کۆچی دوایی کاک ئەحمەد قادری، کادری دێرینی حیزبی دێموکرات

کۆچی دوایی کاک ئەحمەد قادری، کادری دێرینی حیزبی دێموکرات
کاک ئەحمەد قادری، کادری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش شەش دەیە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ڕزگاریی کوردستان و مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەی کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەرمانان کاک ئەحمەد قادری، پێشمەرگەی شاعیر و کادری بەوەج، ماندوویی‌نه‌ناس و هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات پاش چەند مانگ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا ماڵئاوایی لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوسەنگەرانی کرد و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانی گەلەکەیەوە.
کاک ئەحمەد قادری ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی وەرزێڕی گوندی “نجنێی سەروو” لە ناوچەی بانە لەدایک بوو. بەهۆی بێدەرەتانیی بنەماڵەکەی و نەبوونی خوێندنگە لە ئاواییەکەیان نەیتوانی بچێتە قوتابخانە و، خوێندن و نووسین و پەروەردەی لە حوجرەی فەقێیان دەست پێ کرد. ساڵی ١٣٤٢ دوای ئاشنابوون بە بیر و ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تێکەڵاوی لەگەڵ تێکۆشەرانی سیاسیی نەتەوەکەی بەڕەسمیی بوو بە ئەندامی حیزب. ساڵی ١٣٥٨ و لەگەڵ هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردستان بەڕەسمی و تەواووەخت هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمیتە شارستانی بانەدا سازمان درا.
کاک ئەحمەد لە ماوەی ٤٢ ساڵ پێشمەرگایەتییدا لە زۆر ئۆڕگان و بەشی حیزب کاری کرد و بەرپرسایەتیی گرتەئەستۆ، وەک: بەرپرسایەتیی کۆمیتە ناوچەی نەمەشیر لە بانە، بەرپرسایەتیی کۆمیتەی ناوچەی مەیدان لە بانە، کادری سیاسیی هێزی ئاڕبابا، ئەندامی کۆمیتەی ئیجڕایی کۆمیتە شارستانی بانە و کادری دەرمانی لە کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب.
نەمر ئەحمەد قادری لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییەوە ئەرک و تێکۆشانی حیزبیی گواستەوە بۆ بەشی ڕاگەیاندن. کاک ئەحمەد وەک کادرێکی بەوەجی “ڕادیۆ دەنگی کوردستان” هاوکات هاوکاریی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی “کوردستان”، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتیشی دەکرد و پاشان لەگەڵ دامەزرانی “کوردکاناڵ” وەک ئامادەکار و بەرهەمهێنەری بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکان تا کاتی نەخۆشکەوتنی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پێشمەرگایەتیی بەردەوام بوو.
کاک ئەحمەد قادری وەک پێشمەرگەیەکی بەوەج، ئەدیب و شاعیرێکی دەروەست و خاوەن‌خامەی شۆڕشگێڕی نموونەی خەباتکارێکی ماندوویی‌نەناسی نەتەوەکەی بوو. ئەو مرۆڤێکی ئه‌رکناس و خاکه‌ڕا، سادق و خۆبەختکەر بوو. بۆ ئەو خەبات لەپێناو سەربەستی و بەختیاریی نەتەوەکەی سەرەڕای هەموو سەختی و تێچووەکانی لە سەرووی هەموو شت بوو؛ هەر بۆیەش تا دوا هەناسەی و بۆ ماوەی پتر لە ٦٠ ساڵ لە سەنگەری خەبات و ئازادیخوازیی گەلەکەیدا مایەوە.
حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان بە مەرگی کاک ئەحمەد قادری یەکێک لە دڵسۆزترین و شێلگیرترین خەباتکاری سیاسیی خۆی لەدەست دا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک ئەحمەد قادری سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری، هاوسەنگەرانی، خەڵکی ناوچەی بانە و هەموو ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا. هەروەها بەڵێن دەدات کە خەبات و تێکۆشانی هاوقوتابی و هاوڕێبارێکانی کاک ئەحمەد هەتا وەدیهێنانی دوائامانج و خەونەکانی درێژەی دەبێت.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