لێکدانەوەی پسپۆڕانی ئەنستیتۆی ناونەتەوەیی بۆ لێکۆلێنەوەی ستراتێژیک لەسەر شەڕی حەماس-ئیسڕائیل و کاریگەرییە ناونەتەوەییەکانی

لێکدانەوەی پسپۆڕانی ئەنستیتۆی ناونەتەوەیی بۆ لێکۆلێنەوەی ستراتێژیک لەسەر شەڕی حەماس-ئیسڕائیل و کاریگەرییە ناونەتەوەییەکانی
کەماڵ حەسەن‌پوور
بەشی هەرە زۆری ٢٠٢٣، قەیرانێکی سیاسیی جەمسەرکار ئیسڕائیلی ئیفلیج کردووە و خودی شوناسی وڵاتی خستۆتە مەترسییەوە. پاشان، لە حەوتی ئۆکتۆبر، تەقریبەن ۵٠ ساڵ دوای ئەو هێرشەی شەڕی یوم کیپۆری لێ کەوتەوە، حەماس هێرشێکی ڕووهەڵماڵاوانەی کردە سەر باشووری ئیسڕائیل. دەسەڵاتدارانی سیاسیی ئیسڕائیل، ڕێبەریی سەربازیی و ئاژانسە هەواڵگرییەکان ئەوجارەش تووشی سورپرایز بوون. لێرە، تاقمێک پسپۆڕی ئەنستیتۆی ناونەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتێژیک، هێرشەکەی سەر ئیسڕائیل و کاردانەوە ناونەتەوەییەکان بە سەرنجدان بە لێدوانی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل کە گوتی “شەڕێکی درێژمەودا و دژوار دێتە ئاراوە”، هەڵدەسەنگێنن.
ئیسڕائیل تووشی سورپرایز بوو
جان چیپمەن
سەرۆک وەزیران ناتانیاهو زۆربەی کاتی ئەوساڵی بۆ چاکسازییە جێگای مشتومڕەکەی دادوەریی و پێڕاگەیشتن بە مۆرە توندڕەوەکانی هاوپەیمانییەکەی تەرخان کرد. بۆ گەلێک ئیسڕائیلی، سەرۆک وەزیران سروشتی دێموکڕاسی ئیسڕائیلی بە هۆی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی دەسەڵاتی دادوەریی لە مەترسی هاویشتبوو. ئەو هەروەها بە پاشەکشەی بەرچاو بۆ ڕاستڕەوە ئایینییەکان ببووە هۆی نیگەرانیی زۆر کەس کە وڵات تووشی دیکتاتۆڕیی ئایینی بکات.
شین بێت، ئاژانسی هەواڵگریی ئیسڕائیل، ئاماژەی بە جەمسەربەندییەکەی دانیشتووانی ئیسڕائیل وەک سەرقاڵیی ناوخۆیی کردبوو. داوا ناوخۆییەکانی کۆمەڵگای توندڕەوی جوولەکە زەرەری بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی هەبوو و، تووڕەیی زۆرینەی سێکولار لە زێدە مافییەکانی پیشکەشکراو بە کەمینەی پەرە ئەستێنی جوولەکەی ئۆرتۆدۆکس، ڕیزپەڕ بوونیان لە خزمەتی سەربازیی و بە کردەوە لە کار کردن، یەکگرتوویی کۆمەڵگا، کە دەوڵەتی ئیسڕائیل هەمیشە پشتی پێ بەستووە، لە مەترسی هاویشتبوو.
ژمارەیەکی زۆر لە بەڕیوەبەرانی سەربازیی نیگەران بوون کە ئەو ڕووداوانە ئامادەیی سەربازیی ئیسڕائیلیان لاواز کردووە. لە نێوان مانگەکانی مارس تا جولای، یەدەگی هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل خۆیان لە ڕاهێنانەکانیان بوارد، ڕاهێنەرانی فڕۆکەوانیی هێلی کۆپتەر نەچوونە سەر کارەکانیان و ئەندامانی یەدەگی هێزە تایبەتییەکان خۆیان بۆ خزمەتگوزاریی خۆبەخشانە ڕانەگەیاند. هەموو ئەوانە وەک ناڕەزایەتی لە ئاراستەی سیاسەتی وڵات بوو. زۆر کەس نیگەرانی کەمایەسی ئامادەیی هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل، پەرەپێدانی تواناکانیان و لەوەش گرینگتر، ‘تایبەتمەندیی چاوترسێنکەرانەیان’ بوون.
