کتێبی : شەڕی کۆمەڵە و دێموکرات، ئەو شەڕەی نەدەبوو ڕووبدا

کتێبی : شەڕی کۆمەڵە و دێموکرات، ئەو شەڕەی نەدەبوو ڕووبدا

نووسینی: برایم چووکەڵی

پێشەکی

شەڕی نێوخۆیی دیاردەیەکی کۆن و لەمێژینەیە و لەنێو زۆربەی زۆری ئەو گەل و نەتەوانەش کە ئەمڕۆکە وڵات و دەوڵەتیان هەیە و تەنانەت زلهێەز و جەمسەرن هەبووە. کوردییش وەک نەتەوەیەک کە چەند سەدەیە بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی خۆی تێدەکۆشێ، لە نێوخۆشیدازۆر ململانێ و دووبەرەکایەتیی ئەزموون کردوە.

هۆکارەکانی ناکۆکی و شەڕی نێوخۆیی لە کوردستان جیاواز و جۆراوجۆر بوون، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە نەتەوەی کورد دەبێ ئەو قۆناغە بەجێ بێڵێ و بە ئەزموون وەرگرتن لە برین و کارەساتەکانی شەڕی خۆبەخۆ، ڕێگە لە دووپات بوونەوەیان بگرێ و لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا بە یەکجاری وەلا بنێ. ئەوەش بەستێنسازیی بوارخۆشکردنی دەوێ.

دەبێ خەڵک بزانێ کە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکییەکان چ بوون؟

چ زیانێکیان لە ڕوحی نەتەوەیی، ئابووری و کەرامەتەی مرۆیی ئەو گەلە داوە و چۆن دەکرێ وا بکەین کە قەت تووشی ئەو تڕاژیدیانە نەبیەنەوە. ئەوە بە بێدەنگی و پووش‌بەسەرکردنی ڕووداوەکان ناکرێ، تەنانەت بێدەنگە لێکردن و نەچوون و نەگەڕان بەدوای هۆکار و بزوێنەری ناکۆکییەکان، مەترسیی سەرهەڵدانەوە و هەڵەسوون‌هێنانەوەی کێشەکان لە هەلومەرجی پێشبینی‌نەکراو و نەخوازراودا بەزیندوویی ڕادەگرێ. لێکۆڵینەوە و ئاکامگیری لە شەڕە نێوخۆییەکان هەم دەکرێ لەلایەن هەر دوو لایەنی شەڕەکەوە بکرێ، هەم لایەنی سەربەخۆ و توێژەران بەدوویدا بڕۆن، ئەگەرچی دوولایەنی شەڕ ئەگەر بە ئینساف و بێ‌دەمارگرژی بەو مێژووەدا نەچنەوە، ڕوونە وەباڵ و تاوانی شەڕەکە دەخەنە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر. بەڵام ئەگەر بە هەسەت بە بەرپرسایەتی و بە عەقڵییەتی وانە وەرگەرتن بێن و شەیتەڵکاریی ئەو مێژووە

بکەن، دەکرێ دەسکەوتی مەزن و نەتەوەیی گرینگی لەسەر چێ بکرێ و بنیات بنرێ.

شەڕی نێوخۆیی کۆمەڵە و دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەکەم ساڵانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ یەکێک لەو ڕووداوە ناخۆش و تراژێدیای مێژووی کوردە کە شوێنی نگەتیڤی لەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگە و ئەندامانی هەر دوولای شەڕەکە داناوە، بەجۆرێک کە ئێستاش بیروڕای گشتی بە نیگەرانییەوە لە دواڕۆژی پێوەندییەکانی ئەو دوولایە لە هەلومەرجی تایبەتدا دەڕوانێ.

بێگومان سڕینەوەی شوێنەواری تاڵی و ناخۆشیی ئەو سەردەمانە ڕەنگە چەند دەیە بخایەنێ تا نێوماڵی کورد ڕێک دەخرێتەوە و وەزعەکە دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی. وێرانکردنەی بنەماکانی دۆستایەتی و بە یەکەوە کار کردن، چاندنی تۆوی ناکۆکی و دووبەرەکی، ناشیرینکردنی سیمای یەکتر، مەحکومکردن و تاوانبارکردنی لایەنی بەرانبەر بە شەڕخواز و سەرەنجام تێداچوونی سەدان ڕۆڵەی تێکۆشەری گەلەکەمان، ئاکامی تێنەگەیشتنی هاوبەش لە دۆخ و واقعی کۆمەڵی کوردستان لەو بەڕگە هەستیارە مێژووییە بوو. ئەو ناکۆکییانە بەداخەوە تێکهەڵچوونی چەکدارانەیان لێ کەوتەوە کە ئەگەرچەی تەنیا چەند ساڵێکی خایاند، بەڵام بانگەشە و پڕوپاگەندەکان دژی یەکتری بۆ ساڵانێکی زۆر بەردەوام بوون و ئاسەواری ڕەوانیی ئەو شەڕە بێگومان هەتا ئێستاش دەستی لە یەخەی کۆمەڵگە نەکردۆتەوە.

بۆ باسی شەڕی ماڵوێرانکەری ناوخۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەی ١٣٦٠ی هەتاویدا ناکرێ ڕاستەوخۆ لە کاتی لێکدانی ڕاستەوخۆ، واتە ڕۆژی دەسەتبردن بۆ چەک و شوێنی شەڕ و ئاکامی زیانباری ئەو تێکهەڵچوونانەوە دەست پێ بکەین. بۆ باس و لێکۆڵینەوە لەو مەسەلەیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژەکانی یەکەمی دروستبوونی کۆمەڵە، چییەتیی ناکۆکییەکانی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و شیتەڵکاریی ئەو هۆکارانەی کە بەستراونەتەوە بە خۆ ئامادەکردن و بەسەتێن‌خوڵقێنی بە هەڵگیرسانی شەڕی ئەو دوو لایەنە، هەروەها چۆنیەتیی تیئۆریزەکردنی ململانێیەکان لەلایەن

لایەنێکی ئەو شەڕە و هەوڵدان بۆ هەڵایساندنی تێکهەڵچوونی چەکەدارانە.

چونکە لە شەڕی دوو لایەنەدا کەم وا هەیە لایەک خۆ بە خەتابار بزانێ و هەمیشە هەر لایەنێک دەستە چەورەکەی خۆی بە لایەنی بەرامبەر سڕیوە.

لە شەڕی نێوان کۆمەڵە و دێموکڕاتدا لایەنێک (کۆمەڵە) خۆی بە ڕووناکبیر، پێشکەوتوو، لایەنگری چینی کرێکاران و مافی چەوساوان و هەژاران، ڕزگاریدەر و شۆڕشگێڕ و دژی ناسیۆنالیزم ( کوردایەتی و خەباتی نەتەوایەتی) پێناسە دەکرد! تەنانەت خەباتی گەلی کورد لەدژی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستەبەری مافە نەتەوایەتییەکانی بە بزووتنەوەی مقاومەتی کوردستان ( نەک جووڵانەوەی نەتەوایەتیی کوردستان ) دادەنا. کۆمەڵە لە تەبلیغاتی خۆیدا بە هەموو زمان و بە هەموو دەربڕین و مانایەک لایەنی بەرامبەری خۆی، واتە حیزبی دێموکراتی بە کۆنەپەرست و دواکەوتوو، نەخوێندەوار، بورژوازی و دژی کرێکار، دژی شۆڕش و چەوسێنەر و بە چەندین ناو و ناتۆرەی نەشیاوی دیکە پێناسە دەکرد. ڕوونە کە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بۆ یەکتری لەنێوان دوو هێزی چەکدار لە ناوچەیەکی ١٢٨٠٠٠ کیلۆمیتری چوار گۆشەدا، ئەویش لە بارودۆخی هەستیار و شەڕی داسەپاوی حکوومەتی ناوەندی بەسەر کوردستاندا چیی لێ شین دەبێ.

کۆمەڵە وەک هێزێکی لاو کە تازە هاتبووە نێو مەیدانی سیاسیی کوردستانەوە، باڵای خۆی بە باڵای حیزبی دێموکرات دەگرت. حیزبێک کە بە پێشینەی نیزیک بە چوار دەیە خەبات و تێکۆشان و تۆمارکردنی گەلێک سەروەریی نەتەوەیی و مێژوویی نەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕیشەی لەنێو دڵی خەڵک و کۆمەڵگەدا داکوتابوو. ئەوانەیی بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئوسوول و پرنسیپی پێوەندیی نێوان حیزبەکان، بە ئەدەبیات و مەرامی تایبەتیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی دەدوان و هەر بەم ئاراستەیە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و تەنانەت لەو شوێنانەش کە حیزبی دێموکرات نفووزی ئێگجار زۆری هەبوو، لەو لێدوانە چەواشەکارانەیە نەدەپرینگانەوە. هەڵبەت باسەکردن لە هۆکارەکانی دروستبوونی شەڕی نێوخۆی کوردستانی ئێران، پێویستیی بە شەیکردنەوەی وردی لایەنە جۆراوجۆرەکانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە زیانبارە هەیە، و ئەوە دەتوانرێ لە لایەن کەسانی پسێۆڕ و شارەزاوە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی بۆ بکرێ و ڕەنگبێ هەمووی لە تاقەتی ئەم نووسینەدا نەبێ، بەڵام ئەوەی لەم کتێبەدا باس کراوە خوێندنەوە و ئەزموونی خۆمە کە لەو قۆناغەدا بەشێک لە تەمەنی پێشمەرگایەتیم بەرێ کردوە.

ئەم نووسینە دەیەوێ بەرهەڵستی ئەو ئیدیعایە بێتەوە کە مەزنیخوازیی حیزبی دێموکرات و نەمر دوکتور قاسملوو بە هۆکاری ئەو شەڕە ناو دەبا، ئەوە لە حاڵێکدایە کە نەک دۆست بەڵکوو دوژمنیش دان بە بوونی فەرهەنگی دێموکراسی و ئاشتیخوازی لە بنەما فکرییەکانی د. قاسملوودا دەنێ، تا ئەو ڕادەیە کە لەپێناو دەستەبەری لانیکەمی مافی کورددا و بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە کوردستان بە سازشکار بناسرێ، یان ئەوەی کە دواتر کۆماری ئیسلامی ئێران بەرنامەی تێرۆری ڤییەنی ڕێک لەبەر ئەو تایبەتمەندییەی نەمر قاسملوو، واتە ئاشتیخوازبوونی داڕشت و بەداخەوە تێشیدا سەرکەوتوو بوو.

هەر لە پێوەندیی لەگەڵ شەڕی کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتدا خۆ ئەگەر چاوێک بە وتووێژ و نووسەراوەکانی دوکتور قاسملوودا بخشێنین، و لەگەڵ ڕادەیەکی کەم لە نووسراوەکانی ڕێبەرانی ئەوکاتی کۆمەڵە پێکیان بگرین، ئەو جیاوازییە قووڵەمان زۆر بەئاسانی بۆ دەردەکەوێ و بە فەکتەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئاخۆ ئەوە کۆمەڵە بوو شەڕی ناوخۆیی تیئۆریزە کرد و خوڵقاندی یان حیزبی دێموکرات؟ بۆیە ئەوە دەڵێم، چونکی بە گەڕان لە تەواوی نووسەراوەکانی شەهید دوکتور قاسملوودا نووسەینێک، یان دەنگێک لەو نەمرە شک نابەی کە باس لە زەروورەت و پێویستیی شەەڕ لەنێوان ئەو دوو لایەنەی کردبێ، لەبەرانبەردا و لەوبەر فەکت و بەڵگە بەداخەوە زۆرە.

دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە حیزبی دێموکراتیش لە ڕەوتی ئەو شەڕە خوێناوییەدا هەڵەی نەبووبێ، بەڵکوو چەقی باسکە ئەوەیە کە حیزبی دێموکڕات شەڕی دوو لایەنی نەک تیئۆریزە نەکردوە و بە پێویستی نەزانیەوە، بەڵکوو هەموو هەوڵێکی داوە خۆی لێ بەدوور بگرێ. بەڵام بەڵگەنەویستە کە لەو قۆناغە مێژوووییەدا بەشێکی زۆر لە ڕێبەرانی ئەوکاتی کۆمەڵە لە ئۆرگانە فەرمییەکانی ئەو ڕێکخراوەیەدا بەئاشکرا و بێ شاردنەوە حیزبی دێموکراتیان بە نوێنەری بورژوازی کورد داناوە و ئەو ئاکامگیریەیان کردوە کە مەرجی دەستەبەری ئامانجەکانیان سەرکەوتن بەسەر نوێنەری بورژوازی ) حیزبی دێموکرات) و زەبر لێدان و سڕینەی ئەو هێزە لە کۆمەڵگە بووە کە دیارە لەنێوەرۆکی ئەو باسەدا بە درێژی باس دەکرێ. هەر لەوکاتەدا لەوانەیە

