کۆچی دوایی دایە پەریزاد قوربانی دایکی شەهید حوسێن شەمامی

کۆچی دوایی دایە پەریزاد قوربانی دایکی شەهید حوسێن شەمامی

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٣ی زائینی دایە پەریزاد قوربانی دایکی شەهیدی فەرماندە کاک حوسێن شەمامی بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.

دایە پەریزاد قوربانی کچی عەبدوڵعەزیز خەڵکی شاری سەردەشت بوو، دایە پەریزاد لە ئامێزی خۆی دا چوار کچ و پێنج کوڕی پەروەردە کردن و وەک مرۆڤێکی ئازا و خاتوونێکی بەرێز منداڵەکانی فێری وانەی خۆراگری و گەلدۆستی کردن.

دایە پەریزاد خاتوونێکی بەڕێز و حورمەت، دایکێکی مێهرەبان و دڵسۆز و ژنێکی ڕووسوور و خۆشەویست بوو. بە هۆی ئەوە ماڵمان لە گەڕەکێک بوو هەمیشە وەک دایکێکی مێهرەبان چاوی بە سەر سەرمانەوە هەبوو و هیچ کات فەرق و جیاوازی لە نێوان ئێمە منداڵانی گەڕەک و منداڵەکانی خۆی نەکرد و هەمیشە بە ڕێنوێنی و نەسیحەتەکانی گشت لایەکمانی دڵخۆش دەکرد.

دایە پەریزاد وەک ژنێکی بە ورە و ئیرادە و بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی هەم لە بنەماڵەدا و هەمیش لە گەڕەک دا پێشەنگایەتی زۆرێک لە کارەکانی دەکرد و لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی خۆی و منداڵەکانی دیکەی بنەماڵەدا دریعی نەکرد.

لە سەرەتای درووست بوونی هێزی پێشمەرگە دوو لە کوڕەکانی بە ناوەکانی کاک حوسێن و کاک مستەفا راستەوخۆ بوون بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات. لە درێژەی کاری پێشمەرگایەتی دا کاک حوسێن شەمامی بوو بە یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی حیزب و لە زۆربەی شەڕ و بەرگری‌یەکان دا کاک حوسێن وەک پارتیزانێکی لێهاتوو وەک فەرماندەیەکی بوێر و شارەزا چۆکی بە هێزی زۆر و بۆری دوژمن دا دەدا و بە لێزانی خۆی دوژمنی زەبوون کرد بوو، زۆر بەداخەوە کاک حوسێن شەمامی لە ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٦٣ی هەتاوی لەگەڵ شەهید فەقێ عەوڵا و شەش پێشمەرگەی دیکە دا لە ناوچەی خاڵەباد شەهید بوون، شەهید بوونی دوو فەرماندەی بەناوبانگی حیزب لە هێزی شەهید مینەشەم خەسارێکی گەورە و قەرەبوو نەکراو بوو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

شەهیدبوونی کاک حوسێن و جێ بۆشایی کاک حوسێن لە ژیانی دایە پەریزاد کە کوڕی گەورەی بوو هیچ کات پڕ نەبووە. دایە پەریزاد وەک دایکی شەهید چاوی بە سەر هەموو دایکانی شەهیدی سەردەشتەوە هەبوو و زۆرجار بە لاواندنەوەی خۆی شین‌گێری بۆ شەهیدان دەکرد.

دایە پەریزاد ژنێکی بوێر و بە هەڵوێست بوو، هیچ کات لە بەرامبەر جاش و خۆفرۆشان دا سەری نەوی نەکرد، بەڵکوو زۆر سەربەرزانە شانازی بە شەهیدبوونی کاک حوسێنەوە دەکرد. چەند ساڵ دواتر کوڕێکی دیکەشی بە ناوی مەحموود شەمامی دەبێتە پێشمەرگە و ئەوەندەی لە توانای دابوو وەک پێشمەرگە خزمەتی کرد و دواتر کاک مەحموود شەمامی لە وڵاتی ئیسپانیا کۆچی دوایی کرد و تەرمی کاک مەحموود لە شاری قەڵادزێ بە خاک سپێردرا.

کوڕەکانی دایە پەریزاد ( حوسێن، مستەفا، مەحموود و فەرەیدوون) هەموویان بە هۆی ئەندام بوون لە حیزبی دێموکراتدا بەناچار قاچاخ بوون و ڕێگای شۆڕش و شۆڕشگێریان هەڵبژارد. چوار کوڕی دایە پەریزاد لە ریزەکانی حیزبدا هەر یەکەیان بە شێوەیەک لە شۆڕش و پێشمەرگایەتی دا بەشدار بوون و تەنیا کوڕێکی بە ناوی کاک حەسەن و چوار کچەکانی لە لای مابوون و هەر بۆیە دایە پەریزاد هەموو گوند و خڕ و دۆڵەکانی کوردستان و سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات گەڕا بۆ ئەوەی چاوی بە کوڕەکانی بکەوێ، بەداخەوە دایە پەریزاد هەمیشە چاوی لە دەرگای ماڵەوەیان بوو بۆ ئەوەی کوڕەکانی بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە لای، مخابن دایە پەریزاد بە ئارەزووەکانی کە سەرکەوتنی شۆڕش و گەڕانەوەی کوڕەکانی بوو، نەگەیشت و ئەویش دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان و لە گشت لایەکمان کرد.

دایە پەریزاد خۆشەویستی گەڕەک و شار بوو، ژنێکی هێدی و هێمن و لەسەرەخۆ بوو، ژیانی تەرخانی تەبایی و یەکڕەنگی گەڕەک و کۆمەڵگا کردبوو، ژنێکی ڕووخۆش و میواندۆست، دایکێکی نیشتمانپەروەر و کورددۆست بوو. وەک خۆم ساڵانە چەند جارێک لە ڕێگەی تەلەفوونەوە قسەم لەگەڵ دەکرد و زۆرجار دەیگووت ئیشاڵڵا لەگەڵ مستەفا و فەریدوون لێرە لە حەساری ماڵێ سفرەتان بۆ ڕادەخەمەوە و تێر بۆنتان پێوە دەکەم، ئەوەندەی کە پێشمەرگە بووم هەمیشە لە ڕێگەی دایکمەوە ئاگام لە گەورەیی و لێپرسینی دایە پەریزادەوە هەبوو، بە ناردنی وەڵامە پڕ لە سۆزەکانی دڵگەرمی دەکردم کە لە سەر ڕێبازی شەهیدان هەروا سوور بم، چەند جارێک لە کارێزە و ڕانیە و قەڵادزێ لە نزیکەوە لە خزمەتی دابووم و دەستەگەرمەکانی ئێستاش هەروا بە گەرمی لە نێو دەستم دان و نەسیحەت و ڕێنوێنییەکانی ئاوێزەی ژیان و گوێچکەم بوون و هەمیشە لە دڵم دا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی دا غەمبارم بە کۆچی دایە پەریزاد و زۆر خەفەتبارم کە نەمتوانی جارێکی دیکە دەستە گەرمەکانی ماچ بکەمەوە.

بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە پەریزاد لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە کوڕ و کچ و نەوەکانی و ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات و بە تایبەتی بنەماڵەکانی شەمامی و قوربانی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی دایە پەریزاد دەزانم و هیوادارم کە ئازیزانی تەمەن درێژ و ساخ و سەلامەت بن یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ و بەهەشتی بەرین جێگەی دایە پەریزاد بێ.

ڕووح و رەوانی شاد

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٩ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٣ی زائینی