هاوکات، سەرۆک وەزیران، بەرین کردنی ڕێککەوتنی ئیبراهیم بە شێوە و ئامرازی جیاوازی خستە سەرەوەی لیستەی ئەرکەکانی سیاسەتی دەرەوە. خەڵاتی کۆتایی، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ عەڕەبستانی سعودی دەستنیشان کرا. دامودەزگای ئاسایشی نەتەوەیی، لە ناویاندا ڕێبەریی موساد، بۆ گەیشتن بەو ئاکامە سەرقاڵ کرا، کە لە سێپتەمبەر ئەگەری سەرکەوتنی وەک ٪۵٠ مەزەندە دەکرا. توانجەکە لێرەدایە کە دەستنیشان کردنی ‘لایەنی فەلەستینی’ ڕێککەوتنە مەزنەکە لەگەڵ عەڕەبستان، بەشێکی گرینگی خولیا مزنەکە بۆ ‘بەرفراوان کردنی ئاڵقەی ئاشتی’ بوو. لەگەڵ دەست پێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئاسایی کردنەوە، ئەو بەشە پەراوێز دەخرێ.
بۆ ماوەی چەند مانگ، ئەو دوو ئالنگارییەی مامەڵە کردن لەگەڵ ناڕەزایەتی سیاسی و ئایینی و هەوڵی هاوکات بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنێکی بەرفراوان لەگەڵ عەڕەبستانی سعودی، دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەییان سەرقاڵ کرد.
ئێستا ئاشکرا نییە ئاخۆ نیشانەکانی هۆشداریی هێرشەکە نەبینران یان هۆشدرایی درا بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی لێ نەکەوتەوە.. ئەو پرسیارانە تەنیا لە لێکۆڵینەوەی پاش جەنگ لەسەر هەلومەرجی هەواڵگریی دەتوانێ بە دروستی وڵامیان بدرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، مرۆڤ ناتوانێ خۆ لەو دەرئەنجامە ببوێرێ کە چاوانێکی زۆر، کە خەریکی ڕوانینی ناوخۆ و دوور دەست بوون، بە گوێرەی پێویست نەیانتوانی جەخت بکەنە سەر ئەو هێرشەی کرایە سەر سنووری باشوور.
لایەنە فەلەستینییەکان
لەیس ئەلجەلونی
هێرشی حەماس بۆتە هۆی یەکگرتوویی کاتی لە نێوان لایەنە فەلەستینییەکان، بە تایبەت لەگەڵ لایەنی ڕکابەر واتە ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین لە کەناری ڕۆژاوا. کاردانەوەی سەرەتایی ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین، ڕەوایی دان بە هێرشەکان بوو و ئەوانی وەک ‘بەرپەرچدانەوە’ی پێشێلکارییەکانی ئیسڕائیل دژی شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلام و کریستیان لە ئورشەلیم’ وەسف کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، وێدەچێ ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین نیگەرانی سەرکەوتنی سەربازیی سەرەتایی حەماس و هەڵکشانی خۆشەویستییەکەی لەناو فەلەستینییان بێ. ڕاپرسییەک کە لە سێپتەمبەر بەڕێوە چوو نیشانی دا ٪۵٣ لە فەلەستینییەکان پشتگیریی لە بەرگریی چەکدارانە دژی ئیسڕائیل دەکەن. ڕێبەری بەڕێوەبەرایەتی فەلەستین، مەحمود عەبباس، دەنگی نزمی هێنایەوە و لە ئەگەری هەڵبژاردنی سەرکۆماریی، زۆربەی فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژاوا و غەززە گوتیان دەنگ بە ڕێبەری حەماس، ئیسماعیل هانیە، دەدەن. حەماس هەوڵ دەدا لە هێرشەکەی، کە نەبەزیی ئیسڕائیلی تووشی ئالنگاری کردووە، بۆ نیشاندانی بەکەڵک بوونی بەرگریی سەربازیی لە بەراورد لەگەڵ شکستی ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین بۆ پێشوەچوون بەرەو دەوڵەتێکی فەلەستینی لە ڕێگای وتووێژ، کەڵک وەرگرێ.
مەترسییەکی دیکە ئەوەیە کە ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین کۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنییەتی کەناری ڕۆژاوا لەکیس بدا. بەرپەرچدانەوەیەکی سەخت لە لایەن ئیسڕائیل لە غەززە، دەتوانێ خەڵکی مەدەنی فەلەستینی لەوێ بورووژێنێ و تەنانەت ببێتە هۆی ئینتیفادا. سەرکەوتنی سەربازیی حەماس هەروەها ڕەنگبێ ببێتە هۆی هاندانی میلیشیاکانی دیکەی فەلەستین لە کەناری ڕۆژاوا، لە ناویاندا ئارین ئەلئوسود، جیهادی ئیسلامی و تیپی جەنین تا هێرشی سەربازیی بکەنە سەر ئیسڕائیل.
