ڕاگەیاندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزب بە بۆنەی تیرۆری دوو ئەندامی حیزب لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە
ڕاگەیاندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزب بە بۆنەی تیرۆری دوو ئەندامی حیزب لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە
خەڵکی خەباتگێری کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
کۆروکۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان!
بەداخێکی گرانەوە ڕادەگەیەنین، کاتژمێر ١٢ و ٤٠ دەقیقەی نیوەشەوی ١٥ لەسەر ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی چەند کەس لە ئەندامانی حیزب کە بە سەردان چووبوونە دەوروبەری “ھەڵشۆ”ی سەربە شاری قەڵادزێ لە باشووری کوردستان، لە لایەن بەکرێگێراوێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پیلانێکی لەپێشدا دارێژراو تەقەیان لێ دەکرێ و بەداخەوە دوو کەسیان بە ناوەکانی؛ عادڵ موھاجیر ناسراو بە “سەرباز” و لوقمان ئاجی شەھید دەبن .
وێرای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستیەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران، ڕادەگەیەنین کە ماشینی تیرۆری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژبە تێکۆشەرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاراتر لە جاران لە پیلانگێری و دەستوەشاندن دایە و داوامان لە لایەنە پێوەندیدارەکانی دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە بەرانبەر بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێست بنوێنن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئەم تێرۆرەدا وێڕای ڕیسیوایی بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەرانی ئەم کردەوە تێرۆریستییە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەس و کاری هەردوو شەهید؛ عادڵ موهاجیر و لوقمان ئاجی دەکات.
نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئیران .
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلات
١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