بانگەواز بۆ نارزایەتی دەربرین لە شارەکانی کوردستان

کوردستان مەکۆی سەرهەڵدان و خۆڕاگری

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا هەر وەک ساڵانی پێشوو خەڵکی کوردستان خاوەنداریەتیان لە ڕۆڵە شەهیدکراوەکانی خۆیان کردووە و دوای شەهید کرانی ژینا ئەمینی (مهسا امینی) خەڵکی کوردستان و ئێران هاتوونە سەر شەقامەکان و بە دانی درووشمگەلی جۆراوجۆر تەخت و بەختی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان وەلەرزە خستووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا کوردستان پێشەنگایەتی بزووتنەوەی جەماوەری گشت ئێرانی کردووە و پشتیوانی خەڵکی کوردستان و هێز و لایەن و ڕێکخراوەکانیش بۆتە هیوای زیاتر.
یەکدەنگی و یەکڕەنگی و یەکریزی بۆتە هەوێنی ئەم ڕاپەڕین و ناڕزایەتی دەربرینە.

ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان کاتژمێر شەشی ئێوارە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران خۆپێشاندان و مانگرتن دەست پێدەکا.

بەشداری خەڵک دەبێتە هۆی پاشەکشەی زیاتری کۆماری ئیسلامی ئێران و هەر بۆیە پێویستە هەموو چین و تویژەکانی کۆمەلگا و گشت پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان و نەتەوەکانی دیکە بەشداری ئەم خۆپێشاندانە بکەن و چاونەترسانە لە مەیدان و گۆڕەپانی دیاریکراوی شارەکان کۆببنەوە.

دەنگمان لە گەڵ دەنگی ئێوەیە.

شارەکانی کوردستان بکەنە گۆڕستانی دوژمنان

ئەمرۆ ئێوارە شارەکانی
سنە ، سەقز، قروە، بانە، دیواندەرە، جوانڕۆ، بیجار، بۆکان، مەهاباد و سەردەشت لە گۆڕەپانی شارەکەیان دا کۆدەبنەوە.

ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئینسانیتان بەرێوە بەرن و بە شداریتان لەمبۆزی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خۆڵ وەر بدەن.

لێرەدا وەبیر جاش و خۆفرۆشانی دێنینەوە کە، داهاتووی خۆیان لەوە ڕەشتر نەکەن و بچنە پاڵ خەڵکی خۆیان و چیتر و زیاتر نەبنە کۆسپ و دار دەستی حکوومەتی ئیسلامی ئێران.

بۆ پێشەوە بەرەو یەکگرتن و خۆپێشاندانی جەماوەری

کاتژمێر ١٨:٠٠
سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان
گۆڕەپانی گەورەی شارەکان

ماڵپەری گیاڕەنگ