ڕاپەرینی شاری جوانڕۆ و هەڵوێستی کوردانە و نەتەوەیی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی

ڕاپەرینی شاری جوانڕۆ و هەڵوێستی کوردانە و نەتەوەیی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی

ڕۆژی ١٠ی بەفرانبار جارێکی دیکە خەڵکی وەزاڵەهاتوو و ڕاپەریو و شۆڕشگێری شاری جوانڕۆ لە چلەی شەهیدان دا هاتنە مەیدان و بە دانی درووشم بە دژی دەسەڵاتداران قەڵای زۆرداری رژێمی پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێرانی لەرزاند، لەم پەیوەندییەدا ڕژێم بە تەقە کردن لە خەڵک و میلیتاریزەکردنی شاری جوانرۆ ویستی کە پێش بە خەڵک بگرێ، بەڵام بوێری و چاونەترسی گەنجان و لاوانی کورد پاشەکشەی بە هێزی ترسنووکی ڕژێم کرد. بەداخەوە لەم ڕێز گرتن و هاتنە سەر شەقامی لاوان  وخەڵکی شۆڕشگێری جوانڕۆ گەنجێکی کورد بە ناوی بورهان ئەلیاسی تەمەن ٢٢ ساڵ شەهید بوو و زیاتر لە ١٠ هاووڵاتی شاری جوانرۆش بریندار بوون.

لە ماوەی ڕاپەرین و شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە گشتی بەشداری ئەم شۆڕشە بوون و هەر کامەیان بە نۆبەی خۆیان ڕۆڵ و کاریگەریان لە سەر بەردەوامی ئەم شۆڕشە هەبووە و هەیە.

بۆ پشتیوانی لە شۆڕش و ڕاپەرینی ژینا بە خۆشیەوە توێژی دیاری کۆمەڵگای کوردستان، مامۆستایانی ئایینیش وەک زۆربەی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای کوردستان، لەم شۆڕشەدا بە دانی وتار و گوتاری شۆڕشگێری و نەتەوەیی و بە دەرکردنی بەیاننامەی پشتگیری خۆیان لە ڕۆڵەکانیان لە سەر شەقام کردووە، بوونە چەقڵی چاوی ڕژێم و دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆری ئێران.

لە بانگەواز و هەوڵ و پیلانێکی دیکەی ڕژێم دا لە شاری سنە، داوا لە مامۆستایانی ئایینی و بەشێک لە کەسایەتی‌یەکانی شاری سنە کراوە، کە سبەی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەک دا بەشداری بکەن و خەڵاتێکی دیاری کراوی ٥ میلیۆن تمەنی وەک دیاری لە ڕژێم وەر بگرن.

مامۆستا ئیبراهیم کەریمی لە مامۆستایانی دیاری کورد و پێشنوێژی ئاوایی نەنەڵەی سنە داوا دەکا کە شەرەف و نامووس و خوێنی شەهیدەکان نەفرۆشن و بەشداری ئەو بە ناو کۆبوونەوەیە نەکەن.

هەڵوێستی مامۆستا ئیبراهیم و بەشێک لە مامۆستایان و کەسایەتییەکان جێگای دڵخۆشییە و لە هەلومەرجی ئێستا دا نەتەوەکەمان بە قۆناخێکی هەستیار دا تێدەپەڕێ و پێویستە کە هەموومان یەکدەنگ و یەکڕەنگ بە بێ جیاوازی بەشداری لەم ڕاپەرینە مەزنەی گەلەکەمان دا بکەین.

ڕووحی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاد و ڕێگای خەبات و تێکۆشان و ڕاپەرینیان تا ڕووخانی یەکجاری کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێران بەردەوام بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٣١ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی

١٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی