درووستکردنی لاپەڕەیەک بۆ شەهیدانی شۆڕشی ژینا
درووستکردنی لاپەڕەیەک بۆ شەهیدانی شۆڕشی ژینا
حەمەڕەسووڵ کەریمی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی ماڵپەڕی گیاڕەنگ ڕایگەیاند کە لاپەڕەیەکی تایبەت بە شەهیدانی شۆڕشی ژینای لە ماڵپەڕی “گیاڕەنگ”دا کردۆتەوە.
حەمەڕەسووڵ کەریمی لە پەیامی کردنەوەی ئەو لاپەڕەیەدا ڕایگەیاندوە: “ئەوانەی پێشمەرگەئاسا لە شۆڕشی ژینا دا شەهید بوون هەموویان پێشمەرگەی سەنگەری سەر شەقام بوون، بۆیە لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز دا ئەم ماڵپەرە و ئەم لاپەرەیە پێشکەش بە خەبات و تێکۆشانی ئەو شۆڕشگێرە چاونەترس و بوێرانەی گەلەکەمان دەکەم.”
ژینا ئەمینی لەدایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٧٩ی هەتاوی ڕۆژی ٢٢ی خەرمانان لە مێترۆی شاری تاران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە گیرا و دوای ئازار و ئەشکەنجە و ٣ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران لە ڕۆژی ٢٥ی خەرماناندا شەهید بوو. دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و خاوەندارەتیی گەلی کورد لە ژینای شەهید، شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەڕین و شەهیدبوونی ژینا بوو بە هۆی ئەوە کە گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بە گشتی بێنە سەر شەقام و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” شۆڕشێکی نوێ بەدژی کۆماری ئیسلامی دەست پێ بکەن. لە ماوەی نزیک بە ٣ مانگی ڕابردووشدا بە گشتی نزیک ٥٠٠ کەس لە نێوخۆی ئێران شەهید بوون، بە تەنیا لە کوردستان تاکوو ئێستا ١٢٥ کەس شەهید بوون، چەند سەت کەس بریندار بوون و بە هەزاران کەسیش لە گرتووخانەکانی کۆماری پەت و سێدارەدا دەستبەسەر کراون و مەترسیی ئێعدامیان لە سەرە.
ماڵپەری گیاڕەنگ بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان بەگشتی و شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەوڵی دا لاپەڕەیەک بۆ ئەو شەهیدانە درووست بکا. لەو لاپەڕەیەدا وێنە و زانیاری و بیوگرافیی هەموو ئەو شەهیدانە بە چەند تایبەتمەندییەکەوە بڵاو کراونەتەوە.
https://giareng.com/shehidan/index.php
https://kurdistanmedia.com/so/news/2022/12/225