ماموستا برایم بەختە. نووسینی : سەید عەلی هاشمی

ماموستا برایم بەختە. نووسینی : سەید عەلی هاشمی
برایم بەختە کوری مام کاکەسەنی ڕکاوێ و لەدایک بووی ئەو دێیە و لەبنەماڵەیەکی مام ناوەندی ونیشتمانپەروەر دا لەدایک دەبێ. برایم لەتەمەنی مناڵی دا قوتابیەکی زیرەک بوو و تا وەرگرتنی بەڵگەی دوا ناوەندی درێژەی بەخوێندن دا.

دوای ئەوە ئەویش وەک باقی هاوسەنگەرانی هاتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و بە قەڵەم و تێکۆشان درێژەی بە خەبات دا. برایم بەختە لە لایەن کۆڕی پەروەردە وفێرکردنەوە لە گوندی چیانەی پیرانان لە مەڵبەندی پیرانشار بە ماموستای شۆڕش ئەرکی مامۆستایەتیی پێ‌سپێردرا. برایم کە مرۆڤێکی ڕووخۆش بوو هەمیشە بزەی لەسەر لێو بوو، لەبەر ئەرکناسی و ئەدەب و رووحسووکی و خۆ بەکەمزانی، بوو بە خۆشەویستی خەڵکی ئەو گوندەش.

ئێمە، کۆمیتەی ناوچەی پیرانان سەر بەکۆمیتەی شارستانی پیرانشار لەبەهاری ١٣٦٠ی هەتاویدا لە دێی قەڵاتەرەشێ بنکەکەی گوێستەوە بۆ گوندی چیانەو لەگەڵ ماموستا برایم لە نێو مەدرەسەکەی دا، بووین بە شەریک و برابەش.

تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوچەی پیرانان، بە ڕیزێکی زۆرەوە دیڕوانیە ئەرکە پیرۆزەکەی ماموستا برایم، هەر بۆیە کاتێک لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٦٠ی هەتاویدا، شەهیدان دوکتۆر قاسملوو و سەید رەسووڵی دیهقان هاتن و کورتەکۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ تەشکیلاتی پیرانان لەو بنکەیە دا، کرد، برایم بەختەی ماموستای شۆڕش، وەک کادرێکی حیزب ژمێردرا و لە کۆبوونەوە تایبەتیەکانیشدا بێبەش نەدەکرا.
برایم بەختە ئەرکی ماموستایەتیی لەو گوندە تا رێکەوتی ٢٣/٤/١٣٦١ی هەتاوی درێژە پێدا، بەڵام لەو رۆژە دا دوژمن هێرشێکی بەر بڵاوی بۆ سەر ناوچەی پیرانان دەست پێکرد و گوندی چیانە کەوتە دەست ئەوان. ماموستا برایم لەو رۆژەدا لە گوندی چیانە و گردیمخانێ کتێب و قەڵەمەکەی خستە نێو کۆڵەوپشتییەوە هاتە هاوکاریی پێشمەرگەکانی ناو سەنگەری شەڕەف و لە ڕاگوێزتنی شەهید و بریندارەکان، کە لەو رۆژەدا ٥٧ شەهید و بریندارمان هەبوو، دەورێکی گرینگی گێڕا.

بەداخەوە ماموستا برایم لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاویدا بە سەکتەی دڵ لە تەمەنی لاوەتی دا کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی لە کەسووکار وبنەماڵەکەی کرد. رووحی شادبێ وخەزمەتەکەی بە نیشتمان هەرگیز ون نابێ.
درێژەی هەیە …..