ئاسایی کردنەوەی سعودی-ئیسڕائیلی
حەسەن ئەلحەسەن
شازادەی جێنشینی سعودی، محەممەد بین سەلمان لە وتووێژێک لەگەڵ فاکس نیوز لە سێپتەمبەر لە لێدوانێکی خۆشبینانە لەمەڕ خێرایی وتووێژی ئاسایی بوونەوەی سعودی-ئیسڕائیلی گوتی: “ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، نزیکتر دەبێتەوە’. بەڵام دەستپێکی شەڕی ئیسڕائیل-حەماس وێدەچێ ڕێککەوتنی سعودی-ئیسڕائیلی لە سەر مێز نەهێشتبێ، لانیکەم لە ئێستادا. لە کاتێکدا کە عەڕەبستانی سعودی داوای هێور کردنەوەی دۆخەکە دەکا، دەنگی خۆی خستۆتە پاڵ دەنگی کووەیت، عوممان وقەتەر و تاوانەکە داوێتە ئەستۆی توندوتیژیی دەسەڵاتی داگیرکارانەی ئیسڕائیل. سەرەڕای سوودە ستراتێژیکییەکەی عەڕەبستان لە پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ ئەمریکا وئیسڕائیل، تێچووی ناوخۆیی و ناوچەیی هەوڵدان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لە کاتی قەیرانی هەنووکەییدا، گەلێک بەرچاو دەبێ.
بە پێچەوانەی هەڵوێستی عەڕەبستانی سعودی، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئیسڕائیل قووڵتر کردۆتەوە و دەڵێ ‘زەندەقی’ لە بە ئامانج گیرانی خەڵکی مەدەنی لە ئیسڕائیل چووە. ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی هەڵوێستێکی توندی دژی ئیخوان ئەلموسلمین و تاقمە لایەنگرەکانی وەک حەماس گرتووە کە پێی وایە هەڕەشە لە ئەمنییەتی دەکەن.
دەوڵەتانی عەڕەبی کەنداو وێدەچی نیگەرانی ئەوە بن کە قووڵتر بوونەوەی قەیرانەکە ببێتە هۆی تەشەنە کردنی کێشەکە بۆ ناوچەی ئەوان. داگیر کردنی غەززە لە لایەن ئیسڕائیل، دەتوانێ ببێتە هۆی تێوەگلانی حیزبوڵڵا کە ئەویش دەستێوەردانی ئەمریکای بەدواوە دەبێ. وەکوو تۆڵە، ئێران و تاقمە هاوپەیمانەکانی ڕەنگبێ بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو بکەنە ئامانج، ئاستی شەڕەکە بگەیەننە شەڕێکی ناوچەیی.
سەرکەوتنی سەرەتایی چاوەڕواننەکراوی حەماس دژی هێزی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئیسڕائیل، نیشانەی توانایی ئێران لە دەست وەشاندن بە هۆی هاوپەیمانە نادەوڵەتییەکانی لە ناوچەدا، لە ئاستێکی بەرزترە.
ئەگەر ئێران سوود لە سەرهەڵدانی شەڕێکی درێژخایەن و دژوار لە نێوان ئیسڕائیل-حەماس وەرگرێ، دەوڵەتە ڕکابەرە عەڕەبەکانی کەنداو لە درێژخایەندا ناچار دەبن بیر لەوە بکەنەوە چۆن تواناییەکانی ئێران لە کەڵک وەرگرتن لە بەکرێگیراوە چەکدارەکانی بۆ جێبەجێ کردنی کاروباری ناوچەیی، سنووردار بکەن.
ئاسەوارە ناوچەییەکان
ئێمیل هۆکایەم
شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماس کاردانەوەی ماڵوێرانکەری بۆ ناوچەکە دەبێ. ئەو گورزە مرۆیی، ئۆپەراسیۆنی وستراتێژیکەی حەماس لە ئیسڕائیلی دا و وتۆڵەی چاوەڕوانکراوی ئیسڕائیل، ڕەنگبێ لە تیكهەڵچوونەکانی ١٩٨٢ بەولاوە کە بووە هۆی داگیر کردنی لوبنان لە لایەن ئیسڕائیل، مەزنتر بێ.
قەیرانەکە دەتوانێ ببێتە هۆی لێک هەڵوەشانی پرۆسەی هێور کردنەوەی نێوان زلهێزانی ناوچە لەو ساڵانەی دواییدا و پێشترییەتی دان بە هاوپەیوەندیی ئابووری و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری. ڕێککەوتنی ئیبراهیم، بەرهەمی بۆچوونێکی ئەوتۆ بوو و، وتووێژەکانی نێوان ئیسڕائیل-عەڕەبستانی سعودی ئاکامی ئەقڵانیی ئەو بۆچوونە بوو.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئاخۆ ئێران تێکەڵی کێشەکە دەبێ و ئەگەر ئەو کارە بکات، ئاخۆ ئەوە بە ویستی خۆی دەبێ یان پەلکێش دەکرێ. هۆیەکی باش هەیە کە پێمان وابێ ئێران نایهەوێ ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی ئیسڕائیل بێتەوە و بەو جۆرە مانۆڕ بدا.
