یەکەمین دیدارم لەگەڵ شەهید دوکتۆر سەعید و دواتریش. مستەفا مەولوودی

یەکەمین دیدارم لەگەڵ شەهید دوکتۆر سەعید و دواتریش. مستەفا مەولوودی
لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا دوای ئەوەی بووم بە ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە کاتی باس لە کوردەکانی دانیشتووی تاران (کردهای مقیم مرکز) ناوی دوکتۆر سادق شەڕەفکەندیم دەبیست و باسیان دەکرد. دەیانگوت کوردەکان لە تاران کۆمیتەیەکیان دامەزراندووە و دوکتۆر سادق شەرەفکەندی برای مامۆستا هەژار بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە بوو. من زۆرم سەر لێ دەرنەدەچوو، بەڵام پێم باش بوو و زۆرم پێ‌خۆش بوو کە دەمبیست کورد لە تاران، واتە لە ناوەندی ئێرانیش کۆمیتەیان هەیە.
لەپاش کۆنگرەی چوارەمی حیزب لەنێو ڕێبەریی حیزبدا ناوی دوکتۆر سەعیدم بەرگوێ دەکەوت بەتایبەت پاش جیابوونەوەی تاقمی حەوت کەسی زۆر ناوی دوکتۆر سەعید بە تایبەت بە ناوی “سەعید بەدەل”‌م زیاتر دەبیست. زۆرجار لەنێو پێشمەرگەکاندا کە باسی شوێنەوار و کاریگەریی جیابوونەوەی تاقمی حەوت کەسی لەسەر حیزبی دێموکرات دەکرا، لەگەڵ ناوی دوکتۆر قاسملوو و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە (عەبدوڵڵا حەیاکی) ناوی دوکتۆر سەعیدیش دەهات کە پڕکار و بەتوانا و وشیار و جیددی و خاوەن کاریگەری و شوێندانەرە. لەوەبەدوا ئەو ناوە بۆ من لە ناوە ئاشنا و دیارەکانی ڕێبەریی حیزب دێموکرات بوو بە تایبەت لە کۆنگرەی شەشی حیزب لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا بێ ئەوەی لە نیزیکەوە ناسیبێتم و تەنانەت یەکجاریش دیتبێتم.
٢٣ی گەلاوێژی ١٣٦٣ی هەتاوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هێزێکی زۆرەوە هێرشی کردە سەر ناوچەی سەرشاخانی مەنگوڕایەتی، هێرشەکە زۆر بەربڵاو بوو. من لە کۆمیتەی شارستانی نەغەدە کارم دەکرد. ناچار بووین بۆ چەند ڕۆژێک پەڕیوەی ناوچەی گەورکایەتیی ڕەبەت بووین و لە دەورووبەری گەرۆر دەماینەوە و دوایە پەڕینەوە بۆ ناوچەی بەری ‌مێرگانی پیرانشار و لە قەندیلەوە شۆڕ بووینەوە بۆ ناوچەکانی ئاکۆیاتی لە بناری چیای قەندیل و لە مووچەکانی گوندەکانی سینەمۆکە و سوورەگەل و ئەو دەورووبەرە جێگیر بووین. هێز و کۆمیتەکان بریتی بوون لە: کۆمیتەی شارستانی شنۆ و هێزی سمکۆ، کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و هێزی قەندیل، کۆمیتە شارستانی نەغەدە و هێزی ئەفشین لەگەڵ پێرسێنێلی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ کە ئەوانیش لە “سەرشاخان” هەڵقەندرابوون و پەڕیوەی ئەو بنارانە ببوون.
