یەکەم بریندار بوونم ، 37 ساڵەی پڕ کردەوە و دیدارێک لە گەڵ هاوڕێ عوسمان عەبدی، ساڵە نەڵۆسی

یەکەم بریندار بوونم ، 37 ساڵەی پڕ کردەوە و دیدارێک لە گەڵ هاوڕێ عوسمان عەبدی، ساڵە نەڵۆسی
لە 15ی خەرمانانی 1365 هەتاوی (1365/06/15) لە گوندی خەراپە ناوچەی لاجانی پیرانشار لە بەردەرگای ماڵی عەلی مام عایزی ( عایز گۆپکی) بە توندی بریندار بووم.

شوێنی 5 گوللەم بە جەستەیەوە دیارە . لەم روداوە دا دەستم شکا و لاقم عەسەبی زەربەی خوارد و کە ئێستاش دوای 37 ساڵ لاقم شەوانە خەوم لێ تێکدەدا و ناهێڵی شەوانە بێ ئازار بم.

من لە ساڵی 1359 بۆ ساڵی 1360 هەتاوی وەک مامۆستای شۆڕش هاتمە ناو ریزەکانی شۆڕش دوای 3 ساڵ مامۆستایەتی شۆڕش لە هاوینی 1363ی هەتاوی ناوەندی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەوتە دەست دوژمنانی ئازادی و داگیرکەران و کاری مامۆستایی منیش لە دێهاتی کوردستان کۆتایی هات. پێش داگیرکردنی ناوەندی کوردستان چووبووم بۆ بەشداری لە دەورەی مامۆستایەتی شۆڕش، کادر و مودیریەت لە زانکۆی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە گەڵالە، باشووری کوردستان. لە پاییزی ساڵی 1363 گەڕامەوە کۆمیتە شارستانی پیرانشار و وەک کادر بە ئەرکی جۆراوجۆر دەستم بە کار کرد. درێژترین کارم جێگری بەشی ماڵی کۆمیتە شارستانی پیڕانشار بوو.

لە بەهاری ساڵی 1365ی هەتاوی درام بە کۆمیتەی ناوچەی لاجان و لە کۆتایی بەهاردا، تیمەکەمان بریتی بوون لە بەرپرسی کۆمیتەی لاجان، محەممەد رەسوڵی و کادرەکان، ساڵە نەڵۆسی، محەممەد حەسەنەڕەش، حەسەن ئەبروزەنی و حوسێن بارام لە گەڵ هاوڕێیانی لکی 4ی هێزی قەندیل (ئاوارە) بە فەرماندەیی شەهید مەلا قادر کوردستانی و کۆمیتەی پیرانان و لکی 3، دوای هەڵگرتنی فیشەکی زیادی و خواردەمەنی رێگا و زۆریش باو بوو کە خورمامان پێ بێ، دەیان کووت بۆ رێگای دوور باشە. کاتی لەت کردنی خورماش تەورێکم لە قامکی گەورەی دەستی چەپم دا کە ئێستاش جێگەی دیارە. ئێمە بەرەو لاجان و ئەوان بەرەو پیرانان بە قەندیلی سەربەرزدا وەڕێ کەوتین.

وسەر کەوتنی قەندیل زۆر ئاسان نەبوو بەڵام ورە و هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە و بڕوا بە خەبات دژی داگیرکارانی کوردستان، روحیەکی تایبەتی بە کادر و پێشمەرگەکان دابوو کە کێوی قەندیل نەیتوانی پێشیان پێ بگرێ. کە گەیشتینە سەر بستووی قەندیل، وەک ئەوە وابوو کە گەیشتووینەتەوە ناوچە.

بۆ شەوەکەی گەیشتینە کانیاوی ئەشکەوتی سێوکێ نزیک دۆڵی نازاوایە لەوێ رۆژەکەی حەساینەوە و بۆ هێوارەکەی تووشی کچان و کوڕانی پیرانان بووین کە بۆ گیای بەهاری هاتبوون و لە گۆڕێ دیلانان کە دڕوانێتە سەر دەشتە جوانەکەی ناوچەی پیرانان، دوای ئەوەی هاوڕێ لوقمان مێهفەر بڕەکی قسە بۆ کردن، بوو بە داوەتێکی رەشبەڵک تا بوڵێڵ داهات و ئەوان بەرەو گوندی نمنجێ وەڕێ کەوتن. هێشتا کچان و کوڕان زۆر دوور نەببوونەوە کە پێشمەرگەش بە دوایان دا بەرەو نەمنجێ کەوتنە رێ. هێندەک لە کچەکان زۆر دەترسان و پێیان وابوو ، ئێستا دەکەونە بەر هێرشی توپخانەکانی رێژیم و تا هێزیان هەبوو دەیان قیژاند، هێندەک کەوشەکانیان یان بە دەستی وەگرتبوو یان بە جێیان هیشتبوون. هەموومان پەلەمان بوو زوو بگەینە گوندی نمنجێ. بە خۆشیەوە بێ کێشە هەموومان خۆمان گەیاندە ناو دێ .

خەڵکی نەمنجێ کە ماوەی چەند مانگێک بوو هاوڕێیانیان نەدیبوو، پێشوازیەکی گەرمیان لێکردین.

لکی 3 و کۆمیتەی پیرانان، ناوچەی خۆیان بوو و بەڵام ئێمە دەبا هەرچی زووە بەرەو لاجان وەڕێ کەوین. دەمانزانی بە پێیان ناگەینێ و ناشتوانین لە چۆمی ئاوەژەڕۆیە و چۆمی لاوێنی کە تێکەڵ دەبوونەوە بپەڕینەوە، بە هاوکاری کومیتەی پیرانان دوو تراکتۆرمان بە ترێلیەوە پەیدا کرد و بە نزیک پێگەی دژی گەلیەکان لە گردیمخانەی دا بێ هەڵکردنی چرا وەڕێکەوتین. سەروی 40 کەسێک دەبووین. کاتێک کە گەیشتینە سەر چۆمی ئاوەژەڕۆیە تراکتۆری یەکەم کە خاوەن ماڵ خۆی لێی دەخوڕی بێ کێشە پەڕیەوە بەڵام تراکتۆری ئێمە لە چۆمی سێگرکان، کە لاوێکی خۆبەش بوو بە شۆفیرمان بە ناوی رەسوڵ مستە (نەک رەسوڵ مستەی فەرماندە لک، روحی شاد بێ) بەڵام هەر خزمی وی بوو کە دوایی بوو بە پێشمەرگە و وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و چووە ناو خۆ، پێم وایە لە ژیاندا نەماوە، روحی شاد. زۆر بە تووندی تراکتۆرەکەی لە کەنداڵی قەراخ چوومەکەی دا، تەگەرێکی پێشی تراکتۆرکە شکا و ئاو بردی و ئێمەش بە زەحمەتێکی زۆر چووینە وشکایی بەینی دوو شەتان. شانس یاوەرمان بوو کە لە چۆمی گەورەی لاوێن و ئاوەژەڕۆیە وامان لێ نەهات، ئەگینا لە خنکان نەجاتمان نەدەبوو.

بە هەرجوڕێک بوو، هاوڕێیانی کە پەریبوونەوە، تراکتۆرکەی تریان بۆ ناردینەوە، هەرچەند کابرای شۆفیر زۆری پێ ناخۆش بوو، چوونکە ئاوەکە زۆر خەتەر بوو کە بەو تاریکە شەوە تووشی روداو بێ.

دوای پەڕینەوە، خاوەن تراکتۆرمان بۆ گوندی رکاوێ بەڕێ کرد و کاک رەسوڵیشمان لە گەڵ نارد و تراکتۆرەکەی ترمان لە چۆمی ئاوەژەڕۆیە بە ناچاری بەجێ هێشت، زۆرمان پێ ناخۆش بوو وای لێهات بەڵام لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوو.

خۆشمان بە پێیان بەرەو گوندی رکاوێ کە پێگەی دوژمنی لێ بوو وەڕێکەوتین، لە چەند ماڵی دێ نان و چامان خوارد، ئیستراحەتێکمان کرد و چەند بارگینمان لە خەڵک وەرگرت و کۆڵەپشتی و فیشەکی زیادیمان دا بەوان و بەرەو گوندی تووژەڵێ وەرێکەوتین کە بارانێکی باشمان وێکەوت و رێگای قوڕی ئەو رێگایەش هێزی لێ بڕی بووین و بە شەکەتی گەیشتینە دێ و بۆ رۆژەکەی لە پشتی ئاوایی ماینەوە.

4 مانگێک بوو لە ناوچەی لاجان، خەریکی کاری حیزبی و سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و لکی 4ی وەک هەمیشە پشتیوانی ئێمە کومیتەی لاجان بوون، زەربە لێدان لە دوژمنیش بەردەوام بوو. وەک گرتنی پێگەی گرداسێ، ئاوردانی ماشێن لە نێوان پەسوێ و گردکشانەی، لە نێوان پەسوێ و خورینج، چەندین شەڕی تر لە کوێستانەکانی قوڕوچاوێ، چوونە ناو شاری پیرانشار هتد.. ، کە دەیان کەس لە دوژمن کوژرا و بەداخەوە چەندین شەهیدمان دا کە من ناوی هەموویانم لە یاد نیە. (رەسوڵ کانی بداغی ، رەسوڵ موقەدەم، محەممەدە چووکە، رەحمان سەیدزادە جێگری لک) کە هەموویان کوڕانی زۆر قارەمان و روح سووک بوون.

ئەوە بە کورتی گەڕانەوە بۆ ناوچەی ژیانم بوو کە ئێستاش بیری دەکەم، بێمەوە سەر بریندار بوونەکەم.

شەوێک پێش بریندار بوونی من پێشمەرگەکان بوون بە دوو تیم، تیمی ئێمە سەردانێکی شێلمجاڕانمان کرد و تا درەنگایی شەو لە وێ بووین. کاک حەمەدەمین خەراپە بەرپرسی ئەم تیمە پێشمەرگەیە بوو کە لە گەڵ کومیتەی لاجان وێگڕا بووین بڕیاریان دا کە بۆ رۆژەکەی بچن لە بن گوندی خەراپەی، لە شوێنەک بە ناوی شێوران، کە دەوروبەری شاخێکی روتەنە و 10 تا 15 دەقەی پێیان لە دێ و پێگەی دوژمن لە پێش ماڵی خەراپە دورە بمێنینەوە، بۆ شوێنی مانەوە یان شوێنی شەڕ نەدەبوو، ئەوانەی ناوچەکە بەڵەدن دەزانن چواردەوەری بە ئاسانی دوژمن دەتوانێ بە ماشێن بێتە سەری، لە پێگەکانی دایەشێخی، خەراپە و زەنگیاوێ و پادەگانەکانی پەسوێ و پیرانشار نزیکە. بەگشتی ناوچەی لاجان شوێنی مانەوەی زۆر کەمە و زۆریش ناوچەیەکی حەساسە. هەموو ئەو شوێنانەی لێی دەماینەوە، بێجگە لە کوێستانی قڕوچاوێ بۆ مانەوە و هێزی پارتیزان نابێت. ئەوە بڕوا بە خەڵک و حیزبی دێمۆکڕات و خەبات بۆ ئازادی بوو کە ورەی بە ئێمەی پێشمەرگە دەدا. نام هەوێ لێرە شوێنەکان بنووسم، چوونکە شۆرش و خەبات هەروا بەردەوامە.

20 تا 25 پێشمەرگە دەبووین، لای بەیانی گەیشتینە شوێنی مەبەست و فەوری یەک یا دوو پێشمەرگەیان ناردە سەر تەپۆڵکەیەک کە چاودێڕی پێگەی دوژمن لە گوندی خەراپەی و دەوروبەر بکات. رۆژەکەی لەوێ ماینەوە و زۆربەی کاتەکەمان بە خەوتن بردە سەر، هەرچەند لە ژێرە گەرمای هەتاودا خەوتن ئاسان نەبوو، لە دێی خەراپە را خواردنمان بۆ هات و دەوروبەریشمان زۆر ئاوەدان بوو خەڵک خەریکی کاری رۆژانەی خۆیان بوون. بە خۆشیەوە کەسانی خۆفرۆش یان نەبوون، ئەگەریش هەبا زۆر کەم بوون.

بۆ تاریکی هێواڕێ هاوڕێیان نەفەریان لە ناو گوند راسپاردبوو کە هەرکات ئەوان بە عەلەتریک (چرا قووە) ئیشارەیان دا، ئەو جار ئێمە بەرەو دێ بچین. زۆر چاوەڕوان بووین خەبەر نەبوو، نیشانەش ئەوە بوو ئەگەر ئەوان ئاگادارمان نەکەنەوە، دوژمن ئیمکانی هەیە لە پێگەکەی بێتە دەرەوە و کەمینمان بۆ دابنێتەوە. بەڵام بەرپرسان گوێیان پێ نەدان و بەرەو دێ وەڕێکەوتین کە هەموو 10 دەقەیەک دەبوو. کە چووینە ناو دێ، کوڕەکان پێیان وتین و خۆشمان دەمانزانی کە هەرکات دوژمن چراکانی پێگەکەی کوژاندەوە، ئەوە دێن بۆ کەمین، یان هاتوون. کاک حەمەدەمینیش ماڵی باوکی و خێزانی لە وێ بوون، زۆری بۆ موهیم نەبوو چ دەبێ. ئێمەش نەمان دەتوانی گلەیی بکەین، دەیان وت ئێ ئەوە دەترسێی.

من کە کادری ماڵی بووم، کاک محەممەد وتی تۆ بڕۆ کاری ماڵی خۆت بکە، منیش وتم باشە دەچم، ئای کێ لە گەڵ من دێ، وتی ئەو نیە پێشمەرگە لە ناو دێیە، منیش وتم ناکرێ تەنیا بم و بە تەنیا ناچم، دوای ئەوەی من ئامادە نەبووم تەنیا بڕۆم، دوو پێشمەرگەیان لە گەڵ ناردم کە تازە هاتبوونە ناو ریزی شۆڕش.

سەردانی شووڕای ئاواییم کرد و لیستی زەکاتم لێ وەرگرت، ئەو کات، ئێمە لە گەڵ مەلای ئاوایی بۆ زەکات دەبووینە شەریک، نیوە بە نیوە. دوای وەرگرتنی ناوی ماڵەکان، چووین بۆ ماڵی عەلی مام عایزی (روحی شاد بێ)، ماڵەکەیان سەرپەڕ و عوسمانمان کردە نیگابان، من و عەلیش چووینە ژورێ وەک لە بیرم بێ کاک عەلی مام عایزی 2000 تمەنی پێدام و رەسیدم دایە. (کاک عەلی مامی شەهید رەحمان سەیدزادەی جێگری لکی 4 بوو و ئەو شەوە لە گەڵ ئێمە نەبوو، بەداخەوە 5 رۆژ دواتر لە شێلمجاڕان شەهید بوو، روحی شاد بێ) کاک عەلی زۆری هەوڵدا زیادتر دابنیشین بەڵام من وتم دەبێ لەم ماوە کەمەی لێرەین هەموو ماڵەکان بچین.

لە ماڵی کاک عەلی هاتینە دەر، دیتم کاک عوسمان زۆر نزیک لە دەرگا راوەستاوە و وەک ئەوەی هەستی بە شتێک کردبێ، جێگەی ئێمە بە هۆی چرای ماڵی کاک عەلی زۆر روناک و بەر دەرگایان پۆلە دارێکی لێ بوو. کە چوومە دەرێ بە عەلی و عوسمانیم وت من ئەوە دەڕۆم ئێوە بڕەک دوور لە من وەرن، خۆمان بۆ روداوی نەخوازراو ئامادە کردبوو. من چەند قەدەم رۆیشتم و هێشتا حەوشەکەم بە جێ نەهێشتبوو، کەوتمە بەردەسترێژی گوللە، من هیچم پێ نەکرا و کەوتمە خوار,، کەوتنە خوارێکی زۆر تووند و وەک فەنەر لاقی راستم نیشت و شڵپەم لە عەرزی هێنا. تەنیا ئاگری تفەنگەکانم بینی و بەس. من کە تفەنگەکەم بە دەستی راستم هەڵگرتبوو، دوو میتر لە خۆم دورتر کەوت و ئیمکانی گەیشتنم پێی نەبوو. دەستم لە خۆم دا هەموو گیانم شەڵالی خوێن و دەستی راستم شکاوە و لاقم لە کار کەوتووە و رانم بریندار بووە. خۆم حازر کرد بۆ مردن، لەم کاتەدا بیرم دەکردەوە دەبێ مردن چۆن بێ، ئەگەر بکەومە دەست دوژمن چیم لێدەکەن و دەیان خەیاڵی تر. گوێم تازە لە دەنگی تەقە دەبوو و بێ دەسەڵات کەوتووم. دیار بوو عەلی تەقەی لە پاسدارەکان کردبوو و ئەوان کشابوونەوە و کەمێک تەقە بێدەنگ بوو، عەلی و عوسمان هاتنە سەرم، عوسمان وتی تەفەنگەکەم گیری کرد، منیش وتم تفەنگی من هەڵگرە، عەلیش هات و وتی من چی بکەم، وتم کۆڵەپشتیەکەم ناوی خەڵک و کەمێک بەڵگە و پوڵی حیزبی تێدایە، بیبەن و بڕۆن من تازە ناژیم و برینەکەم قورسە. عەلی زۆر بە ورەوە وتی من بەجێت ناهێڵم، زۆرم پێ خۆش بوو، کە وا بە ورەم دیت. وتم دەی باشە وەرە هەڵمگرە، عەلی کەسێکی بە توانا بوو، منی بە رەخت و کۆڵەپشتیەوە بە کۆڵ دادا، ئەگەر ئەو بریندار ببا لە توانای من دا نەدەبوو هەڵیگرم و منیش رێگاکەم پێشاندا کە پێی دا هاتبووینە ناو ئاوایی. هەر بە وێدا بەرەو دەرەوەی ئاوایی رۆیشتین. دیسان پاسدارەکان دەستیان بە تەقەکردن کردەوە لێمان و عەلیش کە منی بە کۆڵێ وەبوو، جارێکی تر تەقەی لێکردنەوە. ئێمە کەوتبووینە تاریکایی و داوام لە عەلی کرد، هەرچی زووە من بەرێ بۆ دەرەوەی دێ و پێویست ناکات تەقە بکا. دەستی راستم کە کەوتبووە پێش سینگی عەلی، بێ کۆنتڕۆل دەهات و دەچوو. زۆر نیگەران بووم دەستەکەم لێ بە جێ بمێنێ و یەکجاری لێ بێتەوە. گووللەش زۆر دەهاتن چاوەڕوان بووم گوللەیەکی تریشم لە سەر پشتی عەلی وێکەوێ، کە ئێمە شوێنی کەمینەکەمان بە جێ هێشت، پێشمەرگەکانی ناو دێ، تەقەیان لە شوێنی کەمینەکە کردبوو و ئەوجار پێگەکەش بە خۆمپارە و نوورهاوێژ، دەروبەری ئاوایی داگرت .

عەلی منی بردە دەرەوەی ئاوایی، کە دەستم لە خۆمدا رانی راستم 2 گوڵلە، بەدەنم شوێنی حەساس 2 گوللە و دەستی راستم شکا بوو. بە پشتێندەکەم دەستی بۆ هەڵبەستم بەڵام بۆ رانم هێچمان پێ نەبوو.

شەهید مستەفا بەگم قەلایی، بەستەیەکی عەبی B12 پێدا بووم، پێی وتبووم ئەگەر بریندار بووم بیان خۆم بە شەرتێک زگم نەبێ، لە تاریکاییدا و پێش ئەوەی گەروم ئیشک بێ، چەند دانەیەکم خواردن. کارم بە باشی و خراپیەکەی نەبوو، هیوام بە ژیان هەبوو بەڵام نەم دەزانی داهاتووم بەرەو کوێ دەڕوا.

عەلی ماندوو بوو، منیش وەک کەلاکێک ئاسان نەبوو زۆرترم بەرێ، گەورەترین هەڵەشم کرد، داوام لێکرد بچێ بارگینە بۆرمان کە لە میشەکەی نزیک ئاوایی بەستبووە بێنێ، نوورهاوێژەکان کە دەهاوێژران مێشەکە دەردەکەوت. عوسمان بە تەنیا نەیوێرا بچێ. عەلی و عوسمان رۆیشتن بارگینە بۆر بێنن بۆ بردنی من بۆ ئەو شوێنەی کە قەرار بوو لە گەڵ هاورێیانی تر لەوێ کۆ بینەوە (هەمیشە لە دەرەوەی دێ شوێنەک دەست نیشان دەکرا بۆ ئەوەی لە کاتی شەڕ یان روداوێکدا لەوێ یەک بگرینەوە). ئەوان رۆیشتن و منیش تەنیا مامەوە و هەر چاوەڕوان بووم یان خۆمپارەیەکم وێکەوێ یان عەلی و عوسمان بە بارگینەوە بێن و بم بەن. نزیک 3 تا 4 سەعات تەنیا بووم، چاوم لە سەعاتەکەی دەستم بوو، کە دڵخۆشی خۆم دەدایەوە کە کات ماوە بۆ ئەوەی بکەومە دەست دوژمن و پێم ناخۆش بوو کە کاتەکە بەرەو 1 ی شەو دەڕوا و عوسمان و عەلی هەر خەبەریان نیە.

