داخوا دێموکراسی چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەکات؟

داخوا دێموکراسی چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەکات؟
مستەفا شەڵماشی

بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە پێویستە دوو چەمکی دێموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بەوردی هەڵسەنگێندڕێن و شوێنکاریان لەسەر یەکتر ڕوون بکرێتەوە. هەر لەجێدا دێموکراسی بۆخۆی زۆر قسەی لەسەرە و لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی هەر وڵات و هەر گرووپ و دەوڵەتێکەوە پێناسەی جیاوازی بۆ دەکرێ و بەگوێرەی قازانجەکانی خۆیان لێکی دەدەنەوە. تەنانەت لەگەڵ سیستمی ئیداریی جۆراوجۆریشدا لێک دەدرێ، یا دەگونجێنرێ. هەر لە دنیای مۆدێرندا ئەگەر چاو لە سیستمەکان بکەین کە لەسەر بنەمای دێـموكراسی دامەزراون، دەبینین کە سیستمی پاشایەتیی مەشڕووتە، سیستمی کۆماری، سیستمی فیدڕاڵی، سیستمی کۆنفیدڕاڵی و سیستمی کانتۆنی تێدایە.

دێموکراسی ئەگەر بە شێوە زانستییەکەی لێک بدرێتەوە، دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ جێبەجێ‌کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس. واتە ئەگەر دێموکراسییەکە بە شێوەیەکی زانستی لە وڵاتەکەدا قبووڵ کرابێ و هەمو بەشەکانی دێموکراسی وەک، مافی مرۆڤ، مافی گرووپ و کەمینەکان، مافی دیاریکردنی چارەنووس، مافی پێکهێنانی ڕیفڕاندۆم و مافی یەکسانیی هەموو کەسەکان و گرووپەکانی تێدا سەلمێنرابێ، یارمەتیدەرێکی گرینگە بۆ جێبەجێ‌کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسیش. چونکە واتای بنچینەیی دێموکراسی کە لە یۆنانی کۆنەوە هاتووە و ساڵ لە دوای ساڵ گۆڕانی بەسەردا هاتووە و پێش کەوتووە، بریتییە لە: فۆڕمێک یا شێوەیەک لە دەسەڵات کە کۆمەڵانی خەڵک و نەتەوەیەک لە ڕێگای دەنگدانەوە دەتوانن شەرعییەتی پێ بدەن و شەرعییەتیشی لێ وەرگرنەوە. واتە گرووپێک لە خەڵک، جا ئەوە نەتەوەیەک، شارێک و وڵاتێک و… لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەتوانن چارەنوسی خۆیان دیاری بکەن، یا بڕیار لەسەر مەسەلەیەک بدەن کە بە شێوەی کاتی، یا بەشێوەی درێژخایەن چارەنووسیان دیاری دەکا. ئەوە جگە لەوەی کە دێموکراسی تەنیا مافی دەنگدانیش نییە. بەڵکوو سیستمێکی بەربڵاوە کە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ئازادیی تاک وکۆمەڵ، یەکسانی، دەرفەتی وەک‌یەک بۆ نەتەوەکان و تاکەکان، دەرفەتی وەک‌یەک بۆ ئایین و کولتوورەکان، ژنان و پیاوان و زۆر باری کۆمەڵایەتیی دیکە دەگرێتەوە. بۆ ئەوەش هەم پێویستیی بە ئازادی دەنگدان و هەم پێویستی بە میکانیزمی کۆنتڕۆل لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە هەیە.

جگە لەو میکانیزمە پێشکەوتووە کۆمەڵایەتییە، چۆنیەتیی دروستبوون و پێناسەی هەر وڵاتێکیش گرنگە. ئەو وڵاتانە کە فرەنەتەوەن، ئەگەر لە دروستبوونی سیستمی وڵاتەکە و یاسای بنەڕەتیی وڵاتەکەدا نەهاتبێ کە پێکهاتەی نەتەوەیی ئەو وڵاتە چییە، زۆر ئاستەمە لە دواییدا و بە پڕۆسەی دێموکراسیدا مافی دیاریکردنی چارەنووس جێبەجێ بکرێ. بۆ وێنە لە وڵاتانی وەک ئێران و تورکیە و سووریەدا کە لە بناغەڕا لە سەر بنەمای یەک میللەت-یەک دەوڵەتدا دروست کراون تا یاسای بنەڕەتی نەگۆڕدرێ و بە شێوەی تەوافوقی لەنێوان نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا پێناسەی وڵاتەکە نەگۆڕدرێ بۆ پێناسەی فرەنەتەوەبوون، تەنانەت ئەگەر ڕێگا بە ڕیفڕاندۆمیش بدرێ وەک میکانیزمێکی دێموکراتیک، هێشتا ناتوانرێ بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس کەلکی لێ وەربگیردرێ. چونکە مادام بوونی نەتەوەیەک یا گروپێکی ئیتنیکی بەڕەسمی نەناسرێ، مافی هەڵبژاردنی جیاش نادرێ بەو نەتەوە یا گرووپە. تەنانەت ئەگەر بۆ وێنە لە چوارچێوەی ئێراندا باسی ڕێفڕاندۆم سەبارەت بە مەسەلەی کوردیش بکرێ، دەگوترێ ئەو ڕێفڕاندۆمە پێویستە لەنێو هەموو خەڵکی ئێراندا بکرێ، کە ئەوکاتە هەرگیز زۆرایەتی بەدەست ناهێنێ. بۆ وێنە لە ئێراندا بیانووی داتاشراوی یەک نەتەوەبوونی ئێران، ئەویش بەو شێوەی کە هەموو شتێکی بۆ جەعل کراوە و نەتەوەی وەهمیی “ئێران”ی بۆ دروست کراوە، هەمیشە ڕێگرە لە بەکارهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس. کەواتە بەر لە بەکارهێنانی ئامرازە دێموکراتیکەکە، پێویستە بە شێوەی تەوافوقی و ڕێککەوتن لەنێوان نەتەوەکانی نێو وڵاتەکەدا وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە، سیستم دابمەزرێ و پەیمانی پێکەوەژیان بە مافی یەکسانەوە و بە مافی دیاریکردنی چارەنوسیشەوە ببەسترێ. لە غەیری ئەوەدا نەتەوەی فەرمانڕەوا هیچ کاتێک ئامادە نابێ بیسەلمێنێ یەکێک لە نەتەوەکان مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆی بەکار بێنێ.

هەروەک چۆن ئەو ڕۆژانە کەسایەتییە سیاسی و ڕووناکبیرانی ناوەندگەرای ئێرانیش تەنانەت تێرمی “مافی دیاریکردنی چارەنووس” تەنیا دەبەستنەوە بە سەردەمی یەکیەتیی سۆڤییەتەوە و دەیانهەوێ بانگەشەی ئەوە بکەن کە ئەو مافە ئیعتیباری نێونەتەوەیی نییە و لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت کۆتایی پێ هاتووە. ئەوە لە کاتێک‌دایە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس بە تایبەت بۆ نەتەوەکان، یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی قانوونی نێونەتەوەیی مۆدێرنە و بەشێکیشە لە مافی مرۆڤ. بەگشتی بەندێکی قانونی نێونەتەوەییە کە لەژێر چاوەدێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبێ بەڕێوە بچێت.

ماددەی ١ و ٢ی پێڕەوی نێوخۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو میکانیزمە دیاری دەکا بۆوەی مافی یەکسان بۆ ھەموو نەتەوەکانی سەرزەوی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوە بچێ، پێویستە شانسی وەک یەک بۆ ھەموو نەتەوەکان دەستەبەر بکرێ و ھەموو نەتەوەکان بتوانن بۆخۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و بە شێوەیەکی ئازاد ستاتوتی خۆیان بۆ پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ھەڵبژێرن. ئەو میکانیزمە لە ساڵی ١٨٦٠ەوە پێناسە کراوە و دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لەلایەن لێنین -ڕێبەری یەکیەتیی سۆڤییەتەوە- ڕۆژی ٨ی ژانوییەی ١٩١٨ لە چاردە خاڵدا پێناسە کرا و لەلایەن سەرۆکی ئامریکا (ویڵسن)یشەوە ڕۆژی ١٨ ژانویەی ١٩١٨ بەڕەسمی ناسرا. پوختەی ئەو یاسایە ئەوەیە دەبێ ڕێز لە ویستی نەتەوەکان بگیردرێ و ڕێگە بدرێ بۆخۆیان چارەنووسی خۆیان و شێوەی بەڕێوەبردنی وڵاتی خۆیان دیاری بکەن. نموونەی ئەو نەتەوانەی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا ئەو مافەیان بەکار هێناوە، ئەریتیریا، وڵاتانی باڵکان و وەڵاتانی یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوون. هەروەها ناوچەی فەڕانسەوی زمان لە کانادا و سکاتلاند لە بەریتانیا ئەو مافەیان بەکار هێنا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، بەڵام زۆرایەتی دەنگی بۆ مانەوە دا. جگە لەوانەش لە کاتالۆنیای ئیسپانیا و لە باشووری کوردستانیش ڕیفڕاندۆم بەڕێوە چوو، بەڵام سەرەڕای سەرکەوتنی ئەو مافە تا ئێستا بەکار نەهێنراوە. کەواتە مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە بە پیادەکردنی ئەو، سنووری وڵاتانی ئەندام لە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەگۆڕدرێ. چونکە ئەو مافە لەسەر بناغەی پێکهاتەی نەتەوەیی داڕێژراوە و بۆ هەر نەتەوەیەکە کە تایبەتمەندییەکانی یەک نەتەوەی تێدابێ. کە دیارە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەش گرنگترینیان بریتین لە: نیشتمانی هاوبەش، زمان و کولتوور و مێژووی هاوبەش و ئابووریی لێک‌گرێدراو کە دیارە بە هاتنی گلۆبالیزم، ئابووری ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەماوە. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە کۆمەڵە خەڵکێک خۆیان بە یەک بزانن و لە پرۆسەی گەشەکردنی ناسیۆنالیزمدا گەیشتبنە ئەو قۆناغەی خەبات بکەن بۆ بەکارهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنوس و خۆیان لە حیزب، دامەزراوە و ئەنجومەنی مەدەنیی جۆراوجۆردا ڕێک‌خستبێ و ئامادەییان هەبێ بۆ بەکارهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس. بەمجۆرە هەم خۆیان وەک یەک نەتەوە پێناسە بکەن و ئێتنیک و هۆوییەتی خۆیان لەوێدا بدۆزنەوە و هەم ئامادەکارییان کردبێ بۆ خۆبەڕێوەبەری.

ئەگەر بەو هێمایانە کوردستان هەڵسەنگێنین، زۆر لەمێژە و دەتوانم بڵێم زیاتر لە سەد ساڵە کە ئامانجی دواڕۆژی زۆربەی ڕێبەران و حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە پشتبەستن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس دیاری کراوە و بەرنامەی خۆیان لەسەر ئەومافە داڕشتووە و لە چوارچێوەی وڵاتانێکدا کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون، بە شێوەیەک لە شێوەکان، خەباتیان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس کردووە. جگە لەوە کوردستان لە باری کولتوور و ڕێکخراوی مەدەنییشەوە لە ڕیزی پێشەوەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئەگەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وێنە بێنینەوە جگە لەوەی حیزبی نیزیک هەشتا ساڵەی هەیە بە بەرنامەیەکی پێشکەوتووی نەتەوەیی، دێموکراتی و سۆسیالیستییەوە، لە پێش ئەویشدا حیزبی هەبووە و ئێستاش چەندین حیزبی هەیە و لە بواری ڕێکخراوە مەدەنییەکانیشدا پێشکەوتووترین بەشی ئێرانە.

مافی دیاریکردنی چارەنوس لە کاتی شەڕی جیهانیی دووەمیشدا و لە بڕیارنامەی ئاتڵانتیکدا، چاردەی ئاگۆستی ١٩٤١ گونجێندرا و لەلایەن ڕۆزڤێڵت سەرۆکی ئەوکاتی ئامریکا و چرچیل، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بریتانیاوە، پشتی گیرا و بوو بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان. دیارە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆخۆی سیستمی بەڕێوەبەری نییە، بەڵکوو میکانیزمی دیاریکردنی سیستمی بەڕێوەبەرییە. بەتایبەت بە ڕێگای ڕیفڕاندۆمدا نەتەوەیەک دەتوانێ بڕیار بدا بۆ سەربەخۆیی، فیدڕاڵی، خودموختاری یا ھەر سیستمێکی دیکە. بەڵام بۆ ئەوەی نەتەوەیەک پشتیوانیی جیهانی بۆ بەکارهێنانی ئەو مافە بەدەست بێنێ، دەبێ چەند بناغەیەک بۆ خۆی بینا بکا:

١) پێویستە ناسیۆنالیزمی ئەو نەتەوەیە بە جۆرێک گەشەی کردبێ کە هەر تاکێکی ئەو نەتەوەیە، خەمی نیشتمان بە خەمی خۆی بزانێ.

٢) پێویستە لە باری کولتوورییەوە ئامادەیی هەبێ و دیپڵۆماسییەکی باشی نێونەتەوەیی بکا و نوێنەری ناسراوی نەتەوەیی هەبێت.

٣) پێویستە حیزبی نەتەوەیی هەبێ کە تەنیا داڵغەکەی بریتی بێ لە وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی.

٤) پێویستە بناغەی ئابووری و فەرهەنگیی پتەوی بۆ بەڕێوەبردنی خۆی بنیات نابێ.

٥) پێویستە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی زیندوو پێک بێنێ دواتر و لە هەمووان گرینگتر پێویستە خەباتەکەی بە جەماوەری بکات کە من پێم‌وایە نەتەوەی کورد کەم‌وزۆر هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە و تەنیا لە یەک شتدا کەم دێنێ، ئەویش کۆکردنەوەی هیزی نەتەوەییە لە یەکگرتنێکی نەتەوەییدا.

ئەنجام:

دێموکراسی دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێ بۆ جێبەجێ‌کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس، بەڵام خۆبەخۆ ناتوانێ دابینی بکا. پێشتر دەبێ بە شێوەی تەوافوقی ددان بە بوونی نەتەوە جیاوازەکان دابنرێ و پاشان مافەکانیان لە قانونی بنەڕەتیدا بەڕەسمی بناسرێ. جگە لەوەش میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو مافانەش لە قانوندا هاتبێ و پیادە بکرێ. ئەوکات دێموکراسی هەم بۆ چۆنیەتیی دابینکردنی ئەو مافانە و هەم بۆ پاراستنیان سیستمێکی جێگای متمانە دەبێ. لێرەوە گرنگیی سیستمی فیدراڵی بۆ وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێران دەردەکەوێ. سیستمێک کە تێیدا وەڵاتی ئێران جارێکی دیکە پێناسە بکرێتەوە. دەبێ لە مەنشورێکی تەوافوقیدا پێکهاتەی ڕاستەقینەی ئێران کە لە کام نەتەوانە پێک‌هاتوە بەڕەسمی بناسرێ. پاشان لە ژێر ڕووناکیی ئەو مەنشوورەدا دەوڵەتی سەردەمی گوزەر لە کۆماری ئیسلامی پێک بهێنرێ، کە ئەرکی سەرەکیی ئەو دەوڵەتە نوسینەوەی قانوونی بنەڕەتییە لەسەر بناغەی فرەنەتەوە بوونی ئێران و دابەشکردنی دەسەڵات بە سەر نەتەوەکانی ئێران دا لە سیستمی فیدڕاڵیی بەڕێوەبەریدا. ئەوە سەرەڕای گونجاندنی دێموکراسی، پلۆرالیزم، سێکولاریزم، یەکسانیی ژن‌ و پیاو مافی مرۆڤ و مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکان. تەنیا دێموکراسییەکی تەوافوقی ئەوتۆیە کە لە وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێراندا دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ بەکارهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس.