کۆچی دوایی دایە فاتمە محەممەدی هاوسەری شەهید مینەشەم.

کۆچی دوایی دایە فاتمە محەممەدی هاوسەری شەهید مینەشەم.

ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ١٨ ـ ٠٦ ـ ٢٠٢٣ی زائینی دایە فاتمە محەممەدی بە هۆی نەخۆشی و بە ساڵاچوویی لە تەمەنی ٩٢ ساڵی دا لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

خاتوو فاتمە محەممەدی کچی نەمر قالە عەبوولی نستانێ لە ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی وەرزێر و نیشتمانپەروەری کورد دا لو گونسی نستان لە دایک بووە، وەک زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەم بە هۆی لە پەراوێز خستنی کوردستان لە لایەن رژێمی پاشایەتییەوە لە خوێندن بێبەری بووە و نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە و ژیانی منداڵی و مێرمنداڵی وێرای منداڵانی گوندی نستان لەگەڵ بنەماڵەکەی بە کار و ئەرکی ڕۆژانەی ئەو سەردەمەوە بەسەر بردووە و لە تەمەنی گەنجییەتی دا لەگەڵ هاورێ کاک حەمەدەمین شەمعی ناسراو بە مینەشەم خەڵکی سیسێر لە ناوچەی ڕەبەت ژیانی هاوبەش پێکدێنێ.

شایانی باسە کە جووڵانەوەی کوردستان لە سەردەمی حەمەڕەزاشا دا گوڕ و تینی شۆڕشگێری خست بوو نێو خەڵکی کوردستان و پۆل پۆل لاوان تێکەڵ بە بزووتنەوەی کورد دەبوون، یەکێک لە براکانی دایە فاتمە بە ناوی عەبدوول نستانی دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و دواتریش هاوسەری ژیانی کاک مینەشەم دەبێتە پێشمەرگە و لە جووڵانەوەی ساڵانی ١٣٤٧ و ١٣٤٦ی هەتاوی دا وەک یەکێک لە کادر و پێشمەرگە جەنگاوەرەکانی کوردستان دڕ بە شەوەزەنگی حکوومەتی پاشایەتی دەدەن و بە هەڵسووڕانی بێ‌وچان و شەڕی پارتیزانی، ئەرتەش و ژاندارمی ئەو سەردەم تووشی شکست دەکەن.

بە داخەوە لە مانگی بانەمەڕ ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی دا، شەهید مینەشەم لەگەڵ شەهید عەبدوڵلا موعینی و هاورێیەکی دیکەی لە کاتی مەئموریەتی حیزبی دا دوای جەولەیەکی چەند مانگی لە قالوێی عەوڵائاغا لە ناوچەی مەهاباد لە بەرەنگاری و شەرێکی قارەمانانەدا شەهید دەبێ و بەم شێوە دایە فاتمە لە هەڕەتی گەنجییەتی دا بە دوو کوڕ و سێ کچەوە لە هەست و سۆزی شەهید مینەشەم بێ‌بەری دەبن.

دایە فاتمە دوای شەهید بوونی هاوسەری ژیانی بڕیار دەدا کە بۆ منداڵەکانی هەم دایک بێ و هەمیش باوک بێ، هەر بۆیە زۆر لەخۆبردووانە و فیداکارانە شان وەبەر قورسایی ژیان و گەورە کردنی منداڵەکانی دەدا و دەبێتە نموونەی دایکانی فیداکاری کوردستان.

دایە فاتمە لە تەنیشت ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی زۆر سەربەرزانە ژیانی خۆی بە وەرزێری و مەڕداری لە گوندی سیسێر و کوێستانە سەربەرزەکانی بەردەکوڕ، مەیدان چۆغە، کەپری، تەرخان و هەوارەکانی بڵیندە، مامرکوژە، ئەشکەوتان و بێلەنگێ و سێوەسوورە و لێرەوارە چڕ و پڕەکانی خڕێ ئاوێنان و قۆقژان و سەرچاوە جوان و ڕازاوەکەی چاوەی سیسێرێ و بۆڕژی بەسەر بردووە. دایە فاتم بە هەنگاوەکانی کەندو کۆسپەکانی سەر ڕێگای ژیانی بۆ خۆی و منداڵەکانی تەخت کردووە. ژیانی دایە فاتمە پڕ بووە لە ئەزموون و پڕ بووە لە خۆشەویستی بە ژیان و هەستانەوە و هەر بۆیە بە مایە دانان لە خۆی توانیویەتی منداڵەکانی گەورە بکا و فێری وانەی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریان بکا.

 

دایە فاتمە ژنێکی هێمن و لە سەرخۆ، ژنێکی دەست ڕەنگین و مێهرەبان بوو، خاتوونێکی دڵ ساف و بێگەرد و پڕ لە هەستی نیشتمانپەروەری بوو، خەڵکی خۆشدەویست و خەڵکیش ڕێزیان لە دایە فاتمە دەگرت و لە شایی و خۆشی و ناخۆشی و ئازارەکانی خەڵکدا بەوپەری دڵسۆزییەوە بەشداری دەکرد و میواندۆست و ساحەب کەسایەتی تایبەت بە خۆی بوو.

دایە فاتم کەسێک نەبوو کە شەهیدبوونی هاوسەری ژیانی و شەهیدانی دیکە لەبیر بکات، دڵی هەمیشە بۆ ئازادی کوردستان لێ دەدا و خەمی ئازادی نیشتمانی لە کۆڵ نابوو، هەر بۆیە لە کاتی ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی دا خۆشی و شادی لە دڵ دا دەگەڕا و هانی خەڵکی دەدا کە بەشداری بکەن بۆ تێکەوە پێچانی حکوومەتی پاشایەتی. دوای ئەوە کە رژێمی نگریسی پەهلەوی بە دەست و مەچکی ئازادیخوازان تێکەوە پێچرا، دایە فاتمە وەک ژنێکی دیاری ئەم دەڤەرە و وەک هاوسەری شەهیدێکی پایەبەرز زیاتر لە جاران درەوشایەوە و ئازاتر و ئازادتر لە پێشوو لە مەیدانی کردەوە دا وەک پێشەنگ خەمی لە کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەخوارد.

زۆری نەخایاند کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆی سازمان دا و یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی کاک ئیبراهیم شەم پەیوەست بە ریزەکانی کۆمەڵەوە دەبێ و لە شۆڕشی ئەمجارەش دا دایە فاتمە پشکی خۆی هەم لە کوڕ و هەمیش لە برا پێشکەش بە شۆڕش و گەلی کورد دەکاتەوە و جارێکی دیکە وەک دایکێکی دڵسۆزی نیشتمان خۆی بۆ ئازادی و بۆ ڕزگاری گەلەکەی ئامادە دەکاتەوە.

هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامی ئێران و هێرش و گرتنەوەی کوردستان و کوشتاری بێ بەزەییانەی ئەم حکوومەتە تازە بە دەسەڵات گەیشتووە ، جارێکی‌تر ویست و داخوازییەکان و ئارەزووەکانی کورد و دایە فاتمی زیاتر کرد و ئەمجارە بوێرانەتر لە پێشوو وێرای خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئەم رژێمەدا ڕاوەستا و بە هەموو تواناوە بوو بە پشتیوانی برا و کوڕی جگەرگۆشەی و گشت پێشمەرگەکانی کوردستان.

خۆشەویستی پێشمەرگە و هەستی دایە فاتم دووانەیەکی لێک گرێدراو و دانەبڕاو بوون، هەر بۆیە هەموو پێشمەرگەیەکی بە کوڕ و برای خۆی دەزانی و بە قەدەر کاک عەبدووڵ و کاک برایمی خۆشدەویستن، ماڵیان هەم لە گوند و هەم لە هەوار جێگەی حەسانەوەی پێشمەرگە بوو، ماڵەکەی جێگەی حاوانەوەی دایک و باب و برا و خوشکی پێشمەرگە و بنەماڵە شەهیدەکان بوو، دەستی مێهرەبانی بە سەر سەری گشت لایەکمان داهێناوە و وەک دایکێکی خۆشەویست سایە و سێبەری بە سەر سەرمانەوە هەبووە و تا دوا ساتەکانی ژیانی خۆشەویستی گەل و نیشتمان و پێشمەرگەی نەک لە کەمی نەدا بەڵکوو هەر بە یاد و بیرەوەری ئەو کات ژیانی تێپەر دەکرد.

دایە فاتم لەگەڵ زام و برینی هەر پێشمەرگە و هەر خۆشەویستێک دەتلاویەوە و لەگەڵ شەهیدبوونی هەر پێشمەرگەیەک برینی شەهید بوونی هاوسەری ژیانی لێ تازە دەبۆوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هیچ کات نائومێد و بێ هیوا نەبوو، بەڵکوو هەمیشە ساحەب ئیرادە و بەهێز و گوڕ و تین بوو، بە قسە و بە نەسیحەت و ڕێنوێنییەکانی هەموو لایەکمانی هان دەدا کە خۆ لە شەڕی براکوژی بپارێزین، هەموومان یەکدەنگ و یەکڕەنگ و پشت و پەنای یەکتر بین و بەگژ هێزی دوژمن دا بچینەوە، زۆرجار بە چارۆکەی شانی و بە دڵی پڕ لە ئەوینی ئاوپڕژێنی دڵ و دەروونی کردووین و توێشووی ڕێگای دوور و درێژی پێشمەرگانەی بۆ ئامادە کردووین.

بەهۆی هەڵسورانی بێ وچانی کوڕی پێشمەرگەی و برای فەرماندەی، دایە فاتم لە ژێر چاوەدێری جاش و سیخورەکان دابوو، هەر بۆیە لەگەڵ هەر عەمەلیاتێک ڕەوەی جاش و خۆفرۆشان و رژێم وەک گورگی هار پەلاماریان بۆ دەبرد و ژیانیان لە دایە فاتمە تاڵ کردبوو، بێ ڕێزی و بێ حورمەتی و بانگهێشتن بۆ بنکە و ئیدارەی ئتلاعات هیچ کات ئیرادەی پۆڵائینی دایە فاتمی پێ تێک نەشکێندرا، بەڵکوو هەمیشە بە ئیمان بەخۆبوون بەگژیان دا دەچۆوە و هیچ کات لە هەڕەشە و لە چاو سوورەکردنەوەکانیان نەترسا و پاشەکشەی لە سەروەرییەکانی بنەماڵەکەی و گەلەکەی نەکرد، خۆی گوتەنی ٥٥ ساڵە ماڵ بەکۆڵە و سنوورەکان ناناسێ و بەردەوام ژیانی لە هاتووچۆی نێو گەل و شۆڕش دایە.

ژیانی لێوڕێژ لە وەفاداری و خۆشەویستی و مێهرەبانی دایە فاتم، بۆ لێ فێربوون و وانە گووتنەوە دەبێ، دایە فاتم بە جەستە بەجێی هێشتین بەڵام بە دڵنیایەوە هەموو ئەوانەی کە دایە فاتمیان لە نزیکەوە ناسیوە و دیتوە، بۆ هەمیشە ناو و یاد و بیرەوەرییەکانی دایە فاتمیان لە دڵ دا دەمێنێتەوە.

بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە فاتم لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە تێکرای خەڵکی خۆشەویستی سیسێر و نستان و لە ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزیان لە خوشک و براکانی و لە کچەکانی و لە گشت نەوە و خزمانیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە تایبەت لە برای تێکۆشەر فەرماندەی ڕۆژە سەختەکان کاک عەبدوول نستانی و هەروەها لە کادری بە توانا کاک برایم شەمی تێکۆشەر و گشت ئەندامانی بنەماڵەکەیان کاک عومەر شەم و خوشکەکانی دادە خەج و دادە مریەم و خاتوو چرۆ و ماڵباتی بەرێزیان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم و هیوادارم کە نموونەی لە چەشنی بەرزی و جوانی دایە فاتم لە کوردستان دا هەر لە زیاد بوون دابن.

ڕووحی شاد و جێگەی بەهەشت بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

١٩ ـ ٠٦ ـ ٢٠٢٣ی زائینی

حەمەڕەسووڵ کەریمی