گیاڕەنگ، بۆنی شاخی لێوەدێ! ناسر باباخانی
گیاڕەنگ، بۆنی شاخی لێوەدێ! ناسر باباخانی
بە باوەڕی من “گیاڕەنگ” لە سەردەمێکدا لە دایک دەبێ کە بەرەبەرە حزووری پێشمەرگە، وەک بوونی فیزیکی کە کلیلوشەی سەرەکی گوتاری تایبەت بەم کاتە، خەریکە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەو ڕمێنەی جارانی نامێنێ و کاڵ بوونەوەی ئەم حزوورە واتە کاڵ بوونەوەی پەیوەندی نێوان پێشمەرگە بەگشتی و بەتایبەتی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هێمای بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە خەڵکی نێوخۆ وەک بەستێنی ئەم حزوورە.
واتە ئەم نەبوونە نەخوازراوەی پێشمەرگە لە کوردستان، بە تەواوی دەبێتە هۆی ساز بوونی بۆشاییەکی چاوەڕواننەکراوی سیاسی- کۆمەڵایەتی!
ڕاستە پەیوەندی پێشمەرگە لەگەڵ کۆمەڵانی هەروای خەڵکی کوردستان پاڵپشتی سەرەکی بوو بۆ خەبات و بەرخودان، بەڵام جۆرە پەیوەندییەکی تریش لەگۆڕێدابوو، کە بریتی بوو لە پەیوەندی پێشمەرگە لەگەڵ چینی بژاردەی کۆمەڵگا، لەگەڵ چینی ئێلیتی کۆمەڵگا لە نێوخۆدا، کە ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر بە حوکمی پچڕانی ئەم پەیوەندییە کاڵ دەبێتەوە.
لە وەها دۆخێکدا دۆزینەوەی ڕێکارێک بۆ سازدانەوەی ئەم پردە بەبێ ئەوەی تێچوویەکی قورسی بۆ بدەی، کەڵک وەرگرتنە لە تێکنۆلۆژی سەردەم واتە ئینتێرنێت. بۆیە لە دایک بوونی ماڵپەڕێک وەک گیاڕەنگ لەو کاتدا دەبێ لەم گۆشەنیگایەوە سەیر بکرێ. دەتوانم بڵێم گیاڕەنگ و ماڵپەرەکانی هاوشێوەی هەوڵی ئەوەیان دەدا کە بە جۆرێک هەم ئەم بۆشاییە پڕ کەنەوە – کە بە باوەڕی من توانیشیان ئەو کارە بکەن – هەم لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی بیروڕای نووسەران و هەواڵەکانی کوردستان ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای ڕاگەیاندنێکی ئاماڵپڕۆفیشناڵ، پتەوتر بکەن.
لە ڕاستیدا ئەوانسەردەمان، ئەوانەی دەستیان بە گیاڕەنگ ڕادەگا بەتەواوی هەست دەکەن کە گیاڕەنگ ماڵپەڕێکە بۆنی شاخی لێوەدێ، بۆنی پێشمەرگەی لێوەدێ. واتە ئەگەر هەڵسەنگاندنەکەمان لە ڕووی “تحلیل محتوی”وەو یانی شرۆڤەی نێوەرۆکی نەبێ، یان باری تەکنیکی و دیزاینی نەبێ، هەر نەفسی بوونی ماڵپەڕی گیاڕەنگ بەم نەفەسە و لەم هەلومەرجەدا و بەم نێوە، بە جۆرێک گوزارە لە گەڕانەوەی شاخە بۆ ئامێزی شار و، بەپێچەوانەشەوە سەردانی شارە لە شاخ!
چون بە حوکمی ئەوەی کە ئەم ماڵپەرە و ماڵپەڕەکانی تریش، ئیتر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بەتایبەتی ئەوانەی لە خانەی ئێلیت و بژاردەدا جێ دەگرن، دەستیان پێی ڕادەگا، بۆیە پەیوەندییەکە ئەم جار لە فۆرمێکی دیکەدا و بە شێوازێکی دیکە خۆدەردەخاتەوە. واتە دەکرێ بڵێین ساز بوونەوەی پەیوەندییەکی دیکەیە، لە ئاستێکی دیکەدا، بە شێوازێکی جیاوازتر، لە بەستێنێکی دیکەدا و بە مەبەستێکی دیکە و ئەمە بەلای منەوە زۆر گرینگە و گیاڕەنگ و گیاڕەنگەکان توانیان تا ڕادەیەک قەرەبووی نەمانی گوتاری حزووری فیزیکی بکەنەوە.
ئەگەر یەکەم ڕۆژنامەی نەتەوەی کورد ناوی کوردستانە، یان ناوی ڕۆژنامەی سەردەمی کۆماریش هەر کوردستانە ئەمە جۆرێ لە شەڕێکی ناسنامەییش پێوە دیارە. ئەگەر ئەوە بە شێوەیەک بگوازمەوە بۆ ماڵپەرێکی وەک گیاڕەنگ، دەبێ بڵێم کە گیاڕەنگ نێوی گیایەکی تایبەتییە کە لە کوێستانەکانی کوردستان شین دەبێ و ئەم ناوە بە جۆرێک گەڕانەوەیەکە بۆ ناسیۆنالیزمێکی ژینگەیی. ناسیۆنالیزمێکی باوەڕمەند بە ژینگەی کوردستان کە لە ژێر چەتری ناسیۆنالیزمێکی بەرینتر وەک ناسیۆنالیزمی فرەڕەهەند جێ دەگرێ. کاتێ ئەوەش وەبیر خۆمان بخەینەوە کە گیاڕەنگ لە هەمان کاتدا ناوی هێزێکی قارەمانی تر حیزبی دیموکرات بووە ئەوەش بۆخۆی دەتوانێ خاڵێکی سرنجڕاکێش بێ.
خاڵێکی تر وەفادارییەکی هێمنانەی ئەم ماڵپەڕەیە بە نیسبەت پێشمەرگەوە، چ ئەو پێشمەرگانەی بە قەڵەم بەشداران چ ئەوانەی یاد و بیرەوەرییان لەم ماڵپەڕەدا دەکرێتەوە. ماڵپەڕێک بەدوور لە کێشە و حاشیە کە حەول دەدا بەبێ ئەوەی پەراوێز بە دژی دەق قوت کاتەوە، توانیوێتی لە ماوەی بیست ساڵدا، بە شێوەیەکی بەردەوام درێژە بە کار و چالاکییەکانی خۆی بدا.
دیارە قسە لە سەر گیاڕەنگ زۆرە بەڵام هەر قەناعەت بەوەندە دەکەم و لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم بەڕێزان شلێر خانم حەسەنپوور و کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی ئازیز وەک پێشمەرگەیەکی بە ئەزموون و وەک خاوەن ئایدیایەکی دەروەست، لەم ماڵپەڕەدا بەبێ گومان دەوری سەرەکیان گێڕاوە و بەش بە حاڵی خۆم ئارەزووی بەردەوامی و بەپێزتر کردنی گیاڕەنگیان بۆ بە ئاوات دەخوازم و ئەوەش زیاد بکەم کە پێموایە کاتی ئەوە هاتووە کە لانیکەم گیاڕەنگ تەلەفزیۆنێکی ئینتێرنێتی بۆخۆی ساز بکا، بۆ ئەوەی گیاڕەنگ پێ بنێتە قۆناخێکی نوێی کاری مێدیاییەوە!
ناسر باباخانی