“گیاڕەنگ” بە بۆن و بەرامەی وشەوە. هەمزە ئاگوشی

“گیاڕەنگ” بە بۆن و بەرامەی وشەوە. هەمزە ئاگوشی

هەڵسوڕاندن و لەسەر پێ هێشتنەوەی ماڵپەڕ و پێگەیەکی رۆژنامەوانیی متمانەپێکراو ئەویش بە ستافێکی دوو کەسی و لە پەراوێزی ئەرکە سیاسی و رێکخراوەییەکاندا، کارێکی هەتا بڵێی ئاستەمە و ئەگەر توانا و ئیرادەیەکی بەهێز و ئیمانێکی پتەوی وەک ناوەکەی خۆی لە پشت نەبێ، بێگومان چاو بە رووناکی هەڵناهێنێ و هەر بە مەلۆتەکەیی سەر دەنێتەوە.

رەنگە زیاتر ئەو کەسانە هەست بە قورسایی ئەو ئەرکە بکەن کە کاک “حەمەرەسووڵ” و خاتوو “شلێر” بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پێگە رۆژنامەوانییە خستوویانەتە سەر شانیان، کە خۆیان لەو بوارەدا کاریان کردووە .

ماڵپەڕی “گیاڕەنگ” مۆمی بیست ساڵەی تەمەنی خۆی دادەگیرسێنێ. بیست ساڵە سەری لەنێو سەراندایە و هەواڵ و زانیاری دەبەشێتەوە.

بیست ساڵە دەگەڵ دەرد و ئازار و شانازییەکانی نەتەوەکەماندا دەژی و باوەشی گەرمی بۆ نووسەران و ئەدیبان و هونەرمەندان و سیاسەتوانانی کورد کردووەتەوە و دەگەڵیان هاوماڵە، بۆیە بەم بۆنەوە، لە ناخی دڵمەوە وێڕای دەستخۆشی و ماندوونەبوونی، پیرۆزبایی لە “گیاڕەنگ” و کاک “حەمەڕەسووڵ کەریمی” و خاتوو “شلێر حەسەنپوور” و سەرجەم نووسەران و خوێنەرانی ئەو ماڵپەڕە خۆشەویستە دەکەم و تەمەندرێژی و ساغی و سڵامەتییان بۆ خوازیارم.

هەمزە ئاگوشی