بەڵام پرسیاری پیكهاتەیی درێژخایەنتر هەن. سەرهەڵدانی حەماس وەک ڕێکخراوی سەرەکی و بێ ڕکابەری فەلەستینی کاریگەریی بەردەوامی دەبێ، وەکوو لە دۆخی حیزبوڵڵا لە ٢٠٠٦ بینرا. ئەو پێگە و دەستڕۆیشتوویی نوێی لەناو ڕێژەیەکی زۆر عەڕەب وەدەست هێناوە. چۆنیەتی کەڵک وەرگرتنی حەماس لەو سامانە لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی دەسەڵاتی زەبەلاحی سەربازیی ئیسڕائیل لەوانەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی چەند دەوڵەت.
قاهیرە و ئەممان، کە سیاسەتیان کۆنتڕۆڵ کردنی تاقمە ئیسلامییەکانی پشتیوانی سەپاندنی دەسەڵاتی فەلەستین بووە، لە ترس و دڵە ڕاوکێ دان. بۆ میسر، داگیر کردنەوەی غەززە بە مانای کێشەیەکی چالاک لە سنوورەکەیەتی. ناسەقامگیری، توندئاژۆیی و دزە کردنی مرۆڤان لە شێوە دوورگەی سینا گیر و گرفتی سەرەکی ئاسایشی ناوخۆیی دەیەی ڕابردوو دەتوانێ سەر هەڵداتەوە. شا عەبدوڵڵای ئوردون لە وتووێژێکدا گوتوویەتی ‘من پێتانم گوت’. ئوردونییەکان لە جەختی بەردەوامی ڕۆژاوایی و دەوڵەتانی کەنداو لە سەر ئاسایی کردنەوە لەگەڵ ئیسڕائیل لە سەر حیسابی سەقامگرییەکی بەردەوامی کەناری ڕۆژاوا و غەززە تووڕە بوون. بە لەبەر چاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە زۆرینەی دانیشتووانی ئوردن بە ڕەچەڵەک فەلەستینی یان پەنابەری فەلەستینین، شەڕێک لە دراوسێیەتیان دەتوانێ کۆمەڵگای ئوردن ناسەقامگیر بکات. قاهیرە و ئەممان بەرژەوەندییان لە هاوکاریی یەکتر لە کارا کردنی پەیوەندییە ناونەتەوەییەکانیان و دامودەزگا هەواڵگرییەکانیان دایە.
بە پێچەوانە، قەیرانەکە تورکیە و قەتەری زەق کردۆتەوە. هەردوو وڵات پەیوەندی باشیان لەگەڵ حەماس هەیە، میوانداریی ڕێبەران و مێدیاکانیانن و پشتگیریی ئابوورییان دەکەن. ئەوان دەتوانن پێشنیاری نێوبژیوانیی بکەن، بەڵام مەترسی ئاشکرا بوونی بێکەڵکبوونیان هەیە. ئەوان بەوە تاوانبار دەکرێن کە بە نهێنی حەماس پەروەردە دەکەن.
جێگای ئاماژەیە کە قەیرانەکە بۆتە هۆی پەراوێز خستنی عەڕەبستانی سعودی و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی. ئەوەی دواتر پێشەنگی ئاسایی کردنەوەی عەڕەب لەگەڵ ئیسڕائیل بوو، بەڵام لە بیروڕای گشتیی عەڕەبی وئیسلامیدا، ئەو وڵاتە تواناییەکی زۆر کەمی بۆ هێور کردنەوەی سیاسەتی ئیسڕائیل هەیە. لەگەڵ بەروپێش چوونی شەڕێکی خوێناوی، عەڕەبستانی سعودی نیگەرانی کاردانەوەی چاوبڕکێنەکەی لەگەڵ ئیسڕائیلە. پساندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل وێناچی ڕوو بدا و هەردوو ڕیاز و ئەبو زەبی، حەماس وەک هەڕەشەیەکی ئایدیۆلۆژیکی و ئەمنییەتی سەیر دەکەن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران
جان راین
ڕەنگبێ هەردوو کۆماری ئیسلامیی ئێران و حەماس هیوادار بن ئەو شەڕە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی پشتیوانیی بەربەرین بۆ پرسی فەلەستین و ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئیسڕائیل. ئەگەرچی هێندێک خۆپیشاندانی جەماوەریی زۆرتر لە وڵاتانی خاوەن دەوڵەتی لاواز یان ئەو شوێنانەی نفوزی ئێران زۆرە ڕوویان داوە، بەڵام هێشتا بۆ کشانەوەی وڵاتانی ناوچە لە ئیسڕائیل یان بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵی مەودایەکی زۆر ماوە. ڕەنگبێ زۆر هۆ بۆ ئەو کارە هەبن: ماندوویی، سەرلێشێواوی یان بێ متمانەیی بە پرسی ئیسلامی، کە حەماس بە هەمان ڕادە لە غەززە نوێنەرایەتی دەکات؛ بێمەیلی یان مەترسییەک کە ئەو کارە بۆ دەسکەوتە ڕێژەییەکەی هێور کردنەوەی ئەو دواییانەی ناوچەیی هەبووە و، لە ڕوانگەی ڕێبەرانەوە خۆ لادان لە سیاسەتێک کە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی سەپاندبێتی. پووشوویەکە ڕەنگبێ هێندە ویشک نەبووبێ کە حەماس یان ئێران هیوایان بۆ دەخواست.
لە کاتێکدا کە ئێران و حیزبوڵڵا لەگەڵ حەماس ‘بەرەیەکی یەکگرتووی’ خەیاڵییان پێکهێناوە، ‌هێشتا نەیتوانیوە بیسەلمێنی لە تاقمەکانی دیکەی دوژمنی ئیسڕائیل لە ڕابردوودا، کاریگەرتر و یەکگرتووترە. هەردوو ئێران و حیزبوڵڵا بە ئاشکراترین شێوە چەپڵەیان بۆ حەماس لێداوە، بەڵام ئاخۆ ئەوان ئامادەن سامانەکان و داهاتوویان بە شەڕ لە پەنا حەماس بخەنە مەترسییەوە، هێشتا ماویەتی ئەوە بسەلمێنن. تاران و حیزبوڵڵا لەو ساڵانەی دواییدا وریا بوون خۆیان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ و پڕ تێچوو لە ترسی ئاسەوارەکانی بۆ سەر پێگەی ناوخۆییان ببوێرن. ئیسڕائیل توانایی خۆی لە ڕێگای بە ئامانج گرتنی تواناییەکانی ئێران لە دەرەوەی ناوچە و هەروەها بە ئۆپەراسیۆنی هەنگێو لە ناوخۆی ئێراندا پشتڕاست کردۆتەوە. بڕیارێکی دژوار بۆ ئێران و هەروەها حیزبوڵڵا ئەوە دەبێ کە ئاخۆ چۆن وەڵامی داواکارییەکانی حەماسێکی گەمارۆدرا و بچووک بۆوە بە هۆی هەنگاوی سەربازیی ئیسڕائیل، بۆ دەستێوەردانی سەربازیی بدەنەوە. بێتوو ئەوان بڕیاری یارمەتیدان بدەن، دەبنە داگیرسێنەری شەڕێک لەگەڵ ئیسڕائیل. بێتوو خۆ لەو کارە ببوێرن، مەترسی بنکۆڵ کرانی متمانە بە ‘بەرەی یەکگرتوو’ دروست دەبێ. هەموو پشتیوانییەک بێجگە لە یارمەتی ڕاستەخۆ لە شەڕدا، ڕەنگبێ بژاردەی دڵخوازیان بێ.
لوبنان و حیزبوڵڵا
ریم مومتاز و ئێمیل هۆکایەم
لەو کاتیەوە هەواڵی هێرشی حەماس بڵاو بۆوە، ئەو پرسیارە هاتۆتە ئاراوە ئاخۆ تاقمی میلیشیایی لوبنانی، حیزبوڵڵا، بەرەیەکی دیکە لە باکووری ئیسڕائیل دەکاتەوە؟
هەردوو تاقمەکە پێشینەیەکی کۆنی پەیوەندیی دوو لایەنەیان هەیە و میلیشیاکانی حەماس لە لوبنان خاوەن بنکەن. حیزبوڵڵا زۆرتر پەیوەندیی لەگەڵ ئێران هەیە بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا، حەماس بۆ پتەو کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران، پشتی بە ئەو تاقمە لوبنانییە بەستووە.
هەرسێک لایەن بەردەوام گوتوویانە یەکێک لە ئامانجە هاوبەشەکەیان ‘بەرەیەکی یەکگرتوو’ دژی ئیسڕائیلە و بە گوێرەی زانیارییەکان ئەوان لە بەیروت ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان هەیە. لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، ڕێبەرانی حیزبوڵڵا و حەماس (و هەروەها جیهادی ئیسلامی) بە ئاشکرا دیداریان هەبووە و ویستی خۆیان بۆ هاوئاهەنگیی زۆرتر ڕاگەیاندووە. ئاخۆ کاربەدەستی سوپای قودس لەو کۆبوونەوانەدا ئامادە بووە ناڕوونە، بەڵام ئیسماعیل قاآنی، فەرماندەی سوپای قودس، بەردەوام سەردانی بەیروتی کردووە.
تا ئێستا، حیزبوڵڵا ڕایگەیاندووە کە بە بەردەوامی لەگەڵ ڕێبەرانی حەماس لە پەیوەندی دابووە تا کاردانەوەکانیان هاوئاهەنگ بکەن، بەڵام خۆی لە هاوپشتییەکی تەواو بواردووە. ڕۆژی یەک شەممە، ئەو گرووپە پێکدادانێکی سنوورداری بە ئاڵووێری ئاگری خومپارە لە مەزراکانی شەبعا هەبووە. ناوچەی ژێر هێرش لە ڕۆژی دووشەممە بەربڵاوتر بۆوە بەڵام سەرەڕای ئیددیعای حیزبوڵڵا کە چەکدارانی بە تۆپبارانی ئیسڕائیل کوژراون، کێشەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدا مایەوە. ڕەنگبێ شەڕکەرە فەلەستینییەکان بە پشتگیریی حیزبوڵڵا بە شێوەیەک کە بتوانی حاشای لێ بکات، ئۆپەراسیۆن بۆ ئەو دیوی سنوور بەڕێوە بەرن. گرینگ ئەوەیە کە حیزبوڵڵا دەتوانێ بە ناچالاک بوون یارمەتی حەماس بدا، چونکە دەبێتە هۆی بەسترانەوەی هێزێکی بەرچاوی ئیسڕائیلی و تواناییەکانی بە مەبەستی پارێزگاریی لە سنووری باکوور چەقبەستوو بمێننەوە.
گەلۆ ئیسڕائیل بڕیار دەدا بە تەواوی دەستێوەردان بکات بە فاکتەری ئاشکرا و نەزانراوەوە گرێ دراوە، لە ناویاندا ئاستی تۆڵە ئەستێنیی ئیسڕائیل لە حەماس و ئاخۆ ئیسڕائیل دەتوانێ بە شێوەیەکی بەربڵاو و تاهەتایی ڕێبەریی حەماس لەناو بەرێ. دۆخی نالەباری ئابووری لە لوبنان کاریگەریی لەسەر پێگەی جەماوەریی حیزبوڵڵا و کەسایەتییەکانی هاوتەریبی ئەو هەبووە.
لایەنی بڕیاردەر ئێرانە، کە حیزبوڵڵای وەک ئامرازی یەکلاکەرەوە بۆ سزادان و چاوترسێن کردن حاملاندووە و زۆر زیرەکانە کەڵکی لێ وەردەگرێ.
یەکیەتی ئورووپا
ریم مومتاز
کاردانەوەی یەکیەتی ئورووپا زۆرتر سیمبۆلیک بووە، لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی نیوەچڵ بۆ شارۆمەندانی ئورووپایی لە ئیسڕائیل و ئارامیی جەماوەریی لەو وڵاتانەی ئورووپا کە خاوەن ڕێژەیەکی زۆر کۆچبەرن.
ڕێبەرانی فەڕانسە و لەهستان هێرشەکەی حەماس دژی ئیسڕائیلیان ئیدانە کردووە و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئیسڕائیل دەربڕیوە. ئەوان هەروەها لە ڕووداوە بەرچاوەکاندا هاوپشتیی خۆیان بە ئاشکرا بۆ ئیسڕائیل دەربڕیوە.
بەڵام، یەکیەتی ئورووپا ستراتێژییەکی یەکگرتووی بۆ کێشەی ئیسڕائیل-فەلەستین نەبووە و، دەوڵەتانی ئەندام ناکۆکییەکی قووڵیان لەسەر کێشەکە هەیە. لە ٨ی ئۆکتۆبر، وەزیری گەشە کردنی ئاڵمان ڕایگەیاند کە بەرلین پێداچوونەوە بە یارمەتییە داراییەکانی بە فەلەستین دەکات. ڕۆژی دواتر، کۆمیسیۆنەری مەجارستانیی یەکیەتی ئورووپا بۆ سیاسەتی درواسێیان، ئۆلیڤەر ڤارهەلی، یەکلایەنە، بە بێ ڕاوێژ لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندام، ڕایگەیاند کە بروکسەل بودجەی سەرجەم بەرنامەکانی گەشەپێدان دەبڕێ. دوای ناڕەزایەتی فەرمی لە لایەن وەزیرانی وڵاتانی وەک ئیرلەند، لوکزەمبورگ و ئیسپانیا، و هەروەها پارلەمانی ئورووپا، لە لێدوانێکی کورتی کۆمیسیۆنی ئورووپادا، ئەو ىڕیارە هەڵوەشێنرایەوە.
سەرکۆمار و وەزیری کاروباری دەرەوەی فەڕانسە دیپلۆماسیی تەلەفۆنیی خۆیان تا ئێستا ئاشکرا کردووە و لەواندا لەگەڵ لایەنە بەرانبەرەکانیان لە ئیسڕائیل، بەڕیوەبەرایەتی فەلەستین، ئوردن، لوبنان، میسر، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی، عەڕەبستانی سعودی وقەتەر باسی دۆخەکەیان کردووە. بەڵام چاوەڕوانییەکان بۆ وەدەستهێنانی دەسکەوتی کۆنکرێت کەمن. لەو ساڵانەی دواییدا، لە کاتی سەرهەڵدانەوەی کێشەی ئیسڕائیلی-فەلەستینی دیپلۆماسیی یەکیەتی ئورووپا لە هی ئەمریکا، میسر، قەتەر و تورکیە کەم دەسکەوتتر بووە.
بێجگە لە تێبینییە ژیئۆپۆلیتیکی و دیپلۆماتیکەکان، وڵاتانی ئورووپایی دەیانهەوێ پێش بەوە بگرن کە گرژییەکان ببنە هۆی قەیرانی پەنابەران کە داوێنی سنوورەکانی یەکیەتی ئورووپا بگرێتەوە. بەشێک لە ئەندامانی زۆرینەی کۆچبەری مسوڵمان لەو وڵاتانە بە ئاشکرا ئەو هێرشەیان جەژن گرتووە. وڵاتانی وەک فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە کۆتایی حەوتوودا حوزووری پۆلیسیان لە نزیک بنکەکانی کۆمەلگای جوولەکە، قوتابخانە و کەنیسەکانیان زیاتر کرد.
ڕووسیە
نایجڵ گۆڵد-دەیڤیس
قەیرانی ئەو دواییانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاردانەوەی لەسەر دیپڵۆماسیی جەنگی ڕووسیە-ئوکراین دەبێ. تا ئێستا، سەرەڕای داگیرکاریی ڕووسیە بۆ ‘سڕینەوەی نازییەکان’ و لابردنی سەرکۆماری جوولەکەی ئوکراین، ئیسڕائیل پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ڕووسیە پاراستووە. ئیسڕائیل سەرەڕای داوای هاوبەشەکانی، تەنیا یارمەتییەکی کەمی ناکوشندەی پێشکەشی ئوکراین کردووە. هۆی سەرەکی بۆ ئەو خۆپارێزییە، نیگەرانیی ئەمنییەتی ناوچەیی ئیسڕائیل بووە: ئەو لە سووریە پشت بە پشتیوانیی ڕووسیە دەبەستێ تا هێزەکانی سەر بە ئێران سنووردار بکات.
لە هەمان کاتدا، جەنگی ڕووسیە لە ئوکراین بۆتە هۆی پەیوەندیی نزیکتری سەربازیی لەگەڵ ئێران. لە دوای داگیر کردنی ئوکراین لە لایەن ڕووسیەوە، کاربەدەستانی حەماس لانی کەم سێ جار سەردانی مۆسکۆیان کردووە. پرسیارەکە هەمیشە ئەوە بووە ئاخۆ ئەو پەیوەندییانە چەندە چڕ ببنەوە بێ ئەوەی ببێتە هۆی پێداچوونەی ئیسڕائیل بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ مۆسکۆ.
هێرشی حەماس، کە بە گوێرەی ڕاپۆرت بە پلانی ئێران بووە، ئاشکرای دەکات کە ئیسڕائیل، سەرەڕای دان بەخۆدا گرتندا، بەرەوڕووی هەڕەشەیەکی کوشندە لە لایەن هاپەیمانانی ڕووسیە بۆتەوە. ئەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پرسیاری نوێ لەبارەی سیاسەتی ئیسڕائیل بەرانبەر بە ڕووسیە، کە هێرشەکەی ئیدانە نەکردووە و سنووردانانەکانی خۆی بۆ پشتگیریی لە ئوکراین، کە لەبەر چاوی گرتووە. مۆسکۆ هەروەها دەبێ لەوە بترسێ کە سەختگیریی لەگەڵ ئێران دەتوانێ ببێتە هۆی لاواز بوونی یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
دانا ه. ئالین
نیو سەدە مەودا لە نێوان هێرشی پەشۆکێنەری کۆتایی حەوتوو لە لایەن شەڕکەرانی حەماس دژی ئیسڕائیل و هێرشە لەناکاوەکەی هێزەکانی میسر و سووریە لە یۆم کیپور لە ١٩٧٣ هەیە. ئەوە دەتوانێ بە هەڵکەوت بێ، بەڵام زۆرتر وێدەچێ حەماس بە هیوای دەنگدانەوە مێژوویەکە بووبێ.
