لە بیست ساڵەی گیاڕەنگ دا. محەممەدی فەقێ عەلی
لە بیست ساڵەی گیاڕەنگ دا. محەممەدی فەقێ عەلی
دەمێکە لە نوسین و خوێندنەوە کەم تا کورتێک دابڕاوم، هی ئەوەی نیە کە مەیل و ئارەزوویم نەبێ، بەڵکوو هی پڕکاریی و کەم کاتیە.
بەڵام هەمووی ئەوانە، ئێستا ناتوانم بکەمە بیانوو و بڵێم بیست ساڵەی گیاڕەنگە و بە هۆی کەم کاتی و کارەوە ناتوانم لانیکەم پیرۆزباییەک بنووسم.
لە ژیانی هەر مرۆڤێک دا هێندێک کەس و شت هەن، کە پشت گوێ خستنیان ویژدانت ئازار دەدات، هەر ئەوەش گەورەیی و خۆشەویستی و ڕێزی ئەو مرۆڤانە و یان ئەو شتەیە، کە وات لیدەکات ویژدانت ئاسودە نەبێت. واتا گەورەییان، یان خۆشەویستیان دەگەیەنێت. گیاڕەنگیش بۆ من یەکێک لەو شتانەیە و بەڕێوەبەرەکانیشی لەو مرۆڤانەن، کە لای من زۆر خاوەن ڕێز و خۆشەویستی تایبەتن.
گیاڕەنگی ڕەنگین بیست ساڵە بێ بڕانەوە، بۆتە کەڵەسواری مەیدانی دنیای وەشاندنی دیجیتاڵی، من زۆر باش ئاگادارم لەم بەینەدا چەندین ماڵپەڕی دیجیتاڵی هاتونەتە گۆڕەپان و بە پشت و پەنایەکی لەوانەیە زۆری ماڵی و مەعنەویش هاتبن، بەڵام تەمەنیان نەگەیشتۆتە چواریەکی تەمەنی گیاڕەنگی ئێمە.
بە بڕوای من چەند هۆکاری سەرەکی هەن بۆ سەرکەوتووی گیاڕەنگ و لە مەیدان دامانەوەی.
یەکەم، ماندوویی نەناسی هەردووک بەڕێوەبەرەکەی، واتا دادە شلێری حەسەنپوور و کاکە حەمەڕەسوڵی کەریمی.
ئەم دوو کەسە تا سەر ئیسقان شۆڕشگێڕ و قارەمانەی ڕۆژەکانی سەختی خەباتی شاخ و شار و هەندەران، ئەوەندە پشت کار و پڕکار و ماندووی نەناسن، کە مرۆڤ لە ئاست ئەو هەموو لە خۆبردووی و خۆنەویستی و تێکۆشانەیان دا، بێجگە لە سەری ڕێز دانەواندن هیچی دیکەی پێ ناکرێ.
ئەوان گیاڕەنگی دیجیتاڵیان وەک چیای گیاڕەنگ ڕەگاژۆی دڵ و دەرونی خوێنەرانیان کردوە، گیاڕەنگ هەر ماڵپەڕێکی لێوان لێو لە زانیاری دیجیتاڵی نیە، ئەو تێکەڵاوە لە گەڵ هزر و بیری ئەو دوو شۆڕشگێڕە و بنەماڵە سەربەرزەکانیان، ئەو ئیلهامی خۆڕاگری مانەوەی لە حەمەڕەسوڵ و شلێر وەردەگرێ و ئەوانیش لە حەکیمزادەکان، حەسەنپورەکان و حەدادەکان و ئەوانیش لە دیمۆکرات و ڕاگەیندراوەکانی هەر لە سەرتای کۆمارەوە تا ئەوڕۆ و دیمۆکراتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئیشتاش هەروا سەنگەری بەربەرەکانیە و لە تاریکستانی ئەم سەردەمەشدا هەروا چرای ڕووناکیدەری ڕێگای ئازادی ڕۆژهەڵاتە.
هۆکاری دووهەمی مانەوەی گیاڕەنگ لە مەیداندا، کاری دروست و ڕێگا هەتڵە نەکردنیەتی، گیاڕەنگ لە تەواوی ئەو ماویەدا، نەبۆتە مینبەری قسە و قسەڵۆک بە دژی ئەم و ئەو یان ئەو حیزب و ئەم لایەنی سیاسی ، گیاڕەنگ، بەیداخی خزمەت بە نیشتیمانی چەقاندوەو هەر لە ژێر ئەو بەیداخەشدا ماوەتەوە، بەدوور لە هیچ بوغز و غەرەزێک تەنیا مەبەستی خزمەتکردن بە نیشتیمان بووە.
ئەستەمە لەو هەموو کێشمەکێشمە ناوخۆییە حیزبیانەدا، کارت ڕاگەیاندن و بڵاوکرندنەوە بێت، بەڵام ڕووسوور دەربێی، گیاڕەنگ هەر چۆن بەڕێوەبەریەکەی لە خزمەت بەگەل و نیشتیماندا سەربەرز و رووسوورن، خۆشی هەروا لەو مەیدانەدا بە ڕووسووری و سەربەرزی گۆشەیەکی بچووکی ڕاگەیاندنی دیجیتاڵی کوردی گرتوە، کە جێگای شانازی و دەستخۆشیە.
گیاڕەنگ ئاوێنەی باڵانوێنی تێکۆشەرانێکە، کە دەستیانداوەتە پێنوس و هزرو بیری دەستەمۆنەکراویان لە هەموو بوارەکانی زانیاری ، مێژووی، ئەدەبی، ڕامیاری ، پێگەیاندن و هتد… وەک ئەسپێکی سەرکێش تاودەدەن و بەم جۆرە کاری جوان و پڕ تام چێژ و پڕ بەهرە بۆ خوێنەرانی گیاڕەنگ دەخوڵقێنن.
هۆکارەکانی مانەوەی گیاڕەنگ و خۆشەویستی لە ناو دڵی لاینگران و خوێنەرانی دا، زۆر لەوە زیاترن، بەڵام ئەوانەی کە باسمان کردن و تێکەڵاو لە پاراوی زمانی کوردی و هەروەها خۆبواردنی سەدلەسەدی لە بەکار هێنانی زمانی زبر و نەشیاو، وایان کردوە کە گیاڕەنگ خوێنەرەکانی پێی وەفادار بمێننەوە بەم شێوەیە گرەوی خۆی لە مەیدانی دیجیتاڵی دا بباتەوە.
پیرۆز بێ بیست ساڵەی گیاڕەنگی ڕەنگین!
بە تایبەتی لە دەستەی بەڕێوەبەری واتا خاتوو شلێری حەسەنپوور و کاک حەمەڕەسوڵی کەریمی و هەموو ئەو کەسانەی، کە بوونەتە مایەی لە مەیدان دامانەوەی گیاڕەنگ و بە بابەتی ڕەنگین و جوان و بەکەڵک و پڕ نێوەرۆک، بەیداخی ئەم دنیا بچوکە خنجیلانەیەی وشەی ڕەسەنی کوردیان دیجیتاڵ بە پێوە ڕاگرتوە. دنیای ڕاگەیاندنی دیجیتاڵ خۆی تەمەنی کەمە، بەڵام گیاڕەنگ لەو تەمەنە کەمەش بەشی زۆری ناوەتە باوەشی خۆی و کورد گوتەنی پشکی شێری پێبڕاوە.
هیوادارم لە داهاتوشدا، هەروا لە سەر هێڵەکانی دیجیتاڵی ئینتەرنت بتبینم گیاڕەنگی هەمیشە ڕەنگین.
محەممەدی فەقێ عەلی
ئوتریش