دوای چەند ڕۆژێک خەبەرمان پێگەیشت کە دوکتۆر سەعید لە دەفتەری سیاسی لە “گەورەدێ” ڕا دێ هەتا لە نیزیکەوە لەگەڵ ئەو کۆمیتە و هێزانە قسە بکات بۆ ئەوەی دۆخەکە هەڵسەنگێنن و بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو هێزانە بدرێ بۆ ئەوەی کە چی بکەن و بەرنامە و پلانیان چی بێ و ئەو هێزانە دەبێ چ بکەن؟ کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژ یان سەرەتای مانگی خەرمانان ڕۆژێک کاک سەعید لەگەڵ شەهید محەممەد حەسەن‌پوور و چەند پێشمەرگە پەیدابوون. سەرەتا لەگەڵ کۆمیتەی شارستانی شنۆ کۆبوونەوەیەکی پێک‌هێنا. لەو کۆبوونەوەدا زۆر بە جیددی قسەی کردبوو، و ڕەخنەی توندی لە بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی شنۆ گرتبوو کە لە کاتی بەرپرسایەتیدا بە ڕێکوپێکی ئەرکی خۆی بەجێ نەهێناوە. بەتایبەت ناوی چەند پێشمەرگەیەکی هێنابوو کە ئەوانە خەتایەکی گەورەیان کردووە بەڵام کۆمیتەی شارستان سزای بۆ دیاری نەکردبوون. باسی لەوە کردبوو کە دەبێ ئەوانە بەتوندی سزا بدرێن. هەر دوای کۆبوونەوە سێ یان چوار پێشمەرگە کە لە خۆیان بەگومان دەبن ڕا دەکەن. خەبەرەکە لەنێو پێشمەرگەکاندا بڵاوبۆوە کە ئەوانە لەترسی سزای حیزبی کە دوکتۆر سەعید زۆر پێداگریی کردووە بۆ سزادانیان، ڕایانکردوە. دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمیتەی شارستانی شنۆ لەگەڵ کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و هێزی قەندیل کۆ ببۆوە و ڕێنوێنی و پێشنیاری بە ئەوان دابوو کە پێویستە یارمەتی بکەن و ببن بە بەڵەد و چاوساغ بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی شنۆ و نەغەدە بۆ ناوچەی تێکۆشانی خۆیان بەتایبەت ناوچەی سەرشاخانی مەنگوڕایەتی.
پاشان هات کۆبوونەوەی لەگەڵ ئێمەش لە کۆمیتەی شارستانی نەغەدە پێک‌هێنا. لەپێشدا دەستخۆشانەی بە پێشمەرگەکان گوت کە لە ناوچەی سەرشاخان بەتایبەت لەندی شێخان شەڕی باشیان لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم کردووە. ئەوجار ڕووی لە ئێمە ئەندامانی کۆمیتەی شارستان و فەرماندەری هێز، کاک عومەر قەیتەران کرد کە دەبێ هێزەکان و هەموو ئەوانەی توانای هەڵسووڕانیان لە ناوچە هەیە بگەڕێنەوە ناوچەی تێکۆشانی خۆیان لەسەر شاخان و دەوروبەری نەغەدە. ئێمەش بێ یەک و دوو دەستووری ئەومان قبووڵ کرد. دیار بەبێ ئەوەش دوو ڕۆژ پێشتر بۆخۆمان بڕیارمان دابوو کە بگەڕێینەوە ناوچەی خۆمان، واتە ناوچەکانی سەرشاخان و نەغەدە.
هەروەک باسم کرد پێرسۆنێلی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ لەگەڵ ئەو هێزانە لەو شوێنە بوون. دوکتۆر سەعید پێی‌ڕاگەیاندبوون کەلوپەلیان بپێچنەوە و خۆ کۆ بکەنەوە هەتا بەڵکوو بیانگوازنەوە بۆ لای دەفتەری سیاسی لە “گەورەدێ”. کێشەکە ئەوە بوو بارەبەر بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی نەخۆشخانە و چەند نەخۆشێک کەم بوو، بەڵام لە دەوروبەری هێزەکانی پیرانشار، شنۆ و نەغەدە زیاتر لە ١٠ هەتا ١٥ ئەسپ و یەک‌سم هەبوون کە هی شەخسی و پێشمەرگەکان بوون. لە ئێوارەدا دوکتۆر سەعید بە نەخۆشخانە دەڵێ بۆ نەجووڵان و بارتان نەکردووە؟ ئەوانیش دەڵێن بارەبەرمان کەمە بۆیە نەڕۆیشتووین. ئەویش کە لە دەورووبەری شوێنی کۆمیتەی شارستان و هێزەکان ئەسپ و یەک‌سم و بارەبەری زۆر دەبینێ، دەڵێ ئەی ئەوانە چین؟ بۆ لەوانە کەڵک وەرناگرن؟ ئەوانیش دەڵێن ئەوە هی شەخسین، ئەویش دەڵێ خۆ لێرە ماڵ و چادری لێ نییە شەخسیی چی؟ دەڵێن وەڵڵاهی هی بەرپرسان و پێشمەرگەکانن، ئەویش تووڕە دەبێ و دەڵێ بچن هەموویان بێنن باریان بکەن و کەلوپەلی نەخۆشخانەی پێ بگوێزنەوە. هەر ئەوەندەمان دیت سرت‌وخورت پەیدا بوو بۆ ئەوەی ئەسپەکان بشارنەوە و وەبەر سۆغرە نەکەون بۆ گواستنەوەی کەل و پەلی نەخۆشخانە، بەڵام بەشی زۆریان هەر وەبەرکەوتن و بارگە و بنەی نەخۆشخانەیان پێ گواستنەوە بۆ سەر جادەی کورتەک.
