ئه‌وشه‌وه‌ی چاره‌نووسی تێکۆشه‌ری ناودار،عومه‌ری قازیی گۆڕی
ئه‌وشه‌وه‌ی چاره‌نووسی تێکۆشه‌ری ناودار،عومه‌ری قازیی گۆڕی
له مێژ ساڵه ده‌مه‌وێ له 16ی گه‌لاوێژێک دا یادی تێکۆشه‌رێک بکه‌مه‌وه که سه‌ره‌رای رابردووی درێژی له خه‌بات و تێکۆشان له پێناوی حیزبی دیموکرات و نه‌ته‌وه‌که‌ی و سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌مووه ره‌نج و زه‌حمه‌ته‌ی له رێگای رزگاریی کوردستان و ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی کورد دا داویه‌تی، تا ئێستاش حه‌سانه‌وه‌ی به خۆیه‌وه نه‌دیوه. تا ئێستاش به داخه‌وه ئاواته‌که‌ی له ته‌واوه‌تیی خۆی دا نه‌هاتۆته دی، و له‌چه‌ند پارچه‌ی کوردستان، ته‌نیا یه‌کێکیانی به رزگاربوویی دیوه، به‌و حاڵه‌ش به سەری پیرییش ناهێڵن وه‌حه‌سێ و به ئاسووده‌یی له ماله‌که‌ی خۆی و له شاره‌که‌ی خۆی دا دابنیشێ.
باسی کاک عومه‌ری قازی ده‌که‌م. بۆیه‌ش له 16 ی گه‌لاوێژێک دا ده‌مه‌وێ یادێکی لێ بکه‌مه‌وه، چونکه له شه‌وی 16ی گه‌لاویژی 1362ی هه‌تاوی دابوو که مه‌سیری ژیانی کاک عومه‌ر گۆڕا.
هاوینی 1362ی هه‌تاوی بوو. من و چه‌ند هاوڕێیه‌کی یه‌کیه‌تیی لاوان بۆ گه‌شت و گه‌ڕانی ته‌شکیلاتی و ته‌بلیغاتی له ناوچه‌کانی شنۆ و نه‌غه‌ده بووین. ده‌مانه‌ویست بگه‌ڕێینه‌وه ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه. به‌ڵام نه‌ک به رۆژ به‌ڵکوو شه‌وانه‌ش په‌ڕینه‌وه له رێگای نه‌غه‌ده- پیرانشار به زه‌حمه‌ت بوو، چونکه ماوه‌یه‌ک بوو به شه‌و هێز بۆ به‌ره‌کانی شه‌ڕی ئێران و عێراق له ورمێ را ره‌وانه ده‌کرا،هه‌ر بۆیه به شه‌ویش له سه‌ر رێگا سه‌ره‌کییه‌کان ته‌ئمینی جاده‌یان داده‌نا. ده‌وروبه‌ری 12-13ی گه‌لاوێژ بوو که له ده‌وروبه‌ری قه‌لاتان و زه‌لیلان تووشی10-12 که‌س پێشمه‌رگه‌ی کۆمیته‌ی ورمێ بووین. ئه‌وان هه‌موو ئه‌سپیان پێ بوو. کاک عومه‌ری قازییشیان له گه‌ڵ بوو. کاک عومه‌ر که تا ئه‌و کات به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستانی ورمێ بوو، ماوه‌ی کارکردنی له وێ ته‌واو ببوو و ده‌یه‌ویست بگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب. پێشمه‌رگه‌کان بۆ هێنانی ته‌قه‌مه‌نی له ده‌فته‌ری سیاسی ده‌چوون و هه‌ر له‌و کاته دا کاک عومه‌ری قازییشییان ده‌گه‌یانده‌وه ده‌فته‌ر. ئێمه، تیمی یه‌کیه‌تیی لاوان که 3-4 که‌س بووین، له گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه چه‌ند شه‌و و رۆژێک له دێیه‌کانی زه‌لیلان، حه‌سه‌ننووران، دێشه‌مس ، چواربۆت و وه‌زنێ پێکه‌وه بووین. له راستیدا چاوساغیان ئێمه بووین. سه‌ره‌نجام بڕیارمان دا شه‌وی 16ی گه‌لاوێژ که مانگه‌شه‌وێکی خۆش بوو له دێی وه‌زنێ را به نێو دێمه و زه‌وی و زاری دێهاتی تورکنشینی ئه‌و نێوه‌دا وه‌ڕێ که‌وین و له جاده‌ی ورمێ –مه‌هاباد بپه‌ڕینه‌وه و بچینه “گۆلێ” و “گرده‌قیت”. له نزیک دێی تورکنشینی “یادگاریان”هێشتا مابوومان بگه‌ینه سه‌ر جاده‌ی ورمێ- مه‌هاباد که سه‌فه‌که‌مان راگرت و هه‌ر کامێکمان له جێی خۆمان راوه‌ستاین. دوو که‌سی پێشه‌وه‌مان نارد بچن جاده‌که تاقی بکه‌نه‌وه تا بزانین که‌مینی لێیه یا ته‌ئمینی جاده هه‌یه یان نا؟ کاک عومه‌ر که به سواری بوو له دواوه‌ی سه‌فه‌که بوو. سه‌ره‌نجام هاوڕییان پاش پرسیار له چه‌ند که‌سیک که به‌و شه‌وه به کۆمباین دروێنه‌یان ده‌کرد، وه‌زعه‌که‌یان لێ روون ببۆوه و دڵنیا ببوون که سه‌ر رێگا که‌مین و ته‌ئمینی لێ نییه، گه‌ڕانه‌وه لامان. ده‌مانه‌ویست وه‌ڕێ بکه‌وینه‌وه و درێژه به رێگاکه‌مان بده‌ین که ده‌رکه‌وت کاک عومه‌ر له گه‌ڵ سه‌فه‌که دا نییه و لێمان هه‌ڵبڕاوه. ماوه‌یه‌کی باش چاوه‌روانیمان کرد، یه‌ک دوو که‌سمان نارد به‌ره‌ودواوه بگه‌ڕێنه‌وه به‌ڵکوو کاک عومه‌ر گه‌رابێته دواوه، به‌ڵام شوێن پێیه‌کان وایان نیشان نه‌ده‌دا. له‌م نێو گه‌نم و مه‌زراو وچۆله‌واره به‌و نیوه شه‌وه ماوه‌یه‌کی باش چاوه‌روانیمان کرد،به بانگ کردن و ئیشاره‌تی دیکه‌ش هه‌وڵمان دا سه‌روسۆراغێکی بکه‌ین، هیچ فایده‌ی نه‌بوو. هێشتا زیاتر له سه‌عاتێکمان رێگا مابوو بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه دێهاتی کوردنشین. نه‌ده‌کرا له‌وه زیاتر له‌و شوێنه بمێنینه‌وه. له‌و په‌ڕی سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانی له ونبوونی کاک عومه‌ر دا، به‌ره‌و “گۆلێ” وه‌ڕێ که‌وتین وپاش وچانێکی کورت، چه‌ند لاوی بڕواپێکراومان راسپارد بۆئه‌وه‌ی به رووناکی بچنه شوێنی ونبوونی هاوڕێکه‌مان، خه‌به‌رێکی بزانن و ئه‌گه‌ر له‌و ده‌وروبه‌ره خۆی حه‌شار دابێ، رزگاری بکه‌ن، تاریکوروونی به‌یانی له گۆلێ وه‌ده‌رکه‌وتین و چووینه گرده‌قیت.
ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆیه بووکه هاوڕێیانی کۆمیته‌ی ناوچه‌ی خه‌لیفه‌لیان خه‌به‌ریان بۆ هێناین که له ده‌وروبه‌ری یادگاریان، خه‌ڵکی چه‌کداری یه‌کێک له‌و گوندانه(وام له بیره یادگاریان بوو) که‌سێکیان گرتوه. دوایه دڵنیا بووین که که‌سه‌که کاک عومه‌ری قازییه و به داخه‌وه ئاوا به هاسانی که‌وتۆته ده‌ستی کۆماری ئیسلامی.
کاک عومه‌ر که‌وته به‌ندیخانه‌ی کۆماری ئیسلامی. جاروبار که که‌سێکی له به‌ندیخانه رزگاربووم ده‌دی باسی خۆڕاگریی کاک عومه‌ری قازیی له به‌ندیخانه دا بۆ ده‌کردم و شتێکی زۆری دیکه‌م له باره‌یه‌وه نه‌ده‌زانی. سه‌ره‌نجام 10 سال دواتر، سه‌ره‌تای هاوینی 1372رۆژێک له بۆڵێ خه‌به‌رم بیست که کاک عومه‌ر، مه‌هابادی به جێهێشتوه و به ماڵ و منداله‌وه هاتۆته ده‌ر و ئه‌وه له سکرتاریایه. له گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌ک له ده‌سته‌ی نووسه‌رانی رۆژنامه‌ی “کوردستان” چووینه خزمه‌تی. زۆر تێک شکابوو و دیار بوو زیندان و ئه‌شکه‌نجه و له ده‌ستدانی نزیکترین یارانی له به‌ندیخانه دا، ته‌واو تێکی شکاندبوو. هه‌ر له‌و دیداره دا وه‌بیرم هێنایه‌وه که شه‌وی رووداوه‌که منیش له گه‌ڵیان دابووم و ته‌نانه‌ت لێشم پرسی بۆ چی لێمان هه‌ڵبڕا. به‌راستی نه‌مزانی چ وڵامێکی دامه‌وه و چ هۆیه‌کی بۆ هه‌ڵبڕانه‌که‌ی باس کرد. به‌ڵام زۆر خۆشحاڵ بووم که جارێکی دیکه چاوم پێی که‌وتۆته‌وه.
کاک عومه‌ر و مینا خانمی هاوسه‌ری و کاک کامڕان و کوڕێکی دیکه‌ی کاک عومه‌ر که وا بزانم ناوی سۆران بوو،له کاتێک دا له بناری قه‌ندیل که‌وتبووینه به‌ر تۆپ و کاتیۆشابارانی کۆماری ئیسلامی، هاتنه‌وه نیو کۆڕی یارانی پێشمه‌رگه‌یان و زۆری پێنه‌چوو به‌ره‌و کۆیه داگه‌ڕاین و له نزیک کۆیه گیرساینه‌وه. که‌متر له سالێک له لامان بوون و دواتر به هاوکاریی کۆمیساریای په‌نابه‌ران(un)، ئه‌وان چوونه سوید. کاک عومه‌ر له سویدیش زۆر نه‌مایه‌وه وکاتێک زانیی مینا خانمی هاوسه‌ری به داخه‌وه به هۆی نه‌خۆشییه‌کی کوشه‌نده، خه‌ریکه ماڵاوایی یه‌کجاری له ژیان ده‌کا، له گه‌ڵی چۆوه مه‌هاباد بۆ ئه‌وه‌ی پاشماوه‌ی ته‌مه‌نی له نزیک گڵکۆی هاوسه‌ر و یاری به‌وه‌فای ژیانی پڕ له سه‌خڵه‌ت و تاڵی و له نێو خه‌ڵکی شاره‌که‌ی و له نیشتمانی خۆشه‌ویستی دا تێپه‌ڕ بکا. له‌و کاته‌وه کاک عومه‌ر، که له ژیانی دا به هه‌ڵنه‌کردن له گه‌ڵ سته‌م و زۆرداری و به سه‌ردانه‌نواندن بۆدۆژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌ناوبانگ بووه، کونجی ماته‌می هه‌ڵبژاردوه و دوور له زۆربه‌ی هاوباوه‌ڕان و خۆشه‌ویستانی رۆژگار تێپه‌ڕ ده‌کا.
له بیرمه، ئه‌و شه‌وه‌ی له “وه‌زنێ”ی زێدی کاک فه‌تاح عه‌بدولیی ره‌حمه‌تی را به‌ره‌و سندووسی خوارێ وه‌ڕێ ده‌که‌وتین، هاوڕیی خۆشه‌ویستم ره‌سووڵ دانایی(سیروان) که هه‌میشه به “خاڵه” بانگی ده‌کردم کوتی:’خاڵه! نێوێکی شه‌و دابنێ نه‌وه‌ک له رێگا لێک هه‌ڵببڕێین، با یه‌کتری پێ بناسینه‌وه”. من ده‌سبه‌جێ “شنۆ-16” م به مێشک داهات. چونکه شه‌وی 16ی گه‌لاوێژ بوو، له به‌ر ئه‌وه‌ش له شنۆیه را به‌ره‌و سندووس ده‌چووین، “شنۆ”شم کرد به تایه‌کی دیکه‌ی ناوی شه‌وه‌که. ئه‌و ساته‌ی ناوه‌که‌م به هاوڕێیانی ریزه‌که راده‌گه‌یاند، مانگ به پڕی له لای رۆژهه‌لاتمان له سه‌ر گۆلی ورمێ را هه‌ڵ ده‌هات و رووناکی مانگ جوانییه‌کی تایبه‌تیی به سه‌فی هاوڕێیانم له نێو کۆڵانی دوا ماڵه‌کانی گوندی وه‌زنێ دابوو. به دنیایه‌ک هیوا و دڵخۆشییه‌وه به‌ره‌وه مه‌قسه‌د ده‌ڕۆێشتم. نه‌مده‌زانی ئه‌وه دوا شه‌وم له گه‌ڵ تێکۆشه‌ری دێرین کاک عومه‌ری قازییه، نه‌مده‌زانی ئه‌وه کۆتایی دوا سه‌فه‌رمه بۆ شنۆ و نه‌شمده‌زانی ئه‌وه دوا سه‌فه‌رمه له گه‌ڵ هاوڕێی خۆشه‌ویستم ره‌سووڵ دیو‌ه‌خان و دوای چه‌ند مانگی دیکه، ئه‌ویش وه‌ک کاک عومه‌ر به دیلی ده‌که‌وێته ده‌ستی دۆژمن. ئێستا که یادی ئه‌و رووداوه ناخۆشه ده‌که‌مه‌وه، خۆزگه ده‌خوازم شێعره جوانه‌که‌ی کاک موزه‌ففه‌ر نامداریم له به‌ر بوایه که له ژێر کاریگه‌ریی گێڕانه‌وه‌ی مندا، بۆ به‌دیلگیرانی کاک عومه‌ری قازیی نووسیبووی:
” های همسنگران !
کیست؟ این فرزند دمکرات….
از کوههای آرارات !
شمشیر در غلاف تیرش در کمان!!!
سرود خوان می‌آید .
نسلش خورشید!
اسبش سپید،
با آهنگ نعل یال اسبش در باد رقصید!
با صد ایمان از دور دستان می‌آید!……….”
قادر وریا کۆیه 16ی گه‌لاویژی 1391