٧ی ئۆکتۆبر بەڵگەی مرۆڤ و جیهانی دۆڕاو!؟ برایم فەڕشی

٧ی ئۆکتۆبر بەڵگەی مرۆڤ و جیهانی دۆڕاو!؟ برایم فەڕشی

شاڵاوی تورکیا و کۆماری ئازەربایجان بۆ ناوچەی لاچین، شوێنی کۆماری سووری کوردستان و کوشتن و ڕاونانی هەزاران ئەرمەنی، بۆمبارانی شاروگوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن حکومەتی تورکیا، پەلاماری ئێران بۆ باشووری کوردستان و شاڵاوی تیرۆریستی حەماس، حزبوڵا بۆ ئیسرائیل لە مانگی سپتامبر و ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، پەیام و هەڵویستی سیاسی لەخۆ دەگرن و نابێ بە هەڵکەوت ڕوویان دابێ.
مێژووی چەند سەت ساڵەی تورک، چەند هەزار ساڵەی پارس، هەزار وچوارسەت ساڵەی ئیسلام دەریدەخەن، شەڕ تێگەیشتن و کەرەسەی سەرەکی بۆ داگیرکردن و قڕکردنی ئەرمەنی و کورد و جوو(مووسایی) بووە، سێ نەتەوە کە زۆرترین نزیکایەتی ژنەتیکی، فەرهەنگییان بەیەکەوە هەیە و هەزاران ساڵ بەر لەوەی پارس و تورک و عەڕەب بێنە مێزۆپۆتامیا، هاوژیان و هاوژین بوون و هەر سێ پەنای یەکتر بوون.
تورکی عوسمانلی و ئەردۆغانی، خەونی سەردەمی ئیمپڕاتوری عوسمانلی دەبینن و لە ماوەی بیست ساڵی ڕابووردوو لە وڵاتانی باڵکان و ئورووپا لە ڕێگای تورکانی ئەو وڵاتانە و دامودەزگای حکومەتی و ناحکومەتی بە ناوی تورک و ئیسلام و لە وڵاتانی ئافریقا بە ناوی ئیسلام، پەرە بە سیاسەتی عوسمانلی خۆیان دەدەن کە کۆمەڵێک کوردی باشوور، خۆیان لەو بازنەیەدا دیتۆتەوە.
ئێرانی ئیسلامی و شاهی کە نزیک سەت ساڵ گرێدراوی فاشیسمی ئورووپا بە تایبەت ئاڵمان بوون و لە ڕێگای هەر دوو ڕژیمی شاهی و ئیسلامی تێگەیشتنی ئێرانی بوون و ئاریایی بوونی خۆیان داسەپاندووە و مێژوویەکی ساختەیان لە خۆیان و نەتەوەکانی تر نەخشاندووە و بنەمای زانستی و مێژوویان بۆ داتاشیوە، کە بەداخەوە لەم ساختەکارییەدا مووساییەکانیش دەوریان هەبووە، هەمان سیاسەتی هاوچەشنی تورکەکان لە ژێر ناوی ئیسلامی شیعی بۆ مەبەستی پان ئیسلامی و پان ئێرانی ڕەچاو دەکەن،کە لێرەش کوردی گرێدراو خۆیان لەم بازنەیەدا دەیتۆتەوە! ئەم دوو وڵاتە لە ژێر ناوی ئیسلام، تورکبوون و فارسبوون، خەونی ڕابوردوو لە سیاسەتی ئەمڕۆیاندا دەبینەوە.
ڕژیمی ئیسلامی ئێران ٤٤ ساڵە دروشمی نەمانی ئیسرائیل جاڕ دەدا و تا ئێستا دەیان ملیارد دۆلاری خەرجی حەماس، حزبوڵا، فەلستین، لوبنان، سوریە، عێراق کردووە و هاوکات لە ڕێگای هەمەجۆر بەهەرمی زانستی، نیزامی، پزشکی ئیسرائیلی بەکار هێناوە، هەر وەک چۆن دروشمی نەشەرقی و نە غەربی و مەرگ بۆ ئەمریکا، ڕێگر نەبووە لە مامەڵاتی ژێر بەژێر و ئاشکرا لە گەڵ ڕووسیا و ئامریکا، ئامریکا ئەو شوێنەی کە سەرانی ڕژیم پارە دزڕاوەکان لە بانکەکانی ئەوێ کۆدەکەنەوە!
هەموو ئەوانە بەو مانایە نییە کە ڕژیمی ئیسلامی دژایەتی لە گەڵ ڕۆژئاوا و ئامریکا نییە، هەروەک چۆن تورکیا لە هەمان کات کە ئەندامی ناتۆ و کاندیدی هاتن بۆ ناو یەکیەتی ئورووپایە، دژایەتی هەمە چەشنی خۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی لە بەرانبەر ئامریکا و ئورووپا و هاودەستی لە گەڵ ڕووسیا و چین و بەشداری لە ئاژاوەکان لێرە و لەوێ ناشارێتەوە. ئورووپا، ئامریکا و ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە سیاسەت لە گەڵ وڵاتان دەکەن. لەم بازنەیەدا ئێران درۆن(تەیارەی بێ فڕۆکەوان) بۆ شەڕی ئۆکراین بە ڕووسیا دەدات و تورکیای هاوپەیمانی ئامریکا لە ناتۆ، ڕێگای بازرگانی ڕووسیا لە دەریاوە لە کاتی شەڕی ئۆکراین ئاواڵە دەهێڵێتەوە. ئەوەش بەو مانایە دێت کە بەرژەوەندی، لایەنی سیاسی، سیاسەت، هەڵوێست، تاکتیک و ستراتێژی دیاریی دەکات. لەم ناوەدا ئایین و دین و ئیدئۆلۆژی بەردەوام بۆ بەرژەوەندی زەمینی بەکارهێندراون، کە لە هەر سەردەمێکدا جیاواز بووە.
سەردەمێک عەڕەبستانی سعوودی بۆ لایەنی ئامریکایی بەشدار لە پڕۆژەی ترۆریستی یازدەی سپتامبر ٢٠٠١ بوو، سەردەمێکی ترگەورەترین لایەنی مامەڵاتی بازرگانی و نیزامی ئامریکا. سەردەمێک دوو وڵاتی ئێران و عەڕەبستان هەتا نزیکبوونەوە لە شەڕی نیزامی چوون و سەردەمێکی تر خۆیان لە یەک نزیک دیتەوە. تورکیای سەردەمی ئاتاتورک و ئێرانی ڕەزاشا هەرکیان خۆیان لە تەنیشت فاشیسمی ئاڵمان دژ بە ڕووسیا و بریتانیا دیتەوە، ئاڵمانی بە ناو ئاریایی، تورکی مەغولی سوننی مەزهەب و پارسی ئاریایی شیعە مەزهەب. ئێستاش سیاسەتی وڵاتان لە سەر هەمان بینچینەی بەرژەوەندی گرێدراو لە تەک خاک و سەرزەمین و نەتەوە و چینی باڵادەست و خاوەن دەسەڵات، دەسووڕێتەوە. سەردەمێک ئەلقاعیدە، تاڵیبان، داعش لە ژێر باڵی وڵاتانی لائیک ساز دەکران و ڕادەهێندران، سەردەمێکی تر هەر ئەوان دەبوونە بەرهەڵەستکاری ئەربابانیان، ئەمە حەماس و حزبوڵا و حەشدی شەعیبی و ئەوانی تریش دەگرێتەوە. هەروەک چۆن سەردەمێک زنجیرەیەک لە چەپ و سوپر چەپی ئورووپا ئاڵاهەڵگریی یەکسانی بوون و هەر ئەوان و ڕابەڕانیان لە سەردەمێکی تر خۆیان لە ڕابەڕی هێزەکانی نئۆنازیدا دیتەوە، لەوانە چەندێک لە ڕابەرانی “ئێر ئا ئێفی” ئاڵمانی، یان هاوپەیمانەکانیان لە تورکیا، ئێران و وڵاتانی تر کە خۆیان لە تەنیشت دیکتاتۆری وڵاتەکەیاندا دیتەوە.
دەیان ساڵ وڵاتانی عەڕەب خۆیان بە دوژمنی ژمارە یەکی ئیسرائیل دەزانی و ئێستا هێندێکیان بەرژەوەندیان لە نزیکبوونەوە لە گەڵ ئەم وڵاتەدا دەبینن. ئەمە ناکۆکی بەرەی دژ بە ئیسرائیلی قووڵتر کردۆتەوە و ڕازی بەم نزیکبوونەوەیە نین، وەک بەرەی حەماس، حزبوڵا، ئێران، سوریا و وڵاتانی تری ئیسلامی. ئەم لایەنانە ناتوانن بەرەی ڕاستەقینەی شەڕ لە تەک ئیسرائیل پێک بهێنن و گەر بەرەیەک لەوانە دژی ئیسرائیل بکرێتەوە، ڕووبەڕووی شەڕێکی گەلێک مەزنتر دەبن، کە هیچکام بەرگەی شەڕ لە گەڵ ئیسرائیل و بەرەی پشتیوانی ناگرن و ئەم شەڕە دەتوانێ، قەوارەی سیاسی هەرکام لەو وڵاتانە بە تەواوی تووشی گۆڕان بکات، کە ئەوە دەتوانێ ویستی سیاسی و ستراتێژی ڕۆژئاوا ببێ، گەر ئاکامی ئەم شەڕە دابینکردنی وزە و ئێنڕرژی هەرزان، ئارامی سیاسی، بازاڕ و بەردەوامی بازاڕ بێ.
ئیسرائیل و بوونی ئەم وڵاتە گرێدراوی ڕۆژئاوا بە گشتی و ئووروپا و ئامریکایە، هەر وەک چۆن لەم چەند ڕۆژەدا هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا هاتنە سەر خەت و ئامریکا بە پەلە تەیارە و چەکی تایبەت و پاپۆڕی شەڕی خۆی ڕەوانەی ئەم دەورە کردووە. ئاڵمان و یەکیەتی ئوورووپا هەر وەک چۆن لە پشت ئوکراین ڕیز کراون، بەهەمان شێوە لە پشت ئیسرائیل ڕیز دەکرێن، کە کەوتۆتە گرنگترین شوێن، کە ناوەندی وزە و ئێنرژی و بازاڕ بۆ زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوایە. ئەم پرسیارەش بە جیددی لە ئارادایە کە ئیسلامی سەدەی بیست و یەک، ئیتر ئیسلامی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست هەتا کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی نییە، کە ئاڵمان و ئیتالیا و دواتر ئینگلستان بۆ مەبەستی خۆیان بەکاریان هێنا، ئاڵمان لە سەردەمی شەڕی یەکەم ئیسلام و بەگشتی تورکیا و ئێرانی بە دژی ڕووس و بریتانیا بەکار هێنا، ئیتالیا بۆ ڕاکێشانی موسڵمانان لە سەردەمی موسولینی زۆرترین نزیکایەتی لە تەک دنیای عەڕەب و موسڵمان ساز کرد بۆ بەکارهێنانیان دژی بەرەی بەرانبەریان. بریتانیا و ڕێکخراوی ئەمنی ئاڵمان زیاتر لە سەت ساڵە لایەنەکانی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا بەکار دەهێنن، کارێک کە ئێستا ئەردۆغان و ئێران لە باڵکان و ئورووپا و ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەولی بۆ دەدەن و حەولیان بۆ داوە.
بەڵام ئیسلامی ئەم سەردەمە هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا و هەم وڵاتانی ڕۆژئاوا بوونەتە مەترسی هەمە لایەن، کە مەکۆی هەموویان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بەرەیەکی نوێ پێکدەهێنن، هەرچەند ناکۆکی ناوخۆیی و جوغرافیایی و نەتەوەیی و کێبەرکێی نێوانیان بوونی هەیە، بەڵام گرێدراو لە گەڵ مەسەلەکانی جیهانی، دەوری سەدەی ڕابووردو بۆ ڕۆژئاوا ناگێرن.
ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا توانای بەربەرەکانی لە گەڵ چین و هیند و ڕووسیای لە زۆر بواردا لە دەست داوە و لە دەست دەدات و ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە تورکیا و ئێران و عێراق قەوارەی حکومەتیان هەیە، لەم کێبەرکێیەدا دەتوانێ بۆ ئامریکا و ڕۆژئاوا مەترسیدار بێت و پێگەی ئامریکا و ڕۆژئاوا لە بواری ئابووریی، بازرگانی، نیزامی و دابینکردنی وزەی هەرزان، سست و ناکارا بکات، پرسیار ئەوەیە کە تاکەی مودارا لە گەڵ ئەم وڵاتانە دەکرێ، کە دەتوانن دەوری وێرانکەر وەک ٧ی ئوکتۆبر تەنانەت لە ناو وڵاتانی ئورووپا بگێڕن؟!
