ناوەندی هاوكاری: خەڵكی كوردستان بەرامبەر بە تاوانی مەرگی ژینا بێدەنگ نابن

ناوەندی هاوكاری: خەڵكی كوردستان بەرامبەر بە تاوانی مەرگی ژینا بێدەنگ نابن
رۆژی ٢٢ی خەرمانان ژینا(مەهسا) ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی شاری سەقز بە بیانوی بێ حیجابی لەلایەن هێزەكانی گەشتی ئیرشادی تاران درایە بەر ئەشكەنجە و لێدان كە بەهۆیەوە تووشی سەکتەی مێشك بوو ‌و پاش چەند رۆژ چارەسەری پزیشكی لەنەخۆشخانەی “كەسرا”ی تاران، رۆژی هەینی بەداخەوە بەهۆی سەختی برینەكانیەوە گیانی لەدەست دا.

ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران ئەم كردەوە قیزەونەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی بەتوندی مەحكووم دەكەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاری ژینا و لە خۆمان و خەڵكی كوردستان دەكەین و داوا لەسەرجەم خەڵكی ئێران و كوردستان دەكەین بەرامبەر بەم تاوانە نامرۆڤانەیە بێدەنگ نەبن.

لەژێر دەسەڵاتی دژەمرۆیی كۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە هەمووان ژنان و كچان لە بەردەم هەڕەشە و پەلاماردان و یاسا دواكەوتووەكانی ڕێژیم بۆ دەستێوەردان لە بابەتە تایبەتییەكان ژیانی خەڵك تەنانەت بۆ جلوبەرگ پۆشین، تاوانی هێزە سەركوتکەرەكانی دژ بە ژنان بە یاسایی كردووە.

ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی كوردستان لەم تاوانەی كۆماری ئیسلامی خۆش نابن و لە بەرامبەر مەرگی شلێر و ژینا و سووکایەتی كردن بە باقی كچان و ژنانی كوردستان هەڵوێست و كاردانەوەی جیددییان دەبێت.

لێرەوە داوا لە سەرجەم حیزبە سیاسییەكان و رێكخراوە مەدەنییەكانی ئێران و كوردستان دەكەین بە هاودەنگی و یەكگرتووانە لەبەرامبەر ئەم تاوانەی كۆماری ئیسلامی هەڵوێست وەربگرن.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی – ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی