ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە سەبارەت بە ئێعدامی ٤ پێشمەرگەی کۆمەڵە

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە سەبارەت بە ئێعدامی ٤ پێشمەرگەی کۆمەڵە

کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،

‎بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان،

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە رایدەگەیەنین چوار رۆڵەی خۆتان، چوار لاوی ئازادیخواز، چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە و نیشتمان، هاوڕێیانمان پژمان فاتێحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار دوای ئەشکەنجە و ئازاری لە ڕادەبەدەر سەرەنجام لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی رێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی لە زیندانی قزڵحەسار ئێعدام کران.

‎کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی ئەو گیانبەختکردووانە، سەرجەم ریزەکانی کۆمەڵە و هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکات.

‎سەری ڕێز دادەنوێنین لە بەرانبەر خۆڕاگری و ورەی بەرزیان، ئەو هاوڕێیانە نیشانیان دا رێبوارانی راستەقینەی رێگای پیرۆزی هەزاران گیانبەختکروودی کۆمەڵە و گەلەکەیانن. کۆمەڵە و کوردستان سەریان بەرزە بە بوونی ڕۆڵەی ئاوا تێکۆشەر و قارەمان.

‎ هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لە ئاست ئەم جەنایەتەوە هەڵبڕن و نیشانی بدەن کە خاوەندارێتی لە رۆڵەکانی خۆیان دەکەن و رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان بە مانگرتنی گشتیی و داخستنی دوکان و بازار و نەچوونەوە سەر کار لە سەراسەری کوردستان ڕێز لە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی خۆیان بگرن.

بە مانگرتنێکی جەماوەری بە کۆماری سێدارە و هەموو جیهانی نیشان بدەین کە پشتمان بە پشتی یەکەوەیە وهاواری ئازادیخوازی و مافخوازیمان دەبێ ببیسترێ.

هاونیشتمانیانی ئازیز،

لە بیری نەکەین کە نوێترین شەهیدانی کوردستان، هەژیر، وەفا، پژمان و موحسێن تێکۆشەری ئەو خاک و نیشتیمانە بوون، ژیان و هەموو تەمەنی لاویەتی خۆیان بۆ خزمەت بە کوردستان و کورد تەرخان کرد و سەرئەنجام گیانی ئازیزیشیان لەو ڕێگا پیرۆزە دا بەخت کرد.

ئەوان زانیبوویان کە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە ،بەڵام سەرەڕای ئەوە دوایین قسەیان خۆڕاگری و سەردانەنەواندن بوو

مەرگ‌و نەمان بۆ دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی

سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد

‎کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

۹ی رێبەندانی ۱٤۰۲ی هەتاوی