پەیوەندییە چارەنووسسازەکانی ئیسڕائیل و ئەمریکاش ئەوکاتی و ئێستا ئەگەر هەڵخەڵەتێنەریش بن، چەواشەکارانەن. لە ١٩٧٣، هێزە سەربازییەکانی عەڕەبان هەڕەشەی مان و نەمانیان لە ئیسڕائیل دەکرد و پشتگیریی بەربڵاوی سەربازیی لە لایەن هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا یارمەتیدەری تێکشکاندنی شەپۆلەکە بوو. هەروەها جەنگی خوێناوی ١٩٧٣، پێشەکیی دەسکەوتی بەرچاوی سیاسیش بوو. لە مانگەکانی دواتردا، هێنری کیسینجەر دەستی بە هاتووچۆی دیپلۆماتیک کرد کە بووە هۆی ئاگربڕی هێزە سەربازییەکانی هەردوو لا؛ لە ١٩٧٧، سەرکۆماری میسر ئەنوەر سادات سەفەری بۆ ئورشەلیم کرد تا لە کنێسێت (پارلەمانی ئیسڕائیل) وتار پێشکەش بکات؛ لە ١٩٧٨، سەرکۆمار جیمی کارتەر میوانداری سادات و سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل مەناخیم بگین بۆ دانوستانی مێژوویی لە کەمپ دەیڤید بوو؛ ساڵی دواتر، ئیسڕائیل و میسر ڕێککەوتننامەی ئاشتییان واژۆ کرد. لە هەمان کاتدا، میسر بە ئاشکرا لە سۆڤیەت دوور کەوتەوە و هاتە ناو خولگەی ستراتێژیکی ئەمریکا.
ئەو مێژوویە ئێستا ڕوونکەرەوەی سروشتی تاریکی سنوورداریی بژاردەکانی ئەمریکان. پاش دیمەنە ترسێنەرەکانی قەڵاچۆ کردنی خەڵکی مەدەنی ئیسڕائیل لە لایەن چەکدارانی حەماس، لێدوانەکانی ئەمریکا و پشتیوانیی ئەمریکا، مەرجێکی زۆر کەمی، بۆ ئیسڕائیل دەبێ. واشینگتۆن پشتیوانیی شەڕێک دژی حەماس دەکات کە وێدەچێ ئەوی بۆ هەمیشە لەناو بەرێ.
چەند فاکتەر ناڕوونن: ئاخۆ ئەوە بە تێچوویەکی قابیلی قبووڵ جێبەجێ دەکرێ، ئاسەوارەکانی شەڕێکی خاکیی و داگیر کردنەوەی دووبارەی غەززە لە لایەن هێزەکانی ئیسڕائیلی و ئەگەری کاردانەوەکانی دیمەنە ترسێنەرەکانی ئازار و کوژراوانی فەلەستینی. هەموو ئەوانە، لە شوێنێک دەتوانن زەخت بخەنە سەر پەیوەندیی سیاسی ئەمریکا-ئیسڕائیل، بێ ئەوەی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر هاوکارییە ئەمنییەتییەکەیان هەبێ.
پەرتەوازیی تاڵی سیاسیی لە ئیسڕائیل بۆ ماوەیەک نامێنێ؛ دەوڵەتێکی یەکیەتی-نەتەوەیی لە ئورشەلیم بۆ بەڕێوەربەرایەتی بایدنیش دڵخوازترە.
هیچ ساداتێک لە گۆڕەپانەکەدا بوونی نییە، بەڵام بە هەموو خۆشبینییەکەوە، بیر کردنەوە لە ڕێگا چارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانەکە مومکین نییە. بیرۆکەی مامەڵەیەکی مەزنی ئەمریکا-ئیسڕائیل-عەڕەبستانی سعودی دەبێ بۆ داهاتوویەکی دیاریکراو وەدوا خرێ. لە سێناریۆیەکی کەمتر خراپ دا، دیپڵۆماسی دەبێتە هۆی چاوترسێن کردن. بە نیگای شڵەژاوی دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ئیسڕائیل بەرەو هاژەکەکانی حیزبوڵڵا و مەترسی کرانەوەی بەرەیەکی دیکە لە باکوور، وڵاتە یەکگرتووەکانی پاپۆڕی فڕۆکە هەڵگری ناردوونە خۆرهەڵاتی دەریای مەدیتەرانە. ئەوە ئیسڕائیلی بەشۆکاو دڵنیا دەکات و سیگناڵێکیش بۆ ئێران دەنێرێ کە بێتوو هێرشێکی تەواو لە خۆرهەڵاتەوە بکرێ، واشینگتۆن لە دوورەوە سەیرکەر نابێ.