ئەزموون و دەسکەوتەکانی ١٠٠ ڕۆژی ڕابردووی ڕاپەڕێنی ژینا

ئەزموون و دەسکەوتەکانی ١٠٠ ڕۆژی ڕابردووی ڕاپەڕێنی ژینا

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات: ئەزموون و دەسکەوتەکانی ١٠٠ ڕۆژی ڕابردووی ڕاپەڕێنی ژینا، سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک بە سەر ڕێژیمی دیکتاتۆری‌دا دەنوێنێ
ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوایین کۆبوونەوەی خۆی‌دا ئیرادەی بەردەوامبوونی گەلانی ئێران لە درێژەدان بە ڕاپەڕین و هەڵوێستی وشیارانەی کوردستانی لەم پێوەندییەدا بەرز نرخاند.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٤ی دیسامبری ٢٠٢٢ی زایینی، ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوکات لەگەڵ تێپەڕینی ١٠٠ رۆژ بەسەر ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژبە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕاپەڕینەی لە ڕەهەند و بەستێنی جۆراوجۆری کوردستانی، ئێرانی و نێونەتەوەیی‌دا تاوتوێ کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەی بەڕێوەبەریی حیزب‌دا بەڕێز کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دانەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین سەفەری بۆ دەرەوەی وڵات و بەشدارییان لە کۆنگرەی ئینترناسیونال سۆسیالیست و دیدارەکانی لەگەڵ کۆڕ و پارلمانتارانی ئورووپایی بە بەڕێوەبەریی حیزب، لەسەر ڕەوتی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران و کوردستان دژبە دیکتاتۆری لە ماوەی ١٠٠ڕۆژەی ڕاپەڕینی ژینا‌دا باسێکی سیاسیی پێشکەش کرد.

بەڕێز بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە سەرەتای باسەکەیدا بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕوانگە و هەڵوێستەکانی حیزب لەسەر ئەم ڕاپەڕینە و، وڵامدانەوەی خەڵکی کوردستان بە داوا و بانگەوازەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئاماژەی بە سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژبە خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان کرد. هەروەها بەڕێزیان لەدرێژەی باسەکەی‌دا هاوکات لەگەڵ دەستنیشانکردن دەسکەوتە گرینگ و پڕبایخەکانی ئەم ڕاپەڕینە لە ماوەی کورتی چەند مانگی ڕابردوودا، لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە باسی لە خاڵە لاوازەکانی پێوەندیدار بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە کرد.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە وردبوونەوە لە ئاستی بەشداریی خەڵک لە مانگرتن وخۆپێشاندانەکان، نێوەرۆکی درووشم و داخوازییەکان، ئاستی سەرکوتی هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم، بەشداریی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە، ڕۆڵ و کاریگەریی کوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئاستی پشتیوانیی دیاسپۆرای کورد و ئێرانی، دەوری تەشکیلاتی حیزب و کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە خەڵکی ڕاپەڕیو دژ بە دیکتاتۆری لە ئێران، هاوپێوەندی و هاوکاریی نێوان هێزە کانی ئۆپۆزیسیۆن و پرسی ئاڵترناتیڤ بۆ ئێرانی دوارۆژ، لەو باوەڕەدا بوو کە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینا دژبە دیکتاتۆری لە ماوەی ١٠٠ڕۆژەی خۆی‌دا گەلێک هەنگاوی پڕ لە دەسکەوت و ئەزموونی بڕیون و ئەوەی تا ئێستا براوەی ئەم گۆڕەپانەیە، گەلانی مافخوازی ئێرانن.

لە پێوەندی لە گەڵ کوردستان‌دا ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب وێڕای قورس و گران بەراوەردکردنی تێچووەکانی تا ئێستای ئەم ڕاپەڕینە کە بریتین لە شەهید و برینداربوونی سەدان و هەزاران کەس و دەستبەسەرکرانی هەزارانی دیکە لە لاوانی نیشتمان، ڕۆڵی وشیارانەی کۆمەڵگەی کوردستانی لەم ڕاپەڕینەدا بەرز و بەرچاو لە قەڵەم‌دا کە، بە پێی هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەریی حیزب، کۆمەڵێک دەرفەتی بۆ حیزبە سیاسییەکان و خودی کۆمەڵگەی کوردستان خوڵقاندووە.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوکات لەگەڵ بەدەسکەوت گرتنی ڕۆڵی بەرچاوی ژنان و لاوان لە خۆپێشاندانەکان و ڕۆڵی بەرچاوی کاسبکاران و بازاڕییان لە داخستنی دوکان و بازار و مانگرتنەکان، هاتنە مەیدانی خوێندکاران، مامۆستایان و قوتابیان لە زانکۆ و قوتابخانەکان و هەڵوێستی نەتەوەیی و پشتیوانیی دەروەستانەی مامۆستایانی ئایینی لە خەڵکی ڕاپەڕیو، نەبوونی ڕێبەرییەکی گشتگیر بۆ قۆناغی ئێستای ڕاپەڕینەکە و ئاڵترناتیڤ بۆ بەڕێوەبەریی سیاسیی دواڕۆژ لە ئێرانی بە یەکێک لە کەمایەسییەکان زانی. لەم پێوەندییەدا بەسەرنجدان بە ڕۆڵ و قورسایی حیزب و لایەنەکانی کوردستان و چاوەڕوانییەک کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکرێ، بەڕێوەبەریی حیزب لە هەر دوو بەستێنی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات‌دا کارکردن بۆ لابردنی ئەم کەمایەسییەی بە زەرووری زانی.