ڕاگەیەندراو/ پێداگریی ڕێبەریی حیزب لەسەر پەرەدان بە هاوخەباتی و یەکگرتوویی سەرانسەری

ڕاگەیەندراو/ پێداگریی ڕێبەریی حیزب لەسەر پەرەدان بە هاوخەباتی و یەکگرتوویی سەرانسەری
ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا دوا گۆڕانکاری و پێشهاتەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی هەڵسەنگاند و، پێداگریی لەسەر سیاسەتی دروست و ئوسولیی حیزب لەمەڕ پەرەپێدان بە هاوخەباتی و یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان لە ئاستی کوردستان و سەرانسەری ئێراندا کردەوە.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١٧ی بەفرانبار کۆبوونەوەی بەرینی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان، بەتایبەت شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەستی پێ کرد. دواتر کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب ڕاپۆرتێکی لەمەڕ کار و تێکۆشانی حیزب لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینا و ڕووداوەکانی پەلاماری مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات پێشکێش کرد و هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی حیزبی لەبارەی پرسە سیاسییەکانی ڕۆژەڤی ئێران بۆ باس و لێکدانەوەی زیاتری کۆبوونەوەکە خستە بەر باس.

هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستا و دوورەدیمەنی ڕاپەڕینی ژینا تەوەری سەرەکیی لێکدانەوەکەی بەڕێز کاک مستەفا هیجری بوو. بەڕێزیان بە ئاماژە بە ڕووداوی شەهیدکردنی ژینا لە تاران وەبیری هێنایەوە، ئەوە ئازایەتی و کۆڵنەدان، مافویستی و پەرچەکرداری خەڵکی کوردستان بەو جینایەتەی ڕێژیم بوو کە چەخماغەی ئەو شۆڕشەی لێ دا و دواتر ئەوە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و بەها و بایەخە مرۆیی، سێکۆلار و ئازادیخوازەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بوو کە بووە ئیلهامدەری پەلهاویشتنی ئەو شۆڕشە بۆ سەرانسەری ئێران و هەروەها ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی دەوڵەت و ڕێکخراوە بیانی و کۆڕۆکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان.

کاک مستەفا هیجری لەو بەشە لە لێکدانەوەکەیدا دوو فاکتەری گرینگی بۆ خوڵقاندنی ئەو دۆخە دەستنیشان کرد: یەکەمیان نەریتی خەباتگێڕی خەڵکی کوردستان و دەیان ساڵ خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەییە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووەتە کۆمەڵگەیەکی وریا و وشیار و سەرزیندووی سیاسی لە ئاستی ئێراندا؛ دووهەم یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بوو کە هەم ئێعتبارێکی چەند هیندەی لە ئاستی کوردستان و ئێراندا بۆخۆی دەستەبەر کردبوو، هەم بووە دینامیزمی سەرەکی لە ڕاپەڕینی ژینادا. چونکی یەکگرتنەوەی دێموکرات و وەڕێکەوتنی شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی ڕابوونی خەڵک لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان سەلماندی کە کوردستان لە ڕووی هزر و پاشخانی سیاسی و هەڵسەنگاندنی دۆخ و وەرگرتنی بڕیاری بەوەخت و پێویستەوە پێشەنگ و ئیلهامدەرە. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی زنجیرە هێرشێکی مووشەکیی قورسی دیکە بکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بەشداریی هەراوی ژنان و لاوان، قوتابییان و خوێندکاران، بازاڕی و کاسبکاران، مامۆستایانی ئایینی کورد، دیاسپۆرای کورد و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینای کە بوونە هێما و سیمبول و شوناس پێدان بەو شۆڕشە بەرز نرخاند و، ئەو یەکگری و هاوپێوەندی و دەرکەوتنەی بە هەوێن و دەسمایەی بەبایەخی سەرکەوتنی خەبات و شۆڕشی خەڵکی لەقەڵەم دا. بەڕێزیان هەروەها پەلاماری مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی هەرێمی کوردستان و سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندانەکان لە کوردستان و جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوشتوبڕ و منداڵکوژی و کوشتن لەژێر ئەشکەنجەی نەک بە نیشانەی هێز و دەسەڵاتی ڕێژیم، بەڵکوو بە نیشانەی ترس و فۆبیای ڕێبەرانی ڕێژیم لە ڕووخانی نیزامە سیاسییەکەیان لێک دایەوە.

کاک مستەفا هیجری لە کۆبەندی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەو بابەتە کە قۆناغی یەکەمی شۆڕشی ژینا کە هەرەسهێنانی یەکجاریی بنەما ئیدئۆلۆژییەکان و شەرعییەتی ڕێژیم و تەمابڕاوی لەهەر چەشنە چاکسازییەکی نێوخۆیی دەسەڵاتە کۆتایی هاتووە و، لە ئێستادا ئەرکی سەرەکی بەردەوامیی شۆڕشە و بەئاکام‌گەیشتنیشی لەگرەوی یەکگری و یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەکان و چێ‌بوونی جێگرەوەی کۆماری ئیسلامییە. بەڕێزیان گۆڕینی زێهنییەتی ئێرانییەکان لەسەر پرسی کورد و شکستی سیستیماتیکی پلان و پیلانەکانی دوو ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی لە بەراوەژوو نیشاندانی دۆزی کورد بە دەسکەوتێکی گرینگ ناو برد و تیشکی خستە سەر ئەوە کە ئێستا کوردستان وەک بەهێزترین و بەڕێکخراوترین بەشی ئێران و پرسی کورد بە تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە دەتوانێ ببێتە فاکتەرێکی گرینگ لە دروست‌کردنی هاوپەیمانییەکی مەیدانی بەدژی کۆماری ئیسلامی.

باس و لێکدانەوەکەی بەڕێز کاک مستەفا هیجری دواتر بە ڕا و سەرنجی بەشدارانی کۆبوونەوەکە دەوڵەمەند کرا و ئەو بەرچاوڕوونییەی لێ زیاد کرا کە ململانێی ئێستای نێوان خەڵک و کۆماری ئیسلامی، شەڕی ڕووناکی بەدژی تاریکی و شەڕی بایەخە مرۆییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” لە هەمبەر دوگماتیزم و تاریکپەرستیی کۆماری ئیسلامییە و براوەی ئەو شەڕەش بە دڵنیاییەوە هەر خەڵکی مافخوازی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانن.

بڕگەیەکی دیکەی باسەکانی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزب چەند بابەتێکی نێوخۆیی حیزب بوو کە پاش تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی هەرکام لەوان بڕیاری پێویستیان بۆ درا.

کۆبوونەوەی بەرینی ڕێبەریی حیزب پاش چەند سەعات باسی چڕوپڕ و پڕ بەرهەم لە کەشێکی پڕ هیوا و هۆمێد بە سەرکەوتن کۆتایی بە کارەکانی هێنا و بەشدارانی کۆبوونەوەکە بۆ شوێنی کار و ئەرکی پێ‌سپێردراوی خۆیان گەڕانەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

١٧ی بەفرانباری ١٤٠١