مامە قالە شۆڕش مرۆڤێک لە جینسی پۆڵا. حەمەڕەسووڵ کەریمی

مامە قالە شۆڕش مرۆڤێک لە جینسی پۆڵا. حەمەڕەسووڵ کەریمی

لە مێژ ساڵ بوو ناو و ناوبانگی مامە قاڵە شۆڕشم بیست بوو، کاتێک پێشمەرگە چاونەترسەکانی هێزی ئاربابا لە گەڵ پێشمەرگە خۆنەویستەکانی هێزی مینەشەم تێکەڵ دەبوون، زۆرجار باس لە پۆلێک تێکۆشەری دێرینی وەک مامە قاڵە شۆڕش، مامە قالەی سوتوو، سەید قادر قایەبەردی، خاڵ مستەفا خاڵە کەریم و زۆرێک لەو کەسانە دەکرا کە وەک پێشەنگ و پێشرەوی دێموکرات لە ناوچەی بانە و سەقز و بەشێک لە ڕەبەت دەناسران، دوای ساڵانێک پێشمەرگایەتی لە ساڵی ١٣٦٥ ی هەتاوی لە ئۆردوگای کارێزە و لە نەخۆشخانەی ٢٥ ی گەلاوێژ چاوم بە مرۆڤێکی بەتەمەن و قسەخۆش کەوت کە سەردانی هەموو بریندار و نەخۆشەکانی دەکرد و هەمووان بە مامە بانگیان دەکرد، منیش هەر بە مامە بانگم کرد و دواتر پرسیارم کرد کە مامە کێ‌یە؟ کورەکان ناو و ناوبانگیان بۆ باس کردم کە ئەو تێکۆشەرە مامە قالە شۆڕشە.

لەو کاتەوە دوور و نزیک لە خزمەتی دابووم، لەگەڵ کوڕەکانی کاک جەماڵ و کاک مستەفا (ئازاد بانەیی) کە پێشمەرگە بوون ئاشنا بووم و ساڵانێکی دوور و درێژ بە یەکەوە خەباتمان کرد، لە وڵاتی سوئێد زیاتر لەگەڵیان تێکەڵ بووم، دەیان جار بە سەردان چوومە خزمەت مامە قالە و دایە فاتم و کوڕەکانی، کە ئەوە بۆ من جێگای شانازی بووە، لە هەموو ئەو سەفەرانە دا مامە قالە بە دڵێکی ئاواڵەوە ئامیزی بۆ من و هاورێیان کە هاوسەفەر بووین دەکردەوە و بە قسە و بە سەرهاتەکانی ڕێنوێنی دەکردین، لە ئەزموونی ژیانی خۆی فێری وانەی بە یەکەوە بوونی دەکردین.

مامە قالە مرۆڤێکی تەژی لە خۆشەویستی و پاکی بوو، کەسێکی وەفادار بە ڕێبازی شەهید پێشەوا قازی و شەهیدانی گەل بوو، بە حەسرەتەوە باسی ئەو ڕۆژانەی دەکرد کە لە مەهاباد لە کاتی کۆماری کوردستان دا لە خزمەت کاربەدەستانی کۆمار دابووە، بە شانازی‌یەوە باسی لە حیزبایەتی و ئەندام بوونی خۆی لە هەموو قۆناخەکانی ژیانی دا دەکرد، باسی لە زیندان و گرتووخانەکانی رژێمی پاشایەتی دەکرد و باسی خۆراگری زیندانیان و هاوبەندی‌یەکانی خۆی دەکرد. زۆرجار شێعر و هەڵبەستەکانی خۆی بۆ دەخوێندینەوە، مرۆڤێکی بە ئیمان و باوەرمەندە بە ئیسلام بوو، ئەو ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی تەرخانی ڕزگاری گەل و نیشتمان کرد. ئەو بۆ سەروەت و سامان و دارایی نەببوو بە پێشمەرگە، بەڵکوو سەروەت و سامانی مڵک و ماڵێکی زۆری بە جێ هێشتبوو بۆ ئەوەی هەژارەکان لە بەندی نەداری و زوڵم ڕزگار بکات.