حیزبی دێموکرات لە تاکتیکەکانی خۆیدا هەڵە یان توندڕەوییشی کردبێ، بەڵام من ئەوە بە مانای هەڵایساندنی شەڕ نازانم، چونکە حیزبی دێموکرات پێچەوانەی کۆمەڵە، ئەو ڕێکخراوەیەی بە چاوی دوژمن سەیر نەکردوە و سەرکەوتنی خۆی لە نەبوون یان نەهێشتنی کۆمەڵەدا نەدیوە. تەنانەت بە باوەڕ بە پلۆرالیزمی سیاسی، بوونی هێزێکی چەپی کرێکاریی بۆ کوردستانی بەباش زانیوە، تا ئەو جێیە کە د. قاسملوو لە کۆبوونەوەیەکی کادرە بەرجەستەکانی حیزبدا بە دەکارکردنی دەستەواژەی “کۆمەڵەکرات” بە درێژی شیکردەوە کە کۆمەڵە دوژمنی ئێمە نییە. ئەوان هەڵەیان کردوە و، ئێمە دەبێ کاری بۆ بکەین تا بێنەوە سەر ڕێگای ڕاست و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورددا لە یەک بەرەدا بین.

حاشا هەڵنەگرە کە شەڕی کۆمەڵە و دێموکرات زیانێکی زۆری بە جووڵانەوەی کوردستان گەیاندوە. دەکرا ئەو دوو هێزە بە یەکەوە و لە بەرەیەکدا زەبری باشتر لە ڕێژیم بدەن، دەتوانرا پارێزگاری لە زۆر ناوچەی ئازادکراو بکەن و تێچووی دەستبەسەر داگرتنی ئەو ناوچانە بۆ ڕێژیم ببەنە سەرتر، دەتوانرا هێزی هاوبەش و ستادی فەرماندەریی هاوبەش دروست بکەن و هەماهەنگیی بەرچاویان لە نێوانیاندا پێک هێنابا و زۆر دەسکەوتی زیاتریان بۆ جووڵانەوەکە دەستەبەر کردبا.

لێکەوتە و زیانەکانی ئەو شەڕە دوای ئاگربەسی دوولایەنە لە ساڵی ١٣٦٩ باشتر دەرکەوت، چونکە ئەو شەڕە بۆشاییەکی گەورەی لەنێو هێزی

ئوپوزیسیۆنی ئێرانیدا دروست کردبوو، خەڵکی کوردستانی بە سەر دوو لایەندا دابەش کردبوو و ناکۆکی و دووبەرەکیی تەنانەت بردبووە نێو ئەندامانی یەک خێزانیش. ڕووداوەکانی دواتری نێو ڕیزەکانی کۆمەڵەش ئەو ڕاستییەیان دەرخست کە کۆمەڵە دەبوا هەر لە سەرەتاوە ڕێکخراوێکی کوردستانی بوایە، و لەبری جێ‌خستن و سەپاندنی شەڕی نێوخۆیی، لەگەڵ حیزبی دێموکرات هاوپەیمان بایە و لە یەک بەرەدا شەڕی کۆماری ئیسلامییان کردبا و بە هاوبەشی ماتەوزەی خەباتگێڕی و شۆڕشگێڕی لە کوردستانیان مودیرییەت کردبا. هەر لەوکاتەدا هیواخوازم کە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە داهاتوودا بتوانن بە یەکەوە و لەیەک بەرەی یەکگرتوودا کوردستان بەڕێوە بەرن.

لە شەڕی نێوخۆیی نیزیک بە شەش ساڵەی حیزب و کۆمەڵەدا زیانێکی زۆر بە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشت کە بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێتەوە، مەگەر بە ئەزموون وەرگرتن لەو دۆخە و بەهێزکردنی ڕووحی نەتەوەیی و هاوکاریی دوو لایەنە و جێهێشتنی ئەو قۆناغە و هەوڵدانی پێکەوە بۆ چێکردنی واقعێکی دیکە لە ئێستادا و بۆ داهاتووی نیشتمان. ئاوات دەخوازم تا کورد هەیە ڕووداوی ئاوا تاڵ لە مێژووی خۆیەدا نەبینێتەوە.

برایم چووکەڵی

٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