لە نیو ئاوایی هات و هاواری ژن و مناڵ و دەنگی پاسدارەکان دەهات کە دیان وت وەرە تەسلیم بە، وا ترسابوون هەر هات و هاواریان بوو، هەموو شوێنێکیان لێ ببووە پێشمەرگە. پێم وا بوو پێشمەرگەکانی تر لە ناو ماڵەکاندا دەوریان گیراوە و شەڕە و بڕوا بکەن لە سەر خۆم ڕا خەمی ئەوانم بوو. بڵێی شەهید و بریندارمان هەبێ.

لەم خەیاڵەدا بووم، هاوڕێم عوسمان عەبدی، فەرماندەی ئازا و قارەمان، کە ماوەی یەک تا دوو حەوتوو بوو، لە سەردەستەی پێشمەرگەکان لە لکی 4 وازی هێنا بوو، وەک هاوکاری کادر هاتبووە کۆمیتەی لاجان و ئەو شەوەش بە خۆشیەوە لە گەڵ ئێمە بوو، بێ ترس لە دوژمن و بێ ئەوەی بزانێ دوژمن هەر هەیە، تا هێزی هەبوو بانگی منی دەکرد، دەنگی دەگەیشتە مۆڵگەی دوژمن و زۆریش شۆخی دەکرد، مەلا سالیح، مامۆستا سالیح و ساڵە ( لە گردکپسیان شوێنی لە دایک بوونم هەر بە مەلا ساڵە بانگیان دەکردم) ، نیگەران بووم وتم نەکا کاک عوسمان ئەسیر کرابێ. کە جارێکی تر بانگی کردم، وڵامم دایەوە، وتی ورە لە سەر تۆ راوەستاوین، وتم تۆ وەرە من ناتوانم، کە هات وتم هەموو گیانم برینە، ئای عەلی و عوسمان، وتم ئەوان چوونە بارگینەکە بێنن. زوو بانگی کوڕەکانی تری کرد و بارگینە بۆرەی کە من زیادتر لە 3 تا 4 سەعات بوو چاوەڕوانیم دەکرد، هات و منیان خستە سەری و بەرەو گوندی زینوینجیانیان بردم لە وێ لە ماڵێکی دڵسۆز، هەر عوسمان عەبدی خۆی دەستی کرد بە دڕاندنی لیباسەکانم، خوێنی برینەکانم پێیان وە رەق هەڵاتبوو نەدەکرا دایان کەنی.

عوسمان و سەرجەم بنەماڵەکە و هاوڕێیانی پێشمەرگە لە دەورم بوون، رووتیان کردمەوە بۆ ئەوەی بزانن، کوێم بریندارە، زۆرم شەرم دەکرد، عوسمان دوای لێدانی درزیەک و کەمێک پانسمان، وتی چیت پێخۆشە بت دەینێ، وتم چ خۆشە بم دەنێ، لێی کردمە شۆخی و وتی بە پێکەنینەوە وتی وایان لێ نەکردووی شتی خۆشت بدەنێ.

شانسی من عوسمان عەبدی دەورەی سەرەتایی دەرمانی دیتبوو و شەهید حوسێنش کۆڵەپشتیە دەرمانیەکەی نەبردبووە ناو دێ. کادری دەرمانیمان شەهید حوسێن فەتحوڵایی بوو، لە کاتی هاتنە دەر لە گوندی خەراپەی لە گەڵ مرادی سۆفی هەڵبرا بوون و چوو بوون بۆ لای گردئاشەوانی و بۆ رۆژی دواتر لکی 3 ئاگاداریان کردینەوە کە سڵامەتن.

لە ماڵە خانە خوێ پانتۆڵیک و کراسێکیان دامێ و کاتی رۆیشتن لە دێ هاوڕێیان وتیان دەڵێی چی لە ناو دێ بەجێت بهێڵین و هێوارێ بێن بت بەین. منیش وتم کەیفی خۆتانە، بەڵام نارجۆکێکم بدەنێ بۆ خۆکوژی نەکا سبەی بێن و ماڵان بگەڕێن. نارجۆکەکەیان دامێ و خستمە ناو پانتۆڵەکەم و سواری بارگینە بۆریان کردم بۆ حەساری ئەو ماڵەی کە دەیان هەویست منی لێ بە جێ بهێڵن بەڵام ماڵەکە بە ژن و مناڵەوە دەستیان بە پاڕانەوە کرد کە من بە جێ نەهێڵن و ئامادەن بۆ سبەی هەرچی بریندارەکە و پێشمەرگەکان پێویستیان بێ بۆمان بێنن و دیارە ماڵیان ئاوەدان بێ، هەر واشیان کرد و ئێمەش بۆ روناکایی بەیانی لە شوێنی مەبەست، لە گەڵ تیمەکەی تر یەکترمان گرتەوە.

عەلی و عوسمانیش کە بارگینەیان نەدۆزیبۆوە، پێیان وابووە پێشمەرگەکان منیان بردوە، ئەوانیش بۆ لای نیوەڕۆ بە هاوکاری شوانێک هاتنەوە لای خۆمان، منیش دڵم حەساوە کە هیچیان لێ نەهاتووە.

ئەگەر عەلی لە دێ هەڵی نەگرتبام و عوسمانیش بانگ و دەرمانی نەکردبام، ئێستا دوای 37 ساڵ ئەم چەند دێرەم نەدەنووسی.

رۆیشتن بۆ خەستەخانە لە باشووری کوردستان

ئێمە ئەو رۆژە تا تاریک داهات ماینەوە، ئیمکانی رۆیشتن بە رۆژ نەبوو، ناوچەکە رۆژانە لە ژێر چاودێری دوژمند دابوو، رێگاکان هەمووی نەفەری بۆ دادەنرا (تەئمینی جادە)، من زۆرم ئازار و گەرمام بوو، نەم دەتوانی خۆم بجوڵێنم و لە سەر پشت درێژیان کردبووم و دواتر کەپەنکێکی شوانیان بۆ دانام، خەوم نەبوو، چەند جارێک بێهۆش بووم، کە وەهۆش هاتمەوە باسی شەهید بوونی من بوو، منیش چاوم هەڵینا و وتم نا من ماوم، جارێ کاتم نیە شەهید بم. هاوڕێیان بزەیان کەوتە سەر لێوان. شۆخێکمان هەبوو هەرکەس بریندار با، دەیان کووت دۆستەکەت کێیە بە ئێمەی بسپێرە، لەم کاتەتدا لێیان دەپرسیم دۆستت کێیە، ناوی چیە، منیش کە کەسم نەبوو تا ناوەکەی بڵێم. دیارە ئەگەر شەهید ببام ئەرکیان سووکتر دەبوو. هێوارە داهات و بوو بە باس کە کێ ساڵەی بەرێ بۆ خەستەخانە. لە لاجانەوە بۆ گۆرتیسوێ لەو دیوی قەندیل (باشووری کوردستان)، زۆر کەس ئامادە نەبوو، رێگەیەکی دوور، خەتەر. لە کۆتایی دا دیسان هاوڕێ عوسمان عەبدی وتی من ئامادەم و لە پێشەوەش دەڕۆم کەمینەکان دەشکێنم ئەگەر هەبن. لە کومیتەش هاوڕێ حەسەن ئەبروزەنی ئامادە بوو و عەلی کە پشتی هەروا خوێنی منی پێوە بوو و عوسمان کە لە دێ لە گەڵمان دابوو و هاوڕێیەکی تر ناوەکەم لە یاد نیە بە سواری بارگینە بۆری کە نەم هێشت لە بارگینەکەش قایمم کەن، وەڕێکەوتین بۆ لای قەندیلی. رێگایەکی دوور و تاقت پرۆکێن. بە خڕێ بەردشان، بەرکەمران و …. نمنجێ و بۆ گۆری دیلانان، لە هیچ گوندێک لامان نەدا و بە قەراغ گوندەکاندا رۆیشتین. رۆیشتنیش بە قەراغ گوندەکاندا لە بەر زەوی و زار زۆر ئاسان نەبوو بەڵام چار نەبوو. بۆ لای بەیانی گەیشتینە کانیاوی ئەشکەوتی سێوکێ نزیک دۆڵی نازاوایە دوای گوڕێ دیلانان کە کاتی رۆیشنیش بۆ ناوچە لەوێ شەومان کردبۆوە. هاوڕێیان بۆی خەوتن، من کە زۆر هیلاک بووم، نازانم لە بەر ژانی برینەکانم خەوم لێکەوت یان نا. بەیانی گەرما بێزاری کردم و هاوارم لێ هەستا و بڕەکیان بردمە بەر نیسێیە. لە رێگادا هەر شوێنەک خوڕەی ئاو هاتبا، قدوو نایلۆنێکی ساندیسم پێ بوو، حەسەن ئەبروزەنی دوو جنێوی پێ دەدام و بۆی پڕ دەکردمەوە تا دەگەیشتە کانیاوێکی تر.

زۆر جار دەڵێن نابێ بریندار ئاوی پێ بدرێ، من ئاویان پێ نەدابام دوو سەعاتیش خۆم پێ نەدەگیرا، گەرووم وشک بوو، ئاوەکە هیزی نەفەس کێشانی پێ دەبەخشیم. ئاو نەبا خنکابووم.

دوای حەسانەوەیەکی باش، دیسان دەستمان بە رۆیشتن کردەوە، گەیشتێنە دەرەوە سپێ، لە بناری قەندیل و هاوڕێم مستەفا بەگم قەڵایی لە وێ بەرپرسی گۆمرگ بوو، روحی شاد ئاخرین دیدارمان بوو، هەر ئەو ساڵە لە نەمنجێ بە دەستکیسی خۆفرۆش ئەبوبەکر ئەحمەدی لە گوندی نمنجێ شەهید کرا. فەوری نان و شوتی و چای بۆ هاوڕێیان دانا بەڵام من هێز و ئیشتیای خواردنم نەبوو، بێجگە لە ئاو. دوای حەسانەوە، دیسان وەڕێکەوتین، عوسمان عەبدی وەک هەمیشە وەپێش کەوت و لێمان ون بوو، حەسەن ئەبروزەنیش لە تەواوی رێگا کە ئاگای لە من بوو بە دەست منەوە پێوە ببوو. هەر ماندوو بام منی دەهێنا خوارێ و دەیبردمەوە سەر بارگینە بۆری و هەموو جارێکیش دوو جنیوی پێدەدام، منیش ئەوە نەبوو بێ وڵام بم. حەسەن بۆ بارکردن و کۆنترۆڵی بارگین زۆر زیرەک بوو، چوونکە پێش ئەوەی ببێتە پێشمەرگە کاری قاچاخچیەتی کردبوو.

رێگای نێوان دەروە سپی و سەوەی زۆری گوێنی هەبوو، منیش کە کۆنتڕۆڵم بە سەر لاقی راستم دا نەبوو، بێجگە لە ئازاری برینەکەم، ئازاری دڕوانیشی هاتە سەر. هەموو پشتی پەنجەم دەتکووت پشیلە رنیویەتی.

لە سەوەی تێپەڕین و شۆڕ بووینەوە بۆ گۆڕتیسوێ، هەورازەکە زۆر زۆر رژد و پێچ پێچە، وەک لە دیوار بێیە خوارێ. داوامان لە حەسەن کرد لێم گەڕێ لێرە بم تا بەیانی روناک دادێ، نەم باتە خوارێ، بارگینەکە و من هەڵدەدێرێین. وتی هەر دەت بەمە خوارێ تۆ زۆر زمان درێژی دەکەی برینداری وا زامان درێژم نەدیوە. وتم حەسەن من بە ساغی نەمتوانیوە بە سواری بارگین بێرەدا بڕۆم، چۆن ئێستا خۆم بگرم بەم شەوە تاریکەی. بە قسە نەکردم، کوتی خۆت بگرە و زۆری مەڵێ. دوو پێچ رۆیشتین خەریک بوو هەموومان هەڵدێرێن، حەسەن ترسا، منی هێنایە خوارێ و پەتۆیەکی پڵینگیمان لە گومرگ را هێنابوو بۆی راخستم و لە لام دانیشت، نازانم من خەوم لێکەوت یان نا، دەنگ دەنگ پەیدا بوو. دیتمان هاوڕێ عوسمان عەبدی گەیشتۆتە کۆمیتە شارستانی پیرانشار لە گۆرتیسوێ، چەند پێشمەرگە و کادری دەرمانی و هێسترێکیان هێناوە. کادری دەرمانی، کاک عوسمان تابناک کە کادرێکی دەرمانی بە توانا بوو، بیرم نایە لەوێ پانسمانی کردم یان نا، سواری هێسترەیان کردم و شەهید سولەیمان چکردەش، روحی شاد زۆر بە تاقەت بوو. لە هێسترەکەیان قایم کردم و لە هەر شوێنەک خەتەر با شەهید سولەیمان کلکی هێستر و ئەوانی تریش رەشمەی هێستریان دەگرت تا گەیشتینە کۆمیتە شارستان کە لە خێوەت دا بوون. ئەگەر لە بیرم بێ سەعات 4ی بەیانی کاری بچووکم هەبوو، چاوم هەڵێنا هەموو دەوروبەرم تاریک بوو، هەستم کرد کەسم لە لا نەماوە، یەک بە خۆم بانگی حەسەنیم کرد. زۆر ترسا وتی چ بووە، قدوویەکی بۆ هێنام و حەسامەوە و خەوەکەشم لە وی تێکدا.

بۆ سبەی بەیانی بێسمیان بۆ بنکەی قەڵادزێ کرد، لای سەعات 11ی نیوەڕۆیە منیان گەیاندە بستووی ئەستێرۆکان کە کاک یۆسف چاوجوان چاوڕوانمان بوو.

گەیشتینە قەلادزێ وتیان خەستەخانەی شۆڕشی حیزب، دوکتۆری لێ نیە و منیان بردە خەستەخانەی عەسکەری رانیە کە زۆر خراپ و ناخۆش و پێراگەیشتنیان باش نەبوو و لێشیان حاڵی نەدەبووم. یەک دوو برینداری تریشان هێنا، کە هاوڕێی خۆم بوون، جەهانگیر و خالید مەناف. من و خالیدیان هەر یەکەو لەسەر تەختێکی دانابوو بۆ پانسمان، ژانمان زۆر بوو، من پێم عەیب بوو هاوار بکەم. بێ سڕکردن کەوتنە گیانم، زۆر لە بریندار بوونەکە ناخۆشتر بوو. گەچیان دەدەستیشم گرت. دوای 7 رۆژ من و جەهانگیریان بە زیلێکی عەسکەری کە وەک ترێلی تراکتۆر ناخۆش بوو لە گەڵ عەڕەبێکی نەخۆش برد بۆ بیمارستانی عەسکەری کەرکوک کە زۆر گەورە بوو. لەوێ گەچەکەی دەستمیان لێ کردەوە و وتیان خراپ تێگیراوە. وەرگێڕەکە کارمەندێکی کوردی خەستەخانەکە بوو. زۆریان ئازار دام دەستت برین بێ و بیکێشن بۆ ئەوەی راست بێ، بێ سڕ کردن و بێ نەهایەت ناخۆش بوو. 3 جاریش لەوێ گەچیان تێگرت و دوای وێنەگرتن دەریان هێنایەوە، هەر خراپ دەردەچوو، ئێستاش هەر خواری گرتۆتەوە. دڵخۆشیمان ئەو کوردانە بوون کە لەوێ کاریان دەکرد و بەراست زۆریان رێز لێ دەگرتین.

دوای 4 رۆژ مانەوە، هەر چاوەڕوان بووم کە بەرپرسانی حیزبی دێمۆکڕات لێم بپرسنەوە بەڵام خەبەریان نەبوو. دوکتۆرێکی نیزامی هات و زۆر بێ بەزەیانە پانسمانی رانمی لێکردەوە کە خوێن فێچقەی کرد و زۆری ئازار پێگەیاندم لە خەستەخانە ئازادیان کردم. منیان لە ئامبوڵانسێکی ناخۆش نا و پێیان وا بوو حیزب دێمۆکڕات بنکەی لە کەرکوک هەیە، هەر دەیان وت موعارەزە، نەیان دەزانی حیزبی دێمۆکڕات چ حیزبێکە. زۆریان گێڕام 4 تا 5 سەعات لە ناوی گەرمای کەرکوک، زۆر ئیدارە چوون، من لێیان حاڵی نەدەبووم. دواتر بردیانم بۆ لای موجاهیدین و بە ئایفۆنی دەرگا بە کابرام وت من پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتم و من موجاهید نیم و با تەحویلی حدکام بدەن من نایەمە لای ئێوە، ئەو کات هەر لە گەڵ موجاهیدین نێوانمان خۆش نەبوو. دیارە بوو کابرا رێنوێنی کردبوون، بردیانم پێم وایە بۆ موخابەراتی ئێڕاقی و دواتر بۆ فندەق سەنووبەر و لە وێڕا بنکەی سولەیمانیەیان ئاگادار کردەوە. زۆرم برسی بوو کوتیان چ دەخۆی، 10 دینارم پێ بوو، بە یەک دینار یەک مریشکی برژاویان بۆ هێنام و بۆ لای 7 ی ئێوارێ کاک حاجی ئاشپەز هات و رۆژی دواتر چووینەوە سولەیمانیە و دواتر ناردیانمەوە خەستەخانەی 25 ی گەلاوێژ.

گەیشمە خەستەخانەی گەلاوێژ، وەک ئەوە وابوو چوومەتەوە ماڵە خۆمان، زۆرم ژان هەبوو بەڵام هەستم بە ئاسوودەیی دەکرد. خەستەخانەی رانیە و کەرکووک زۆر ناخۆش بوون لەوە ناخۆشتر کەسی خۆمان قەت سەردانیان نەدەکردی و کەس نەبوو ئاگای لێت بێ.

دوای ماوەیەک نازانم چەند رۆژ بوو، ناردیانم بۆ بەشی کۆمەڵایەتی کە کاک حەسەن رەستگار بەرپرس بوو و سەکینە جەوانمەردیش کادری وێ بوو. کووتی سەکین بۆی بنووسە بۆ ئاسایشگا، منیش وتم کاک حەسەن ناچم بۆ ئاسایشگا، ئەوان ماشێنیان نیە، من هەموو رۆژێ دەبێ بچم بۆ دەرمان کردن. وتی ئای کوێت دەوێ، وتم لە میوانخانەی دەفتەر دەبم. کووتی سەکین بۆی بنووسە با بچێ بۆ میوانخانە. ماوەی یەک مانگ لە گەڵ کەریم کەژاڵ (روحی شاد) و سەرهەنگ لە میوانخانە بووم و تەواو حەسامەوە و رۆژانەش دەچومم بۆ دەرمان کردنی برینەکانم.

دوای ئەو مانگە جارێک ناردیانم بۆ بەغدا کە هیچ سوودی نەبوو و دواتر ناردیانم بۆ خەستەخانەی شۆڕش و 4 تا 5 مانگێک لە وێ بووم و 2 جار دەستم عەمەل کرا کە هەردوکیان سەرکەوتوو بوون.

نزیکەی 2 مانگ دەستم لە گەچ دابوو، کە نەم توانی بوو، حەمامێک بکەم. بن گەچەکەش زۆر دەخورا، وەک کورەکانی تر بە شیشەی کەڵاشینکۆف بن گەچەکەمان دەخوراند. رۆژێک دەریان هێنا و بردیانم، وێنەیەکیان لێگرت و دوکتۆر وتی نابێ، چاک نەبۆتەوە، دەبێ گەچی تێبگرینەوە. زۆرم پێ ناخۆش بوو، لێی پاڕامەوە کە ئامادەم نەیجوڵێنم تا چاک دەبێتەوە، هەر واشم کرد.

کە گەچەکیان دەرهێنا، زۆر چڵکن بووم، لە گەڵ هاوڕێیەکی پێشمەرگە کە ئەو چاکتر ببووە، چووینە حەمامێ، هاوکاری کردم، هەرچی چڵکی بە دەست و پشتم وەبوو لێمان کردەوە . یانی دوای 2 مانگ یەکەم جار بوو دەمتوانی هەموو گیانم بشۆم کە هەستێکی زۆر خۆشی هەبوو و لە خۆ خوراندن نە جاتیم بوو.

کادرەکانی خەستەخانەکانی حیزب زۆر زۆریان خزمەتی بریندارەکان دەکرد و زۆر ماندوو بوون. لێرەوە سوپاسی تەک تەکیان دەکەم. سوپاسی دوکتۆرانی بێسنوور دەکەم کە لە سەخترین شەرایت دا خزمەتی ئێمەیان دەکرد . ئێمە هەموو قەرزداری ئەوانین.

تێبینی: بەداخەوە ئەو شەوە کە من بریندار بووم، کاک عەلی مام عایزیش وا دەزانێ کە پێشمەرگەی خۆمانن و خۆمان لێکمان داوە، دێتە دەرێ و گوللەیەکی وەلاقی دەکەوێ. دوای چەند مانگێک لاقی چڵک دەکا، پێشمەرگەکان داوای لێدەکەن و هاوکاری دەکەن کە بچێ بۆ خستەخانەی حدکا لە باشوور بەڵام ناوێرێ و بەداخەوە کۆچی دوایی دەکا.

سڵاو لە روحی کاک عەلی و هەموو شەهیدانی کوردستان

سوپاس بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لاجان کە زۆریان خزمەتی ئێمەی پێشمەرگەکرد.