ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات: هێرش بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکەین

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات: هێرش بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکەین
شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٥ لەسەر ١٦ی ژانوییەی ٢٠٢٤ی زایینی، چەند شوێنێکی سڤیل و مەدەنیی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرانە ئامانج و مووشەکباران کران. لە ئاکامی ئەم دەستدرێژییەی سپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شوێنی نییشتەجێبوون نوێنەرایەتیی و دیپلۆماتکارانی بیانی و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بە تایبەت ماڵی یەکێک لە کەسایەتییە سەرمایەدارەکانی باشووری کوردستان، بەداخەوە پێشڕەو دزەیی و چەند کەس لە بنەماڵەکەی شەهید و بەدەیان کەسی مەدەنیی دیکە بریندار بوون و زیانێکی زۆری مادیی بە هاووڵاتییانی نزیک لەو شوێنانە کەوتووە.
سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە دوایین ڕاگەیاندراوی‌دا وێڕای وەئەستۆگرتنی ئەم هێرشە تێرۆریستییە، تۆڵەکردنەوە لە بکەرانی تەقینەوەکانی کرمان و کوژرانی چەند مۆرەیەکی خۆی لە سووریە دەکاتە پاساوی ئەم هێرشە تێرۆریستییە کە گوایا شوێنی بەئامانجکراو، شوێنی کۆبوونەوەی دەزگا سیخوڕییەکانی دژ بە ئێران بووە، کە ناوەندە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ئیدیعایەی سپا ڕەت دەکەنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خۆی قوربانیی دەستی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ساڵێک پێش لە ئێستا و لەگەرمی شۆڕشی ژینادا بنکە و بارەگاکانی لە لایەن سپای پاسدرانی ڕێژیمەوە کرایە ئامانج، ئەم هێرشە تێرۆریستییەی سپای پاسداران بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان مەحکووم دەکات و هاوکات وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی ئەم کردەوە تێرۆریستییە، ئارەزوو دەکات بریندارەکان هەرچی زووتر چاک ببنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی
٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی
١٦ی ژانوییەی ٢٠٢٤ی زایینی