دۆینێ و ئەمڕۆی ڕاپەڕین و ئەرکەکانی بەردەممان. عومەر باڵەکی

دۆینێ و ئەمڕۆی ڕاپەڕین و ئەرکەکانی بەردەممان. عومەر باڵەکی

لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا ڕووداوی جۆراجۆر ڕوو دەدەن، بەڵام لەنێو ئەو ڕووداوانەدا کۆمەڵێکیان کاریگەریی هەرمانیان لەسەر کۆیادی مێژوویی ئەو نەتەوانە بەجێ هێشتووە و ئەمە بۆ نەتەوەی کوردیش ڕاستە. ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین و تەنیا ئاوڕێک لە مێژووی هاوچەرخی کورد بدەینەوە، دەبینین لە ساڵدا ڕۆژ نییە گەلی کورد بە دەستی حوکمڕانانی دێکتاتۆر و زاڵم تووشی کارەساتی گیانی و ژینگەیی نەبووبێ. بەڵام لە هەر پارچەیەک لە کوردستانی دابەشکراودا هیندێک ڕووداو هەن کە بە تێپەربوونی زەمەنیش لە بیروزەینی تاکی کورددا ناسڕێنەوە. هیندێک لەو ڕووداوانە بە ڕادەیەک ناخهەژێنن و دەرخەری بەشمەینەتیی کوردن کە بوونەتە هێمای مەزلوومییەتی نەتەوەیەک و لە هەمان کاتدا هۆکارێکی گرینگیش بوون بۆ سووربوونی نەتەوەی کورد لەسەر درێژەدانی خەباتەکەی.

کە بەخێرایی ئاوڕ لە دۆخی کورد لە ماوەی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی دەدەینەوە، هەمووان دەزانین کە نەتەوەی کورد و حیزبە خەباتکارەکەی بە مێژووی ٣٣ خەباتی سیاسی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری ڕێژیم خەتی خۆی لە کۆماری ئیسلامی جیا کردەوە. بۆیەش هەر چەند مانگ دواتر لەلایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە فتوای جیهادی لەدژی درا و لە ماوەی ئەو ٤٤ ساڵەدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەژێر سێبەری ئەو فتوایەدا هەزاران جینایەتیان خوڵقاندووە کە بەپێی قانوونە نێونەتەوەییەکان بە جینایەت دژی مرۆڤایەتی دادەنرێن.

مانگی خەرمانان بۆ حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لەو مانگانەیە بەداخەوە پڕە لە کارەساتی ناخهەژێن، بەڵام لە هەمان کاتدا مانگی خۆڕاگری و دیفاع لە مان و مەوجوودیەتی گەلی کوردیشە. دوو حەوتوو دوای فتوا بەدناوەکەی خومەینی لە ڕۆژی ١١ی خەرمانانی ١٣٥٨دا خەڵکی گوندی قاڕنێ لە ناوچەی نەغەدە کۆمەڵکوژ کران. لەو جینایەتەدا هێزەکانی سپای پاسداران دەستیان لە ژن‌ و پیاو، منداڵ‌ و پیر و لاو نەپاراست و تەنانەت حورمەتی مەلای ئاوەدانیشیان نەگرت و قورئان بەدەست شەهیدیان کرد. بەڵام مخابن کە ئەو جینایەتە بە بێدەنگی بە بەرچاوی خەڵکی ئێران و بیروڕای گشتیی جیهانیشدا تێپەڕی و هەر ئەوە بووە هۆی دەست‌ئاوەڵایی ڕێژیم بۆ بەردەوامییان لە خوڵقاندنی جینایەت لە دوای جینایەتی دیکەدا. ئێمە دەزانین کە ١٣ ساڵ دوای جینایەتی قارنێ ئەمجارەیان لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١دا د.سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبیان لەگەڵ پۆلێک هاوڕێی دیکە تێرۆر کرد. هەر لە درێژەی ئەو جینایەتانەدا ٢٦ ساڵ پاش تێرۆری د. شەرەفکەندی و هەر لە مانگی خەرماناندا، لە ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧دا بنکەکانی حیزبی دێموکراتیان کردە ئامانجی مووشەکە دوورهاوێژەکان کە بەداخەوە بوو بە هۆی شەهیدبوونی ١٦ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگە و دەیان کەسیش کە ژن و منداڵیشیان تێدا بوو، بریندار بوون.

ڕاستە برینی ١٧ی خەرمانان قورس بوو، بەڵام ڕێژیم ئەوجارەش نەیتوانی ئامانجە سەرەکییەی کە لەنێوبردنی حیزبی دێموکرات و کپکردنی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەلکی کوردستانە بپێکی. چونکە حیزبی دێموکرات خاوەنی پشتیوانیی بەربەرینی خەڵکی خۆیەتی و وا بەئاسانی لەنێو ناچی. بۆ سەڵماندنی ئەو بۆچوونە ئەوەندە بەسە بڵێین تەنیا ٤ ڕۆژ دوای مووشەک‌بارانی حیزبی دێموکرات لە ٢١ی خەرمانانی ئەو ساڵەدا، خەڵکی کوردستان بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات و ناڕەزایەتی دەربرین بە کوشتنی ڕۆڵەکانی کورد گەورەترین حەماسەی مانگرتنیان خوڵقاند کە پەیامەکانی زۆر ڕوون و ڕاشکاو بوون. بەڵام دیسان دەسەڵاتدارانی تاران چاویان لە ئاستی ئەو واقیعییەتە نووقاند کە جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی و دێموکراسیخوازی ماوەی نیزیک بە ٨ دەیەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و ئەم جووڵانەوەیە پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە خۆڕاگری، خەباتکاری و خسڵەتەکانی شۆڕشگێری لە کوردستاندا دروست کردووە.

٢٥ی خەرمانانی پارەکە ڕووداوێکی دیکەی گرینگی مێژوویی ڕووی دا کە شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لە تاران بوو. ئەوە بوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دوای کوژرانی مەزلوومانەی ژینا بە دەستی گەشتی ئیرشاد داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد لە حاند ئەو جینایەتەدا بێدەنگ نەبن. خەڵکی کوردستان بەپیل بانگەوازەکەی ناوەندی هاوکارییەوە هاتن و شارەکانی کوردستان یەک لە دوای یەک تیکەڵ بە مانگرتنی گشتی بوون. کاتێکیش ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بە ڕووی گشتییەتی نیزامدا تەقیەوە و بەخێرایی سنوورەکانی کوردستانی ئێرانی بری و بوو بە ناڕەزایەتیی سەرانسەری لە هەموو ئێران؛ ئەم ڕاپەڕینە هێڵە سوورەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی تێپەڕاند و ئیدی ناوی “ژینا” بوو بە ڕەمزی سەرهەڵدان و بەردەوامیی شۆڕش. دەسەڵاتدارانی تارانیش وەک پیشەی هەمیشەییان پەنایان بردەوە بەر تاکەڕێگا چارەسەر لە ڕوانگەی خۆیانەوە کە ئەویش سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی خەڵکانی خۆپێشاندەر بوو. هەموو بینیمان کە هێزەکانی ڕێژیم دەستیان لە کەس نەپارست، گیانیان لە سەدان لاوی خەباتکار ستاند، بە هەزاران هەزار کەسیان بریندار کرد، بە دەیان هەزار کەسیان تەنیا بە تاوانی! مافویستی ڕاپێچی زیندانەکان کرد و بە چەندین کەس لەو بەندکراوانەشیان بە تاوانی بێ‌بنەما ئێعدام کرد.

ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو ئەو تاوانانەی دەرحەق بە خەڵکی ناڕازیی سەرشەقام کرد، هەر بۆ ئەوەی بیسەڵمێنی ژینا بە دەستی هێزە ئینتیزامییەکان لە تاران نەکوژراوە. لەو هەلومەرجەدا کە ڕاپەرینی ژینا هەتا دەهات لە ئاستی ئێراندا ڕەگی دادەکوتا، دەسەڵاتدارانی تاران کە خۆشیان باوەڕیان کردبوو ڕووخانیان نزیک بۆتەوە، لە تەنیشت سەرکوتی خەڵك لە نێوخۆی وڵات کەوتنە پیلانگێری بەدژی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان. ئامانجەکە ڕوون بوو: بەلاڕێدابردنی بیروڕای کۆمەڵگەی ئێران و دیزەبەدەرخۆنەکردنی قەیرانێکی گەورە بە دروستکردنی قەیرانێکی دی لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات. ئەوە بوو پاش ئامادەکاریی زەینی بە چەواشەکردنی ئەوەی لە کوردستانەوە مەترسی لەسەر دابەشبوونی ئێران هەیە و حیزبە کوردییەکان هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتیی خەڵکن، لە کاتێکدا کە تازە مانگێک بوو حیزبی دێموکرات یەکی گرتبۆوە و ئەو یەکگرتنەوەیە گیانی وەبەر ناڕەزایەتییەکان لە شەقامەکانی کوردستان نابوو، حیزبی دێموکرات لە ٦ی ڕەزبەر و کەمتر لە دوو حەوتوو پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا بە زیاتر لە هەشتا مووشەکی دوورهاوێژ و دڕۆن هێڕشی کردەوە سەر بنکە و شوێنی ژیان حەوانەوەی ماڵ و منداڵی حیزبە کوردییەکان. دوای ئەم هێڕشانەش کە بوونە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان تێکۆشەری سیاسیی دیکە، هەتا ئیستاش شەڕێکی ڕەوانی هەمەلایەنەی لە ڕێگای دەزگاکانی تەبلیغی و پروپاگەندەو مێدیای سێبەر و دەست‌وپێوەندەکانی خۆیەوە بەدژی حیزبە کوردییەکان بەتایبەت حیزبی دێموکرات دەست پێ کردووە. هەروەها لە درێژەی گوشارەکانی بۆ سەر حکوومەتی عێڕاق و هەرێمی کوردستان چەککردنی حیزبی دێموکرات و هێزە سیاسیەکانی دیکەی کوردی لەوان دەوێ کە لە دوو لایەنەوە جێی هەڵوێستە لەسەر کردنە:

یەکەم، بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستانی-عیراق پرسێکی قانوونی و حقوقییە کە پێوەندی بە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عیراقە هەیە. لە هەمان کاتدا بەپێی هەموو پێوەرە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان بەرپرسایەتیی پاراستنی گیان و ماڵی ئەندامان و بنەماڵەکانی ئەو حیزبانە کە ماوەیەکی دوورودرێژە لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا نیشتەجێن، دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان. بەڵام کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی خۆیەوە بە پشتبەستن بە ڕێککەوتننامەی خۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراق باس لە چەککردنی ئێمە دەکەن و بە ڕۆیشتنی بەردەوام لەسەر ئەو بابەتە ئەویش لە بەرەبەری ڕاپەرینی “ژینا”دا دەیانهەوی لە بیروڕای گشتیی ئیران و جیهاندا پرسی کورد و خەباتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تەنیا لە چەک و چەکداریدا کورت بکەنەوە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە فتوای خومەینی و سەپاندنی شەر بە سەر کوردستان و بەردەوامیی ئەو شەڕە بووە هۆی ئەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە مان ومەوجوودییەتی گەلی کورد و داوا ڕەواکەی پێک بێ و ئەو چەکەش بۆ بەرگری بووە نەک هێرش و پەلامار.

مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان پڕە لە هەوڵ و تەقەلای ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەری پرسی کورد. پێشەوا قازی محەممەد دەیتوانی بەشی ئەوەندە شەڕی سپای پاشایەتیی ئێران بکا کە گیانی خۆی و هاوڕێکانی ڕزگار بکا، بەڵام گیانی خۆی و هاوڕێیەکانی بەختی سڵامەتیی گەلەکەی کرد. د. قاسملووش هەر بەو ڕێچکەدا ڕۆیشت و دەستی ئاشتیی بۆ دەسەڵاتدارانی تاران درێژ کرد، بەڵام لەسەر میزی وتووێژ ناجوامێرانە شەهیدیان کرد. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چ ئەوکاتەی دوو لەسەر سێی خاکی کوردستانی بەدەستەوە بووە و چ ئەوکاتانە ناچار بووە لە تاراوگە ڕێبەریی جووڵانەوەی میللی دێموکراتێکی خەڵکی کوردستان بکا، باوەڕی وا بووە و واش دەمێنێتەوە کە چارەسەری پرسی کورد، تەنیا ڕێککەوتن و چارەسەری مەدەنی و ئاشتییانەیە. ئەو هەمووە پەلەقاژەیەی دەسەڵاتدارانی تارانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو هێزیانەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسیی، نیزامی، ئەمنییەتی و پیلانە فەرهەنگییەکانیانەوە، نەک نەیانتوانیووە جووڵانەوەی میللی دێموکراتێکی گەلی کورد و گەشەکردنی هەست و بیری نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کپ بکەن؛ بەڵکوو لە شۆڕشی ژینادا لەسەر شەقام بۆیان دەرکەوت کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد چەندە زیندوویە و پێگەی حیزبی دێموکراتیش لە چ ئاستێک‌دایە.

زۆر خاڵ لە ڕاپەڕینەکەی ئەمجارەیاندا دیار و بەرچاون، وەک ئەوەی خەڵکی ئێران بە گشتی ئەمجارەیان نەکەوتنە ژێر کاریگەریی دەزگای پڕوپاگندەی ڕێژیم و بەتایبەت پاڵپشتیی خۆیان بۆ کوردستان و بەلووچستان دەربڕی و ئەو هاوپێوەندییە بە ڕادەیەک بوو کە تەنانەت دەسەڵاتدارانی تاران کە لە هەلومەرجی ئەوکاتدا پێویستیان بە خۆپێشاندان لەسەر شەقامەکان هەبوو، نەیانویڕا لایەنگرانی خۆیان بەناوی “ئۆممەتی هەمیشە در سەحنە” بۆ پشتیوانیی خۆیان بێننە سەر شەقام. یان ئەوە کە کاریگەریی شۆڕشی ژینا لە دەرەوەی سنوورەکانیش بووە هۆی ئەوەی باسی بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران لە پاڕلمانی وڵاتان و لە ئاست‌بەرزترین ناوەندی ئورووپادا بێتە بەر باس. ڕاستە کە ئێستا لەژێر زەبروزەنگ و کوشتاری خەڵکی بێ‌دێفاعی سەر شەقامدا ڕێژیم توانیویەتی بەڕواڵەت ناڕەزایەتییەکان کۆنتڕۆڵ بکا؛ بەڵام هیچ کام لە تاکتیکەکانی دادی نادەن و هەمووی گۆڕانکارییەکان لە درێژخایەندا بە قازانجی گەڵانی ئێران تەواو دەبن. بەو مانایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هیچ حاڵەتێکدا ناتوانی بگەرێتەوە بۆ هەلومەرجی پێش ڕاپەرینی ژینا.

دواخاڵ باس لە گرینگترین ئەرکەکانمانە: مێژووی زیاتر لە چل ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی و ناڕەزایەتییەکانی گەڵانی ئێران پێمان دەڵێ مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە قۆناخی یەکەمدا لە نەبوونی ئۆپۆزیسیونێکی یەککرتوو و بەهێزدایە. بۆیە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان پێویستە یادکردنەوەی ڕاپەرینی ژینا بکەنە دەرفەتێک بۆ لێک‌نزیکبوونەوەی زیاتر و لە هەمان کاتدا هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هەمەلایەنە لەگەڵ هێزە دێموکراتیک و ئازادیخوازەکانی سەرانسەری ئێران.

***

* تێبینی: ئەو وتارە پوختەی قسەکانمە لە کارنەڤاڵی ژن، ژیان، ئازادی لە ستۆکهۆلمی سوێد.