گیاڕەنگ ناوێکی ئاشنا. مێهدی مێهرپەروەر

گیاڕەنگ ناوێکی ئاشنا. مێهدی مێهرپەروەر

‎گیاڕەنگ ناوێکی ئاشنا. مەڵبەندی فیداکاریی هێزی بەهێزی پێشمەرگە کە بەدەیان داستانی خۆڕاگریی و نەبزەیی تۆمارکردووە و لاپەڕەیەکی زێڕینی خەباتی رزگاریخوازیی مێژووی گەلەکەمانە.

لەجیهانی میدیاشدا دیسانەوە گیاڕەنگی سەربەرز لە چوارچێوەی ماڵپەڕێکدا لەسەر دەستی دوو پێشمەرگەی خۆنەویست کاک حەمەرەسوڵ کەریمی شەهیدی زیندوو و خوشکە شلێر حەسەنپوور هاوسەر و هاوڕێی، بووە سەرچاوەیەکی جێی بڕوا و متمانەی ئەویندارانی رێگای رزگاریی کوردستان. بیست ساڵ زەحمەت و ماندوو بوون، بیست ساڵ پەرۆشیی بۆ راپەڕاندنی ئەرکێکی پیرۆز لەدنیای راگەیاندندا و بیست ساڵ خۆنەویستانە خزمەت بە دۆزی رەوای گەلێکی بەشخوارو لە دەلاقەی ماڵپەڕێکی زەنگین وەک گیاڕەنگ شاهیدێکن بۆ ئەم ئیدعایە.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ لە سەرەدمێکدا لەدایک بوو کە سوسیال میدیا وەک ئێستا گەشەی نەکردبوو، چەندین سایت و ماڵپەڕ لەو ماوەیەدا کارەکانیان راگیرا و چوونە خانەی فەرامۆشیەوە، بەڵام گیاڕەنگ توانی هەروا لە وەشانی خۆی بەردەوام بێ و خۆی لەگەڵ گەشەی دنیای راگەیاندندا بەرۆژ بکاتەوە کە ئەمە بۆ خۆی یەکێک لە دەستکەوتە بەهێزەکانی هەڵسووڕێنەرانی ئەم ماڵپەڕەیە.

بەڕێوەبردنی ماڵپەڕێک بۆ ماوە بیست ساڵ دەرخەری ئیرادە و پشوودرێژیی دوو پێشمەرگەی پەروەردەی قوتابخانەی کوردایەتییە. لەقۆناغی ئێستادا کە شاهیدی دەیان ماڵپەڕ بەپاڵپشتیی ئابوورییەکی بەهێزین، ئەرکی بەڕێوەبەرانی گیارەنگ زۆر قورستر دەبێ بۆ ئەوەی سەرنجی خوێنەران بۆ لای خۆی رابکێشێ.

وەک خوێنەری گیاڕەنگ دەتوانم تەنیا ئەوەندە بڵێم سەری رێز بۆ گەورەییتان دادەنەوێنم ئازیزان کاک حەمەرەسوڵ و خوشکە شلێر. باشترینەکانتان لە دنیای راگەیاندن و هەموو بوارەکانی ژیانتاندا بۆ بەئاوات دەخوازم و شانازی بە بوونتانەوە دەکەم.

هیوای بەردەوامیی بۆ ماڵپەڕی گیاڕەنگی خۆشەویست دەخوازم.

لەگەڵ رێزمدا

مێهدی مێهرپەروەر