یادێک لە قارەمانەکانی لکی١ی هێزی ئاوارە (قەندیل). سەید عەلی هاشمی

یادێک لە قارەمانەکانی لکی١ی هێزی ئاوارە (قەندیل).
لە گرتنەوەی جادەی پیرانشار بۆ سەردەشت ئەگەر لێکدانەوەیەکی ورد هەبا و زەرەر و زیانی دوژمن لێکدراباوە، بە هەزاران کوژراو و برینداری دوژمن و کەرەستەی شەڕ لە ژمار نەهاتوو لەبەر دەستدا دەبوو، ناشکرێ نکۆڵی لە زیانەکانی خۆشمان بکەین، لە یەک ڕۆژی بەرگریدا زیاتر لە پەنجا و پێنج شەهید و بریندارمان هەبوو ، بێجگە لە سوتانی بەرهەمی وەرزێڕان و وێرانبوونی خانوبەرەیەکی زۆری ناوچەکە.
ریژیمی ئاخوندی ئێران دوای زیاتر لە ساڵێک هێرش لە دوای هێرش توانی چوار کیلۆمیتر لە جادەی پیرانشار بۆ سەردەشت پێشەڕەوی بکات و قەڵاتی مووتاوێ داگیر بکات. بەدوای ئەوەدا دوژمن بۆ گرتنەوەی چیانە هێزێکی لە بن نەهاتووی بە هەموو کەرەستەیەکی شەڕەوە کۆ کردەوە و لە رێکەوتی ٢٣ ـ ٠٤ ـ ١٣٦١ی هەتاویدا ئەو هێرشە گەورەیەی بۆ سەر ناوچەی پیرانان و گوندی چیانە دەستپێکرد.
هەرسێک دەستەی لکی ١ی هێزی ئاوارە (قەندیل) لەو شەڕەدا بەشدار بوون، دەستەی شەهید مارف خاڵە لە لای گەزگەسک و دێڵزێ، دەستەی شەهید مستەفا حەسەن لە نێو دێی چیانە، دەستەی شەهید سەید فەتاح لە کەندی ڕێویان کە دەکەوێتە نێوان قەڵاتی مووتاوێ و چیانە، لە نووکی هێرشی دوژمن بوون.
ئەوەی من لێرەدا دەمهەوێ باسی بکەم دەگەڵ ڕێز و حوڕمەت بۆ هەموو ئەوانەی لەو بەرگریە کەموێنەدا بەشدار بوون، بەڵام بوێری و خۆ ڕاگری دەستەی شەهید سەید فەتاح لەپێش لەشکرێکی لە بن نەهاتوو، لە سەر جادەی ئەسڵی بوون کە وەک سێڵاو تانگ و تۆپ و ماشێنی ئەڕتەشی دوژمن رووی تێکردبوو. ئەو دەستە پێشمەرگەیە کە بەشێکیان لە مەرەخەسی و بەشێک برینداری کۆن بوون، تەنیا ١٨ پێشمەرگە ئەو ڕۆژە لەوێ بوون، ئەو چەند کەسە توانیان ئەو لەشکرە گەورە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر ڕابگرن، سەرەڕای ئەوەی ئەو قارەمانانە دڵنیا بوون لەهیچ شوێنێکڕا یارمەتیان ناگاتێ و کەس ناتوانێ بە هانایانەوە بچێ، چونکە لە هەموو شوێنەکان وەک یەک ئاور باران بوو، کەسێک کە ئیمانی بەخۆی و ڕێبازەکەی بێ هەرگیز بێ هیوا نابێ، بۆیە وەک شێر سینگیان کردە قەڵغان بۆ بەرگری لە خۆیان و نیشتمان.
ناکری فیدا کاری و جێ پەنجەی چەند پێشمەرگەیەک لە یاد بکرێ، وەک مەحموود لاوازە خەڵکی ئاوایی زەنگیاوێ، شەهیدان سەید باپیری ڕکابدار خەڵکی کولێچ و عوسمان ڕەسوڵپوور خەڵکی سۆفیان کە لەو شەڕەدا بە تفەنگی خۆیان و هی شەهید و بریندارەکان شەڕیان دەکرد و تا ئاخرین فێشەک و نارنجۆک سەر پردی جادەی بەینی قەڵات و چیانەیان چۆل نەکرد، هێز و ورەیەکی تایبەتی بوون بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی دەستەی شەهید سەید فەتاح لە شوێنی شەڕەکەدا، ئیمان بە نیشتمان و بوێری ئەو پێشمەرگانە لە نێو هاوسەنگەرانیان بوونە ورە و هیوا بۆ قارەمانەکانی دیکەی ئەو دەستە پێشمەرگەیە. وەک پڵینگی بریندار چاویان لە گوللە و تۆپی ڕاستەوخۆی ١٠٦ نەترسا و توانیان دەیان کەلاکی پاسدار و تێکشکاندنی کەرەستەی شەڕ بۆ دێوەزمەی ئاخوندەکان بکەنە دیاری. ئەو دەستە پێشمەرگە پۆڵاینەی حیزب دوای چەندین کاتژمێر خۆڕاگری لە بەرانبەر ئەو لەشکرە دڕندەیە، بەداخەوە بەدانی دوو شەهید محەممەد بەڕهونی خەڵکی ئاوایی جەڵدیان و برایم حەیدەری خەڵکی دێی بابخاڵاوێی شنۆ، بە شێوەیەکی موعجیزە و سەرسوڕهێنەر توانیان خۆ بگەیەننەوە هاوسەنگەرانیان لە دەستەی شەهید مارف خاڵە لە ناو گەرمەی شەری پێدەشتەکانی گەزگەسک و دێڵزێ.
لکی ١ی هێزی ئاوارە لەو شەڕەدا بەداخەوە ١٢ شەهیدیان پێشکەش بە خاکی پاکی کوردستان کرد. پێنج پێشمەرگە لە دەستەی شەهید مارف خاڵە بە نێوەکانی، محەممەد محەممەدیان، ئەبوبەکر ڕەسووڵ ئەقدەم ، زورار بامروەت، عومەر داودی ناسراو عومەر سمێڵ و عەوڵا مامەندی بوون، دەگەڵ چەند بریندارێک.
پێنج پێشمەرگە لە دەستەی شەهید مستەفا حەسەن، بە نێوەکانی، محەممەد ئەمین یوسفی ناسراو بە حەمەدەمین سەکر، عەلی بایەزیدی ناسراو بە عەلی شێخ ئاغای، برایم مورادی ناسراو بە برایم سوارە، ئیسماعیل عومەری و خالید حەسەن زادە ناسراو بە خالیدی حەمەدە سوورکەی شەهید بوون دەگەڵ چەند بریندارێک.
دوو پێشمەرگە لەدەستەی شەهید سەید فەتاح، بە نێوەکانی برایم حەیدەری و محەممەد بەڕهوونی شەهید بوون، دەگەڵ چەند بریندارێک.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە لەو بەرگریە بەشدات بوون.
سەید عەلی هاشمی

٢٠٢٤/٢/٢٤