خەونێک ـ بەو هیوایەی بێتە دی!
خەونێک ـ بەو هیوایەی بێتە دی!
بیر و ڕا/ کوڕی سلێمانی
لە دیوانەکەیدا هێمنی شاعیر ڕووداوێکی زۆر گرنگ و مێژوویی دەگێڕێتەوە کە تیایدا وەک شاعیرێک لە لایەن بەڕێوەبەری کۆبونەوەی کۆنگرەی دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد بانگ دەکرێتە سەر مینبەری وتاردان لە مزگەوتی سوری شاری مەهاباد و بەڕێوەبەری کۆبونەوەکە لەگەڵ بانگهێشت کردنیدا ڕوو لە ئامادەبوان دەکا و دەڵێ:
” ئێستا ئاغای هێمن ” شیعرتان بۆ دەخوێنێتەوە.
هێمن لە گێڕانەوەکەیدا دەڵێ:
” هەمو کەس تەنانەت پێشەواش واقی وڕما و لە خۆیان دەپرسی:
” چۆن هێمن شاعیر و نوسەری بڵاوکراوەی نیشتمان، سەید محەمەد ئەمینی شێخەلئیسلامی بوو و ئێمە نەماندەناسی؟ بابیشم کە ئەوەی بیستەوە لە گفتی خۆی پەشیمان بۆوە، کە دەیگوت، هێمن شاعیرێکی باش نیە.”
پاشان هێمن لە گێڕانەوەکەیدا بەردەوامە و دەڵێ:
” ڕۆژی بیست و شەشی سەرماوەز ئاڵای کوردستان لە مەهاباد هەڵکرا و ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ کۆماری کوردستان دامەزرا. من لەو ڕۆژە پیرۆزانەدا بەشداربوم و شیعرم خوێندەوە “
هێمن لە دیوانەکەیدا وەک شاهیدێک وێنەیەکی کامێرا ئاسای ئەو ساتە وەختە مێژووییەمان دەخاتە پێشچاو کە ئەگەر هەر نەتەوەیەکی تر خاوەنی ئەم ڕوداوە و ئەو گێڕانەوە مێژووییە بوایە بە دڵنییاییەوە هەزاران کامێرا و تەکنەلۆجیای ئەم سەردەمەیان دەخستە خزمەتی گەورەکردنی وێنەکە و جێگە و زەمانی کۆبونەوەکە و نەوە لە دوای نەوە نیشانی نەتەوەکەی خۆیان و هەمو نەتەوەکانی دنیایان دەدا و هێندە سەرمایەگوازریان تێدا دەکرد کە شانی بدابا لە شانی شاکار و ئەفسانە مێژووییەکانی نەتەوەکانی تر و بۆ هەمیشەش وەک بەڵگە و مێژووییەک لە ڕیزی مێژووی کۆن و تازەی گەل و میللەتانی تری ناوچەکدا تۆماردەبو.
بەڵام ئەفسوس کە هێشتا میدیا و ڕاگەیاندن کارانی کورد کەمتەرخەمن لەم بوارەدا و بە بیانوی لاواز و پاساوی توڕە نەکردنی نەتەوە هاوسێکانی تر ناتوانن وە یان ناوێرن دەست بۆ کاری وا بەرن و دەبینین لە کاتێکدا پارە و توانا و شارەزایی زۆریک لە میدیاکاران و فلیم سازان و ڕاگەیاندن کارانی کورد لە زۆرێک پڕۆژەی لابەلا و دوور لە پرسە سەرەکی و چارەنوس سازەکەی نەتەوەکەماندا تەخشان و پەخشان دەکرێ هێشتا نەمان بینی و نەمان بیست ئەوانەی کە خۆیان بە پسپۆر لە بواری ئەو هونەرەدا دەناسێنن
لایەک بە لای ئەم بەڵگەنامە مێژوویانەدا بکەنەوە و تۆزێک سەرمایەگوزاری تێدا بکەن!
ئەی کەواتە قۆستنەوەی ساتە وەختە مێژوویەکان مانای چی؟
لەم ساتە وەختەدا کە ڕۆژهەڵات وا خەریکە مژدەی سازکردنی ڕووداوێکی هاوشێوەی ئەو ڕووداوەمان پێ دەبەخشێ، بۆچی نابێ و ناکرێ میدیاکاری کورد وەک بەسەرکردنەوەی ڕووداوێکی مێژوویی ئەم هەلە بقۆزێتەوە و کورتە فلیمێک لەو بارەیەوە ساز و ئامادە ناکەن؟
دەزانم وەڵامەکە ترس و لەرزمانە لە توڕەبونی فارس و ئازەر و تورک و بەلوج و عەرەب، بەڵام ئەوان کەی لە ئێمە توڕە نەبون؟
ئایا دەکرێ بۆ ئەوان ڕەوا بێت فلیم و بەڵگەنامە لەسەر ڕەشە کوژیەکانی ئێمە پەخش کەن و ئێمەش بە دیاریەوە بۆ بەختی ڕەشی خۆمان بگرین؟
ئەی بۆ پێچەوانەکەی ڕەوا نەبێت؟
ئەرک و پیشە و مەبەست و کار و خەباتی میدیاکاری کورد کامەیە گەر نەتوانێ بە ئاماژەیەکی کورتیش بێ سەرمایەگوزاری لەم ڕووداوە مێژوویاندا بکات؟
ئەمە تەنها ڕوداوێکی مێژووییە و کە دەبو وە پێویست وا بو سەرمایەگوزای تێدا بکرێ و ساڵانە لە یادەکاندا لە جیاتی سەرزەنشت و قسەی لابەلا و ناپێویست ستافێکی کارامە لە میدیاکارانی کورد قۆڵیان لێ هەڵماڵیبا و بە بێ ترس و سڵەمینەوە دراما و کورتە فلیم و کاری سینەماییان لێ وەبەرهینابا
بە دڵنیاییەوە دەیان و سەدان ڕووداو و سەرکەوتن و نوشستی شۆڕشی کورد و سەرکردە و ڕابەرەکانی لە مێژووی پڕ کارەساتی نەتەوەکەماندا هەیە کە هاوشێوەی ئەم ڕووداوە دەکرێ و دەبێ و پێویستە سەرمایەگوزاری تێدا بکرێ و وەک کەرەسەیەکی پوخت و خۆماڵی بخرێتە بەردەست میدیاکارانی کورد تاوەکو لەو ڕێگەیەوە بەرپەرچی ئەو هێرشە میدیاییانە بدرێتەوە کە ڕۆژ نیە لە خودی کەناڵە کوردیەکانەوە بە ناشارەزایی و ناکارامەیی هەندێ لە تازە پێگەیشتوانی ئەو بوارە دەرخواردی نەوە لە دوای نەوەی نەتەوەکەمان نەدرێ
ئەوەی کە لێرەدا خوێندتانەوە ڕوداوێکی هەرە گرنگی مێژووییە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە ئەوەی کە منیش دەیخوازم بەدیهێنانی خەون و ئاواتی زۆربەمانە کە بۆچی وەک نەتەوەکانی تر ئێمە توانای سەرمایەگوزاریمان نیە لەم ڕووداوە مێژووییانەدا .. بەو هیوایەی ئەم خەونە بەدی بێ و ئیتر لەسەر شاشەی سینەما و تەلەفیزۆنە کوردیەکان و لەسەر تەختەی شانۆکان توانا و لێهاتویی میدیاکارانی کورد بخرێتە خزمەتی گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی مێژووی پڕ لە کارەساتی نەتەوەکەمان کە هیجی کەمتر نیە لە گەلان و نەتەوەکانی تری دنیا.