گەلێک لە شارەزایانی ئورووپی و لەوانە ئاڵمان، شاڵاوی حەماس بۆ ناو خاکی ئیسرائیل و کوشتنی خەڵک بە یازدەی سپتامبری ٢٠٠١ دەچوێنن، کە هێرش بۆ ئەفغانستان و پاشان شەڕ لە گەڵ عێراقی لێکەوتەوە. گەر ئەو دەم ئەلقاعیدە و تالیبان و هێزەکانی ئیسلامی و وڵاتانی ئیسلامی بە پاڵپشتی کارەساتی یازدەی سپتامبر زانرا، ئێستا ئێران بە دەرهێنەری سەرەکی سناریۆ و پڕۆژەی بە هۆلۆکاستکردنی خەڵکی ئیسرائیل دەزانن.
باڵوێزی ئیسرائیل لە ئاڵمان Ron Prosor لە گفتوگۆ لە گەڵ زۆربەی مێدیای ئاڵمان بە ئاشکرا باس لە دەوری سەرەکی و بەشداری ئێران دەکات، Michael Wolffsohn مێژوونووس و شارەزا و ڕاوێشکاری ئاڵمانی، باس لە ئامادەکاری ئامریکا بۆ شەڕ لە گەڵ ئێران دەکات و دەگوترێ کە ئێران دەرهێنەری سەرەکی ئەم شەڕەیە.
حەماس و حزبوڵا و هەروەها نوێنەری حماس لە تاران بە ئاشکرا باس لە دەور و ڕۆڵی ئێران دەکەن و ئەوەش دەرکەوتووە کە ئێران توانیویە کامێراکانی سەر سنووری ئیسرائیل و غەزە لە بەرەبەیانی ڕۆژی حەوتی مانگ لە کار بخات. بەرپرسانی پلە یەکی ئایینی، سیاسی، نیزامی، پاڕلەمانی ئێران و مێدیای ئێران خۆشحاڵی خۆیان لەم ڕۆژانەدا لە هێرشی حماس بۆ شار و گوندەکانی ئیسرائیل نەشاردۆتەوە.
چارەنووسی خەڵکی فەلستین پاش نزیک هەشتا ساڵ شەڕ لە دەستی خۆیاندا نەماوەتەوە و پرۆسەی ئاشتی کە نزیک سی ساڵ بەر لە ئێستا دەستی پێکرد، بەم شەڕەی ئێستا وەک پرسیار دەمێنێتەوە و ڕێکخراوەکانی جیهانی، ناوچەیی و ناونەتەوەیی بۆ دابینکردنی ئاشتی و ماف گەڕانەوە و دیاریکردنی چارەنووس بۆ هەر دووک لا دۆڕاو بوون، چ خوازراو و چ نەخوازراو! ئەوەش کە گرووپێک گەمە بە چارەنووسی نەتەوەیەکی پێنج ملیۆنی و دە ملیۆنی بکات، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتن و سیستەمی سەقەتی گرووپی و حزبی و حکومەتییە، نەک لە فەلستین و ئیسرائیل، بەڵکوو لە هەموو جیهانی ئەمڕۆ، کە ٢٥٠ ساڵە بۆتە نۆڕمی سیاسی، حزبی و حکومەتی! سیستەمێک کە تاک و کۆمەڵگا دەوری کارساز و جیددی تێدا ناگێڕن!
ئەم پرسیارە لە بەر دەم نەتەوەی کوردیشدا هەیە کە دەیان قات مەسەلەیەکی گرنگتر، گەورەتر و ئاڵۆزتر لە فەلەستینی هەیە. خەڵکی فەلەستین کە لە ناوخۆیاندا ناکۆک و خاوەن دەنگ و ڕەنگ و پێگەی خۆیان نین، بە پێنج ملیۆن کەسەوە، تووشی ئەم چارەنووسە هاتوون، کوردی چەند پارچەی سەرووی پەنجا ملیۆن و ناکۆک چ داهاتوویەک بۆ خۆیان دەبینن، گەر وەک خاوەنی یەک خاک و یەک نەتەوە و خاوەنی یەک ستراتێژی خۆیان لە جیهانی پڕ لە ئاڵۆزی ناسەقامگیری لە حاڵی گۆڕاندا، نەبیننەوە؟!
مرۆڤ لە چەند هەزار ساڵی ڕابوورد بە ئاشتی، ئازادی، سەرکەوتن و بەختەوەری سەقامگیر و بەردەوام نەگەیشتووە، شەڕەکانی سەرجەم مرۆڤ براوە و سەرکەوتوو نەبوون، هەر دەم و هەمیشە هەر دوو لایەنی شەڕ دۆڕاو بوون ودۆڕاو ماونەتەوە. مرۆڤ بە درێژایی سەدە و هەزارە خۆی لە شەڕدا دیتۆتەوە و بەردەوام ئەم تێگەیشتنە دۆڕاو و نامرۆڤانەیەی، بە کوشتن و وێرانی تاقی کردۆتەوە. شەڕی ئەمجارەی فەلستین و ئیسرائیل و قەتڵ و عامی یەکتر براوەی نییە. شەڕی ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا لە گەڵ کورد، ئەوان دۆڕاوی دەهێڵێتەوە، شەڕی ئێران لە تەک کورد ڕەنگە بووبێتە هۆی ئەوەی ئەوان داگیرکارانە بۆ ماوەیەک زاڵ بن، بەڵام براوە نابن.
مرۆڤی ئەم سەردەمە نیازی بە تێگەیشتنی نوێ و جیهانێکی نوێ هەیە، جیهانێک کە هەر کەس و گرووپ و نەتەوەیەک خۆی لە ئازادی و سەربەستیدا ببینێتەوە. لە ڕێگای شەڕ و وێرانی گۆی زەوی داهاتووی نابێ. مرۆڤی ئەم سەردەمە پێویستی بە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و پڕۆژەی نوێ هەیە، پڕۆژەیەک کە سەرجەم مرۆڤی سەر گۆی زەوی تێیدا بەشدار بێ، مرۆڤی ئەم سەردەمە و سەرجەم دام و دەزگاکانی دەبێ تێگەیشتن و مکانیسمی نوێ بۆ پێکەوە ژیان ببینەوە.

شەڕی حەماس و حزبوڵا و ئێران، ئیسرائیڵ ناتوێنێتەوە، هەروەک چۆن شەڕی ئیسرائیل دژی فەلستین ئەوانی نەتواندەوە. ساڵی ١٩٥٠ ژمارەی فەلستینیەکان نزیک یەک ملیۆن بوو، ئەمڕۆ سەرووی پێنج ملیۆنە، ئەو کات ژمارەی ئیسرائیلی نزیک دوو ملیۆن بوو، ئێستا سەروی دە ملیۆنن. کوردیش بە دەستی تورک و عەڕەب و فارس ناتووێنەوە، ئێستا ژمارەیان سەر لە شەست ملیۆن دەدات و هیچکام لە شەڕەکان و ئەنفال و هەڵەبجە و ژنۆسایدی سەردەمی ئاتاتورک و ڕەزا شا و سەدام ئەوانی زیندووتر ڕاگرت و درانگ یا زوو دەبێ سەروەری خۆیان و ئازادیان وەدەست بخەن. ئەوە چارەنووسی فەلستینی پزمامی مووسایی و میللەتانی تریشە. دەکرێ ئەرمەنی لە لاچین ڕاوبندرێ، بەڵام ئەوان چۆن لە ژنۆساید بە دەستی تورکانی عوسمانلی نەتوانەوە، پاش ڕاونانیش ناتوێنەوە، هەر وەک چۆن هۆزەکانی ڕەسەنی خاوەن خاکی ئامریکا و کانەدا و ئوسترالیا سەرەڕای کۆمەڵکوژییان، نەتوانەوە. ئەم ڕاستییە دەبێ لە مێشکی مرۆڤی ئەم سەردەمە و سەردەمانی دادێ بچەسپێ، کە شەڕ و وێرانی و تێگەیشتنی داگیرکەرانە، ڕێگا چارەی کێشەکان نەبووە و نابێ!
برایم فەڕشی
١٠/١٠/٢٠٢٣