چی ماوە لە عێراق کورد چاوەڕێی بکات؟ دکتۆر جەبار قادر کەرکوکی

چی ماوە لە عێراق کورد چاوەڕێی بکات؟
دکتۆر جەبار قادر کەرکوکی
هەموو پێشهات و ڕووداوەکانی عێراق لە ماوەی دە پازدە ساڵی ڕابردوودا ئەوەیان دەرخستووە کە دەسەڵاتدارانی عەرەبی شیعە لەو وڵاتە بە کەمتر لە کۆمارێکی ئیسلامیی سەرکوتکەر قایل نابن. ڕەنگبێ هیچ پێویست بەوە نەکات کە بوترێت سیاسەتی ئەمانە بەرامبەر بە کورد دوو سەرەیە. با باسی کوردی شیعە لەولاوە بوەستێت کە قسەی زلی لێ دەرچیت، لەسەر ئەرزی واقیع لە کاتی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسەوە شتێکی ئەوتۆیان بۆ نەکردوون و مافە زەوتکراەکانیان بۆ نەگێراونەتەوە. عەرەبی سوننە لە دیدێکی شۆڤینی عەرەبییەوە هەوڵی پاکتاوکردن و جینۆسایدی کوردیان دەدا. هەرچی عەرەبی شیعەیە، ئەوا لە لایەکەوە وەک عەرووبی و شۆڤینی لە دژی کوردن و لە دیدی مەزهەبیشەوە بە نەیار و کۆسپی گەورەی دادەنێن لە بەردەم پرۆژە مێژووییە خەیاڵییەکەیاندا. سەرچاوە سەرەکییەکانی هزر و گوتاری مەزهەبیی شیعەکان پڕن لە دەقی دژ بە کورد، وەک ئەوانەی (کوردەکان نەوەی جنۆکەن، دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی بەشەڕی کورد دەسپێدەکات، هەروەها نابێت باوەڕمەندانی و پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە تێکەڵاوی کورد ببن و ژن و ژنخوازییان لە گەڵدا بکەن…تاد). ئەمانە تەنها دەقگەلێک نین لە کتێبە زەردهەڵگەراوە کۆنەکاندا، بەڵکو لە کاتی نوێژی جەماعەت و سەدان بۆنەی ئاینیی مەزهەبیدا کە ڕۆژی ساڵ نییە یادی ڕووداوێکی تێدا نەکەنەوە، بەگوێی عەوامی شیعەدا دەدرێن.
ئەوەی شایانی وتنە نووسەران و سیاسەتمەدارانی کورد لە دەسپێکی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا هەستیان بەمە کردووە و کەسێکی وەک تۆفیق وەهبی بە ڕاشاکاوەیی باسی شۆڤینیزم و تایفەگەریی عەرەبی شیعەی کردووە، بەپێچەوانەی ئەمانەی ئەم سی چل ساڵەی ڕابردوو کە سەرزمان و بنزمانیان باسی هاوپەیمانێتی مێژوویی کورد و شیعە بوو ە و گوایە وەک یەک لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە ستەمیان لێ کراوە، کە ئەمەشیان ڕاست نییە چونکە زۆربەی دامەزرێنەران و سەرکردەکانی بەعس عەرەبی شیعە بوون و هەشتا لە سەدی سوپای عێراقیش هەر لەوان بوون. ئەوە ڕاستە هەموو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات بە دەست عەرەبی سوننە و بە تایبەتی تکریتییەوە بوون، ئەوەش راستە کاتێ شیعە لەدژی بەعس رادەپەڕین سەرکوتی دەکردن و بە سەدان خەڵکی لێ دەکوشتن و دەگرتن، ئەمەش خەسڵەتێکی سەرەکی ڕژێمی دیکتاتۆری بوو لە دژی هەر کەس و لایەن و گروپێک کە لە دژی ڕادەوەستان، بەڵام بۆ کورد ڕەهەندە نەتەوەییەکەی لە سەرووی هەموو شتێکی دیکەوە بوو.
دەبێ ئەم ڕاستییانە بۆ هەموو کوردێک دەرکەوتبن و گومانیان لەوەدا نەمابێت کە دەسەڵاتی عەرەبی شیعە لە بەغدا نییەتی زۆر خراپە بەرامبەر کورد و ئەگەر بۆی بلوێت کارەساتی گەورە بەسەر گەلی کوردستاندا دێنێت. بەدیوەکەی دیکەدا ئەوەش بە ڕوونیی دەرکەوتووە کە دەسەڵاتی حیزبیی کوردی نە حیسێبی بۆ سیناریۆیەکی لەم جۆرە کردووە و نە بەکردەوە هیچ هەنگاوێکی ناوە بۆ ڕێگری و بەرپەرچدانەوەی. ئەوە زانراوە لە ئەم بارودۆخەی ئیستای کوردستاندا توانای بەرگری زۆر لاوازە لە دژی پلانی دەسەڵاتی عەرەبی شیعە لە بەغدا بە پشتگیری و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران و بگرە سوریای داوەشاو و هەموو میلیشیا شیعەکانی عێراق و لوبنان و یەمەن…تاد. هەر کەسێکیش باوەڕی بەوە هەبێت کە ڕەنگبێ تورکیا لەسەری بێتە جواب، ئەوا تەواو بەهەڵەدا چووە و بەقەولی ئوستاد زۆر یاغنیشە.
ئەو کوردانەشی پێیان وایە بەشداریی کردنیان لەم پلانەدا، شتێکیان لە ئەنجوومەنە کارتۆنییەکانی (ناوچەی ئۆتۆنۆمی!) پێ دەبەخشێت، ئەوا ئەمانیش بەهەلەدا چوونە چونکە بە وتەی خومەینی و خامینەیی ( لە قورئاندا باسی خودموختاری نەکراوە و ئەمە پرۆژەی ئیسرائیلی دووەم و شەیتانی بوزرگە!!).
یەک ڕێگا لە بەردەم کورددا دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە جارێکی دیکە پەنا ببەنەوە بەر یەکێ لە دەوڵەتە مەزنەکان، ڕەنگبێ لەمەدا فرەنسا زیاتر جێگەی باوەڕ و متمانە بێت. ئەو ڕاستییە جارێکی تر بخرێتە ڕوو کە بارودۆخێکی هاوچەشنی ساڵی ١٩٩١ بۆ کورد لە باشووری کوردستان هاتووەتە کایەوە و گەلی کوردستان لەبەردەم هەڕشەیەکی ڕاستەقینەدایە و پێویستی بەوەیە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بپارێزێت، پێشینەی ئەمەش هەیە کاتێ لە نیسانی ١٩٩١دا بڕیاری ٦٨٨ دەرکرا و ئارامی بۆ کوردستان دابین کرا. لە بەردەم ئەمەدا کێشەیەک لە ئارادایە، ئەویش ئەوەیە ئەو حیزبانە بە سیاسەتی بێ پلان و ململانێی بێ واتایان متمانە و باوەری هەموو ئەو دەوڵەتانەیان لە دەستداوە و ڕەنگبێ زۆر گوێ لە داخوازیی ئەوان نەگرن، بەتایبەتی پێیەکان لە بەغدایە و پێیەکان لە دەرەوەیەتی، لە بەغدا عێراق قووڵایی ستراتیجییانە و لە میدیای چەواشەکاریانیش عێراق دەبێت بە دەعبایەکی سەیر، کە ئەمەیان تا ئاستێک وایە.
بۆیە پێموایە تەنها ڕێگا ئەوەیە لە کوردستان دوور لە دەسەڵات و دەستێوەردانی حیزب هانی خەڵک بدرێت بۆ داهاتووی خۆیان و نەوەکانیان، لە بەردەم کونسوڵخانە و ڕێکخرای نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەند بیانییەکاندا خۆپیشاندانی گەورە ساز بکەن و داوای پاراستنی کوردستانیان لێ بکەن، لە دەرەوەی کوردستانیش لە پایتەختە گرنگەکانی ڕۆژئاوا ڕەوەندی کورد پشتگیری لەو داخوازییە بکات. ئەمەش کاتێ دەکرێت کورد لە بەغدا لە دەسەڵات و ئەو شتە سەیرەی پێی دەڵین پرۆسەی سیاسی کشابێتەوە.
د.جەبار قادر