کونجی بەندیخانە قایمیان دەکات. ژن بەگشتی لە ئێراندا خاوەنی هیچ مافێک نییە و هاوشێوەی وڵاتە دواکەوتوەکان بە یاسا مافەکانیان پێشێل دەکرێ، جا ئەگەر ژنی نەتەوەکانی دیکە جارێک ببنە قوربانی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، ئەوا ژنی کورد بەهۆی نەتەوەیی بوونیەوە دووجار دەبێتە قوربانی و دەتوانین بڵێین لە سەرتاپای مافەکانیان بێبەشن. سەرەتاییترین مافی وەک خوێندن بە زمانی دایکی. بەڵام ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرگیز سەری بۆ کۆماری ئیسلامی دانەنەواندوە و تا ئەو جێگایەی پێی کراوە بەرهەڵستی کردوە و زۆر بوێرانە ڕوبەڕووی کۆماری ئیسلامی بۆتەوە. ئەگەر کێشەی ژنی فارس تەنها جل و بەرگێک بێ، ئەوا ژنی کورد بە درێژایی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارێکەوە دەچەوسێنرێتەوە. جگە لەوەی بە یاسا مافەکانی پێشێل دەکرێ، ڕێگری لێ دەکرێ کە بە زمانی دایکی بخوێنێ، لە دەرەوەی چوارچێوەی ماڵ کار بکا، لە هەڵبژاردنی جلوبەرگدا دەبێ پابەند بێ بە یاسا دواکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامی. جگە لەوانەش، لە بوارەکانی سیاسی و بە گشتی بەشداری کردنی لەپرۆسەی سیاسیدا، دەتوانین بڵێین بە تەواوی لە چاو ژنی فارس بێبەشە.

لە ئێرانی ژێر چەپۆکی کۆماری ئیسلامیدا، بەشداری ژنان لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکاندا زۆر کەمە، چونکە ڕێژیم بە یاسای بنەڕەتی ژنی لە هەندێ پۆستی سیاسی و ئیداری بێ بەش کردووە و لە مەجلیسیش دا تا ئێستا لە سەدا شەش تێنەپەڕیوە، وە ئەو ژنانەی دەچنە مەجلیسیش دەبێ ئەو ژنانە بن کە داردەستی خۆیانن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لە خراپترین دۆخی خۆیدایە و بەگشتی هەموو نەتەوەکانی ئێران لێی نارازین. هەڵبژاردنی ١١ی ڕەشەمەی ئەمساڵیش باشترین بەڵگەیە بۆ ئەمە کە بە پێی ڕاگەیاندنەکانی خۆیان تەنها لە سەدا ٤١ی خەڵک دەنگیان داوە ، کەواتە ئەوە پەیامێکی گرنگە بۆ کۆماری ئیسلامی.

ژنان لە شۆڕشی ژینادا زۆر بە ڕوونی بە کۆماری ئیسلامیان گوت “نا” و لەو پێناوەشدا قوربانیانی زۆریان داوەو لەم هەڵبژاردنانەدا دیسان پێیان گوت “نا” بۆ کۆماری ئیسلامی.

ژن لە ئێراندا بە گشتی و بەتایبەتی ژنانی بوێری کورد، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە، پێی دەڵێن “نا”، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەو “نا”یەدا بە توندترین شێوە سزایان دەدات، جا هەر لە کوشتنەوە بگرە تا زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و ….هتد.

بۆیە دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی لەسەرەمەرگ دایە و ژنانیش پێشەنگی پرۆسەی لاوازکردن و لەنێوچوونی ئەم رژیمەن و باشترین فاکتیش بۆ سەلماندنی ئەم راستییە شۆرشی ژن ژیان ئازادی یە.

لە بەرامبەردا و بۆ مانەوەی خۆی ڕێژیم سەرکوتی لە سەرووی هەموو ئەرکەکانی خۆی داناوە و هۆکاری هەموو ئەو توندتیژیانەش کە لە ئێران لە هەمبەر ژنان و خەڵکی ئێران دەکرێ، دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتوویی و سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی کە پابەندی هیچ یەکێک لە ڕێکەوتننامە جیهانیەکان نەبووە کە تایبەتن بە مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و ژن و منداڵ بەتایبەتی.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ساڵانێکە خەبات لە پێناو یەکسانی و دادپەروەری دا دەکات و خەباتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و جێ پەنجەی لە بەرەوپێش چوونی ئەو خەباتە دیارە.

بۆیە لەم ڕۆژەدا پیرۆزبایی لەسەرجەم ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی دەکات و چەپکە گوڵی سوور لەسەر مەزاری پیرۆزی ئەو خانمانە دادەنێ کە گیانی خۆیان لە پێناو ئەو خەباتەدا کردە قوربانی.

سەرکەوێ خەباتی رەوای ژنان بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان

ژن ژیان ئازادی

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران