پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنەوە

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنەوە
ژنانی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران!

خەباتکارانی یەکسانیخواز!

بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژن، بەگەرمی پیرۆزباییتان لێ‌دەکەین و سەرکەوتنی خەباتی ڕەواتان دژی چەوسانەوە، هەڵاواردن و نایەکسانی، بە ئاوات دەخوازین.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گۆڕەپانی وەڕێکەوتنی نوێترین و گەورەترین ڕاپەڕین دژی ستەم و تاوان بەرانبەر ژنان و، لانکەی دروشمی جیهانداگری “ژن، ژیان ئازادی”، مێژوویەکی تایبەتی لە خەبات و بەربەرەکانی دژی ڕێژیمی کۆنەپەرست و دژەژنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. لەم پێوەندییەدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژنانی ئێران، مێژوویەکی هاوشێوەیان هەیە. ئەگەر نەتەوەی بندەست و مافخوازی کورد لە ئێران، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، شایەدی دژایەتیی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ ماف و داخوازەکانی بوو، ژنانی ئێرانیش هەر لە دوای ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧(١٩٧٩)ەوە، ڕووبەڕووی زەوتکرانی ماف و ئازادییەکانیان بوونەوە. لە ماوەی ٤٥ ساڵ تەمەنی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ئەو ڕێژیمە هیچ کات لە سەرکوت و هێشتنەوەی نەتەوەی کورد و ژنان لە بێ مافی و بێبەشیدا غافڵ نەبووە؛ هاوکات نەتەوەی کورد لە ئێران و ژنانی ئەم وڵاتەش بە کۆڵنەدان و خۆڕاگری و شێلگیربوون لەسەر مافەکانیان، هەموو کات چقڵێک بوون لە چاوی دەسەڵاتدارانی وڵات و دامودەزگا جۆراجۆرەکانیاندا.

چڵەپۆپەی یەکگرتوویی هاوخەباتانەی خەڵکی کوردستان و ژنانی ئێران لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن گەشتی ئیرشادی ئەو ڕێژیمە بوو. هەر لە ساتەوەختی گیانلەدەستدان و بە خاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز و خرۆشانی خەڵکی کوردستان دژی ژنکوژی و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، بە بەشداریی چالاکانەی کچان و ژنانی ئازا لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران، ڕاپەڕینێکی گەورە، سەرانسەری وڵاتی داگرت، ڕاپەڕێنێک کە دژایەتیی نێوەرۆکی دژەژنی کۆماری ئیسلامی و داواکردنی یەکسانیی ژن و پیاو، لە سەرووی دروشمەکان و داخوازەکانی بوو؛ ژنان و کچانی وشیار و بوێریش لە ڕیزەکانی هەرە پێشەوەیدا بوون. ژمارەی زۆری ئەو ژنانەی لەسەر شەقامەکان کەوتنەبەردەسڕێژ و شەهید کران، یان دوای برینداربوون و گیران لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندرا، هەروەها دەستبسەرکرانی سەدان کەس لەو ژنانە کە هێندێکیان هەتا ئێستاش ئازاد نەکراون، شایەدی بۆ لێبڕاویی ژنان لە کوردستان و ئێران لەسەر خەبات بۆ مافەکانیان دەدەن. لاپەڕەیەکی پڕشنگداری دیکە لە خەباتی ژنان لە کوردستان و ئێران، خۆڕاگریی ئەو دایکانەیە کە کچان و کوڕانیان لە ڕەوتی ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بەهۆی هێزە تاوانکارەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران، یان لاوە شۆڕشگێڕەکانیان لە بەندیخانەکان بە ئازار و ئەشکەنجە و پەتی سێدارە گیانیان لێ ئەستێندرا.

مێژووی ٤٥ ساڵەی خەباتی ژنانی ئێران لەگەڵ یاساکان و دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تایبەتی بەشداریی پێشەنگانە و بەرینی ئەوان لە ڕاپەڕینی سەرانسەریی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، هەڵگری ئەم پەیامە ڕاشکاوانەیە کە هیچ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە ئێران، بێ داننان و بەڕەسمی ناسینی یەکسانیی ژنان و پیاوان و، بێ هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنە قانوونییەکانی سەرچاوەگرتوو لە دەستووری ئێران، سەرکەوتوو نابێت. ژنان بەردەوام لە دوو بەرەدا شێلگیرانە تێکۆشاون: لەلایەک هەوڵیان داوە سەرەڕای هەموو بەربەست و کۆسپە کۆمەڵایەتی و نەریتییەکان خۆیان پێ بگەیەنن و لە ڕووی فکری و ناسینی پێگە و جێگەی ئینسانیی شیاوی خۆیان لە ژنانی جیهان بەجێ نەمێنن، لەلایەکی دیکە بۆ گۆڕینی هەلومەرجی داسەپاو و هێنانەدیی هەلومەرجێکی دڵخواز خەباتیان کردوە.

دیارە دەسەڵاتبەدەستانی ڕێژیم و میدیا و دامودەزگا جۆراوجۆرەکانیان، زۆریان هەوڵ داوە کە پرسی ژنانی ئێران، بە سەرڕووتکردن و خۆڕووتکردنەوە پێناسە بکەن. ئەم جۆرە هەوڵانە، بەر لە هەموو لایەک خودی ئەو ڕێژیمە و بەتایبەتی، شەخسی خامنەیی، ڕێبەری ئەو دەسەڵاتە جەهەننەمییەیان تووشی ئابڕووچوون و گەورەترین کێشە و گرفت کردوە، چونکە حیجابی زۆرەملییان کردوە بە مەسەلەیەکی “حەیسییەتی”، کردوویانە بە هێمای باڵادەستبوونی ئۆتۆریتەی کۆماری ئیسلامی و کولتوورە کۆنەپەرستانەکەی بەسەر کۆمەڵی ئێراندا. لەخۆڕا نییە ژنانی ئێرانیش ڕاست ئەم هێمایەیان کردوە بە ئامانج و بەئاشکرا ڕەتی دەکەنەوە. ئەوە کە ژنانی ئێران، سەڕەڕای بڕیارە سەیر و سەمەرەکانی دەزگای قەزایی و هەموو هەوڵێکی تۆڵەستێنانەی مەجلیس و دەزگا و دامەزراوە سەرکوتکەرەکان لە بارەی پێشێلکەرانی حیجابی داسەپاو، بەبێ حیجابی زۆرەملی دێنە سەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان، هەر تەنیا بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو جۆرە حیجابە نییە، بەڵکوو دژایەتی و ڕەتکردنەوەی ئایدۆلۆژیا و کۆی ئەو دەسەڵاتە کۆنەپەرستانەیە.

بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی کوردستان بەگشتی، جێگای شانازییە کە شانبەشانی خەبات بۆ کۆتایی‌هێنانی ستەمی نەتەوەیی، پرسی ژنان هەموو کات جێگە و بایەخێکی تایبەتی هەبووە. ئەگەر لە ئێران، خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمەکەی و میراتگرەکانی ٤٥ ساڵی تەواوە هەوڵی دابەزاندنی پایەی ئینسانیی ژنان دەدەن و بە ناوی دین، ماف و ئازادییەکانیان لێ زەوت کردوون، لە کوردستان ٧٨ ساڵ لەمەوبەر پێشەوا قازی محەممەد، سەرکۆماری کوردستان، هاندەری ژنان بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان و هاتنیان بۆ نێو کاروباری سیاسی و پەروەردە و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بوو. دەیان ساڵە ژنان لە کوردستان، لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە خەباتگێڕەکاندا، لە ڕیزی هێزی پێشمەرگە و هەروەها لە خەباتی مەدەنی و جەماوەریدا، بەشدارییەکی چالاکانەیان هەیە. یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٥ی مارسی ١٩٤٦) دامەزراوە و هەتا ئێستا لە تێکۆشان و خەبات بۆ مافەکانی ژنانی کوردستان بەردەوامە، یەک لە دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی کوردستانە.

ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لە کوردستان و ئێران!

٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، بۆنەیەکە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەرکەکانمان لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ژنان لە کوردستان و سەرانسەری ئێران؛ دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ گیانی ئەو ژنە قارەمانانەی بەگژ دێوەزمەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستیی دەسەڵاتداردا چوونەوە تا ڕایبگەیەنن سەردەمی ڕێژیمی پیاوسالار و هەڵاواردنی ڕەگەزی بەسەر چووە. ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەم ڕۆژەدا وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆی لە خەباتی ژنان لە کوردستان و ئێران دژی ستەم و نایەکسانیی ڕەگەزی، بە ئەرکی خۆی و سەرجەم ئۆرگان و ڕێکخراوەکانی حیزب و تێکڕای ئەندامانی ئەم حیزبە دەزانێ وێڕای ڕێخۆشکردن بۆ بەشداری و ڕۆڵی زیاتری ژنان لە تێکۆشان و بەڕێوەبردنی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی حیزبی دیموکراتدا، گرنگی بە پرسی ژنان لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان و وڵاتی ئێراندا بدەن و پشتیوانی داخوازە ڕەواکانیان بن.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

٨ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی

١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی