فارسی ئێرانی و کورد! برایم فەڕشی

فارسی ئێرانی و کورد! برایم فەڕشی

فارسی ئێرانی لە لایەنی ئیدئۆلۆژیک، ئایین، فەرهەنگ، مێژوو، ئۆتۆریتەی سیاسی و ناسیاسی تووشی قەیران هاتووە، لە لایەنی نەتەوەییش خۆی بۆ ساخ نەبۆتەوە. ئەوان ئۆتۆڕیتەی خۆیان لە ناو میللەتانی تر کە بەساڵان بەسەریاندا زاڵ بوون، دۆڕاندووە و ئەوەی ئەوانی وەک “فارسی ئێرانی” ڕاگرتووە، حکومەتی ئیسلامی ئێرانە، کە پشتی بە هێزی ئەمنیەتی و نیزامی بەستووە.

ئۆپۆزسیۆنی داخڵ و خارج، لائیک، مەزهەبی و شاهی ئەم ڕاستییە دەزانن کە ڕووخانی حکومەتی ئیسلامی بە مانای ڕووخانی ئۆتۆریتەی ئێرانیبوونی ئەوانە کە لە سەر دەستی فرووغی – ڕەزا شا و نوخبەکانیان بە زەبری حکومەتی ناوەندی، شەڕ، کوشتن، زیندان و کۆنترۆڵکردنی نەتەوەکانی تر، داسەپێندرا.

فارسی ئێرانی ئۆتۆریتەی سیاسی و حکومەتییان گرێدراوی هێزی نیزامی و ئەمنیەتییە و ئۆپۆزسیۆنی فارسی ئێرانی تەنیا و تەنیا بە پشتیوانی ئەو هێزە دەتوانێ دەستەڵات بگرێتە دەست کە ئەوەش بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ پایدار بمێنێ. گۆڕینی ڕووکەشی و ڕووبەنای حکومەت چارەی دۆڕانی ئۆتۆریتە و هەروەها کۆمەڵگای بە تەواو لە بەر یەک ترازاو و ئابووری وێران و سیستەمی پڕ لە قەیرانی حکومەتی و سەرجەم دامودەزگاکانی ناکا.

فارسی پشت ئەستوور بە سەردەمی باستان و شیعەی ئێرانی، ئیتر فارسی سەرەتای سەدەی بیست و ساڵی ١٩٧٩ نەماوە و ئەوان بە هیچ شێوەیەک، ئەمڕۆ نەتەوەیەکی یەک دەست و یەک ئامانج نین و حزبی کاریگەر و یەکدەستیان نییە و ئیدئۆلۆژی و ئایین و شانازیی ڕابووردوو بە هانایانەوە نایات. ئەوان وەک ئۆپۆزسیۆن و وەک میللەت هیچ تەرح و بەرنامە و ستراتێژییان نییە، جگە لەوەی لە سەردەمی ڕەزشا بۆیان دامەزرێندرا و گەیشتە دەست مەلا و فۆکلی شیعە.

ئەوەی لە ئەفغانستان و سوریە و عێراق هاتە پێش تایبەت بەو وڵاتانە نییە و زەروورەتی سەرجەم ناوچەکەیە و درانگ یا زوو ئێران و تورکیا لە خۆ دەگرێ، حیهانی ئورووپا و ڕۆژئاوا بە ساڵانە تەحەموولی تورکیا و ئێرانی فاشیست و ئیدئۆلۆژیک و ترۆریست و سەرەڕۆ دەکات و ئیتر هیچکام لەو دوو وڵاتە دەور و قورسایی و گرنگی پاش شەڕی یەکەمیان بۆ ڕۆژئاوا نەماوە. ئەو ناوچەیە لە گەڵ گۆڕانی سەرجەم جیهان، لە فۆڕمی سیاسی ئەمڕۆی خۆیدا ناتوانێ درێژە بە قەیرانەکان بدات. گۆڕانی بنەڕەتی جیهان لە بواری سیاسی، ئابووریی و نیزامی سیمایەکی نوێی سیاسی دەخوازێ.

چین بەرەو بوون بە هێزی یەکەمی سیاسی ئابووریی نیزامی سەنعەتی و بەرهەمهێنان چووە، هیندوستان بۆتە لایەنێکی تر. ئەمڕۆ بازاڕی ڕۆژئاوا و پێداویستی کاڵایی وڵاتان بە بەرهەمی چین و هیندوستان پڕ دەکرێ و تەنانەت لە ئامریکاوە هەتا بریتانیا هێزی کاری کارامەی هیندوستان دەور دەگێڕن. چین و هیندوستان نیوەی دانیشتوانی جیهان لە خۆ دەگرن.

چین لە ئافریقا ئاسیا و ئورووپا دەوری گرنگ دەگێڕێ و سەرمایەی ئەم وڵاتە لەم سێ قاڕەیە و هەروەها حزووری سیاسی و ئابووری و سەنعەتی ئەوان، پاشەکشەی بە ڕۆژئاوا کردووە، هاوپەیمان بوونی ڕووسیە لە تەک چین و هیتدوستان بەرتەسکبوونەوەی دەور و ئۆتۆریتەی زاڵی پێنجسەد ساڵەی ئورووپا و ڕۆژئاوا لە گەڵ خۆی دەهێنێ، کە ئەوە دەوری ئێران و تورکیاش دەگرێتەوە، کە ناتوانن وەک پێشوو بمێنن، بە تایبەت گەر سەرجەم قەیران و گێژاوی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی هەر دوو وڵات لە بەرچاو بگیرێ. دەوری نوێی ئەم سێ وڵاتە لە جیهانی ئەمڕۆ و داهاتوو، گۆڕانکاری لە گەڵ خۆی دەهێنێ.

لەم سەردەمەدا ئیتر ئێران و تورکیا ناتوانن و بۆشیان ناکرێ دەوری سەدەی رابڕدوو بۆ خۆیان و ڕۆژئاوا بگێڕن. ئەوەش دەبێ بزانرێ نەتەوەکانی ئەم وڵاتانە ئیتر خەڵکانی سەرەتای سەدەی بیست و ئەو سەدەیە نین و وەک پێشتر باس کرا، ئەو نەتەوانە ئەگەر ئێستاش دەورگێڕی گرنگی سیاسی نەبن، لە دواڕۆژ هەر کا م دەوری خۆیان دەگێڕن، ڕێک وەک ساڵانی پاش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت، یۆگوسلاوی، چکوسڵەواکی و وڵاتانی تر. ئەوەش دەبێ بگوترێ هەر لە ئورووپا گۆڕان لە ئارادایە و یەکیەتی ئورووپا وەک ئێستا ناتوانێ بمێنێ و دەوری نەتەوەیی وڵاتان گەر زیادتر نەکرێ، ئەم یەکیەتیە بەرەو هەڵوشانەوە یان بەرتەسکبوونەوە دەکێشێ.

بەم پێیە سەرجەم سیاسەت پیشەکانی کوردی چەقیو لە سەدەی ڕابوورد، درانگ یا زوو یا دەبێ تێگەیشتنیان سەبارەت بە کورد و داهاتووی بگۆڕن، یا دەبێ جێگا بۆ جیلی نوێ چۆڵ کەن. ئەوان و حزب و دامودەزگاکانیان داهاتوویان نابێ گەر کورد و داهاتووەکەی بە پێی سەردەم و گۆڕانکارییەکان، بە تایبەت گۆڕانکاری ناو کۆمەڵگای کوردستان نەبین و ستراتێژی و بەرنامەی نوێ نەخەنە بەر دەم کۆمەڵانی خەڵک.

جیهانی سیاسی ئەمڕۆ بە خێرایی لە گۆڕاندایە و گەر کورد خۆی لە تەک خێرایی سەردەمدا نەبینێتەوە و خۆی بە زانست و تەکنیک و تێگەیشتنی سەردەم تەیار نەکات، دەبێ بە قووڵە کڵاشینکۆڤەکەیەوە هەر لە شاخان بمێنێ. گەر سیاسەتی کورد ئەمڕۆیی نەکرێ و ڕەنگدانەوەی لە سەر ماسەی سیاسی جیهان نەبیندرێ و دیپلۆماسی ئەمڕۆیی نەگرێتە بەر، دەبێ چاوەڕێی ئازادی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی نەبێ. کۆمەڵانی خەڵک ئەو کاتە دەتوانن چاوەڕێی ڕزگاری خۆیان بکەن، کە بە گوڕ بەشدار لە بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان بن.

برایم فەڕشی
٣/٣/٢٠٢٣