بانگەوازی ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی ڕۆژھەڵات بە بۆنەی چلەی ماتەمینی #ژینا_ئەمینی یەوە

بانگەوازی ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی ڕۆژھەڵات بە بۆنەی چلەی ماتەمینی #ژینا_ئەمینی یەوە
خەڵکی تێکۆشەری ئێران و کوردستان!
لاوەکان، کیژان و کوڕانی کۆڵنەدەر!
بە زوویی چل ڕۆژ بە سەر کوشتنی ژینا دا تێپەڕ دەبێ. مەرگی زاڵمانەی ئەو بوو بە ھۆی بزوتنەوەی گەورەی ژینا_مەھسا کە سنورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و گشت ئێرانی گرتەوە و ڕەوایی و عەداڵەتخوازیی بزوتنەوەی کوردستانی لای ھەموان سەلماند.
دەسەڵاتدارانی رژیم لەو ماوەدا بە توندترین شێواز خەڵکی ناڕازییان سەرکوت کردوە و دەستیان لە کوشتنی هاوڵاتیان نەپاراستوە و، بە دروست ناوی رژیمی منداڵ کوژیان بەسەردا بڕا.
بۆیە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر ھەموومان، ژن و پیاو لە ھەموو شوێن و شار، بە جلی کوردی لەسەر گڵکوی شەھیدان کۆ دەبینەوە و ڕێز دەگرین لە ئاوات و گیانبازیەکانیان. دواتر دوای نیوەڕۆکەی بە ئامادەبوونمان لەسەر شەقامەکانی شار و بە هەڵدانی دروشم دژی رژیم هەموومان بە یەکدەنگ داوای ئازادیی خێرای ھەموو گیراوەکان دەکەین.
چلەی ژینا و ژیناکان دەکەینە ڕەمزی یەکگرتوویی گشتمان و زیندوو ڕاگرتنی یادی شەھیدان و پشتگری لە ئازادبوونی زیندانییە سیاسییەکان.
ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران