(پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن)

(پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن)

ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و ڕاپەڕیوی کوردستان!

خەڵکی ئازادیخواز و خەباتگێڕی ئێران!

کۆڕوکۆمەڵ و ڕێکخراوە داکۆکیکارە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانى ژنان!

ئەوساڵ لە کاتێکدا یادی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن دەکەینەوە کە نزیکەی ٦ مانگ بەسەر ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ئێران بە پێشەنگایەتیی ژنان و لاوان لە ئێراندا تێ‌دەپەڕێ. ڕاپەڕینێک کە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ بەرزی و نزمی لە ئاستی چالاکی لەسەر شەقامەکان و مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا بەرەوڕوو بووە، بەڵام لە مکوڕبوون و شێلگیربوون لەسەر ویستە سەرەکییەکانی –کە لە گرینگترینیان سڕینەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزییە- بەردەوام بووە و تا ئێستاش بەردەوامە. ڕاپەڕینێک کە تا ئێستاش دەسکەوتی بەنرخی بۆ کۆمەڵگە بەگشتی و بەتایبەت بۆ ژنان وەدی هێناوە، بە چەشنێک کە لەو ماوەیەدا شاهیدی وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ڕوانینی کۆمەڵگە بۆ پێگە و ڕۆڵی ژن لە بیاڤی گشتیدا بووین. لە ئەنجامی ئەو ڕاپەڕینەدا گۆڕانکاری بەسەر روانین و بەهاکانی کۆمەڵگەدا هاتووە و ژن جارێکی دیکە نە وەک قوربانی بەڵکوو وەک پێشەنگ و ئاکتۆری سیاسی بووەتە زامنی دابینکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پێشکەوتوو، بووەتە هاندەر و پاڵنەر بۆ بەسەرکەوتن‌گەیاندنی ئەم شۆڕشە و پێشکەوتنێکی گەورە لە ساڕێژبوونەوەی کەلێنی ڕەگەزیدا ڕووی داوە، بە جۆرێک کە خواستی یەکسانیی ڕەگەزی و سڕینەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە خواستێکی ژنانەوە بۆ خواستی گشتیی کۆمەڵگە گۆڕاوە.

دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” وەک پارادایمی سەرەکی و ستڕاتیژیی شۆڕشی “ژینا” کە لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستانەوە سەری هەڵداوە و نەتەنیا سەراسەری ئێران، بەڵکوو وەکوو پێناسەی ئەو شۆڕشە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دەنگدانەوەی بەرینی هەبووە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەرجەستەبوونی ئەو گۆڕانکارییەی کە لە زەینیەتی پیاوسالاریی کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەت کۆمەڵگەی کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە؛ کە ئەویش بەرهەمی خەباتی ساڵانێکی زۆری ژنان و پیاوانی مافخواز بووە. لە ئاستی نێوخۆییدا، ژنان لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان‌دان و لە پاشکۆیەتیی نەریتییەوە بەرەو پێشەنگایەتیی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتنخواز هەنگاویان ناوە. لە ئاستی دەرەکیشدا، درێژبوونەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و پشتیوانیی فراوان لەو دروشمە چ لە ئاستی نوخبەی سیاسی و چ لە ئاستی کەسایەتییە ئەکادیمی و فەرهەنگی و هونەرییەکان لە جوغڕافیایەکی فراوانی نێودەوڵەتیدا، هەروەها دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کاردانەوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوون بەرامبەر بە دەسەڵاتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی. سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە کوردستان و بەشداریی بەرچاو و شوێندانەری ژنان لە ناڕەزایەتییەکاندا و، هەروەها پاڵپشتیی بێ‌وێنەی لاوان لە تایبەتمەندییە پێشکەوتنخوازانەکانی ئەو ڕاپەڕینە، نیشان لە پێگەیشتوویی کۆمەڵگەی کوردی لە پێگەی ژن و کارکردەکانی لە کۆمەڵگەدایە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ژێرخانە یاسایی، سیاسی، فەرهەنگی و ئابوورییەکانی ستەمی ڕەگەزی بە شێوەی سیستماتیک ڕێگەیان بۆ هەرچی زیاتر چەوسانەوەی ژنان خۆش کردووە. لە ڕوانگەی ئەو سیستەمە کۆنەپارێزەوە، پەراوێزبوونی ژن و ستەمی ڕەگەزی دیاردەیەکی سروشتیین کە پێویستە ژنان پابەند بن پێیەوە. سەرەڕای ئەوەی ڕێژیم سەرجەم دامودەزگا تەبلیغی و پەروەردەیی و میدیاییەکانی بۆ جێخستنی ئەو خوێندنەوەیە لە ژنان تەرخان کردووە و هەوڵی داوە ژنان بە کۆمەڵێک پرسی لاوەکی و بێ‌بایەخی وەک جۆری پۆشش و هەڵسوکەوت و ژیانی تایبەتی سەرقاڵ بکا و دووریان بخاتەوە لە مافە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکانیان. بەڵام دەبینین بزووتنەوەیەکی چالاکی ژنان بۆ وەدیهێنانی ویست و مافەکانیان بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە ئارادا بووە. ئەو بزووتنەوەیە بە تایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا زەمینەی شۆڕشێکی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتيی ڕەخساندووە کە کاریگەریی حاشاهەڵنەگری هەبووە لە سەرهەڵدانی ئەو کەشە شۆڕشگێڕانەیەی ئێستاکە لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەیبینین.

ڕووداوەکانی ڕاپەڕینی ئەم‌دواییانەی گەلانی ئێران بەئاشکرا ئەوەمان پێ دەڵێ کە کۆمەڵگەی ئێران ئامادەیی تەواوی بۆ تێگەیشتن لە پرسی ژنان و زەروورەتی چارەسەری یەکسانیی ڕەگەزی بە مەبەستی ڕێگەخۆشکردن بۆ گەشەی سیاسی و ئابووری هەیە. دەور‌گێڕانی پێشەنگانەی ژنان لە خۆپیشاندان و ئاکسیۆنە جۆراوجۆرەکانی ناڕەزایەتی لە هەموو بوارەکاندا هەڵگری ئەو پەیامەیە کە کۆمەڵگەی ئێران خۆی بۆ داڕشتنەوەیەکی نوێ لە پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ئامادە کردووە. بەشێوەیەک کە سەقامگیری لە کۆمەڵگەدا بەبێ چارەسەری پرسی ژن مومکین نییە و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ بەر بەو گۆڕانکارییە بگرێ.

بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان لە کوردستان بەهۆی ئەو پاشخانە مێژووییەی هەیەتی و بەتایبەت بە ئیلهام‌وەرگرتن لە بزووتنەوەی نەتەوەیی، خاوەن ناسنامەیەکی بەرچاوتر و کردەی ئامانجدارترە. ژنی کورد وەک بەشێک لە ناسنامەیەکی فراوانتری چەوساوەی نەتەوەیی، ئەنگیزەی بەهێزتری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم بەشێوەیەکی گشتی هەیە. حوزووری چالاکانەی ژنانی کورد لە خەباتی نەتەوەیی، لە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە بگرە تا مەیدانە جیاوازەکانی خەباتی فەرهەنگی و سیاسی و میدیایی، دەرفەتی شازی بۆ بزووتنەوەی ژنان ڕەخساندوە تا بتوانێ لە پێناسە کردنەوەی ناسنامەی خۆیدا کەڵکی لێ‌وەرگرێ.

سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە بەردەم ژنان لە کوردستاندا هەن، لە هەمان کاتدا ئەزموونی کاری ڕێکخراوەیی لە بوارە جیاوازەکان و بەتایبەت ناسنامەخوازیی ڕێکخراوەییدا وایکردوە ژنان دەرفەتی گەورەیان لە داڕشتنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاراستەی سڕینەوەی چەوسانەوەی ڕەگەزی لەبەر دەستدا بێ. ژنانی کورد گەیشتوونەتە ئەو ئاستە لە تێگەیشتوویی و ژیری کە لە گٶڕانکارییە چاوەڕوانکراوە سیاسییەکانی داهاتوودا، بتوانن هەڵاواردنی ڕەگەزی لە یاساکان و دامەزراوە ڕەسمییەکاندا بسڕنەوە، کاریگەری لەسەر دامەزراوە فەرهەنگی، فێرکاری و میدیاییەکان دابنێن بە ئاراستەی کۆتایی هێنان بە عەقڵییەتی پیاوسالار.

ئێمە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای ڕێزگرتن لە ٨ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژن و پیرۆزبایی ئەو یادە لە ژنان و بەتایبەت ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باوەڕمەندیی خۆمان بە هێزی هەراو و یەکلاکەرەوەی ژنان لە هەموو بوارەکاندا دووپات دەکەینەوە و پێمان‌وایە لەگەڵ ئەوەی هەنگاوی کاریگەرمان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ وەدیهێنانی یەکسانیی ڕەگەزی ناوە، لە هەمان کاتدا دان بەو ڕاستییە دادەنێین کە شۆڕشی پێشکەوتنخوازی ژینا و دروشمی سەرەکیی ئەو شۆڕشە، پلان و بەرنامەی جیددیترمان لێ دەخوازێ و پابەندمان دەکا بە هەڵگرتنی هەنگاوی گەورەتر لە پێناو گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و دوور لە ستەمی ڕەگەزی. ئێمە پێداگری لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەینەوە کە ئامانجە سیاسی، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و چینایەتییەکان نایەنەدی بەبێ ئەوەی ژنان پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا ببیننەوە.

سەرکەوێ شۆڕشی ژینا و خەباتی پێشەنگانەی ژنان لەژێر دروشمی ژن، ژیان، ئازادی،

نەمان بۆ دەسەڵاتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان کوردستانی ئێران

٨ی مارسی ٢٠٢٣