مار پێوەدان لە کەتیرە و بەسەرهاتەکانی چوونە قەندیل (بەشی یەکەم). عەلی شەخسی

مار پێوەدان لە کەتیرە و بەسەرهاتەکانی چوونە قەندیل (بەشی یەکەم). عەلی شەخسی

منداڵی و شاری سەردەشت

خانوویەکی بچکولانە و کۆشێک منداڵ بووین. دایوبابم سونبولی زەحمەتکێشی بوون و مێروولە ‌ئاسا بەردەوام لە جوڵەدا بوون بۆ ئەوەی بژیوی ئێمە دابین‌ بکەن. ئەم دوو مرۆڤە کۆڵنەدەرە کەم وێنە بوون لە بریاری بشت بەخۆ بەستن و بێمنەت ژیان، ئێمەیان فێر دەکرد کە دەست لە کەس پان نەکەینەوە و نانی سەربەرزی بخۆین.
ئەگەرچی، ژیان پڕبوو لە نەبوونی، بەڵام ساکاری ، قەناعەت ، خۆشەویستی و یەکترویستی، بزوێنەری کەنین و شادیمان بوو. ئەگینا قەت سگ پر بەدڵ تێر نەبوو، دیارە هەر ئێمەش وا نەبووین خەڵکی زۆری شار بە بێکاریئ و نەداری دەیگووزەرانت.
شاری سەردەشت ئەو کات هەر ناوی شار بوو و پرۆسەی گەشەی سرووشتی شاری بەخۆوە نەبینیبوو. سیاسەتی دەولەتی ناوەندی بەزەبری سەپاندنی کەشی ئەمنیەتی و میلیتاریستی دەیویست دەسەڵاتی خۆی جێگیر کات و بۆ ئەمکارەش پادەگان و پێگە گەورەکانی ئەرتەش هەموو کوردستانیان تەنیبوو، شاری سەردەشتیش سەربازخانەیەکی گەورەی لێ جێگیر کرابوو کە بە “پادگان” ناوی دەهات. گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئارادا نەبوو و جگە لە رێژەیەکی کەم کە کارمەند و فەرمانبەری دەولەت بوون، زۆرینەی خەلک بێکار یان سەرقالی هێندیک کاری وەرزی بوون. هیچ چەشنە کارگە یان شوێنی کار بۆ جەماوەری هەژار لە شار و دەوروبەر بوونی نەبوو.

مالی ئیمەش وەک زوربەی خەلکی ناوچەکە هەژار و بێ‌داهاتی بەردەوام بوون. نەملک وماڵمان بوو و نەدەسمایە. کاریش دەست نەدەکەوت بۆیە بەشیک لە خەڵک بۆ کرێکاری دەچوونە شارەکانیتری ئێران و ئێمەش بریارماندا بۆ “کەتیرە کردن” بچین بۆ کویستانەکانی قەندیل.

ساردی و سەرمای زستان کۆتایی هاتبوو بەهار بە هەموو جوانیەکانیەو خەریکی خۆنیشاندان بوو و مژدەی رۆژانی نوێ و ساڵی تازەی دەدا. جوانی گول و مێرگوڵزار و دەنگی خۆشی تەیرو باڵدارەکانی چێا و دۆڵ و دەشت ئارامی بە دەروون دەبەخشی. قاسپەی کەو تێکەڵ بە دەنگی شـمشالی شوان و بالۆرەی بێریی و کوێستانچیەکانی بناری قەندیل ببوو. بەهاران قەندیل دنیایکی پرە لە هەوای پاک، ئاوی زوڵال، بەفری بە ساڵان بەسەر یەک دا باریوو، کوێستانی بەرز و شاخاوی، دەیان سەفاتی جوان و سەرسوورهێنەری تێدا بەدی دەکرا کە وەک تابڵۆیەکی جوان و رازاوەی سرووشت، دەروون و دونیای منداڵی منی بەخۆیەوە خەریک کردبوو.

هەڵکەوتەی کوێستانەکانی قەندیل بە شێوەیەک بوو کە کەوتبوو سەر سنووری دەستکردی هەردوو دیووی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. دوو حکومەتی داگیرکەری بەعسی عێراق و حەمە رەزاشای گۆر بەگۆر مۆلگەکانیان لە سەر بەرزایەکانی ئەودیو ئەودیوی سنووری دەستکرد دانابوو. قەندیل لە چەند بوارەوە بۆ کورد خاوەنی تایبەتمەندی گرینگە. ویرای ئەوەی سەرچاوەی ئاو هەوای سازگار و مێرکی بژوێن و لەوڕگەی باشی ماڵاتی مەردارانە، هەموو کات پێگەیەکی قایم و ستراتژیکی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و پشتیوانی خەباتکاران بوە.

کاتێک ساردی و سەرمای سەختی ئەم ناوە تەواو دەبوو، مەردار و کویستانچی و جەڵەبکر و کاسبکاری هەردوو دیوی قەندیل روویان تێدەکرد و بژیوی خویان لەسەر سینگی هەڵدکراند.

یەکێک لە کاسبکارانی بناری قەندیل بنەمالەی ئێمە بوو. سالی ١٩٧٤ بوو و ئێمە پاییز و زستانمان بە نەداری تێپەرکردبوو. دەستمان بەو پەسمەندە کەمەوە دەگرت تا بگەیینە سەمای شینایی سروشت لەبەر دەم هەتاوی بژوێنەر دەست بەکار بینەوە.

دایوبابم بە بەردەوامی لە هەوڵ و تێکۆشاندا بوون بۆ بەدەست هێنانی ژیان و گوزەرانی خۆیان و منداڵەکانیان. بەهاران دوای تەواو بوونی قوتابخانە ئێمە، بارگەوبنەیان دەپێچایەوە و دەگەڵ یەک یان چەند بنەمالەیەکیتر، بەرو کوێستانەکانی قەندیل دەرۆیشتن بۆ کەتیرە کردن.
ئەم جارەیان دەگەل دوو ماڵی تر لە سەردەشتەوە هاتینە پیرانشار و پاشان شەوێک لە دەم رووباری دەشتی زێوە و کۆنە لاجان ماینەوە. بۆ بەیانی بابەکان چوونە گوندی زێوە و نیزیک بە دە گوێدرێژیان لە گوندی بەکرێ گرتن و چەند کەس لە خاوەنەکانیان بوونە چاوساغ و رێپێشاندەر. وەک ساڵانی پێشوو ئێمە بەرەوو بەرزاییەکانی (هەوارقاسمەی) ملی رێگەمان گرت. هەوار قاسمە بەرزایەکە پشت بە قەندیلەوەیە و دەروانیتە هەموو دەشتی لاجان و و زۆربەی گووندەکانی ئەم ناوەی لێرا دیارە.
ئێمەش هاورێ دەگەڵ خێزانێکی تر کە ئەوانیش خاوەن مندالی زۆر بوون، پشت لە ئاوەدانی و روو لە کوێستانێ, بۆ ماوەی ٧-٨ ساعاتان بە قەد باڵ و هەڵدێر و تەلاناندا ئەو شاخ ئەو دۆڵمان دەبری بۆ دەست پێکردنی زۆرانبازی دەگەڵ ڕوەکی “گوێنی”.
گوێنی روەکێکی کوێستانیە، پان دەبێتەوە و تا نزیک میترێک بەرز دەبێت. بۆ سووتان بکار دێت , گەر قەدی گوێنیەکە بریندار بکرێت، شیلەیەکی ئاماڵ سپی دەردەکات و ناوی کەتیرەیە. ئەو کەتیرە لە عەجەمستان بۆ کاروباری پیشەسازی دەکار دێت. کەتیرە کردن کە زەحمەتێکی زۆری دەوێت یەک لە سەرچاوەکانی داهاتی بنەمالە زەحمەتکێشەکان بوو.
دیارە گوێنیەکانیش چەند جۆرن. گوێنیە سپیە بۆ کەتیرە گوندە و گوینیە رەشە بۆ کەتیرە ریزە یان شفرە دەبێت.
لە نیوەی رێگا خێزانی هاورێمان لێ جیا بوونەوە بەرە و هەوارگەی (ئاشەکۆنان) رۆیشتن. ئەوانیش وەک ئێمە کۆشێک منداڵی ورد و درشت بوون بۆ هەمان مەبەستی بژێوی ژیان و شەر بۆ مانەوە سەری خۆیان هەڵگرتبوو و هاتبوونە شەری سرووشت تا نان لە سینگی گوێنی بستێنن.
گوینیەکان بە تیلە باسکانەوە درەوێن و دەبوو دەیان باسکان هەڵبژێری و پاوانیان بکەی بۆ خۆت. هەر بۆیە ماڵە خزم و برادەرەکان کە بەیەکەوە دەچووین ماڵە کانمان لانی کەم ٢ ساعەت بە پێیان لێک دوور درووست بکەین بۆ ئەوەی پانتایی زۆرمان بە دەستەوە بێت و سنووری قەدەغەی یەکتر نەبەزێنین و هەر کەس بەرهەمی رەنجی خۆی بچنێتەوە.

بابی مەش ئەمسال قەراری مانەوە لە (کانیە ساردی) دا بوو. بنەماڵەی ئێمە شەش برا و دوو خۆشک بووین. ئیوارە دەرنگ گەیشتینە شوێنی مانەوەمان. دوای ئاگر کردنەوە و نان خواردنی شەو، لە دەوری یەک و لە پەنا ئاژنە دار و تیروێ و تاتە بەردان دا لەناو سەرمایەکی بێ ئامان سەرمان نایەوە و یەکەم شەوی سەفەری نانمان لە کویستانەکانی قەندیل کردە رۆژ.

بەیانی ئەو کەسەی خاوەن گوێدرێژکان بوو و هاوکات چاوساغیشمان بوو ماڵئاوای لێ کردین و بەرەو گوندی زێوەی کۆنەلاجانێ گەرایەوە
رۆژی یەکەمی کەتیرە کردن تەرخان دەکەرا بۆ کەپر درووست کردن. هەموو لایەک ورد و درشت بەردمان کۆ دەکردنەوە و بابیشم بە ویشکە کەڵەک لەسەر یەکی هەڵدەچنین و شوورەیەکی سێ بە چوارمان کە بەرزاییەکە بەقەد بەژنی پیاوک بوو درووست دەکرد. پاشان لکە دارسپیداری زۆر باریک کە لە دەشتی کۆنەلاجان را دەگەڵ خۆمان دەمان‌هێنان بەسەر کەڵەکەکەدا راماندەهێشن و تەلیسی بەنی هەڵبراوی لێکدوراومان بەسەر دا رادەخستن و لکە دار و ئاژنەی ناسک یان تیروێمان لەسەر دادەنان.

هەر وەک پێشتر باسم کرد، کەتیرە بە سێ جۆر لە (گوێنی) دردەهات و کۆ دەکرایەوە. گوێنی سپی و رەشی هەیە، کە ریشە گیایەکی سەر درکاوی بە بەرزی و پانی ئەگەر زۆر گەور با، ئەندازەی ئەژنۆیەک دەبوو، گوێنیە سپیەکان گەورەتر بوون.

پرۆسەکەی بەم شێوەیە بوو کە وەک زۆر جار کارە زەحمەتەکە بەر پیاو و گەورەکان دەکەوت. بابم و کاک حەسەنم سەرەتا دەچوون بە پاچان دەوری گوێنیەکانیان دەدایەوە و بە شفرە( شفرە لە ئاسنێکی نەرمی ٢٠ سانتیمی بوو کە سەرێکی زۆر تیژی هەبوو کە سێ قامک پان بوو و سەرەکەی تریش پانکراوە بوو) لاسکی گوێنیەکەیان بریندار دەکرد بە شێوەیەک کە قەدی گوێنیەکە نەبرێتەوە و لابەلا قەدەکەی لەل دەدرا. لە برینەکە کە بەئەندازەی دەمی شفرەکە بوو، کەتیرە لە ماوەی یەک دوو حەفتەدا، دەهاتەدەری و بەوێوە ویشک دەبوو. لەسەر یەک پاش سێ حەفتە ئەمجار ژن و کچ و کوری منداڵکار دەچوون گوێنی بە گوێنی کەتیرەکەیان کۆ دەکردەوە و دە تەلیسانیان دەکرد. کەتیرە کڕ یان دەهاتن هەر لە کوێستانێ لێیان دەکرین یان دەگەڵ خۆمان دەمان بردەوە بۆ شار بۆ فرۆشتن.

شێوەی تری کتیرە کردن کە زۆرتر ژن و مێرمنداڵ دەیان کرد. هێندێک لە گوێنیە کان بە بێ بریندار کردن کەتیرەیان دەردەدا و بەوێوە ویشک دەبوو و دەچووین لێمان دەکردەوە. هی گوێنە رەشە برەوی زیاتر بوو، پێان دەگووت کەتیرە ریزە. هی گوێنیە سپیەش پێیان دەگووت کەتیرە گووندە کە بە هۆی زۆری شیلەی کەتیرە لە ناو گوێنیەکەدا لە قەد و چڵ و لکەکانی دەهاتە دەرێ و بەوێوە بەشێوەی جۆراو و هێندێک جار جوان و سەیر وشک دەبوو.

خواردنی ئەم چەند مانگەمان نیسک و نۆک و بە گشتی دانەوێلە بوو. ئەو شوێنەی کە کارمان لێ دەکرد سەر سنووری دەستکردی ئێران و ئێراق بوو کوردەکانی باشووری کوردستانیش لەبەر ئەوەی هاوینان لە گەرمێن گیاوگوڵ، واتە تفاقی ئاژەڵەکانیان نەدەما، بە چەند مال دەهاتن بۆ کوێستان و رەشماڵیان هەڵدەدا و مەرداریان دەکرد. ئەوان زۆرتر عێل و عەشیرە و مەڕدار بوون و تا لای پایزێ لەوێ دەمانەوە. جاروبار دەچووین بۆ لایان شیر، ماست، پەنیر، لۆرک، شیرێژ، رۆنەکەرە و هێندێک جاریش گۆشتیان بێ بەرامبەر پێدەداین.

رۆژ و حەفتە تێدەپەرین و رۆژ تا ئێوارە بە تەزووی ساردی کوێستانێ و چرقەی گەرمای نیوەرۆیانی، لەم باسک بۆ ئەو گرد و خرو دۆڵە دەگەراین بەدوای گوێنیە رەشاندا بۆ کۆ کردنەوەی کەتیرەی. بەو هیوایە بە دەستی پر بگەرێنەوە بۆ شار بۆ ئەوەی لە وەرزی پاییز و زستاندا کە کار و کاسبیمان نەبوو پێی بحاوینەوە.

مار پێوەدان؟

لە شوێنی کار کردنمان، بەگشتی زۆر باسی ترسناکی ماریان بۆ دەکردین. یادی بەخێر و روحی شاد دایکم رۆژی یەک دوو جار وریای دەکردینەوە کە ئاگاتان لە خۆتان بێ لە مار و دووپشکان. رۆژێکی گەرمی هاوین کە بەدوای کۆ کردنەوەی ئەو کەتیرانە دەگەرام کە پێشتر باب و براگەورەکەم، گوێنیەکەنیان (لەل) دابوون. بێشتر باسی درکاوی یان چەقڵاوی، گوێنیەکانم بۆ کردبوون، بۆ ئەوەی بتوانین کەتیرەکە لێ بکەینەوە دەبوو بە پێیەک سەرە درکاویەکانی بە لایەک دا بیشکێنینەوە. یەکێک لە گوێنیکانم بە لا دا شکاندەوە و دەستم برد بۆ کەتیرەکە و لەنەکاو جزەم لە دەستی هات، توورەکە کەتیرەم فرێ دا و لە تاوی ئێشێک کە پێم گەیشت و لە ترسی ماری، دەستم بە هاوار و ئەی بابەرۆ کرد. ئەوانەی لە دەورەم بوون فراندیانم بەرە و شوێنی مانەوەمان. نازانم چۆن باب، برا وخۆشکم لە دەورم کۆبوونەوە. ترس لە روخساری هەموویاندا دەبیندرا. بابم بە پەلە داوای پاروێ نانی کردوو بێ راوستان خستیە ناو زاری و زوو زوو دەیجوی. کەسمان نەمان دەزانی هۆکاری ئەم کردەوەی بابم چیە. پاروە نانەکەی بە نیوە جواوی دەرهێنایەوە لەگەڵ خوێندنی دوعایەک کە نازانم چی بوو، بە پەرۆیەک لە قامکی گەورەی دەستی راستمی بەست و بەکۆڵی خۆی دادام بەرو شار بو بینینی دوکتۆر. دەگەڵ کاک حەسەنم نۆبەیان دەکرد بە مەبەستی گەیاندنم و بۆ لای دوکتۆری کە لانی کەم ٥هەتا٦ کاتژمێر بە پێیان رێ بوو. ئەو کات تەمەنم ٨،٩ سالان بوو و ئەو ڕێگایەی کە ئێمە پێیدا دەرۆیشتینە خوار، زۆر هەڵدێر و ناخۆش بوو. هەر کە یەکیان ماندوو دەبوو ئەوێ تر لە کۆلێی دەکردم و دیار بوو زۆر ترساو و پر ئازار و ماندوو بوون. لە راستی دا بۆ خۆشم لە لایەک لەبەر ئێشەکەی و لایەکیتر لەباری دەروونیشەوە بەهۆی ترسێک کە پێشتر لە مار لەزەینمدا پێکهاتبوو، زۆر ترسابووم هەر بۆیە نیزیک بە سەعاتێک بە دەنگ و هاوار دەگریام. دیار بوو گریانەکە زیاتر ترس لە مردن بوو تا ئێشی پێوەدانەکە.
بابم هەزاران رەحمەت لە گۆری دەگەڵ ئەوەی بۆ خۆی زۆر نیگەران و بە پەرۆش بوو دڵخۆشی دەدامەوە و دەیگووت مەتڕسێ ئیشالا مار نیە ، کوری من هیچی لێنایە و بە سەڵامەتی دەگەرینەوە لای منداڵەکان.

نیزیک بە دوو کاتژمێران بە کۆلی براو بابمەوە بووم، نۆبەیان لێ دەکردم. دەگەڵ ئەوەی قامکەکەم ئەستوور تر دەبوو، بەڵام ئازارەکەی کەمتر دەبوو. هەربۆیە داوام کرد کە دامنین تا بۆخۆم رێگە ببرم. ترس لە مردن و ئارەقەی رێگا زۆر تینوی کردبووم بە دەم رێگا رۆیشتن داوای ئاوم کرد، بابم گووتی زۆرمان نەماوە بۆ سەر چۆمەکە لەوێ ئاو دەخۆینەوە.

کە گەیشتینە سەر رووبارکە کە دەرژایە گەلی حاجی برامی و بە کۆنەلاجان و زێوەیی خانێ دا تێدەپەری، لەسەر ئاوەکە قامکم کە بە پەرۆ و نانە نیوە جواوەکەی زاری باوکم بەستبوومان کردەوە و دەست و چاومان بە ئاوەساردەکە شوشتن. هەرکە دەستم خستە ناو ئاوە ساردەکە هەستم پێکرد کە ئەوەندە ئازارەی هەشمبوو نەما هەر بۆیە گووتم بابە رەنگە جوجکە مار بێ پێیوەدابم، چوونکی ئێستا ئازاری کەم بوە و هێندە ناهێشێت. کاک حەسەنیش گووتی کێ دەڵی هەر مار بووە و دواجار بابم گووتی وێدەچێت دووپشک بووبێت هەر بۆیە زوو لێی پرسیم ئەتوو هیچ مارێکت دی لەو ناوە؟ منیش بە نازانم وەڵامم دایەوە.

دوای هاتنەوە سەرخۆ و حەسانەوە، بابم گووتی خوا وەخێری گێراوە و ئینشااڵڵە مار نیە و قامکت پێوەدیارە کە خەریکە ئەستووریەکە دەنیشیتەوە و جەدی شێخی گەورە و پیرۆزی نانەکە دەفریامان هاتوون و ژەهرەکەی کاری نەکردوە. پاشان گووتی با سەر و پاروو نان بخۆین و وردە وردە تێهەڵبینەوە و بەرو ماڵی منداڵەکانیش بە گەرانەوەمان دڵخۆش بکەین.

لەو کاتەی بابم خۆی دەگۆری و نانی دەجوی بۆ قامکم، دایکیشم چەند نان و چەند چڵ پیوازی شین کە لە دەوری ماڵی چاندبوومان، خستبوویە نا پەرۆیەکی بوخچەکراو و دابوویە دەستمان بۆ برسیەتی رێگا. تێر نان پیوازی شینمان خوارد و گەراینەوە ماڵی و بابم گووتی بۆ دڵنیا بوون برۆن بۆ سەر ئەو گوێنیە بزانن مار یان دووپشک چ دەبینەوە. دوای دیتنەوەی شوێنەکە، چەند دووپشکێکمان لە بن هەمان لکە گوێنیە دینەوە و کوشتمانن.

ترس لە مردن

منیش وەک زۆربەی خەڵکی تر زۆر لە مردن دەترسام، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی ژیان خۆشە وئازیزانم نابینمەوە، بەڵکۆ لەبەر ئەوەی فرشتەیەک کە ناوی ئیزرائیل یان مەلەکول مەوتە و دێتە سەر گیانم و روحم دەکێشێت. ترس لە زیندوو بوونەوی روح، دوایی ترس لە پردی سیرات، ترس لە جەهنەم ، شیشەی سوور کراوە بە ئاگر زۆر شتیتر کە رۆژانە باس دەکرا. ئاخر ئەمن تەمەنم کەمتر لە دە سالان بوو، نە نوێژ و رۆژوم دەکرد و نەدەشم زانی لەسەرم واجبن. بەراستی هەقم بوو بترسم، ئاخر پێیان دەگووتم ئێمە، بنیادم (بنو ادم) لە بەهشت دەرکراوین بۆ سەر زەوی لە بەر ئەوەی بێ ئەمری خوای خاڵقی خۆمان کردووە. دەبێت یاساکانی دین کە خوای گەورە دایناون بەرێوە ببین بۆ ئەوەی بگەرێتەوە بۆ بەهەشت. ئەگەر نا دەچێن بۆ جەهەنم. دەیانگووت خوای مەزن کە بابە ئادم و دایە حوایی لە بەهەشت درووست کردوون ، فەرمویەتی نابێ لەم دارسێوە کە لە نیزیکتانە بخۆن. ئەم دوو بەرێزانەش نافرمانیان کردووە و بە هاندانی شەیتان(ابلیس) کە پێشتر فرشتە بووە، سێوەکەیان خواردووە و خوای گەورەش سزای داون و لە بەهەشت دەری کردوون و فرێی داونە سەر دنیا. ئەو کات نەدەمزانی و نە رەنگبێ ئەگەر بشمزانیبا وێرابام بپرسم بۆ دەبێت لەسەر هەڵەی ئەم دوو بەرێزانە دوای ملیونان ساڵ ملیاردها ئادم لە سەر زەوی لە دایک ببن و ناخۆشی ئەم دنیایە ببینن؟! ئەوە لە کاتێک دا کە خوای مەزن هەر بوو راستکردنەوەی ئەو هەڵەیە، دەیان هەزار پێغەمبەر هەر یەکە و بە پەیام و کتێبی جیاوازەوە بنێرێت بۆ ئەوی ئێمە رێنونی بکەن کە فەرموودەکانی خوای گەوەرە جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی جارێکیتر مافی گەرانەوە بۆ بەهەشتمان پێ بدرێتەوە. خۆتان حەکەم بن لەناو ئەو هەموو دەنگۆ نا لۆژیک و دژ بەیەکاندا، چۆن دەکرا مێرمنداڵێکی وەکوو من، رازی بکرێ بەوەی کە لە مردن نەترسێت و قەناعەت بێنێ کە خوا خاوەن بەزەییە؟

دوعاکەی بابم و پیرۆزی نان
لەوەتەی بە بیرم دێت لەناو ئێمەدا رێزێکی زۆر لە نان گیراوە،……..درێژەی هەیە