زۆرجار چاوی پڕ دەبوون لە فرمێسک و لە سەرخۆ دەیگووت خۆزگە هەر پێشمەرگەی نێو سەنگەر بام، خۆزگە لە تەنیشت ئەو کەسانە بام کە چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان دانەناوە و هەنووکەش هەر پێشمەرگەن، خەمی لە ئازار و نەداری و هەژاری هەموو لایەک دەخوارد، بە دڵەوە یارمەتی ئەو کەسانەی دەدا کە پێویستیان بە یارمەتی هەبوو. مامە قالە هەموو منداڵەکانی فێری کوردایەتی راستەقینە و نیشتمانپەروەری کرد و هانی دان کە تا سەر بەو ڕێگایە دا بڕۆن کە حەزرەتی پێشەوا پێیدا ڕۆیشتووە.

ئەوانەی لە ئوروپا دەژین و بە تایبەت لە سکاندیناوین، زۆر چاک دەزانن بڕینی ٦٠٠ شەش سەد کیلومیتر بۆ بەشداری لە کۆڕوکۆبونەوەکان دا بۆ گەنجەکانیش دژوارە چ بگا بۆ مرۆڤێکی بە ساڵاچووی وەک مامە قالە، بەڵام ئەو بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمەکان دا بە جل‌وبەرگی کوردانە و بە بەستنی فەقێ‌یانە و هەڵبەستنی شەدە و لەبەر کردنی پەستەکی مەرز دەردەکەوت و بەشداری دەکرد، بەشداربووان بە دڵەوە وێنەیان لەگەڵ دەگرت، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان بە سەراحەت قسەی خۆی دەکرد، مرۆڤێکی قسە لەڕوو و بە هەڵوێست بوو، سەخی و مێهرەبان بوو.

بەداخەوە مامە قالە ماوەی چەند حەوتوویەک بوو نەخۆش کەوت بوو و بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشییە تازەکەی دەکرد، مخابن مەرگ مەودای نەدا کە جارێکی دیکە لە بانەی خۆشەویست زێدی لە دایکبوونی چاوی بە ئازیزانی بکەوێتەوە و ئازادی نیشتمانەکەی بە چاوی خۆی ببینێ .

مامە قالە گیان سەفەرت بە خێر! دڵنیا بە ڕێگای خەباتت هەر ئاوەدان دەبێ و بڵێنی دەدەم کە تا سەر بە ڕێگا و ڕێبازی تۆی هەرگیز نەمر دا کە ڕێبازی پڕ سەروەری شەهیدان قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی و هەزاران شەهیدی وەک حەمەدەمینی فەتحیانی برات دا هەنگاو بنێین، ڕووحت شاد و جێگات بەهەشتی بەرین بێ.

سەرەخۆشی لە یەکەیەکەی ئەندامانی بنەماڵەکەت، لە دایە فاتمی خۆشەویست، کاک جەمال و کاک ئازاد بانەیی و کچەکان و نەوەکانت و هەموو ئەوانەی کە خۆشت دەویستن دەکەم، سەرەخۆشی لە ئەندامانی حیزب لە هاورێ و هاوسەنگەرەکانت دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی تۆی خۆشەویست دەزانم، بە هیوای ئەوە کە ڕۆژێک روفاتی تۆی خۆشەویست لە زێدی لە دایکبوونت بە خاکی پیرۆزی نیشتمان بسپێرین و پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی تۆی خۆشەویست و هەموو ئەو کەسانە بکەین کە لە هەندەران بە تاسەی ئازادی کوردستانەوە گیانیان بەخشیوە.

ڕووحت شاد پیاوە خاکی پۆش و فەرنەجی پۆشەکەی بانە

حەمەرەسووڵ کەریمی

٠٦ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٨