ساڵرۆژی دامەزرانی رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران پیرۆز بێ، سەید عەلی هاشمی

ساڵرۆژی دامەزرانی رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران پیرۆز بێ، سەید عەلی هاشمی
دوای ڕووخانی رێژیمی شا، پادگانی مەهاباد کەوتە دەست کورد. بەشێک لە چەک و کەرەسەی شەڕی ئەو پادگانە لەلایەن شەهید سەید رەسووڵی دێهقان (بابی گەورە)وە هێنرانە دێیەکانی «سەیدئاوا» و«لگبن» لە ناوچەی نەغەدە.
لە نێو ئەو دەستکەوتانەدا دەزگایەکی گەیاندن فرستەندەیەکی گەورەی تێدا دەبێت کە نازانن ئەوە بێسیمە یان شتێکی‌ترە. کاک سەید ڕەسووڵ دۆستایەتییەکی تایبەتی دەگەڵ ئاغا چکۆلە کوری عەلیاغای پەسوێ دەبێ و پرسی پێدەکات کە چۆن بزانین ئەو دەزگایە چیە ئاغا چکۆلەی پەسوێ موهەندیس خەیاتی بە ڕەچەڵەک ئازەری، بە کاک سەید ڕەسووڵ دەناسێنێ و دڵێ ئەو ئەڕتەشییە و دۆستی منە. کاک سەید رەسووڵ بە هاوکاری ئاغا چکۆلە بە دوای موهەندیسدا دەنێرێ و دەڵێ ئەو بێسیمە گەورە چیە؟ موهەندیس خەیاتی دەڵێ: ئەوە بێسیم نیە بەڵکوو ڕادیۆیە. کاک سەید رەسووڵ خەڵک کۆ دەکاتەوە و ڕادیۆ و کەرەسەکانی شەڕ بەشان و پیلی ئەوان لە گوندی لگبن ڕا بۆ دۆڵی بابەکراوێ دەبا. لە کێلێی سەرشاخان و لە دۆڵی بابەکراوێ لە نێو ئەشکەوتێک دا حەشاریان دەدات و چەند کەسێک لە خەڵکی دێی بۆ پاراستنیان دادەنێ.
سەرشاخان و دۆڵی بابەکراوێ جێگایەکی ئەمین و پارێزرا بوو و دوژمن هەروا بە ئاسانی نەی دەتوانی زەفەری پێ بەرێ. شەهید سەید ڕەسووڵی بابی گەورە و کاک سمایلی ئاغا مەجیدی لە تەداروکات و پێداویستی و هەڵسووڕانی رادیۆ دا نەخشی هەرە گەورەیان هەبوو. دوایە لە دۆڵی بابەکراوێ، بڕیاری گواستنەوەی ڕادیۆ درا و بە شان و کۆڵی خەڵکی بە ئەمەگی دۆڵی لگبن و سەرشاخان تەواوی داموودەزگای ڕادیۆیان بە داروبار گواستەوە بۆ کەڵەکووکەی سەرێ هەر لە ناوچەی سەرشاخان. بەرنامەکانی تاقیکردنەوەی ڕادیۆ لەوێ دەستی کرد بە بڵاو کردنەوە. لە ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا یەکەم بەرنامەی تاقیکردنەوەی ڕادیۆ بە دەنگی هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد نەمر محەمەدی ماملێ بڵاو کرایەوە. چەند کادرێکی بە ئەمەگی حیزب وەک عومەری ئەمینی و موهەندیس خەیاتی بۆ چاوەدێری و سەروبەر کردنی ڕادیۆ دیاری کران.

جارێکی دیکەش ڕادیۆ بارگە و بنەی بۆ بەرزایەکانی قەڵاتی شای و ناوچەی دۆڵی شێخان گواستەوە و بە مشوور و پسپۆریی شەهید سەید ڕەسووڵی بابی گەورە لە «کانێ مام سەیدەی» دانرا.

رادیۆ یەکەم وەشانی رەسمی بەرنامەکانی خۆی لە ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی١٣٥٩ی هەتاویدا لە کانێ مام سەیدەی بە بەشداری ڕێبەری شەهید د. قاسملوو و هەروەها کادر و پێشمەرگەکان، شەهید سەید رەسووڵی دیهقان، موهەندیس خەیاتی، سمایلی ئاغا مەجیدی، محەممەدی وەیسی، خەلیل گادانی، وەستا ئەحمەدی داغەی، عومەر بەقایی، عومەر ئەمینی، پورئایشێ خوشکی وەستا ئەحمەد ناسراو بە دایکی حیزب، ئامانە خان هاوسەری شەهید سەید رەسووڵی بابی گەورە و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە ڕادیۆیەکە بەناوی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران‌ ناودێر کرا (ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە)، ئەو دەنگە راستگۆ و هەقخوازە بە شمشاڵی قالە مەڕە و چەند ئایەت لە قورئانی پیرۆز و سروودی ئەی ڕەقیب و هەواڵەکان دەست بەکار بوو. ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران‌ سەرنجی خەڵکی کوردستان و دەرەوەی کوردستانی بۆ ڕووداوەکانی ناو ئێران و کوردستان بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

دوای ماوەیەک بڕیاردرا شوێنی ڕادیۆ لە دۆڵی شێخانەوە بگوازرێتەوە بۆ شیوەجۆ، نزیک دەفتەری سیاسیی ژمارە ١ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە دۆڵی دێمۆکڕات ناوبانگی دەرکردبوو.
ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، بە دەنگە بە سۆزو ئاشناکەی بۆ خەڵکی کوردستان، دەنگی خەدیجە مەعزووری، بابەتە سیاسیەکان بە قەڵەمی رێبەرانی شەهید و بەرێزان عەبدوڵای حەسەن زادە و حەسەنی شەڕەفی و کەریمی حیسامی وێژەری رادیۆ پەیکی ئێران و دەیان و سەدان نووسەری دیکە بوو بە راگەیەنەرێکی سەرنجڕاکێش و جێی متمانە.

دەنگی دلێرانە و پێشمەرگانەی بەرێزان تەها حەتیقی ، ئەحمەد شێربەگی و پۆڵا نانەوازادە دەیان کادر و وێژەری دیکە، دڵی گوێگرانی ئەو رادیۆیەیان وەک گوڵی بەهار پاراو دەکرد. رێژیمی ئێران هەمیشە بۆ کپ کردنی ئەو دەنگە بێوچان هەوڵی دەدا. لە سایەی پارێزگاری پۆلێک پێشمەرگەی ئازا و لەخۆ بوردوو، وەک عومەر بەقایی و عەلی شەم و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە کە خەو و خواردنیان لە خۆ حەرام کردبوو، ئەو دەنگە دوژمن تۆقێنە هەرگیز بێدەنگ نەکرا.

ڕادیۆ بێوچان شوێن گۆڕی پێدەکرا، کێلێی سەرشاخان و دۆڵی بابەکراوێ، کەڵەکوکەی سەرێ، کانێ مام سەیدەی، شیوەجۆ، ئاڵیەمەران، ئالانی سەردەشتێ، دوولکان، گەڵاڵە، گەورە دێ، کۆیە و کەرکووک. لە هەمووی ئەو شوێنانەدا دەنگە بە هێزەکەی ڕادیۆ بێهێز نەکرا.

ئەوکات مێدیا و تەکنولۆژیا ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوو کە بتوانێ ڕاستیەکان لەکاتی خۆیدا بۆ خەڵک بڵاو بکرێتەوە، بەڵام دامەزرانی رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران ئەو کەلێنەی پڕ کردەوە و هەواڵەکانی بوو بە جێگای باوەری نەتەوەیەک، تەواوی زیانەکانی شەڕی داسەپاوی بەسەر گەلی کورد دا بە بێ کەم و زیادی بە سەرکەوتن و بەرکەوتن راستگۆیانە بڵاو دەکردەوە.

لەساڵەکانی ١٣٧٠ و٧٢و ٧٣ی هەتاویدا لە وڵاتی سوێد رادیۆیەکم کڕی، بە هەزاران کیلۆمیتر دوور لە نیشتمان، هەموو رۆژێک ئاگاداری سیاسەتی حیزبەکەمان و کوردستان دەبووین.

ڕاگەیاندراوەکانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانم بە بەرپرسانی کۆمیتەی حیزب لە سوێد دەدا، ئەو ڕاگەیاندراوانەی زۆر پێویست بووایەن، لەبەرم دەنووسینەوە و دەمدان بە کۆمیتەی حیزب.
بوونی ئەو دەنگە راستوێژە لە فەزای مێدیای پر لە سانسۆڕی رێژیمی داسەپاوی ئێراندا وەک گرینگترین دیاردەی بزووتنەوەی رەزگاری خوازی کورد ئەژمار دەکرێ. دەنگی کوردستانی ئێران کۆڵەکەیەکی پۆڵایین بوو لە بەرامبەر تەوژمی دەزگا تەبلیغیاتی و پڕ لە درۆ و چەواشەکارییەکانی رێژیمی ئێران لە دژی گەلی کورد و وەدرۆ خستنەوەی هەواڵە ناراستەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران.
دەنگی کوردستانی ئێران سیاسەتی چەپەڵ و دژی گەلیانەی ڕێژیمی دژ بە گەلی کورد لە سەر رێبازێکی راستگۆیانە و بە زمانێکی پاراو و بە ئەدەبیاتێکی خاوێن و بە دوور لە بێڕێزی، لە قاو دەدا. رۆڵێکی گرنگی لە پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی رێژیم لە دژی کورد هەوڵدانی ئەو رێژیمە بۆ سڕینەوە و تواندنەوەی گەلێک وەک گەلی کورد لەسەر زەوی هەبووە.
ئەو کورتە یادە کە ئەوکات لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانم زەبت کردوە پێشکەشە بە هەموو کادر و پێشمەرگەکان و بەڕێوەبەرانی ماندوو نەناسی ئەو کات و ئێستای رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران و ڕادیۆ دەنگی کوردستان، ئەو خزمەتە بەرچاوەیان، ئەو دەنگە ناسراوەیان لە بیر و هەستی نەتەوەکەمان دا بە زیندوویی دەمێنیتەوە.
پێرۆز بێ ٢٧ی جۆزەردان ناولێنان و دامەزرانی رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران

سەید عەلی هاشمی

٢٦ جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی