کەم‌ئەندامان، شەهیدانی زیندووی حیزب و گەل. حەمەڕەسووڵ کەریمی

کەم‌ئەندامان، شەهیدانی زیندووی حیزب و گەل

حەمەڕەسووڵ کەریمی

وشەی کەم‌ئەندام لە کۆمەڵگەی جیهانیدا وشەیەک نییە کە بۆ بەزەیی‌پێداهاتنەوە بێ، بەڵکوو بۆ ئەوەیە وەک مرۆڤ‌گەلی ئاسایی ڕۆژی خۆیان هەبێت. ڕۆژە جیهانییەکانی وەک منداڵان، ژنان، لاوان، باوک، دایک، خۆشەویستی و ژینگە و زۆرێکی دیکە هەموویان لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراون. دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ کەم‌ئەندامان بۆ ئەوەیە کە ئەم توێژە لە کۆمەڵگەش پشتگوێ نەخرێن و هەموو کەم‌ئەندامێک وەک بەشێک لە کۆمەڵگە چاوی لێ بکرێ و لەلایەن حکوومەتەوە ، کارئاسانیی تایبەتیان بۆ بکرێ و ئەوەش بۆتە هۆکارێک کە ئەگەر مرۆڤەکان بەشێک لە جەستەیان کەمیی هەیە، بەڵام لە ئاست ژیاندا دەبێ وەک مرۆڤی ئاسایی و بەڵکوو بەزیادیشەوە، سەیریان بکرێ و ڕێز لە توانایی و بەهرەکانیان وەر بگیرێ.

لە یەکەم حەوتووی کۆتا مانگی ساڵی ١٩٩٢ی زایینیدا ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٣ی دیسامبری ساڵی ١٩٩٢ی زایینی (بەرامبەر بە ١٢ی سەرماوەزی ١٣٧١ی هەتاوی)ی وەک ڕۆژی کەم‌ئەندامان لە جیهاندا دیاری کرد و لەم ڕۆژەوە وەک زۆربەی چین و تویژەکانی کۆمەڵگەی جیهانی، خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکانیش بوون بە سێحەبی ڕۆژی خۆیان.

کەم‌ئەندامان بە سەر چەندین دەستەدا دابەش دەبن، بەشێکیان زگماگی لەدایک بوون و لە باری جەستەیی و ڕەوانی و مێشکییەوە بوونە کەم‌ئەندام، بەشێکیان بە هۆی ڕووداوی سرووشتی و کارەساتی جۆراوجۆر کەم‌ئەندام بوون و، بە هەزاران کەسیش بە هۆی شەڕی ماڵوێرانکەری نێوان ئێران و عێراق و مینە چێندراوەکانی هەر دوو حکوومەتی ئێران و عێراق و شەڕە جیهانییەکاندا کەم‌ئەندام بوون و بەشێکیان بەداخەوە لەلایەن حکوومەتەوە بە تاوانگەلی جۆراوجۆر بە بەرچاوی خەڵکدا کەم‌ئەندام کراون.

مەبەست لە نووسینی ئەم چەند دێرە پێناسەی کەم‌ئەندامانی جیهان نییە، بەڵکوو ئاوڕدانەوەیەکە لە کەم‌ئەندامانی سەنگەر، ئەوانەی بۆ ئازادیی گەل و نیشتمان بەرامبەر بە دڕندەترین حکوومەتەکانی داگیرکەری کوردستاندا، بەربەرەکانی و خەباتیان کردووە و لەو پێناوەدا بەشێک لە جەستەیان لە خاکی پیرۆزی نیشتماندا بەجێ هێشتووە و پێش ئەوەی کەم ئەندام ببن، لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا دەیان قارەمانەتی و فیداکارییان بۆ گەلەکەیان خوڵقاندووە.

لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و فەرماندەی هێزی بەهێزی گیاڕەنگ، کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی لە کردەوە و پیلانێکی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا قەڵافەتی مێرانەی بە تەقینەوەیەکی سامناک شەقار شەقار بوو، و لە ئاکامدا زۆربەی ئەندامەکانی هەستیاری جەستەی و سیما و ڕووخساری جوان و بە هەیبەتی زیانیان پێ گەیشت و بەداخەوە هەردوو دەست و هەر دوو چاویشی لەدەست دا.

کاک مەلا حەسەن وەک دیارترین و سیاسیترین کەسایەتیی کورد و پێشمەرگە و نیشتمانپەروەر لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بە جەستە بۆتە کەم‌ئەندام، بەڵام وەک هەموو لایەک دەزانین، کاک مەلا حەسەن لە خەبات و تێکۆشان نەوەستاوە و وەک داربەڕووەکانی کوردستان ڕیشەی لە خاکی پیرۆزی کوردستاندا داکوتاوە و بە گوتار و وتاری، هەمیشە پێشەنگایەتیی هێزی پێشمەرگە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە. ئێستاش بە خۆشییەوە مامۆستا و کەم‌ئەندامانی سەنگەر بوونەتە هێما و سیمبوولی خۆڕاگری و ئازایەتیی گەلەکەیان و بەپێی ئیمکان و باردۆخی ژیانیان ئەگەر زیاتر لە هاورێ و هاوسەنگەرەکانیان خەبات نەکەن ئەوە کەمتریش خەبات ناکەن و بوونیان لە ڕیزەکانی خەباتدا نیشانەی سەروەری گەل و حیزبەکەمانە.

بەشێکی بەرچاو لە کەم‌ئەندامانی سەنگەر وێرای ئەوە کە پێشتر فەرماندە و کادر و پێشمەرگە بوون و بەردەوام لە نێو خەڵکی ناوچەدا بوون، بەڵام دوای کەم‌ئەندام بوونیان خولیای کاری پێشمەرگانەیان نەک لە دەست نەدا، بگرە لە ئۆرگانەکانی دیکەی حیزبدا بەوپەری تواناوە خزمەتیان کردووە و هەنووکەش خزمەت دەکەن و لە بوای جۆراوجۆری سیاسی و تەشکیلاتی و فێرگە و کاری بەرێوەبردنی کۆمیتەکانی دەرەوە لە باری دارایی، تەشکیلاتی و ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی خزمەت دەکەن.

کەم‌ئەندامانی سەنگەر ئەو کەسانەی کە بە دانانی مایە لە خۆیان و بە هەڵگرتنی زامی قورس و ئازاری هەمیشەیی جەستەییان، هەنووکەش لە ڕیزی خەبات و تێکۆشاندا بە دڵاواڵەییەوە خەبات دەکەن و بەبێ ئەوەی منەت بە سەر گەلەکەیاندا بکەن، درێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدەن و لە دەرەوەی وڵاتیش وەک نموونەی هەرە چالاکی ئەندامانی حیزبی دێموکرات خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکەن و بوونە دەنگی دلێری پێشمەرگە و دەنگی خەڵکی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.

دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ کەم‌ئەندامانی سەنگەر لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بۆ ئەوەیە کە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی هەموو ئەو نەبەزە شۆڕشگێرانە بگرێ کە لە ریزی شۆڕش و خەباتدا لە سەنگەری بەرگری خاکی کوردستاندا، بە سەخاوەتەوە بەشێکی دیار لە جەستە و قەڵافەتی پێشمەرگانەیان بە دایکی نیشتمان سپاردووە و بۆ درێژەدانی خەبات و ژیانیان لە کەرەسە دەستکردەکان کەڵک وەر دەگرن و هەموو هەوڵەکانی ئێستاشیان هەر بۆ ئامانج و ڕێبازی ڕزگاریخوازی گەلەکەیانە. هەروەها هەنووکەش بۆ گەل دەژین و بۆ گەل دەمرن و ئامادەیی هەموو جۆرە خزمەتێکیان و وەرگرتنی هەموو جۆرە بەرپرسایەتییەکیان هەیە بۆ ئەوەی گەلەکەیان بە ئامانجی ڕزگاری و سەربەستی خۆی بگا.

بەرز و بەڕێز بێ ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب و کەم‌ئەندامانی سەنگەر بەتایبەتی.

https://kurdistanmedia.com/so/news/2022/12/71