قاسملوو، نووسینی: ڕەسووڵ سوڵتانی 

قاسملوو، نووسینی: ڕەسووڵ سوڵتانی
قەت نەیانزانی كە دیواری مەرگ دەشكێنی
تێكەڵی بیری گەل و هزر و هەناسە و خوێنی
ئەو چیایەی كە لە ئیمان و ئەوینت چێ بوو
قەل و داڵ و چەقەڵی چۆن دەگەنە داوێنی؟
تۆ لەگەڵ تیشك و شنە و بۆنی بەیانی نەورۆز
دەگەی و موژدەیی سەركەوتن لەگەڵ خۆ دێنی
خۆرەتاو ئێرەیی بەو خاكە دەبا تۆی لێ بووی
هاتووە دەستێ بەسەر تیشكی كزیدا بێنی
بەگزینگێكی گەشی شیلەبزەی یادگاریت
چۆنە توانیوتە وەها تۆوی هومێد داچێنی
سەربەرز بوو كە تۆ پێڵاوت لەسەردانا خاك
ژین بەخۆی نازی كە تۆی دی بە هزر دەیژێنی
نەك لەبەر چاوی كز و بێ هەتەری من قوربان
مەزنان ئێژن ئەتۆ بەحری بەبێ بەستێنی
باوەڕ و هزری لە نێو خوێنی نەوەی دوارۆژیش
گەمژە بوو دوژمنم پێی وابوو بڕۆی نامێنی
(حه‌یفه‌ بێڵین كە هەڵۆ كاتێ چیا جێ دێڵێ
قەل و سیارك و پەپوو چینه‌ بکه‌ن له‌ شوێنی)
ڕەسووڵ سوڵتانی