حەمید نووری بەرێوەبەری کوشتاری ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە

حەمید نووری بەرێوەبەری کوشتاری ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە

ئەو حوکم و بڕیارە بە پێی یاسای وەڵاتی سوئێد بەرزترین حوکمە کە قازی‌یەکانی دادگا دەیانتوانی بۆ حەمید نووری دەری بکەن.

توماس ساندر قازی دادگایی حەمیدی نووری، ڕایگەیاند کە تاونبار حەمید نووری بە تاوانی بەشداری ڕاستەوخۆ لە کوشتار و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دا بە زیندانی هەتا هەتایی مەحکووم کرا.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی پووشپەری ١٤٠١ی هەتاوی لە پڕێس کۆنفرانسێکی مێدیایی دا قازی پەروەندە و کەیسی حەمید نووری ڕایگەیاند کە « حەمید نووری دەستی تایبەتی هەبووە لە حوکم و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی دا و لە پلەی جێگری دادستان لە گرتووخانەی گەوهەر دەشتی کەرج، تاران دا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و بە هاوکاری لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران لەو ڕەشەکوژی و ئێعدام و کۆمەڵ‌کوژی‌یەدا بەشداری کردووە و ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە.»

قازی ئەو پەروەندەیە لەو پەیوەندی‌یە دا گووتی: «بەڵگەکان نیشان دەدەن کە تاوانبار حەمید نووری بە شێوەی هاوبەش و بە هاوکاری کەسانی دیکە، لە خوڵقاندنی ئەو جینایەتە دا دەستی باڵای هەبووە. ئەو بە ناوی خوازیار و لە پلەی بەڕێوەبەر و بەرپرس و جێگری دادستان دا، بە دەستی خۆی زیندانی‌یەکانی بۆ کۆمیتەی ئینقلاب و شوێنی ئێعدامەکان بردوون. »

لە درێژەی ئەو پڕێس کۆنفرانسە مێدیایەدا قازی دادگای حەمید نووری گووتی: ئەو زیندانیانەی کە لە گرتووخانە دابوون بەشێکی بەرچاویان بە تاوانی ئەندام بوون لە ڕێکخراوی موجاهدین و حیزبە چەپەکان دا گیرابوون. کوشتن و ئێعدامی زیندانیان بە گشتی پێشێل کردنی یاسا نێونەتەوەی‌یەکانە و هەر بۆیە ئەو کوشتارە بە قەتڵ ئاژمار دەکرێ و قاتڵیش دەبێ محاکمە بکرێ و لە ئاکام دا حوکمی هەتا هەتایی زیندان کە بەرزترین حوکمە لە وڵاتی سوئێد بە پێی بەڵگە و شاهیدەکان بۆ تاوانبار حەمید نووری بڕاوەتەوە.

لە کۆتایی قسەکانی دا قازی دادگای حەمید نووری گووتی کە تاوانبار حەمید نووری دوای کێشانی زیندانی هەتا هەتایی لە وڵاتی سوئێد دەر دەکرێ و هیچ کات ناتوانی سەفەر بۆ وڵاتی سوئێد بکاتەوە*.

دواتر قازی ئەو پەروەندەیە ڕایگەیاند کە بۆ هەر یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی قوربانیان و ئێعدامیان دەبێ قەرەبوو لەبەرچاو بگیرێ و٤٠ هەزار کڕۆنی سوئێدی قەرەبوو بۆ ئەندامانی ئەو بنەماڵانە دیاری کراوە.

لە ماوەی دادگایی حەمید نووری دا ژمارەیەکی زۆر لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و ئەندامانی بنەماڵەی ئێعدام کراوەکان بە گشتی نەتەوەکانی ئێران لە بەردەم دادگای ستۆکهۆڵم کۆببوونەوە و داوای بەرزترین و زۆرترین سزایان بۆ تاوانبار حەمید نووری دەکرد.

ئەو بەڵگانە چی بوون کە بۆ دادگای تاوانبار حەمید نووری لە بەر دەست بوون؟

هەوڵی لێبڕاونەی قازی‌یەکان و وەکیلی بنەماڵەی قوربانی‌یەکان لەو دادگایە دا لە سەر دوو خاڵی سەرەکی بوو، یەکەمیان سەلماندنی ڕووداوی کۆمەلکوژی و ئێعدامی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دا، دووهەمیان ڕۆڵی تاوانبار حەمید نووری لە ئێعدامی زیندانیانی سیاسی دا.

١ ـ وتە و قسەی شاهیدەکان، پشت بەستن بە کتێب و نووسراوەکانی کە پێش گیرانی حەمید نووری لە لایەن زیندانیانی دیکەوە نووسرا بوو و ئاماژە بە ناو و ڕۆڵی ناوبراو کرا بوو و هەروەها ئەو بەڵگانەی کە وەک نووسراوە ڕۆڵی تاوانبار حەمید نووری‌یان پشت ڕاست دەکردەوە.

٢ ـ قازی‌یەکان و وەکیلەکان بە پشت بەستن بە بەڵگەی جۆراوجۆری وەک فتوای ڕوح‌اللە خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر پێداگری بۆ ئێعدامی ئەندامانی موجاهدین، فایلی دەنگی و کتێبی حوسێن عەلی مونتەزیری، قائم‌مقام ڕێبەری، فایلی دەنگی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامی ” هەئیەتی مەرگ” و دەیان بەڵگە و نووسراوەی دیکە کە نیشانیان دەدا کە ئەو ئێعدام و کۆمەڵکوژی‌یە لە ئێران دا بەڕێوە چووە.

حەمید نووری لە وەڵام دانەوەی دادگا دا وەک بەرگری لە خۆی گووتبووی کە لە کاتی ڕوودانی ئێعدامەکان دا لە پشووی بنەماڵەیی بووە و هەر لە بنەڕەت ڕا نکۆڵی لە ئێعدامی بە کۆمەڵی ساڵی ١٣٦٧ هەتاوی دەکرد. ناوبراو ئیدیعای دەکرد کە ئەو کەسانەی کە وەک ئێعدامی ناویان هاتووە لە کاتی عەمەلیاتی چەکداری ” فروعی جاویدان و مورساد” دا کوژراون.

هەڵوێستی حکوومەتی ئێران لە ئاست دادگایی حەمید نووری

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەک لەوان کازم غەریب ئابادی جێگری بەرپرسی نێونەتەوەیی بەشی قەزایی ئێران، پێشتر وەک هەڕەشە ڕایگەیاند بوو کە حکوومەتی ئێران ئەو کردەوەیەی دادگای سوئێدی سەبارەت ” محاکمە کۆماری ئیسلامی ئێران” بۆ تەحەموول ناکرێ و ڕایگەیاند بوو کە سەبارەت بە دادگای حەمید نووری دژ کردەوەی بەرامبەر وڵاتی سوئێد دەبێ.

هەر لەو پەیوەندی‌یەدا، حکوومەتی تاران وەک دژکردەوە بە دادگایی حەمید نووری لە سوئێد، هەڕەشەی کرد بوو کە ئەگەر دادگای حەمید نووری کۆتایی پێ نەیە، ئەوە حوکمی ئێعدامی دوکتور و لێکۆلەر ئەحمەدڕەزا جەلالی کە هاووڵاتی ئێرانی ـ سوئێدی‌یە و ئێستا لە زیندانی کۆماری ئیسلامی دایە بەرێوە دەبا.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی حوکمی حەمید نووری، بەرپرس و قازی زیندانی گەوهەر دەشتی کەرەجی ڕەد کردەوە و گووتی کە ئەو حوکمە، هەر لە بنەڕەت ڕا جێگای پەسەند و قەبووڵ نییە و ئەو هەڵوێستەی دادگای سوئێد زۆر بە تووندی مەحکووم دەکەین.

حەمید نووری ڕۆژی ٩ی نوامبری ٢٠١٩ لە فرۆکەخانەی ستۆکهۆڵم بە بڕیاری دادگای بەرزی سوئێد بە تاوانی بەشداری کردن لە ” کۆمەڵکوژی و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی ” لە لایەن پۆلیسی سوئێدەوە گیراو ڕەوانەی گرتووخانە کرا.

لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دا هەزاران زیندانی سیاسی کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری ” ڕێکخراوی موجاهدین” و هەروەها ئەندام و لایەنگری حیزبە چەپەکان بوون بە بڕیار و ئەمری خومەینی ئێعدام کران.

بە گشتی لە دادگای حەمید نووری دا کە ٩٢ جەلەسە درێژەی کێشا، لە سەرووی ٦٠ کەس وەک شاهیدی ئەو ڕۆژە ڕەشانە بەشداریان کردبوو و هەموویان کۆک بوون لە سەر ئەوە کە حەمید نووری بە ناوی خوازیاری “عەبباسی” لە کاتی خوڵقاندنی ئەو جینایەتە دا وەک قازی و حوکمدەری زیندانی گەوهەر دەشتی کەرەج لە ئێعدام و کۆمەڵکوژی زیندانیانی سیاسی دا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و بەشداری ئەو جینایەتەی کردووە.

تێ‌بینی: * شایانی باسە کە حوکمی هەتا هەتایی لە سوئێد زۆرجار دوای ١٨ تا ٢٥ ساڵ زیندانی کۆتایی پێ دێ و هەر بۆیەش لەم ڕاپۆرتە دا باس لەوە کراوە کە دوای کۆتایی زیندانەکەی لە وڵاتی سوئێد دەر دەکرێ.

ئامادەکردنی: حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٣ ـ ٠٤ ـ ١٤٠١ی هەتاوی

١٤ ـ ٠٧ ـ ٢٠٢٢ی زائینی