بۆ شەوەکەی دوکتۆر سەعید لەوێ نەمایەوە و گەڕایەوە بۆ دەفتەری سیاسی، منیش بۆ وەرگرتنی هێندێک کەلوپەل بۆ کۆمیتەی شارستانی نەغەدە و هێز لەگەڵ ناوبراو ببووم بە هاوسەفەری ناوبراو بۆ دەفتەری سیاسی. من لام وابوو ئەو ڕۆژە کە زۆری کار کرد، زۆر ماندوو بووە، بەتایبەت لەسەر دوو بابەت لە کۆمیتەی شارستانی شنۆ و لەسەر گواستنەوەی پەلی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ تووڕە بووە. بیرم دەکردەوە دەبێ سەفەر لەگەڵ ناوبراو چۆن بێ، بەتایبەت من پێشتر لەسەر تووڕەبوونی دوکتۆر سەعید شتم بیستبوو، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانی یان لێکدانەوەی پێش‌وەختەی من زۆر قسە خۆش و شیرین و دەم بە پێکەنین بوو. ئەوە یەکەم دیداری کاریی من بوو لەگەڵ دوکتۆر سەعید لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە بناری قەندیل.
ئەوانەی دوکتۆر سەعید لە نیزیکەوە دەناسن یان ئاشنان بە نووسینەکانی و کار و چالاکی و پایەی زانستی و ڕادەی تێگەیشتن و وشیاریی ئەو جوامێرە، دەزانن هەر خوێندن و هەڵبژاردنی ڕشتەی خوێندنی و ئەو ئاستەبەرزەی لە خوێندندا (دوکتورا لە شیمی تەجزییەدا) وەدەست هێناوە، بۆخۆی گەواهی توانای عیلمی ناوبراوی نیشان دەدا. بۆیە من ناچمە سەر ئەو بوارە. ڕاستیی تواناشم نییە لەسەر ئەو بوارە بدوێم و قەزاوەتی لەسەر بکەم. هەر ئەوەندە دەڵێم هەر کەسێک کە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ کۆنگرەی ٩ خوێندبێتەوە کە بە قەڵەمی کاک سەعید نووسراوە، قووڵی و لێزانیی سیاسیی ناوبراوی لەبوار جۆراوجۆرەکاندا بۆ دەردەکەوێ. بۆیە من ئەوە بۆ شارەزایانی ئەو بوارە بەجێ دەهێڵم. زۆرتر دەپڕژێمە سەر ئەو شتانەی کە بۆخۆم لە نیزیکەوە دیتوومن وچاوم پێیان کەوتووە و گوێم لێ بووە و شاهیدی ڕووداوەکە بووم.
هەموومان لە هەڵسووڕی و پڕکاری و وشیاری دوکتۆر سەعید قسە دەکەین و جیددییەتی ناوبراو وێردی سەر زاری هەموو هاوڕێیانە لە هەموو ئاستەکانی حیزبدا. زۆر جاریش ئەو جیددییەتە دەگەیشتە ئاستی بێ سەبری و بێ تەحەموولیش. من لە کۆبوونەوەکانی حیزبیدا بە چەندین جار شاهیدی ئەوە بووم. بۆ ئەوە زۆر نموونەم هەیە، بەڵام من هەر یەک دوو دانەیان دەگێڕمەوە.
ساڵی ١٣٦٧ دوکتۆر قاسملوو ڕۆحی شاد بێ لە ئورووپاوە گەڕابۆوە، وا بزانم پاییزێکی درەنگ یان زستانێک زوو بوو، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بوو. دوکتۆر قاسملوو پاش لێکدانەوەیەکی وردی سیاسی و هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی ناوچە بابەتی وتووێژی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی هێنایە بەر باس. بە تێگەیشتنی من دوکتۆر قاسملوو وای قسە دەکرد، زمینە و بوار بۆ وتووێژ لە باسەکانی کۆمیتەی ناوەندیدا خۆش بکات و ڕەزامەندیی هاوڕێیانی ڕێبەری بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وەربگرێ. لەڕاستیدا بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی تایبەت بەو سەردەم زۆر لەسەر قازانج و باشی وتووێژ و ئەنجامی وتووێژ قسەی کرد. دوکتۆر سەعید کە بابەتەکەی بەم جۆرە نەدەدیت یان باشتر بڵێم خوێندنەوەی وانەبوو، لەنێو قسەکانی دوکتۆر قاسملوودا بێ ئەوەی ئێزن لە دوکتۆر قاسملوو وەربگرێ بۆ قسەکردن هاتە دەنگ و لەنێو قسەکانی دوکتۆر قاسملوودا وەقسە هات و، گوتی: “باشە ئەگەر ئەو ڕێژیمە وایە ئێمە بۆ دە ساڵە شەڕی لەگەڵ دەکەین؟” ئەوجار لەسەر ماهییەتی ڕێژیم و سیاسەتی ڕێژیم هاتە دەنگ و بە وردی شیی کردوە، کە لەو ڕێژیمە ئەوە چاوەڕوان ناکرێ کە دوکتۆر قاسملوو باسی دەکات. ئەوجار دوکتۆر قاسملوو فەرمووی “ڕاوەستە بێ‌بەڵا بی، باسی زیانەکانی وتووێژ و ئیحتمالی سەرنەکەوتنیشی دەکەم”. ئەوە نموونەیەکە کە بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە ئەو هاوڕێیە چەندە ورد و بە بڕشت و خاوەن نەزەرە. ئەوەم بە زۆری لە کاتی کاردا، لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندی و لەکاتی کۆنگرەی ٩ی حیزبدا لە دوکتۆر سەعید دیتووە. من بۆخۆم ئەو هەڵسوکەوتەم پێ‌باش نەبوو کە کاک سەعید ئاوا لەنێو کۆبوونەوەی ڕەسمی و لە جەمعی زۆردا هاتۆتە نێو قسەی هاوڕێیانی و وەک دەڵێن ڕووشکێنی کردوونەتەوە. تەنانەت ئەوە بۆخۆشم چەند جارێک هاتۆتەپێش بەڵام ڕاستی دوکتۆر سەعید ئەوەندە شوێندانەری و کاریگەریی لە حیزبدا هەبوو کە هەستت پێ‌ نەدەکرد کەس لە قسەکانی ناڕەحەت بووبێ یان لێی بەدڵ گرتبێ.
ڕاستە دوکتۆر سەعید پێشمەرگە بوو، بەڵام من پێم شک نایە ڕۆژێک چووبێتە نێو سەنگەر بۆ شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ دوژمن، بەڵام بە شاهیدی زۆرکەس زۆر پیاوێکی ئازا و بەغیرەت بوو. زۆرباشم لەبیرە کە لەپاش کۆنگرەی ٩ لە دابەشکردنی کاری کۆمیتەی ناوەندیدا چاوەڕوان دەکرا کاک عەبدوڵڵا شەریفی یان من بەرپرسایەتیی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد وەربگرین. هەر کامەمان بە هۆکارێک ئەو بەرپرسایەتییەمان وەرنەدەگرت. کاک دوکتۆر سەعید فەرمووی من دەچم، هەموو گوتیان جا چۆن وا دەبێ؟ شتی وا نابێ، فەرمووی بەڵێ زۆر باش دەبێ، دوو سێ ڕۆژان لەگەڵ پێشمەرگەکان دەچم بۆ شاخ و تەمرین دەکەم و پشتێندی لێ تووند دەکەم و دەچم. هەڵبەت دوایە بەرپرسایەتیی ئەو کۆمیتە شارستانە بە کاک عومەر باڵەکی سپێردرا.
لەکاتی تەقینەوەی مینی‌بووسەکەی حیزب بەهۆی تێرۆریستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ٧ی خەزەڵوەری ١٣٧٠ی هەتاویدا لە ڕێگای نێوان گوندەکانی ئێنزێ بۆ بۆڵێ کە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە ٢٥ کەس بریندار بوون، منیش بریندار بووم و گەیاندیانمە نەخۆشخانەی حیزب. هێشتا دەرمان نەکرابووم، لەبەر ئەوەی برینداری لە من قوورستر زیاتر بوون، دوکتۆر و کادرەکانی دەرمانی خەریکی چارەسەریی ئەوان بوون. من چوونکە سەروچاوم بریندار ببوون هەموو گیانم خوێن بوو، گوێم لە دەنگی دوکتۆر سەعید بوو هات بۆ لامان کە گەیشتە لای من بەڕاست وەک باب و براگەورە و وەک ئەوەی کە خەبەری نزیکترین کەسانی خۆی بیستبێ کە تووشی ڕووداوی ناخۆش و قوورس بووبن، ئاوا لە باوەشی گرتم و لە وەزع و حاڵی پرسیم. عەرزم کرد کە باشم، بەڵام ئەو بە کوڵی گریانەوە فەرمووی “بەڕاستی هەر باشی یان لەبەر من وا دەڵێی؟” فەرمووی هیوادارم باش بی و بۆ چارەسەریتان هەرچی لە تواناماندا بێ دەکەین. ئێوە نابێ لەدەست ئەو حیزبە بچن.
هەر ئەوە نەبوو، لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٣ بنکەی دەفتەری سیاسی لە “گەورەدێ” شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان زۆر بەخەستی تۆپ و کاتیۆشاباران کرابوو و چەند ماڵ بەرکەوتن و چەند کەس بریندار ببوون. دوکتۆر سەعید لە شوێنی خۆی ڕا کە تا ڕادەیەک لەو شوێنە دوور دەبێ و ئەوێش هەر تۆپباران دەکرێ، هەر لەکاتی تۆپبارانەکەدا بە هانای بریندارەکانەوە دەچێ و بەبێ سڵ‌کردنەوە و ترس یارمەتییان دەدات هەتا بۆ نەخۆشخانە بەڕێیان بکەن. هەرچەند زۆر هاوڕێ داوا و تکای لێ دەکەن، بەڵام گوێ بە قسەکانیان نادات و تا کۆتایی هەر لەگەڵ بریندارەکان دەبێ و هاوکارییان دەکات.
دوکتۆر سەعید ناسراوە بەوەی کە پیاوێکی تووڕە و جیددی بووە. ئەوە ڕاستە و وا بوو، بەڵام بەڕاستی شیرین و دەم بە پێکەنین و زۆر عاتفی و لەبەردڵان بوو. هەر لەوکاتەدا لەسەر شتێکی حیزبی لە کەسێک تووڕە دەبوو بەڵام دوای چەند خولەک زۆر بە ڕووخۆشی دەیدواند و ڕاوێژی پێ دەکرد کە ئەوە بۆ خۆم ڕووی داوە و هاتۆتە پێش.
ئەییووبی کوڕم منداڵێکی چوار ساڵان و ژیکەڵە و جوان بوو. لە کاتی تەقینەوەی مینی‌بووسەکەی حیزب لە نێوان گوندەکانی ئێنزێ و بۆڵی دەم و چاوی بریندار ببوو، و زۆر شێوابوو. پاش ئەوەی چەند جارێک بردمان بۆ لای دوکتۆر برینەکانی ساڕێژ بوونەوە بەڵام ئاسەواری برینەکان هەر بە ڕووخساریەوە دیار بوو. لەگەڵ دایکی باسمان کرد با بە منداڵی جوانکاری بۆ بکەین تا لە دواڕۆژدا لەسەر دڵی نەبێت بە گرێ، بۆخۆمان هیچ مان شک نەدەبرد هەتا تێچووی جوانکارییەکەی دابین بکەین. ڕاستی منیش لەڕووم نەدەهات ڕاستەوخۆ لەگەڵ کاک دوکتۆر سەعید و هاوڕێیانی دیکەی دەفتەری سیاسی بابەتەکە باس بکەم. پاش بیرکردنەوەیەکی زۆر نامەیەکم بۆ کاک دوکتۆر سەعید نووسی و ئەویش بە نامەیەک وڵامی دامەوە. نامەکەم ئێستاش لەلایە. باوەڕ بفەرموون هیچ باوک یان برا گەورەیەکی بەرپرسیار ئاوا دڵسۆزانە نامە بۆ ئازیزەکانی نانووسێ کە چەندە بە هەستێکی پاکی برایانە نووسیبووی “ئەو منداڵە ڕەنگە بە تێپەڕبوونی کات زۆر لە ئاسەواری برینداریەکەی نەمێنێ بەڵام نیشانی دوکتۆری بدەن، چی پێویست بوو لەسەر تێچووی حیزب بۆی دابین دەکەین”.
ڕاستی لەسەر ئەو شتانە و زۆر شتی دیکەی کاک دوکتۆر سەعید لە حیزبدا ئەگەر کات هەبێ دەتوانم بە دوورودرێژی قسە بکەم. لە کۆتاییدا دەڵێم بەڕاستی ئەو قسەیە تەواو لە جێگای خۆی دایە کە دەڵێن “دوکتۆر سەعید جێنشینێکی شایستە بوو بۆ جێگای ڕێبەرێکی شایستە (دوکتۆر قاسملوو)” هیوادارم کورد ڕێبەری ئاوا گەورەی زۆر تێدا هەڵکەوێ.
ڕۆحی شاد و سەنگەری خەبات و تێکۆشانی ئاوەدان بمێنێتەوە.