چلەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

چلەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە چلەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دا بە پانتایی ڕۆژهەلاتی کوردستان، بەشدارانی ئەو ڕێزگرتنانە، بە گوڕ و تینێکی دیکە و سەردەمیانە وتاریان دا و لە وتارەکانیان دا گووتیان کە کوڕ و کچە شەهیدەکان، برا و خوشک و منداڵی ئێمەن و لە خوێنیان خۆش نابین، ئێمە نابەزین و هەر بەردەوام دەبین و دیکتاتۆر دەبێ پاک بکەینەوە، ئێمە لەم شۆڕشەدا هیچمان نەماوە تا لە دەستی بدەین و یا لە دیکتاتۆرەکان بترسین و دیکتاتۆر دەبێ بە یەکجاری بڕوات.

پەیامەکان تایبەت بوون، دایک و باب و خوشک و برا و هاوسەر و منداڵەکانی شەهیدان، هەر کامەیان پەیامێکی کورت و پڕ نێوەرۆک کە پڕاوپڕ لە بوێری و هەستی نەتەوایەتی بوو پێشکەش دەکرد، پەیامەکان هەڵگری برایەتی و یەکدەنگی بوون بۆ نموونە، لە چلەی شەهید دانیال دا لە وتارێکی کورتدا هاواری یەکریزی و یەکدەنگی گەیشتە ئاسمان.

وتاربێژ  گووتی: کوردێک لە هەر شوێنێک لە بۆکان و یا لە کرماشان و تاران شەهید بێ، بیناسین یا نەیناسین، برا و کەس و کاری ئێمەیە، لە خوێنی ئەو شەهیدە و شەهیدەکان خۆش نابین، ئەرکە لە سەر شانمان کە سەردانی بنەماڵەی شەهیدان بکەین و دڵیان بدەینەوە.

لە شار و باژێر و ناوچەکانی دیکەش لەگەڵ ناو هێنانی هەر شەهیدێک یەکدەنگ دەیانگووت: بابی من قارەمانە، برای من قارەمانە، خوشکی من قارەمانە، کچی من قارەمانە و شەهیدی کوردستانە.

لە وتاری دیکە گووترا: ئێمە خوێنمان داوە و بە گشتی خوێنی هەموو شەهیدانی بە خوێنی کوڕ و کچەکانمان دەزانین و  دواتر بە درووشمگەلی نیشتمانی و نەتەوەیی ڕێزیان لە شەهیدەکانیان و بنەماڵەی شەهیدان بە گشتی گرت.

لە شاری سەقز، چلەی شەهید دانیال پابەند بە شێوەی جیاوازتر بەرێوەچوو. سروودی ئەی ڕەقیب و سروودی ئەی شەهیدان سەرەتای ڕێزگرتنەکەیان بوو، هەر بۆیە بەشداران یەکدەنگ و یەکڕەنگ سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیبیان گووت و زۆر بوێرانە دروشمەکانیان بە یەکدەنگ دەگووتەوە و شانازییەکی دیکەیان بۆ خۆیان و بۆ سەقز شاری ژینای شەهید تۆمار کرد.

  • هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ
  • مەرگ بەر جاشەکان، جاشە خۆفرۆشەکان
  • مەرگ بەر دیکتاتۆر
  • داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی شەهیدانی
  • سەقز شاری دێرینە، دەروازەی ڕاپەڕینە
  • قاسملوو قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە
  • کوردستان کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان
  • ڕۆڵەی ئاگر و خوێنێن، تۆڵەی شەهید دەستێنین
  • ژن ژیان نەوەستان، بژی کورد و کوردستان
  • خامەنەیی بزانە، سەقز قەڵای شێرانە
  • خاک دەخۆیین لە برسان، خاک نافرۆشین لە ترسان
  • هەموو خاکی ڕۆژهەڵات، بۆتە قەڵای دێموکرات
  • کۆیە بە تەنیا نییە، سەقز پشتیوانییە
  • شەهید نامرێ
  • کورد بلوچ ئازەری، ئازادی و بەرابەری
  • ڕۆژهەڵات ڕۆژهەڵاتە، شەهید شکۆی وڵاتە
  • دایە مەگری بۆ ڕۆڵە، شەرت بێ بستێنین تۆڵە
  • کاک دانیال قارەمانە، شەهیدی کوردستانە
  • کوردستان ناوی بەرزەر، دوژمن دەخاتە لەرزە
  • ئەی جاشی حەرامزادە، ڕەنجی کوردت بە بادا

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٦ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی

٠٥ ـ ١٠ ـ ١٤٠١ی هەتاوی