گرینگی یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێران لە دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی. شنە دروودگەر
هەروەک دەزانن دۆخی رژیمی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی خراپی خۆی دایە و لە هەموو رەهەندەکانەوە بشێوی تێکەوتووە ورژیم بە تەواوی شەرعییەتی خۆی لە دەست داوە. بەڵام هەر سوورە لەسەر مانەوە و درێژەدان بە حوکمڕانییە سەدە ناوەڕاستییەی خۆی.
ئێستا و لەو شپرزەییەی کە بەرۆکی بە رژیم گرتووە با تاوتۆیەکی کورتی دۆخی نێوخۆیی و دەرەکی ئێران بکەین.
لە دەرەنجامی سیاسەتە چەوتەکانی رژیمدا، دەبینین کە لە نێوخۆی ئێراندا لە لایەک برسییەتی و هەژاری و هەڵاوسان پشتی خەڵکی چەماندووە و لە لایەکی دیکەوە گرانی و کەمبوونی پێداویستییەکانی رۆژانەی وەک دەوا و دەرمان و زەر شتی دیکە لە بازاڕەکاندا، تەنگی بە خەڵک چنیوە.
سەرەڕای هەموو ئەوانە، زەبر و زەنگ و سەرکوت بەرانبەر بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆ، ئەوەندەی دیکە خەڵکی ئێرانی بەرامبەر بە رژیم توڕەتر و رق ئەستوورتر کردووە.
هاوکات لە بواری دەرەکیدا دەبینین کە رژیم بە تەواوی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا تەریک کەوتووە و ئیزۆلە بووە.
کەوابوو هەم لە رووی نێوخۆیی و هەم لە رووی دەرەکی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە لێواری رووخان و نەماندایە.
رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێستا و لە دوایین پەلەقاژەکانی خۆیدا، هەتا بۆی بکرێ یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێران کە لێی بووە بە مۆتە-کە تێکدەدا، چونکە دەزانێ کە رەنگە بتوانی سەرکوتی کورد یا بەلووچ یا عەرەب یا ئازەری بکات و بانگی ئازادیخوازییان کپ بکات، بەڵام دڵنیایە کە ناتوانی دەنگی هەموویان بەیەکەمە کپ بکات. دەزانێ هەموویان بەیەکەوە دەتوانن ببن بە شەپۆڵێک کە تەواوییەتی کۆماری ئیسلامی تێکەوە بپێچی و ڕایماڵێ.
ئێستا پرسیارێک دێتە پێش. ئەوەیش ئەوەیە کە ئێران دەتوانێ یەکگرتوویی نەتەوەکانی ناو جوغڕافیای ئێران تێک بدات؟
گەلۆ نەتەوەکانی ناو جوغڕافیای ئێران گەیشتوون بەو ئاستە تێگەیشتوویی و هزری نەتەوی و سیاسی، کە ئەو یەکگرتووییە دروست بکەن و بیپارێزن؟
مێژووی نیزیک بە هەشتا ساڵی رابردوو لە ئێران، لەو پێوەندییەدا هەندێک راستیمان بۆ ئاشکرا دەکا و دەسەلمێنێ.
ئەو مێژووە ئەو راستییەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە نەتەوەی کورد نیزیک بە سەد ساڵە خەبات و تێکۆشان بۆ ماف و ئازادییەکانی خۆی دەکات و لە پێناو ئامانجەکانیدا بە دەیان هەزار قوربانی داوە.
هاوکات ئەو مێژووە ئەوەش دەسەلمێنێ کە تۆشەی خەباتی گەلی کورد پڕە لە دەسکەوت و ئەزموونی تاڵ و شیرین کە بوون بە سەرمایە و سەنگەرێک لە پشتمان پێوە داوە و وزە و هێزی پێداوین بۆ بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشان. ئەو تۆشە و دەسکەوت و ئەزموونانەی کە نەتەوەکانی دیکەی ئێران نەیانبووە و بەداخەوە تێگەیشتنی سیاسی و هزری باوڕبەخۆبوونییان لە ئاست کورد دا کەمترە.
کوردستانی رۆژهەڵات و نەتەوەی کورد، بە بڕوای من چەند پلە لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە پێشە.
چوونکە چ لە سەردەمی رژیمی پەهلەوی و چ لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، نەتەوەی کورد نەچوو ژێر باری ئەو دەسەڵاتە پاوانخواز و ناوەندگەرایانە و قۆڵی خەبات و بەربەرەکانێی لێ هەڵماڵی. لە بەرانبەر بانگی ئازادیخوازی گەلی کوردیشدا، رژیمی گۆڕ بەگۆڕی پەهلەوی و بە تایبەت کۆماری ئیسلامیش بە درێژایی تەمەنی خۆییان، وەکوو خاکێکی داگیرکراو هەڵسووکەوتییان لەگەڵ کوردستان و نەتەوەی کورد کردووە و لەڕاستیدا کوردستانییان بە زەبری پووتین و ئاگر و ئاسن ئیداری کردووە.
ئەو رابردوویە تاڵە لە سەرکوت و قەلاچۆکردنە گەلی کورد کە تەژییە لە ئەزموون بۆ خەبات، هەم بووە بە هۆی ئەوە کە خەڵکەکەمان خۆڕاگر و شارەزای شێوەکانی خەبات لە دژی ملهۆڕەکانی ناوەند بن و هەم حیزب و رێکخراوە کوردییەکان ببنەوە خاوەن پێگە و هێز لە کوردستان و بەم شێوەیە بتوانن ببنە رێکخراوی تۆکمە کە دەبینین چلۆن بە بانگەوازێک هەموو دوکان و بازاڕەکانی کوردستان دادەخەن. ئەم تایبەتمەندییانەی کە لەسەر کوردستان باسم کردن، بوونەتە هۆکار کە هەموو نەتەوە و دانیشتوانی ئێران لە ئێستادا چاو ببڕنە کوردستان و حیزبە کوردییەکان و بۆ بەشداری لە ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا، کوردستان و نەتەوەی کورد بکەن بە نموونە بۆ بەشداری چالاکانە و زیاتریان لە فازی نوێ و دووهەمی شۆڕشدا.
بەڵام ئەو تۆشەی خەباتە کە گەلی کورد و کوردستان هەیانە، بە بڕوای من نابێ تەنیا بۆ کوردستان تەرخەن بکرێت. بەڵکوو دەبێ کورد هەوڵ بدات لە رێگای حیزب و رێکخراو و ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەوە، لە پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکخستنی وزەی هەموو نەتەوەکانی ئێران، ڕۆڵ ببینێ تا هەموویان بەیەکەوە کاریگەریان لە سەر ئێستا و داهاتووی ئێران و داهاتووی نەتەوەکانی کورد و تورک و فارس و بەلووچ و عەرەب و بە گشتی هەموو حەشیمەتی بەبارمتە گیراوی ئێران هەبێ.
نەتەوەکانی دیکەی ناو جوغڕافیای ئێران دەبێ خەبات و تێکۆشانییان پەرە پێ بدەن و لەمە بەدواوە دەست لەناو دەستی یەک بەرەوڕووی دیکتاتۆری ئیسلامی لە ئێران ببینەوە.
ئەو جیهانبینی و لۆژیکە، قوڵایی ستراتێژی کورد و لەسەرووی هەموویان حیزبی دیموکرات بووە و لە پێناوەشدا هەنگاوی باشی هەڵهێناوە.
ئەو بانگەوازەی کە ٦ لایەنی کوردی بۆ مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕەکانی کوردستان بۆ ڕۆژی ۲٥ی خەرمانان درا، نموونەیەکی دیکە لە پێشکەوتنی نەتەوەی کوردە ل رووی هزری سیاسی و باوڕبەخۆبوونییەوە بوو. چوونکە هەموو نەتەوەکانی ئێران دووبارە بۆیان دەرکەوت کە دەبێ بۆ رزگاربوون خۆیان و بۆ بەچۆکداهێنانی ئەم رژیمە گەندەڵە، یەکگرتوویی کورد بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو بۆ یەکگرتنی هەموو گەلانی ئێران ببینن.
ئێمەش وەکوو یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی نیزیک بە ٨۰ ساڵەی خەباتمان لە دژی داگیرکەرانی کوردستان هەیە.
ئێمەش لە ٨ دەیەی خەباتماندا، راستە هەوراز و نشێوی زۆرمان بینیوە، بەڵام هاوکات ڕۆڵ و گاریگەریی ئەرێنی خۆمان لەسەر بوارەکای سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی کوردستان و ئێران هەبووە.
ئەگەر چاوێک بە ڕابردووی رێکخراوی یەکیەتی ژناندا بخشێنین، دەبینن کە جگە لە خەباتی مەدەنی و خەبات بۆ مافەکانی ژنان و تەنانەت خەباتی چەکداری شان بە شانی برا پێشمەرگەکان لە هێزە سیاسییەکاندا، لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و پێوەندی لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران هەنگاوی باشمان هاویشتووە.
ئێمە وەکوو یەکیەتی ژنان پێمانوایە کە ئەوە ئەرکێکە لەسەر شانمان کە بارتەقای ئەو مێژووە پڕ لە شانازییەی کە هەمانە، بەو ڕادەیەش لە سەر ئاستی ژنانی ئێران و بەتایبەت لە شۆڕشی ژینا/مەهسا-دا رۆڵ و کاریگەری خۆمان هەبێ. هەر بۆیە بڕیارماندا کە لە بەبەبەرەی هاتنی ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا، وەکوو یەکەم هەنگاوی هاوکاری و پێکەوە تێکۆشانی ژنانی سەرانسەی ئێران لە ساڵی نوێی شۆڕشی ژینادا، کۆنفڕانسێک تایبەت بە ژنان لەسەر ئاستی نەتەوەکانی ئێران پێک بێنین تا هەم ببێتە سەرەتا و ئستارتێک بۆ هاتنە مەیدانی بەرچاوتری ژنان لەسەر ئاستی ئێران، هەم ببێتە سەرەتا و هەوێنێک کە وەکوو ژنانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران، لەداهاتوودا ناوەندێک لەسەر ئاستی ئێران بۆ ژنان پێک بێنین کە رێگەخۆشکەر بێ هەم بۆ ڕەواندنەوەی ئەو پروپاگاندیانەی کە چەند دەیەیە رژیم لە سەر نەتەوەکانی ئێران دەیکا و هەم ببێتە بەستێنێکی گونجاو کە درز و بۆشاییەکانی نێوان خۆمانی پێ پڕ بکەینەوە و ببین بە ناوەندێکی تۆکمە کە گاریگەری ڕاستەوخۆیمان لەسەر درێژەی شۆڕشی ژینا و داهاتووی ئێرانی دوای رژیمی فاشیتی ئێران هەبێت.
بێ گومان ئەو کۆنفڕانسە و کۆنفڕانسی هاوشێوە جا چ لە ئاست رێکخراوە مەدەنییەکاندا بێت، چ لە ئاست حیزبە سیاسییەکاندا بێت، چ لە ئاست نەتەوەکاندا بێت، دەتوان مێتۆد و میکانیزمی گونجاو بۆ ئاراستەکردنی شۆڕش لە سەراسەری ئێران بدۆزنەوە و بەستێنێکی لەبار بۆ پەرەپێدان و هەمەگیرکردنی ساز بکات. چوونکە شک لەوەدا نییە کە دۆخی خراپ ژیان و هەژاری و برسییەتی تینی بۆ خەڵکی ئێران هێناوە و کۆماڵگە بە هەموو چین و توێژەکانییەوە خەریکە دەکوڵێ. دیارە رژیمیش لە بەرانبەردا هەوڵی داوە کە دۆخەکە ئاسایی نیشان بدا، بەڵام لەڕاستیدا گرکانی رقی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران روو لە تەقینەوەیە و بێ گومان ئەمجارە دەسەڵات و حکوومەتی ئاخوندەکان ڕادەماڵێ.
ن:شنە درودگەر
گۆڤاری ژمارە ۶۲ی “ژنان”
بابەتی پێشووتر